ئیتر قسە ئەكەم !
2019-11-07 20:30:22
عەبدولڕەزاق شەریف
بەشی نۆیەم
درز یان درۆ ؟
سەید عومەر، لە ژیانی سیاسی خۆیداو لە سێ قۆناغی جیاوازدا، سێ جار سەرۆكی وەفدی رێككەوتنو دانوستانكار بوە:
یەكەمیان: سەرەتای قەڕن و لەدوای شەڕی ناوخۆ، وەك سەرۆكی وەفدی یەكێتی، لەگەڵ وەفدەكانی پارتیدا، بۆ رێككەوتنی ستراتیژی، كە تائێستا هەرێمی كوردستان گیرۆدەی قەیرانەكانی لێكەوتەی ئەو گفتوگۆیانەیەو لەناو هەرەسی سیاسیو ئابوریو كۆمەڵایەتیدا تلۆر ئەبێتەوە.
دوەمیان: پێنج ساڵ پێش ئێستا، وەك سەرۆكی وەفدی دانوستانكاری بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ وەفدەكانی یەكێتیدا بۆ رێككەوتنی حكومەتی خۆجێی لە پارێزگای سلێمانی، كە تائێستا سلێمانی گیرۆدەی لێكەوتەكانی ئەو گفتوگۆیانەیە، لەناو هەرەسی پاشاگەردانیو بێسەروبەریدایە.
سێیەمیان: رێككەوتنی ئەمساڵی 2019ی بزوتنەوەی گۆڕانو پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە بزوتنەوەكەی خستە ناو هەرەسی رێكخراوەییو فەنابونەوە.
- سەرۆكی هەرێم یەك جێگری ئەبێتو لە بزوتنەوەی گۆڕان ئەبێت.
- جێگری سەرۆكی هەرێم لە پەرلەمانەوە هەڵئەبژێردرێت.
- سەرۆكی حكومەتی هەرێم دو جێگری ئەبێت، یەك لە یەكێتیو ئەوی تر لە بزوتنەوەی گۆڕان، لەبەر موراعاتی یەكێتی پێشنیاز وایە ناوی جێگر نەبێت، رەنگە یاریدەدەر یان ناوێكی تری بۆ بدۆزینەوە، بەڵام هەمان دەسەڵاتو پلەو ئیمتیازی جێگری سەرۆكی حكومەتی ئەبێت.
- بزوتنەوەی گۆڕان 6 وەزیری لە كابینەكەدا ئەبێت، دوان سیادی، دوان خزمەتگوزاری، دوانی تریش وەك سەرۆكایەتی دو دەستە (وەبەرهێنان، ناوچەدابڕاوەكان)، رەنگە ئەمەی ناوچە دابڕاوەكان بگۆڕین بە دەستەیەكی تر.
- لە 12%ی پۆستەكانی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە حكومەتی هەرێم لەناوخۆو نوێنەرایەتییەكانی دەرەوەی وڵات بۆ بزوتنەوەی گۆڕان ئەبێت، دو نوێنەرایەتی لەدەرەوەی وڵات پشكی گۆڕان ئەبێت.
- لە ئەنجومەنی ئاسایش، ئاسایشی گشتی، هێزەكانی ناوخۆ، پشكی 12%ی پۆستەكان بۆ بزوتنەوەی گۆڕان ئەبێت.
- چوار بریكاری وەزیر، دوان سیادیو ئەوانی تر خزمەتگوزاری، بۆ بزوتنەوەی گۆڕان ئەبێت.
- لە وەزارەتی پێشمەرگە، ئەمینداری گشتی وەزارەت وەك پۆستێكی سیادی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان ئەبێت.
- هەمو ئەو بریكاری وەزیر، راوێژكارو بەڕێوەبەرە گشتیانەی لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمانو وەزیرەكانی كابینەی پێشودا سزادرانو دەركران، ئەگەڕێنەوە سەر كارەكانی خۆیان.
- بەرێوەبەرە گشتییەكان، راوێژكارەكان بە پشكی 12% لەهەمو سێكتەرەكانی حكومڕانی وەرئەگیرین، دوای باسكردنو حسابكردنێكی ورد، زیاتر لە (48) پۆستمان بەرئەكەوێت، رەنگە زیاتریش بێت.
- لە پەرلەمانی كوردستان پۆستێكی سیادی وەرئەگرین.
- هەمو ئەمانە لەگەڵ پێكهێنانی حكومەتدا دەستبەكارئەبن، جگە لە بەڕێوەبەری گشتیو راوێژكارەكان، كە پارتی داوایكردووە مۆڵەتی سێ مانگیان بدەینێ تا جێگیریان ئەكەن.
ئەمە ئەو رێككەوتنە بو كە جەلال جەوهەر لە كۆبونەوەی سەرەتای ئەمساڵی جڤاتی نیشتیمانیدا، لەسەر راسپاردەی سەید عومەر بۆ ئامادەبوانی خوێندەوە، مامۆستا جەمال كە سكرتێری جڤاتی نیشتمانی بو، لە وەڵامی پرسیارێكی مندا لەسەر بەشداریكردنی ئاشتی هەورامیو رێباز محەمەد حەملان لە كابینەی نوێدا، كۆبونەوەی دڵنیاكردەوە لەوەی بەهیچ جۆرێك ئەو دو ناوە لە كابینەكەدا نابن.
خستیانە دەنگدانەوە، بە (بەڵێ) یان (نەخێر) بۆ بەشداریكردن لە كابینەكەی مەسرور بارزانی، تەنیا (4) ئەندامی جڤاتی نیشتمانی كە ئێستا هیچیان پەیوەندیان بە بزوتنەوەی گۆڕانەوە نەماوە، بە (نەخێر) وەڵامیان دانەوە، ئەوانی تر لەسەر بنەمای قسەكانی وەفدی دانوستانكارو ئەو خاڵانەی خوێندرانەوە، دەنگیان بە (بەڵی)دا بۆ بەشداریكردن.
"پارتی لە مێژوی ژیانی سیاسی خۆیدا هیچ رێككەوتنێكی لەگەڵ یارو نەیارەكانیدا جێبەجێ نەكردوە، ئەم رێككەوتنە ئاشتبونەوەو پۆستوەگرتنی ئەندامانی وەفدەكەی ئێمەیە، نەك ئاشتبونەوەی جەماوەری گۆڕانو پارتی، رێككەوتنەكە جگە لە داتاشینی چەند پلەو پۆستێكی وەزاری بۆ خۆیان، هیچی تر نیە" ئەمە دوا قسەی من بو لەو كۆبونەوەیەدا، گومانی خۆشم لە راستگۆیی قسەكەری وەفدەكەمان نەشاردەوە.
گشت ئەندامانی وەفدی دانوستانكاری بزوتنەوەی گۆڕان بە سەرۆكەكەشیانەوە لەو كۆبونەوەیەدا بون، هیچ كامیان وشەیەكی جەلال جەوهەریان رەتنەكردەوە، دوای ئەوەش هیچ كام لە ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی، كە نوێنەرایەتی هەڵسوڕاو دەنگدەرانی گۆڕان لە شارو شارۆچكەكان دەكەن، نوێنەرایەتی ژورە تایبەتەكان، فراكسیۆنەكانی حكومەتو پەرلەمانی بزوتنەوەی گۆڕان ئەكەن، جگە لەوانەی وازیان هێناوە، نەیان وتوە خۆڵ لەچاومان كراو وەفدی دانوستانكار بەدرەفتاریو بەدكرداریو بەدگۆییان لەگەڵ كردوین، هەندێك دەنگی كەم ماوەیەكەو بێئاگا لەم درۆو دەلەسانە، قسەكانی خانەی راپەراندنو ئەندامانی وەفدەكەیان بە فاكت دەزانن، پێیان وایە رێككەوتنی نێوان بزوتنەوەی گۆڕانو پارتی دیموكراتی كوردستان درزی تێكەوتوە.
خانەی خوازەڵۆك
ئەو ئەنجامەی ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان پێی گەیشتوە، لای هەموان چاوەڕوان كراوبو، رۆژانە لەنێو خۆماندا گفتوگۆمان لەسەر دەكرد، دەیان كەسو گروپی جیاجیا بەقسە، نوسراو، یاداشتو بەیاننامە، ئاگاداریان ئەكردنەوە لەوەی روئەداو ئەگوزەرێت، لەوەی چیتر بەردەوامبونی ئەو بەدرەفتاریو بەدگوفتارییە، بزوتنەوەكە بچوك دەكاتەوەو كەس نامێنێو لەكەداریشمان ئەكات، یان وەكو ئەوەی یەكێك لە هاوڕێكانمان ئەیوت" ئەم بزوتنەوەیە تادێت ئەركمان قورسترو خۆمان سوكتر ئەكات"، لەبەرەو رو لە گفتوگۆ شەخسییەكاندا، ئەوانەی ئێستاش شەریكو خەریكن، هەروا بیریان ئەكردەوەو قسەی لەوە زیاتریشیان ئەكرد، بەڵام لە راگەیاندنەكاندا ( هاوڕێی نیوە رێگە، هەواداری پلەو پۆستو هەندێك جاریش بە خیانەت ئەو هاوڕێ دڵسۆزانەی خۆیان پێناسە ئەكرد)، حەمە تۆفیقو مەلا رەئوف، شۆڕش حاجی، سێ كەسی ناو ئەو دەستەجەمعەی تۆمەتبەخشینەوەیە بون، بەڵام كە خۆیان ئەفەرۆزكران، زۆرتوندتر لە ئێمەومانان قسە ئەكەن، شۆڕش ئەڵێ" پارتی رێكخەری گشتی داناوە"، حەمەتۆفیقیش ئەڵێ" پارتی مستەفای سەید قادری داناوە"، مەلا رەئوفیش ئەڵێ" ئەو پارەیەی وەزیرەكەمان لە بەغدا بۆی ئەهێناین، وەك ئەو پارەیە بو كە فیفی عەبدە ئەیخستە مزگەوتەوە".
هەموان ئەیانزانی ئەمە كۆتایی یارییەكەیە، ئەشیانزانی ئیتر كوڕەكانی كاك نەوشیروان حزبیان بۆخۆیان ئەوێ، جگە لەو خوازەڵۆكە سیاسییانەی دەوروبەریان، كەسی تریان لە خانە پێویست نیە، سەید عومەر كە تەرجومەی قسەكانی ئەوانی ئەكرد، نەیئەزانی پێش خۆی هەمومان ئەو قسانەمان لە كوڕەكان ژنەفتوە كە "ئەندامانی خانە نابێ پۆست لە حكومەت وەربگرن، شۆڕشو حەمەتۆفیقو مەلا رەئوف تەواوبون، جەمالو جەلال كەڵكی ئیشوكاریان نەماوە"، تەنانەت ئەو تكاو گلەییەشمان بیستەوە كە سەید عومەر بە كوڕەكانی وتبو" ئەتانەوێ منیش لابەرن"، بەڵام نمای كوڕە گەورەی كاك نەوشیروان لەوەڵامی گلەییەكەیدا دڵنیای كردبوەوە "بۆ ئەم دەورەیەش پشتیوانی ئەكەن"، دوای ئەو مشتومڕانەیان، جەلال لەشوێنی خۆیو جەمالیش وەك راوێژكار لەدەرەوەی گردەكە مایەوە، مەلا رەئوفو حەمەتۆفیقو شۆڕش حاجیش وەك ئەو كەشتیوانەیان لێهات كە روی لە دەریاكردو ئێستاشی لەسەر بێت هەواڵێكی نەبو.
ماویەتی..