شه‌رم و سیاسه‌ت
2019-11-06 12:54:35
ئاراس فه‌تاح
بۆئەوەی کولتووری شەرم ھەبێت، پێشتر دەبێت وشیاریی پەشیمانیی بوونی ھەبێت. شه‌رم لە وڵاتی ئێمەدا له مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌دایه، چونکە كولتوورێك به‌رهه‌مهاتووه كه هیچ سیاسییه‌ك و به‌رپرسێك له قسه‌یه‌كی نابه‌جێ و کردەیەکی به‌دی خۆی پەشیمان نییە و به‌رپرسیارێتی هیچ ده‌رئه‌نجامێكی خراپیشی هه‌ڵناگرێت.
بێگومان هه‌م شه‌رمكردن و هه‌م هه‌ستكردن به گوناهـ دوو كوانووی گرنگی هه‌سته ئینسانییهكانمانن. بۆ پێكه‌وه‌ژیانی كۆمهڵایهتییشمان هه‌م شه‌رم و هه‌م هه‌ستكردن به گوناهـ جورعه‌یه‌ك له دۆخی پۆزه‌تیڤ و نێگه‌تیڤی تێدایه. له ساڵانی په‌نجاكانه‌وه بابه‌تی شه‌رم بووه به یه‌كێك له كایه گرنگه‌كانی ناو لێكۆڵینه‌وه‌ی سۆسیۆلۆژیی و سایكۆلۆژیی. له كاره تیۆرییه سایكۆلۆژییه‌كانی سیگمۆند فرۆیددا هێنده‌ی تاووتوێی هه‌ستكردن به گوناهـ ده‌بینین، ئه‌وه‌نده شیكاری شه‌رم نابینین. ئه‌وه‌ی من لێره‌دا مه‌به‌ستمه ڕۆچوونه ناو ورده‌كاریی ئه‌م دوو هه‌سته جیاواز و له‌یه‌كتر نزیكه نییه، به‌ڵكو مه‌به‌ستم هێماكردنه بۆ دۆخێكی مه‌ترسییدار ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، چۆن سیاسه‌ت كولتوورێك بۆ كۆمه‌ڵگا به‌رهه‌مده‌هێنێت كه شه‌رم و هه‌ستكردن به گوناهـی تێدا نه‌مێنێت؟
فڕێدانی یاسا بۆ ده‌ره‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانمان، مانای دروستكردنی فه‌زایه‌كه كه هیچ تاوانێك وه‌ك حه‌رامێكی كۆمه‌ڵایه‌تیی مامه‌ڵه‌ی له‌ته‌كدا نه‌كرێت. له كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا كێشه‌ی سه‌ره‌كیی نه‌مانی پێوه‌ر بۆ هه‌ستكردن به گوناهـ و شه‌رمگرتن، له‌دوای ڕاپه‌ڕین و دامه‌زراندنی ده‌سه‌ڵاتی كوردییه‌وه ده‌ستپێده‌كات. كوشتنی هه‌ستكردن به گوناهـ و شه‌رم له هه‌رێمی كوردستاندا له‌و چركه‌ساته‌وه ده‌ستپێده‌كات كه ئه‌نفالچیی و ئه‌نفالكراو، جه‌لاد و قوربانیی، تاوانبار و زیانلێكه‌وتوو، به بڕیارێكی سیاسیی و له‌ژێر سه‌ردێڕی ئاشتبوونه‌وه‌ی گشتیی‌دا، ناچاركران له ته‌نیشت یه‌كتر و له‌گه‌ڵ یه‌كتردا بژین. بڕیاری ئاشتبوووهی گشتیی جه‌لاد و قوربانیی مۆدێلێكی تایبه‌تی له كۆمه‌ڵگای دوای جه‌نگی كۆمه‌ڵكوژیی دروستكرد، كاتێك ئه‌نفالچییه‌ك ڕووبه‌ڕووی كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوێك ده‌بێته‌وه، نه شه‌رم بیگرێت و نه هه‌ستیش به گوناهـ بكات. ئه‌م دۆخه بهیاساییكراوهی ئازادكردنی تاوانباران له‌سه‌رده‌مانی شه‌ڕی ناوخۆییشدا ئه‌و زه‌مینه‌یه‌ی ڕه‌خساند كه زۆرینه‌ی ئه‌نفالچییه به‌ناوبانگه‌كان له‌ناو پارتی و یه‌كێتییدا پێگه‌ی تایبه‌تیان پێببه‌خشرێت، بۆئه‌وه‌ی بۆیان بجه‌نگن. له‌دوای ڕوخانی رژێمی سه‌دامیشه‌وه، هه‌موو ئه‌و داواكراوه كوردانه بۆ دادگاییكردنیان له به‌غدا، له‌لایه‌ن ئه‌م دوو هێزه سیاسییه‌وه له هه‌رێمی كوردستاندا پارێزران.
ئه‌و دۆخه‌ی كه سیاسه‌ت له كۆمه‌ڵگای دوای ئه‌نفالدا به‌رهه‌میهێنا، یه‌كه‌مین هه‌نگاوی مهترسییداری كوشتنی كایه‌ی ئه‌خلاق بوو له ڕاگرتنی هاوسه‌نگیی په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانمان. ئه‌م سیاسه‌ته وڵاتێكی به‌رهه‌مهێنا كه كایه‌ی هه‌ستكردن به گوناهـ به‌ته‌واوه‌تی له‌ناو په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانمان وون ببێت و ئه‌مڕۆش به‌رهه‌مه‌كه‌ی له ئاساییبوونی گه‌نده‌ڵییه‌كی بێوێنه و بێباكییه‌كی سامناكی ساسیاسهتمهدارن به‌رامبه‌ر به ژیانی هاونیشتیمانیان به‌رجه‌سته‌ده‌بێت. ئه‌م مۆدێله له حوكمڕانیی به وێرانكردنێكی گه‌وره‌ی كۆی به‌ها ئه‌خلاقییه‌كانی كۆمه‌ڵگاكه‌مان كۆتایی هات. شۆڕشگێڕ و چه‌په‌كانی دوێنێ بوون به سه‌رمایه‌دار و ملیۆنێری ئه‌مڕۆ، موسڵمانێتی دایك و باوكمان كرا به سه‌له‌فییه‌ت و ئیخوانییه‌ت و جیهادی ئیسلامیی. وێنایه‌ك بۆ سیاسه‌ت به‌رهه‌مهێنرا كه ببێت به كایه‌یه‌ك بۆ شه‌رعییه‌تدان به تاوانكاریی و دزیی و درۆ و بێئه‌خلاقیی، له‌بری رێكخستنی دادپه‌روه‌رانه‌ی كۆمه‌ڵگا و گه‌ڕانه‌وه‌ی ڕێز بۆ قوربانییان و زیانلێكهوتووان و دروستكردنی سیسته‌مێكی نوێ بۆ پێكه‌وژیان.
گه‌ر تاوانباری كۆمه‌ڵكوژیی له هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌كدا سزا نه‌درێت، له‌بری ئه‌وه‌ی تاوانكار هه‌ست به گوناهـ بكات، قوربانییه‌كه‌ی هه‌ست به شه‌رمده‌كات. هانا ئارێنتی فه‌یله‌سوف له زۆر شوێندا باسی هه‌ستكردن به شه‌رم لای ده‌ربازبووانی هۆلۆكۆست ده‌كات، چونكه ئه‌و پرسیاره‌ی لای ئه‌وان دروستده‌بێت، پرسیارێكی وجودییه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه بۆچی من رزگارم بوو له‌كاتێكدا هه‌موو كه‌سوكاره‌كه‌م كۆمه‌ڵكوژكران.
سزادان یەکێکە لە کەرەسەکانی گەڕانەوەی ئەخلاق بۆ پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان. کاتێک باس له بازرگانێک ده‌كه‌ین كه بەرھەمێکی مه‌ترسییدار بۆ ئاساییشی خۆراك و ژیانی به‌كاربه‌ر دەخاتە ناو بازاڕەوە، کاری دەوڵەتە بەدواچوونی بۆ بکات و سزای بدات. كێشه بنه‌ڕه‌تییه‌كه له وڵاتی ئێمه‌دا له‌وه‌دایه كه سیاسییه‌كان خۆیان بازرگانەکانن و له‌سه‌رووی هه‌موو ده‌زگا و یاسا و سزادانهوهیهكن. هه‌ركاتێك بەرھەمی خراپ و سیاسیی به‌د بوون بە یەک پاکێچ لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا، ئه‌وا یه‌كه‌م كاری گرنگ بۆ گێڕانه‌وه‌ی ئه‌خلاقێكی ته‌ندروست بۆ كۆمه‌ڵگا، بریتییه له جیاكردنه‌وه‌ی كایه‌ی سیاسه‌ت و بازرگانییه له‌یه‌كتر.
یەکێک لە کێشە ھەرە گەورەکانی کۆمەڵگای دوای ڕاپه‌ڕینی ئێمه ونبوونی کایەی شەرمە. شەرمیش کاتێک نامێنێت کە وشیاریی پەشیمانیی پێشوەخت سڕ کرابێت. مرۆڤ کاتێک شەرم دەیگرێت كه لە کردە خراپه‌كه‌ی پەشیمانبێتهوه. هه‌ر كاتێكیش خراپه‌كاریی په‌شیمانیی و شه‌رمی تێدا نه‌ما و یاسا نه‌بووه هێڵی جیاكه‌ره‌وه‌ی تاوانكار و قوربانیی، كۆمه‌ڵگایه‌ك به‌رهه‌مدێت كه یاسای جه‌نگه‌ڵ تێیدا سهروهردهكرێت. كۆمه‌ڵگایه‌ك دروستده‌بێت پڕ له ڕق و كینه. ئه‌مه‌ش دیالۆگی نێوان دوو سه‌ركرده‌ی ناو زنجیره‌ی (گه‌مه‌ی عه‌رش)م بیرده‌خاته‌وه كه یه‌كێكیان به‌وی تر ده‌ڵێت: تۆ باش ده‌زانیت كه گه‌ل ڕقی لێته و تۆش ڕقت له‌وانه. له‌م جۆره په‌یوه‌ندییه ناته‌ندروسته‌شدا بێباكیی به‌رامبه‌ر ژیانی ئینسانه‌كان و ئاساییشی كۆمه‌ڵگا ده‌بێت به پرنسیپی حوكمڕانێتیی.
كاتێك جنێو و بوختان و ناوزڕاندن و شكاندن ده‌بن به كولتووری باو، مانای ئه‌وه‌یه كه ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ئه‌خلاقیی هه‌یه له رێكخستنی كۆمه‌ڵگادا. مانای ئه‌وه‌یه كه ده‌سه‌ڵات خۆی به‌شێكه له كێشه‌كه، نه‌ك چاره‌سه‌ر. كاتێك سیاسه‌ت ته‌نها سه‌رقاڵی ئه‌وه‌بێت دادگا و یاسا دژ به‌و نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسانه به‌كاربهێنێت كه ڕهخنهیدهكهن و به‌رامبه‌ر به‌وه‌ش چاوی له ئاست هه‌موو ئه‌و دزیی و گه‌نده‌ڵیی و وێرانه‌ی خزمهتگوزراییهدا كوێر بێت كه له به‌رده‌میدا ده‌كرێت، مانای ئه‌وه‌یه كه ره‌هه‌ندێكی گرنگ و كۆڵه‌كه‌یه‌كی گرنگی كۆمه‌ڵگای ئێمه له مه‌ترسییه‌كه‌ی گه‌وره‌دایه، ئه‌ویش ئه‌خلاق و به‌رپرسیارێتییه.
له‌به‌رئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگای ئێمه له‌ڕووی سیاسییه‌وه كۆمه‌ڵگایه‌كی بێشانازییه، نوێترین شانازیی كه خه‌ڵكی ئێمه به حه‌ماسه‌تێكی گه‌وره‌وه پێشوازیی لێ‌كرد، ئه‌و ڕوحه به‌رگرییه‌ی رۆژئاوا بوو دژ به داگیركاریی له‌شكری توركیی و سیاسه‌تی ڕه‌گه‌زپه‌رستیی ئه‌ردۆگان، كه‌چی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم ماندوونابن له پشتگیرییكردنی ئه‌خلاقییانه‌ی سیاسه‌ته ڕاسیستییهكهی ده‌وڵه‌تی توركیا و پاساوهێنانه‌وه بۆ جه‌نگه نائینسانیی و نابهرامبهرهكهی به‌رامبه‌ر به به‌شێكی گه‌له‌كه‌ی ئێمه.
نهێنییه‌كی ئاشكرایه كه خواستێك بۆ شكاندنی سلێمانیی بوونی هه‌یه، وه‌ك ئه‌وه‌ی ته‌نها له سلێمانییدا گه‌نده‌ڵیی گه‌وره‌ی ڕۆشنبیریی و ناڕۆشنبیریی ڕوویدابێت. نه هه‌ولێر و نه دهۆك و نه سلێمانیی به‌وه ناپارێزرێت به‌رامبه‌ر به گه‌نده‌ڵكاره‌كانی بێده‌نگ بێت. باشترین كارێك بۆ پاراستنی سومعه‌ی شاری سلێمانیی سزادانی توندی هه‌موو ئه‌وانه‌یه كه له گه‌نده‌ڵیی ڕۆشنبیرییه‌وه گلاون و وێنه‌ی شاره‌كه و كولتوور و به‌ها ڕۆشنبیرییه‌كه‌ی وێرانده‌كه‌ن، بۆئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی ته‌ندروستی نێوان ئه‌خلاق و ڕۆشنبیریی بۆ شاره‌كه بگه‌ڕێنرێته‌وه.
نوێترین شانازیش دوای ئه‌م هه‌موو كاره‌سات و هه‌واڵه ناخۆشانه ده‌رباره‌ی گه‌نده‌ڵییه ڕۆشنبیرییه‌كه‌ی سلێمانیی، دانانی سلێمانیی و شاری سنه‌یه به شاری داهێنەرانی ئەدەب و داهێنەرانی موزیك له‌سه‌ر لیستی یونیسكۆ. زانیارییه دروسته‌كه‌ش ئه‌وه‌یه، هه‌م فیكره‌كه و هه‌م به‌شی شێری كار و ماندووبوونه گه‌وره‌كانی پشت به‌ده‌ستهێنانی ئه‌م شانازییه، موڵكی ئه‌وانه نه‌بوو كه شاره‌كه له‌ڕووی ڕۆشنبیریی و ئیدارییه‌وه به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن، به‌ڵكو فیكره‌ی (ده‌یڤید شۆك)ی هاوسه‌ری (د. ماری لابرۆز) بوو كه رێكخراوێكیان به‌ناوی (كه‌شكۆڵ)ه‌وه له زانكۆی ئه‌مریكی سلێمانیی هه‌یه و هه‌موو كاره گرنگه‌كانی مه‌یسه‌ركردنی ئه‌م شانازییه‌یان بۆ شاره‌كه و به‌رپرسه‌كانی كرد، كه شانازیی پێوه‌ده‌كه‌ن. ماڵیان ئاوا...