میحنەتی ئیسڵاح
2019-11-05 13:57:37
عەدنان عوسمان ..
گەورەترین میحنەتێک کە رووبەڕووی چاکسازی و گەندەڵی ئەبێتەوە، چ لە کوردستان و چ لە عێراقدا، ئەوەیە خودی بکەرو ئەنجامدەرو بنیاتنەرانی گەندەڵی و ناعەدالەتی، هەر ئەوانەن کە رۆژانەو بەتایبەت لەکاتی هەڵچوونە جەماوەرییەکاندا، دەنگیان لە هەمووی بەرزترو سەدایان لە هەمووی بڵندترە بۆ چاکسازی و پابەندبوون بە سیستمەوە!
بەوهۆیەشەوە، بەردەوام پرسی چاکسازی و داخوازی جەماوەری، لەنێو گێژاوی موزایەدەی خودی بکەرانیدا، لێڵ و ونو سەرگەردان ئەبێت.
هەر بۆ نموونە لە ئێستای عێراقدا، لەبری قسەکردن لە هۆکارەکانی جێبەجێ نەکردنی خودی دەستوورو دەیان بڕیارو پلان و یاسا بۆ چاکسازی و بە سیستماتیککردنی دامودەزگاکانو پتەوکردنی لامەرکەزیەت و بەشداری راستەوخۆی هاوڵاتیان لە قسەکردن و بڕیاردان لە ژیان و گوزەرانیاندا، کەچی بەفیتی خودی گەندەڵکاران، باسەکان بەلاڕێداو قسەکان بە ئاراستەی خراپی سیستم و دەستوورەکە ئەبەن.
خۆپیشاندانەکانی عێراق گرنگ و پڕ جەوهەرن، ئەوان قسەیان لەسەر ناعەدالەتیە، لەسەر بێدادیە، لەسەر برسێتی و خراپی ژیانە، لەسەر فەسادی نوخبەی دەسەڵاتداری عێراقە، لەسەر بێکەڵکی و بێدەربەستی ئەو دەستەبژێرەیە کە تەنها لەخەمی پێگەی خۆیاندان. وادەردەکەوێ ئەوەی هەوێنی ئەو ناڕەزایەتیانەن کەسانی مەدەنی و خەمخۆری راستەقینەی ئایندەی میللەتو وڵاتەکە بن. بەشێکی گرنگ لەو داخوازییانە لە دەستووردا جێگیرکراوە. ئالیەتی حوکمڕانیش لە عێراقی نوێدا بە شێوەیەک دیزاین کراوە، کە بوارێکی زیاتر بە لامەرکەزیەت و دەسەڵاتی مەحەلی بدات. کەچی وا تازە بەتازە لێرەو لەوێ دەنگانێک بڵند ئەبنەوە باس لە مەرکەزیەت و گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی ئەکەن وەک ئەوەی هۆکارەکە سیستمەکە بێت نەک جێبەجێ نەکردن و بەلاڕێدابردن و پەراوێزخستنی.
لەم یاریە راستەقینەو هەوڵی بەلاڕێدابردنەدا، لایەنی کوردی دەبێت هۆشیارانە مامەڵە لەگەڵ پرسەکە بکات و تێبگات کە ئەمجارە مەسەلەکە جدیە. بەلاڕێدابردن و گەمارۆدان هەروا بەئاسانی ناچێتەسەر. هێزەکانی کوردستان و کۆمەڵگەی مەدەنی و دەستەبژێری سیاسی - رۆشنبیری دەبێت هەم جەخت لەسەر ناوەرۆکە پێشکەوتوخوازەکانی داخوازیەکان بکات لەپێناو ژیانێکی باشترو عەدالەت و بنبڕکردنی فەساددا، هەمیش خۆی بۆ ئەگەرەکانی تر ئامادەبکات. گوتاری سیاسی کوردستان، چ لە پرسی ناوخۆو چ لە مەسەلەی دەستوورو بەشداری کورد لە بەغدادا، دەبێ پڕاوپڕ بێت بە ویست و پلانی راستەقینە بۆ چاکسازی و دژایەتی گەندەڵی و باشترکردنی ژیانی هاوڵاتیان و گرنگیدان بە نەوەی داهاتوو بەتایبەت دۆزینەوەی دەرفەتی کارو ژیانێکی پڕ لە کەرامەت بۆیان. بەدەر لەوە بەدڵنیاییەوە دەکەوینە نێو چەقی گێژاوەکە.