خوێندنەوەیەک بۆ خۆپیشاندانەکانی عێراق
2019-11-04 20:25:21
نیاز حەسەن
خۆپیشاندانی هاوڵاتیانی عێراق هاوشێوەی وڵاتانی تر ، دیاردەیەکی سەردەمییە و زادەی دۆخی نەخوازراوی ژیان و گوزەرانی نەویستراوی خەڵکە ، بەهۆی پەتای گەندەڵی و نادادی و کێماسی خزمەتگوزاریە سەرەکیەکان ، کۆمەڵگە تووشی تەقینەوەی داواکارییە پەنگخواردووەکان بووەتەوە. دیارە خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتی مافێکی رەوایەو بەشێکە لە مافە دیموکراتییەکان، بێگومان ئاستی گوزەران و ژیانی خەڵکی عێراق پاساوێکی روونە بۆ ئەنجامدانی چالاکی خۆپیشاندان.
بە سەرنجدان لە پێکهاتەی سەرشەقام و گۆڕەپانەکان و پۆلێنکردنی ناڕەزایەتییەکان و شەنوکەوکردنی دروشمەکان، دەبینین سێ گروپ خەڵک بەشدارن لە رووداوەکان. هەریەک لەو سێ گروپە ئاراستەیەکی سەربەخۆی لەویتر گرتووەتەبەرو شەپۆڵێکی جیاوازی دروستکردووە.
ئاراستەی یەکەم زووتر دەرکەوت و خواستەکانی خستەڕوو، واتە شەپۆڵی ناڕەزایەتی یەکەم پەیوەست بوو بە خواستەکانی چین و توێژە هەژار و کەمدەرامەت و خەڵکە زەحمەتکێشەکەی کۆمەڵگە. ئەوان لەبەرامبەر پەتای گەندەڵی و نادادی و بێکاری و خراپی خزمەتگوزارییەکان دەنگی ناڕەزایەتیان بەرز کردەوە.
ئاراستەی دووەم لەگەڵ بەردەوام بوونی خۆپیشاندانەکان و هەڵکشانی توندوتیژییەکان سەریهەڵدا ، داواکارییەکانیان بۆ ئاستێکی تر بەرزکردەوە و دروشمەکان خۆی لە گۆڕینی کابینەی حکومەت بینیەوە. ئەم ئاراستەیە تێکەڵەیەک بوو لە لایەنگرانی رەوتە سیاسییەکان.
ئاراستەی سێیەم لەگەڵ ئاڵۆزبوونی رەوشەکە سەریهەڵداو تێکەڵ بە ئەجێندای ناکۆکییە جۆراوجۆرەکانی گۆڕەپانی سیاسیی عێراق و لایەنە رکابەرەکان کرا. ئەم ئاراستەیە کێرڤی دروشمەکانی بردە نێو بازنەی دەستور و سیستمی سیاسیی عێراق.
دیمەنی سیاسیی و بارودۆخی گشتی عێراق چەند وێنەیەکی جیاواز نیشان دەدەن، چەمکی خۆپیشاندان و راپەڕین و شۆڕش تێکەڵ کراون. " تەسفیەی حیساباتی" نێوان لایەنە ناکۆکەکان هەوڵی راکێشانی دۆخەکە دەدات بەرەو چوارگۆشەی یەکەمی پرۆسەی سیاسیی عێراق.
داوای هەمواری دەستور و یاسای هەڵبژاردن و لەکارخستنی کابینەی حکومەت و گۆڕینی سیستمی پەرلەمانی ، چەند دروشمێکی سیاسیین وخوێندنەوەی جیاواز هڵدەگرن. ناوەڕۆکی دەستوری عێراق هیچ رێگریەکی لە چاکسازیی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی نەکردووە ، جەختی لە دابینکردنی ژیانێکی شایستەو خزمەتگوزاری و دادگەریی کردووەتەوە، خۆ ئەگەر بێت و دەستورەکە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت سەرجەم داواکارییەکانی شەقام دێتەدی. هەموارکردنەوەی دەستور گەرەنتی نیە بۆ چاکسازیی و جێبەجێکردنی داواکارییەکان، چونکە ئەوکاتیش دەسەڵات دەتوانێ بە بیانووی جۆاوجۆر خۆی لە بەرپرسیارێتیەکان بدزێتەوە.
ئاساییە پێداچوونەوە بە یاسای هەڵبژاردنەکان بکرێت بەجۆرێک دەرفەتی باشتر بڕەخسێنێت و رەچاوی بنەما دیموکراتییەکانی تێدا بکرێت. قەیرانەکانی ئێستای عێراق بەرەنجامی کەموکوڕیی سەرجەم کابینەکانی پێشووترەو زادەی رۆژێک و دووان نین . پێکهاتەی ئەتنیکی و ئاینی و مەزهەبی عێراق لەلایەک و پاشخانی دیکتاتۆرییەت و غیابی کەلتوری دیموکراتی لەلایەکی تر ، سیستمی پەرلەمانی دەکەن بە پێداوێستیی بنەڕەتی ، بە پێچەوانەوە سیستمی سەرۆکایەتی هیچ ئەگەرێک لەبەردەم دیموکراتیزەکردنی عێراق ناهێڵێتەوەو مەترسی گەورەی لێ چاوەڕوان دەکرێت.
هەموارکردنەوەی دەستور فێڵێکە بۆ لە قاڵبدانەوەی دەسەڵاتدارێتی لە عێراق ، گۆڕینی سیستمی پەرلەمانی بۆ سەرۆکایەتی جگە لەوەی مەترسیەکی گەورەیە ، هیچ سوودێکیش بە ژیان و گوزەرانی خەڵک ناگەیەنێت ، لەبەر ئەوەی دابینکردنی گوزەرانێکی سەردەمیانە، پەیوەندیی بە سیستمی سەرۆکایەتییەوە نییە، بگرە لە سیستمی پەرلەمانی چانسی دابینکردنی خواستی خەڵک زیاتر دەبێت ، نموونەی وڵاتانی ئەوروپا نموونەی زیندوون.
دەستوری ئێستای عێراق و سیستمی پەرلەمانی لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستانە، گۆڕینیان بەزیان دەشکێتەوە. بۆیە نابێت هەرێم بچێتە ژێر باری ئەو دوو هەنگاوە زیان بەخشە.
چارەنووسی خۆپیشاندانەکان بەهەر ئەگەرێک کۆتایی بێت، داواکارییە بنەڕەتییەکانی وەک باشکردنی گوزەرانی خەڵک و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و خواستەکانی تر ، پێویستیان بە جێبەجێکردن هەیە، چونکە ئیتر شەقام ترسی شکاوەو هەموو کاتێک دەتوانێ بجوولێت. ئەگەر پرۆسەی سیاسیی پشت بە ناوەڕۆکی دەستور ببەستێت و داواکارییە رەواکانی خەڵک تێکەڵ بە ئەجێندای لایەنە سیاسییەکان نەکرێت، بەماوەیەکی کورتخایەن داوای شەقام جێبەجێ دەبێت، چونکە حکومەت لە راددەی فشارەکانی شەقام تێگەیشتووە. بە پێچەوانەوە کات بەفیڕۆدان بە هەمواری دەستور جگە لەوەی هاوڵاتیان لە چاوەڕوانی دەهێڵێتەوە، دۆخەکەش بە هەڵپەسێردراوی دەمێنێتەوە و ئەگەری لە گرێژنە دەرچوونی هەمیشەیی لێدەکرێت و شەڕی ناوخۆش دەبێتە ئەگەرێکی مەترسیدار بۆ هەمووان .
بۆ ئەوەی بارودۆخی عێراق بەرەو ئاسایی بوونەوە بچێت و داواکانی خەڵک جێبەجێ بکرێن ، دەبێت یەک ئاراستە لە شەقامی ناڕازیی هەبێت و یەک پرۆژەش بۆ چارەسەریی بارودۆخەکە ئامادە بکرێت. فرە شەپۆڵی و چەندایەتی میکانیزمەکانی چارەسەریی ، جگە لە خولانەوە لە نێو بازنەی چاوەڕوانی و درێژەکێشانی رەوشی نەخوازراو ، شتێکی تری لێ سەوز نابێت.
بۆ ئەوەی متمانەی نێوان هاوڵاتیان و حکومەت بنیات بنرێت ، دەبێ ئیتر داهاتی عێراق لەلایەن حزب و بەرپرس و کەسایەتییە دەست رۆیشتووەکانەوە ، بۆ بەرژەوەندی تایبەت بەفیڕۆ نەدرێت ، بەڵکو ژیانێکی سەربەرزانە بۆ هاوڵاتیان دەستەبەر بکرێت و ئایندەیەکی گەش بۆ چین و توێژە کەم دەرامەتەکان مسۆگەر بکرێت. خەڵک لە دروشمی حزبەکان و قسەی بێ کردەوە بێزار بووە، ئازار و مەینەتی جەماوەر پێویستی بە ساڕێژ بوون هەیە ، باشترین وەڵامیش جێبەجێکردنی داواکارییە رەواکانی خەڵکە ، ئەمەش بە چەسپاندنی سیستمی دامەزراوەیی راستەقینە دەکرێت ، نەک دەسەڵاتی حزب و گروپ