پارادۆكسه‌كانی سیاسه‌تی كوردیی
2019-11-04 18:59:10
ئاراس فه‌تاح
جیهانی قسه و كردارمان پڕن له ناكۆكیی، به‌ڵام هه‌ركاتێك ناكۆكییه‌ك گه‌یشته بنبه‌ستی تێگه‌یشتن، مانای ئه‌وه‌یه گه‌یشتۆته دۆخێك كه به لاتینییه‌كه‌ی پێیده‌ڵێن پارادۆكس Paradox (مفارقە) و به كوردییه‌كه‌شی ده‌توانین به "ناكۆكنمایی" وه‌ریبگێڕین. دیاره ئه‌م زاراوه‌یه چه‌ندین ڕه‌هه‌ندی فه‌لسه‌فیی و سایكۆلۆژیی و زمانه‌وانیی هه‌یه، به‌ڵام چه‌مكه‌كه زۆر به ساكاریی مانای ئه‌وه‌یه، قسهكهرێك یان بكه‌رێك پێچه‌وانه‌ی ئه‌و شته بكات كه پێشتر وه‌كو ڕاستییه‌ك نماییشیكردووه. پارادۆكس ئه‌وكاته له‌دایكده‌بێت كه ئایدیایه‌ك، رسته‌یه‌ك یان كرده‌یه‌ك له‌خودی خۆیدا هه‌ڵگری خه‌سڵه‌تی ناكۆكیی ناوه‌كیی بێت. ناسراوترین نموونه‌ی دۆخی پارادۆكس نموونه‌ی رێنماییه‌كانه. كاتێك رێنماییه‌ك له‌ناو باخچه‌یه‌كدا دانراوه و له‌سه‌ری نووسراوه چونه‌ژووره‌وه قه‌ده‌غه‌یه! یه‌كه‌م پرسیار كه لای بینه‌ر دروستده‌بێت، بریتییه له: ئه‌ی چۆن ئه‌و ڕێنماییه له‌وێ دانراوه! به‌هه‌مانشێوه نموونه‌ی جگه‌ره‌كێشان، وه‌ستانی ئۆتۆمۆبیل یان ئۆتۆمۆبیلی جامڕه‌ش قه‌ده‌غه‌یه، كه‌چی زۆرینه‌ی به‌رپرسه حیزبییه‌كان سه‌یاره‌ی جامڕه‌شیان پێیه و له هه‌موو شوێنێك پاركدهكهن و له هه‌موو شوێنێكیش جگه‌ره‌ده‌كێشن.
من له ژیانی ڕۆژانه‌مدا به‌رده‌وام ڕوبه‌ڕووی ئه‌و پارادۆكسه ده‌بمه‌وه كاتێك بۆ كچه‌كه‌م ڕوونده‌كه‌مه‌وه ده‌بێت له شه‌قامێك بپه‌ڕێته‌وه كه خه‌تی زێبڕای له‌سه‌ر كێشرابێت، نیشانه‌ی په‌ڕینه‌وه دانرابێت؛ بێگومان له هه‌رێمی ئێمه‌دا به‌و دوو هێمایه‌ش رێنماییه‌كان رێزیان لێناگیرێت، بۆیه تاسهیهكیشیان له‌سه‌ر شه‌قامه‌كه دروستكردووه. هه‌ر كاتێك من و كچه‌كه‌م سه‌رباری ئه‌م هه‌موو نیشانه و رێگره یاسایی و هاموشۆیانه، ویستوومانه بپه‌ڕێینه‌وه، نه‌ك شۆڤێری ئاسایی ناوه‌ستێت، به‌ڵكو پۆلیس و ئاساییش و ته‌نانه‌ت پۆلیسی هاتوچۆش بۆمان نه‌وه‌ستاوه. هه‌موو جارێك كچه‌كه‌م ئیحراجمدهكات و ده‌پرسێت: بابه بۆچی ئه‌و سه‌یارانه له‌سه‌ر خه‌تی زێبڕا بۆمان ناوه‌ستن، خۆ ئێمه مافی په‌ڕینه‌وه‌مان هه‌یه؟ منیش بۆئه‌وه‌ی بیخه‌مه پێكه‌نین، پێیده‌ڵێم كچی خۆم، وابزانه ئه‌وان زێبڕاكهن و ئێمه‌ش ده‌بێت رێز له مافی ئاژه‌ڵان بگرین.
با هه‌ڵوه‌سته‌یه‌كی خێرا له‌سه‌ر پارادۆكسه سیاسییه‌كانی هه‌رێم بكه‌ین. پارادۆكس ئه‌وه‌یه ده‌سه‌ڵاتێكت هه‌بێت كه له به‌غدا دژ به توندوتیژیی بێت به‌رامبه‌ر به خۆپیشانده‌ران و له هه‌رێمی كوردستانیش نه‌ك هه‌ر شه‌ق له مامۆستایانی ناڕازیی هه‌ڵده‌دات، به‌ڵكو خۆپیشانده‌ره‌كان چه‌ند ته‌به‌ق شوشه‌ی باره‌گای حیزبه‌كه‌یان شكاندبێت ده هێنده‌یان لێ ده‌كوژێت و بریندار ده‌كات. پارادۆكس ئه‌وه‌یه كه به ده‌سه‌ڵاتی خۆسه‌ریی له ڕۆژئاوای كوردستان بڵێت ده‌سه‌ڵاتێكی دیكتاتۆرییه و ڕێگه به فره‌یی حیزبیی نادات، كه‌چی خۆشت جگه له سه‌ری خێزانه‌كه‌ی خۆت رێگه به هیچ سه‌رێكی تر نه‌ده‌یت وڵات به‌ڕێوه‌به‌رێت. پارادۆكس ئه‌وه‌یه كۆنترین حیزبی باوكی كوردیی 73 ساڵ ته‌مه‌نێتی، كه‌چی ته‌نها به مردنی سه‌رۆكه‌كه‌ی، یه‌كێكی تر به سه‌رۆكی نوێ هه‌ڵده‌بژێرێت، ئه‌ویش كوڕه‌كه‌یه‌تی. ئه‌م كولتووره سیاسییه‌ش بووه به قوتابخانه‌یه‌ك بۆ هه‌موو حیزبه دیموكراسییه‌كانی تری هه‌رێم، كه كوڕه‌كان ته‌وریسی سیاسی‌یان له باوكیانه‌وه بۆ به‌جێده‌مێنێت و زمان لووس و عه‌قڵ لووسهكانیش پاساوی بۆده‌هێننه‌وه و تیۆریزه‌ی ده‌كه‌ن. پارادۆكس ئه‌وه‌یه داوای دابینكردنی هه‌لی كار و یه‌كسانیی و عه‌داله‌ت له دابه‌شكردنی بكه‌یت، كه‌چی چه‌ندین ساڵه جگه له یه‌كه‌مه‌كانی زانكۆ تاكه یه‌ك خوێندكار دانامه‌زرێنرێت و به‌رامبه‌ر به‌وه‌ش ئه‌ندامانی حیزب و منداڵه‌كانی خۆیان به بێ بوونی مه‌رجی پێویستی ئه‌كادیمیی و یاسایی، به وه‌زیر و سه‌فیر و سه‌رۆكی زانكۆ و به‌ڕێوبه‌ری گشتیی و ڕاوێژكار و هتد، تهتویج ده‌كه‌ن. پرۆسه‌ی پاڵاوتنی په‌رله‌مانتارانیش، ده‌ستی هه‌ر بۆ نابه‌م. هه‌رچی پارادۆكسی به‌ناو ئۆپۆزیسیۆنیشه، ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر زۆرینه‌ی ئه‌ندام پهرلهمهنتارهكانی خۆی له‌ده‌ستداوه كه خه‌ڵك متمانه‌ی پێبه‌خشیون، كه‌چی به‌پاساوی ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات متمانه‌ی خه‌ڵكی له‌ده‌ستداوه، هه‌ڕه‌شه‌ی ڕاپه‌ڕین ده‌كات.
له زانستی سایكۆلۆژییدا زاراوەیەک هه‌یه پێی ده‌گوترێت Psychological projection كه به عه‌ره‌بییه‌كه‌ی كراوه به (إسقاگ نفسی). ئیسقاگی سایكۆلۆژی زاراوه‌یه‌كه سیگمۆند فرۆید دایهێناوه و مه‌به‌ستی له‌و كه‌سانه‌یه كه عه‌یب و خهوشهكانی خۆیان، ئاره‌زووه چه‌پێنراو و خواستە شه‌ڕانگیزیی و جنسییه‌كانی خۆیان، به كه‌سانی تر ده‌به‌خشن، بۆئه‌وه‌ی بەرائەزیمەی خۆیان بكه‌ن و ھەموو گومانێک لەسەرخۆیان لاببه‌ن.
ئیسقاگی نه‌فسیی یه‌كێكه له نه‌خۆشییه هه‌ره كوشنده‌كانی ناو هه‌م كایه‌ی سیاسیی و هه‌م كایه‌ی رۆشنبیریی ئێمه؛ كه‌سی درۆزن هه‌موو كه‌سێك به درۆزن ده‌زانێت، بۆئه‌وه‌ی درۆزنبوونی خۆی بشارێته‌وه. كه‌سی گه‌نده‌ڵ به‌هه‌مانشێوه هه‌موو دونیا به گه‌نده‌ڵ ده‌زانێت، بۆئه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵیی خۆی په‌رده‌پۆش بكات. كه‌سێك خۆی فاشییانه بیرده‌كاته‌وه، كه‌چی نه‌یارانی خۆی به فاشیی و ناسیۆنالیست و نه‌ژادپه‌رست ناوزه‌دده‌كات. كه‌سێك بۆئەوەی ئارەزووە سێکسییەكانی خۆی بشارێتەوە لەھەمووان زیاتر قسە بەو ئارەزووە سێکسییانە دەڵێت كه خۆی بهپهنهانیی حه‌زی لێیه‌تی و كه‌چی ئیدانەیان دەکات، هتد.
كولتوورێكی مهسفهرگهرایی ڕۆشنبیریی به‌رهه‌مهاتووه كه پڕه له ڕۆژنامه‌نووس و هونه‌رمه‌ند و ئه‌دیبی ئهخلاقلووس و زمانلووس و عهقڵلووس، ئه‌وانه‌ی كه چ ده‌زگایه‌كی حیزبیی مووچه‌ی پێترۆدۆلاری بۆ ببڕێته‌وه، له‌وێ ده‌وار هه‌ڵده‌خه‌ن، كه‌چی بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ده‌كه‌ن سه‌ربه‌خۆ و هاوسه‌نگ و ویژدانی ئه‌خلاقیی كۆمه‌ڵگان. ئه‌مانه جورئه‌تی نووسینی وتارێكی ره‌خنه‌ییان له سه‌ر ده‌سه‌ڵات نییه، تاقه‌ت یان شه‌هامه‌تی ئیمزاكردنی به‌یاننامه‌یه‌كیشیان نییه دژ به‌و هه‌موو ڕووداوه مهترسییدارانهی كۆمه‌ڵگا و ناوچه‌كه‌ی ئێمه، كه‌چی بوختان بۆ ئه‌وانه هه‌ڵده‌به‌ستن كه به‌رپرسیارێتیی ئه‌خلاقیی و سیاسیی هه‌ڵده‌گرن و بێده‌نگنابن؛ به بۆچوونی ئه‌وان هه‌ر ئه‌مانه‌ش به‌رپرسیارن له شكستی ریفراندۆم و دروستنه‌كردنی ده‌وڵه‌ت و ته‌نانه‌ت خۆكوژیی نووسه‌رێك و هه‌موو نه‌هامه‌تییه‌كانی تری كۆمه‌ڵگای ئێمه. كۆی ئەم دیاردانه له دونیای سیاسه‌ت و رۆشنبیریی ئێمه‌دا ھێمای داڕمانێکی ئەخلاقیی گەورەن، بەرلەوەی ھێمای كه‌وتنی فیکر و بیرکردنەوە و بێنرخکردنی ھەموو فۆرمەکانی به‌رگریی و بەرپرسیارێتیی بن.
شهرمئاوهرترین پارادۆكسی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی له هه‌ولێریش ئه‌وه‌یه كه پاش گه‌مژه‌یی ریفراندۆمه‌كه‌ی، باس له داگیركاریی كه‌ركوك و ناوچه دابڕێنراوه‌كانی تر ده‌كات له‌لایه‌ن له‌شكری ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه، كه‌چی داگیركاریی له‌شكری توركیی له هه‌رێمی كوردستان به برینداركردنی سه‌روه‌ریی خاك و نیشتیمان نابینێت. له‌كاتێكدا گه‌لی عێراق دژ به درۆی چاكسازیی و حه‌قیقه‌تی تاڵی گه‌نده‌ڵییه‌كی بێوێنه له مێژووی ده‌وڵه‌ته‌كه‌یان، چوونه‌ته سه‌ر شه‌قامه‌كان و داوای خزمه‌تگوزاریی و دادپه‌روه‌ریی و گۆڕینی سیسته‌می تائیفیی ده‌كه‌ن و حكومه‌ت و په‌رله‌مانی عێراقیان خستۆته پهلهپروزكێی چاكسازیی، كه‌چی كۆی حیزبه كوردییه‌كان له‌م خوله‌ی په‌رله‌ماندا بێده‌نگترین بوونه‌وه‌ری سیاسیی مێژووی دوای ڕاپه‌ڕینی هه‌رێمن به‌رامبه‌ر به نادیاریی گرێبه‌سته‌كان و مووچه پاشه‌كه‌وتكراوه‌كان و بودجه و كارنامه‌ی چاكسازیی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌ته‌كه‌ی پارتیی و یه‌كێتی و گۆڕان.
له‌كاتێكدا له هه‌ولێری پایته‌خت ئاماده‌سازیی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوورێكی سه‌رۆكایه‌تیی بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت، كه‌چی له به‌غدا شین بۆ ده‌نگۆی گۆڕینی ده‌ستووری عێراق له سیسته‌می په‌رله‌مانتارییه‌وه بۆ سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تی، ده‌گێڕن. له‌وده‌مه‌ی هه‌ردوو حیزبه سوڵتانییه‌كه و خێزانه سیاسییه‌كانی تر، به ریفراندۆمه فاشیلهكهیان ده‌ستووری عێراقیان پێشێلكرد و كاره‌ساتێكی نیشتیمانییان بۆ هه‌رێمی كوردستان دروستكرد، كه‌چی ئێستا له‌ژێر پاساوی پاراستنی مافه ڕه‌واكانی گه‌لی كورد، به‌رگرییه‌كی سه‌رسه‌رخت له ده‌ستووری هه‌مان ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی عێراق ده‌كه‌ن كه ده‌یانویست بای بای لێبكه‌ن. له‌كاتێكدا له‌ڕابردوویه‌كی نزیك، چ پێش ریفراندۆم و چ دوای ریفراندۆمه‌كه‌یان، چاره‌نووسی كه‌ركوك و ناوچه جێناكۆكه‌كانیان به‌ره‌و نادیارییه‌كی مێژوویی برد و چه‌ند ساڵێكه ناتوانن له‌سه‌ر پارێزگارێك ڕێكبكه‌ون، كه‌چی له ئێستادا دووباره ده‌ستیانكردۆته‌وه به ڕشتنی فرمێسكی تیمساح بۆ ماده‌ی 140و ده‌ڵێن كورد له‌مه‌ترسییدایه! بارزانی به‌ناوی بارهگاكهیهوه ده‌ڵێت: خەڵكی كوردستان زۆر چاك دەزانێت كێن ئەوانەی سازش دەكەن و ئه‌وی تریشیان ده‌ڵێت: سازشکردنی بارزانی دەربارەی مادەی 140 قبوڵناکەین.
نوێترین وێنه‌ی پارادۆكسیش كه بینبێتم، بریتیی بوو له ریكلامێكی وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراق بۆ هاندانی گه‌نجانی عێراق به گشتیی و هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌ت، بۆئه‌وه‌ی له خوله‌كانی هێزی ئاسمانیی سوپای عێراقدا به‌شداربن و ببن به فرۆكه‌وانی جه‌نگیی. ئه‌و ریكلامهشم ته‌نها له‌به‌رده‌م ده‌رگای مۆنۆمێنته‌كه‌ی شه‌هیدانی كیمیابارانی شاری هه‌ڵه‌بجه‌دا بینیوه، كه له‌ناوه‌وه فرۆكه‌یه‌كی سوخۆی كۆنی ڕوسی تێدا پارێزراوه، وه‌ك ڕه‌مزێك بۆ كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه.
هه‌ر كاتێك په‌یوه‌ندی نێوان كۆمه‌ڵگا و ده‌سه‌ڵات پڕبوو له پارادۆكس، ته‌نها كۆمیدیا ده‌توانێت به‌باشترین شێوه ته‌عبیر له‌و هه‌موو ناكۆكییه ئاڵۆزانه بكات و توانای داماڵینی ده‌مامكه‌كانی جیهانی كۆمه‌ڵایه‌تیی و سیاسیی و په‌روه‌رده‌یی و ڕۆشنبیریی هه‌بێت. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌م هه‌رێمه‌ی ئێمه لێوانلێوه له نموونه‌ی حوكمدان و قسه و وێنه‌ی پارادۆكسی سیاسیی تراژیدیی و كۆمیدیی، كه‌چی تاوه‌كو ئێستا نه‌یتوانیوه (باسم یوسف)ێك دروستبكات و به‌رنامه‌یه‌ك هاوشێوه‌ی به‌رنامه‌ی "البرنامج"ه‌كه‌ی ئه‌و به‌رهه‌مبهێنێت.