ناسیۆنالیزم و بایکۆت
2019-11-04 09:34:18
د. جەعفەر عەلی
رەنگە لە سەرەتادا وەک هەستێک، سۆزێک، یان تەنها هاوسۆزی و بەزەیی نواندن بەرامبەر بە رووداو یان کارەساتێک، کە رووبەڕووی گروپێکی مرۆیی، نەتەوەیی یان دینی، یان دەرەوەی نەتەوە و دینەکەشمان دەبێتەوە، جۆرێک لە پەرچەکردار بەپێی پابەندی سیاسی و کۆمەڵایەتی، لەوانەش فراوانتر مرۆیی، پێشانبدەین.
ئەو هەڵوێستانەی لە سەرەتادا و وەک پەرچەکرداری هاوسۆزی لەسەر بنەمای هەست و عاتیفە لە دایک دەبن، ئەگەر نەگۆڕێن بۆ هەڵوێست لە هۆشیاریماندا، نەبن بە بەشێک لە حەقیقەتی بوونمان و لە هۆشیاریماندا جێگە نەگرن، لەوانەیە نە هەڵوێستە عاتیفییەکان تەمەن درێژ و، نە پەرچەکردارە هاوسۆزییەکانمان، بەرهەمێکی گرنگی لێبچنرێتەوە.
ئەوەی ئەمڕۆ کورد بەشێوەیەکی گشتی دەرهەق بە دۆخ و ئەزموونی کوردانی رۆژئاوا پێشانیدەدات، بە بایکۆتکردنی کاڵا و شمەکی تورکیاشەوە، هەڵوێستە، هەڵوێستێک کە تا ئەندازەیەکی گەورە لە پرەنسیپی هاوسۆزی بۆ رۆژئاوا لەسەر بنەمای کوردبوون، یان نەتەوەیی، سەرچاوەی گرتووە. بۆ مرۆڤ شانازییەکی گەورەیە، کاتێک هاوزمان و هاونەتەوەکەی، دەتوانێ نموونە و مۆدێلێکی دیموکراسی، سیاسی و کۆمەڵایەتی جوان لە کاری بەڕێوەبردن و بە یەکەوە ژیاندا پێشکەش بکات، بە هەموو هێزییەوە لە پشتی کۆمەککردن بەو مۆدێلە جوانەوە بوەستێت و پشتگیری لێبکات.
لێرەدا ناسیۆنالیزم، ئەگەر هێزی دروستکردنی ئینتیما و خۆشەویستی بۆ نەتەوەی هەبێت، زۆر گرنگە ئەو ئینتیما و خۆشەویستییە لە هۆشیاری و عەقڵانیەتەوە سەرچاوە بگرێت، نەک هاوسۆزییەکی کورتخایەن و کوێرانە، هاوسۆزییەک، کە زۆر جار بەرەو دوو ئاراستەی جیاواز دەمانبات، ئاراستەی یەکەم، هێندەی بەرەو پیاهەڵدان و ستایش دەمانبات، هێندەی بەرەو بە سیمبولکردنی تەنها یەک کەس و یەک کارەکتەری سیاسی، یان سەربازی دەمانبات، هێندە بەرەو بیرکردنەوە لە کۆی کێشەکە و جەوهەری مەسەلەکە نامانبات. ئاراستەی دووەمیش، ئەو گاڵتەجاڕی و بەتاڵییە مەعریفییەیە، کە لە نێو دونیای فیکری راسیزمدا، خەون بە دروستکردنی نەوەیەکی راسیستی کوردییەوە دەبینێت. لە بڕوای مندا ئەم دوو ئاراستەیە هەر دووکیان ترسناکن، یەکیان خەریکی بچووککردنەوەی پرسی نەتەوەیەک لە هێزی کەسێک و، ئەویدیکەش، خەریکی چاندن و بەشینەوەی کینە و رقی نامرۆڤانەیە.
رۆژئاوا دەبێ خۆی کێشە گەورەکە بێت، دەبێ ئێمە لە نێو دیمەن و کێشە گەورەکەوە سەیری کارەکتەرە سیاسی و سەربازییەکان و باقی دیمەنە بچووکەکانی دیکە بکەین. رۆژئاوا پێویستە وەکخۆی ببینرێت، دەبێ لە بری نوسینی هۆنراوە بە باڵای کەسایەتییەکی سیاسی، یان سەربازی، هۆنراوە بۆ کۆی شەڕڤانان بنوسرێت، دەبێ لە بری هەڵواسین و کێشانی وێنەی فەرماندەیەک، وێنەی هەر شەڕڤانێکی یەپەژە، یان یەپەگە هەڵواسین، کە لە قوربانیدان و پێشاندانی جوانترین مۆدێلی بەرگری و رووبەڕووبوونەوەی مەیدانی لەگەڵ داگیرکەراندا، جیاوازییەکیان لەگەڵ فەرماندەکانیاندا نییە. من لەوە تێدەگەم کە لە هەموو شوێنێکی ئەم رۆژهەڵاتەدا، فەرماندەی سەربازی، یان کارەکتەری سیاسی، بایەخی خۆی هەیە، دەشزانم کە لە باشوری کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستاندا، کاتێک سەرۆک نەخۆش دەبێت، کۆی ئۆرگانەکانی حیزب دووچاری نەخۆشی دەبن، کاتێک سەرۆک دەمرێ، حیزبیش دەبێتە ئامرازێکی شەق و شڕی بەریەککەوتنی بەرژەوەندییە شەخسییەکان، بەڵام دەبێ ددان بەوەشدا بنێین کە کوردانی رۆژئاوا و باکور، ئەگەر شەخسی ئۆجالانی لێبکەینەدەر، تا رادەیەکی زۆر ئەو هالە پیرۆزەیان تێکشکاندووە، کە بە چوار دەوری سەرکردەدا کێشراوە، نەریتی کورتکردنەوەی حیزب بۆ سەرۆک و بینینی کۆی حیزب لە جوڵەی سەرۆکدا.
ناسیۆنالیزم، ئەگەر دیوێکی ئینسانی هەبێت، دیوێک بە هەموو توانایەوە، خەریکی پڕ وزەکردنی سەرزەمینە کۆمەڵایەتییەکەی بە ژەهری (منی باڵا) و (ئەوی بچووک) بێت، دواتریش بە کردەوە هەوڵی بەتاڵکردنەوەی ئەم وزە ژەهراوییە لە رێی پەلاماردان و توندوتیژییەوە لە ئەویدیکەدا بدات. لێرەدا مرۆڤبوون ئەوەیە بە هەموو هێزمانەوە، دژی ئەو ناسیۆنالیزمە پەڕگیر و پەلاماردەرە بوەستینەوە، کە پەڕیوەتەوە بۆ فاشیزم و لە مۆدێلی فیکری فاشیزمیشدا گوزارشت لە خۆی دەکات. بەڵام کاتێک (ئەوی باڵا) بە دوا مۆدێلی تەکنۆلۆژیای هاوچەرخ و چەکی مۆدێرن، خەریکی کوشتنی هەموو خەونێکی ئینسانی و نەتەوەیی و سیاسی تۆیە، بە هەوڵدان بە ئاراستەی لە باربردنی خەوبینین بە مرۆڤبونی خۆشتەوە، لێرەدا کاتێک ناسیۆنالیزم دەبێتە ئەو ناوەندە فیکرییەی لە باری سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە، دەتوانێ بەرەو یەکگوتاری لە بەرامبەر ستەمی فاشیزمدا کۆمانبکاتەوە، دەتوانێ لە دەوری خەیاڵێکی هاوبەشدا، خەیاڵی خەوبینین بە مرۆڤبوونی خۆمان و داکۆکی لە کەرامەت و ئیرادە و بوونمان، خەیاڵی رەتکردنەوەی نە تەنها پەلاماری سەربازی دوژمنێکی هاوبەش، بەڵکو بایکۆتکردن و رەتکردنەوەی مامەڵە بە هەموو شمەک و کاڵایەکی کە لەماڵی ئەو دوژمنەوە دێت، بە بڕوای من لێرەدا ناسیۆنالیزم شایستە بە کۆمەک و پشتیوانییە.
ئەوەی مرۆڤی ئێمە لە ئێستادا وەک کورد لە کۆمەک و پشتگیری بە فۆرمی جیا جیا پێشکەش بە کوردانی رۆژئاوای دەکات، چەندیش گەرەکمان بێت ددانی پێدانەنێین، بە ئاگا یان بێئاگا، سەرچاوەکەی بە پلەی یەکەم لە فیکری ناسیۆنالیزمەوە هاتووە، نەک بیرۆکەیەکی دی. ئەوە راستە، کە راست و چەپ، ئەوانەی بڕوایان بە ناسیۆنالیزم هەیە، یان نا، تەنانەت ئەوانەش کە هۆشیاری پێویستیان بە فیکری ناسیۆنالیزم نییە، هەموویان وەکیەک لە نێو ئەو بازنەی داکۆکی و کۆمەکەدا دەرهەق بە رۆژئاوا کۆبوونەتەوە، بەڵام گومانی تێدا نییە، بزوێنەری سەرەکی ئەم ماشێنی کۆمەک و هاوسۆزییە، بە پلەی یەکەم، ناسیۆنالیزمە.
بایکۆت بە تەنها بریتی نییە لە پرسێکی ئابووری رووت، بەڵکو پرسێکی سیاسی، نەتەوەیی، ئینسانیشە. پرسێک کە هەمووان بە جیاوازی بیروباوەڕی سیاسییەوە، دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتییەوە، بەرپرسیارێتی ویژدانی، ئەخلاقی، نەتەوەیی. پرسی گەلێک کە دەخوازێ وەک مرۆڤ گوزارشت لە بوونی خۆی بکات و بە کەرامەتەوە بژی، بەڵام ستەمێک، ستەمکارێک، بە هەموو هێزییەوە خەریکی کوشتنی ئەو ئازادی و بوون و ژیانەیە.
پرۆسەی بایکۆتکردنی کوردی بۆ تورکیا، ئەگەر هیچ دەستکەوتێکی بۆ ئێمە وەک کورد پێنەبێت، ئەوەی پێیە، کە دەتوانێ مۆدێلێکی مەدەنی و هاوچەرخی نوێ لە خەباتی دژی فاشیزمدا پێشکەش بکات، مۆدێلێک ئەگەر بگۆڕێ بە پرەنسیپ و بەشێک لە هۆشیاری کۆمەڵایەتی ئینسانی ئێمە، دەتوانێ سەرەتایەکی گرنگ لە کاری بە یەکەوەیی و بە سەنتەرکردنی کێشە وخەمی هاوبەشی هەمووان، یان لانیکەم خەمی هاوبەش و چەوسانەوەی هاوبەش، بکاتە سەرزەمینی هاوبەشی کۆبوونەوەی هاوبەشی هەمووان، هەر وەکچۆن ئەو مێژوو و چەوسانەوە هاوبەشە، رەگەزێکی گرنگی کۆکردنەوەی جولەکەی سەرانسەری دونیا دژ بە ستەمی جولەکە بوو.