بەغدا ئاڵۆزو كوردستان ئاڵۆزتر
2019-11-04 08:18:16
سەرتیپ جەوهەر
رێككەوتنی لایەنە سیاسییەكانی عیراق هەروا دێت ئاڵۆزتر دەبێت و گوشارەكانی شەقامیش زیاتر دەبێت، داواكاریی شەقامیش رۆژ دوای رۆژ زیاتر دەبێت! حكومەتی هەرێمی كوردستانیش روو لەئاڵۆزییەكی نوێیە، ئەگەر چارە نەكرێت ئەوا لەماوەی نزیكی داهاتوو زۆر ئاڵۆزتر دەبێت.
بەغدا لەدۆخێكی زۆر جیاوازدایە، ئەمجارە لەبری ململانێی نێوان لایەنە سیاسییەكان، ململانێی نێوان شەقام بەهەموو پێكهاتەكانییەوە بەتایبەت سوننەو شیعە لەگەڵ دەستەبژێری سیاسییە. شەقام داواو خواستی چاككردنی حوكمڕانیی و گوزەرانیی هەیەو دەستەبژێری سیاسیش خەمی مانەوەی خۆی و چاوبەستكردنی شەقامی هەیە بەگۆڕینی هەندێ لەدەموچاوەكان و چەند گۆڕانێكی دیكە كە رەنگە كاریگەری بۆسەر ژیانی خەڵك نەبێت، لەگەڵ تێكەڵكردنی هەندێ گۆڕان بە داواو خواستی خۆپێشاندەران كە رەنگە ئەجێندای سیاسی لەپشتەوە بێت، بەتایبەت هەمواركردنەوەی دەستور.
هەرچۆنێك بێت گەیشتنە رێككەوتنی لایەنە سیاسییەكان بەتایبەت شیعەو شیعە ئەستەم بووە. لەبنەڕەتدا ململانێیەكی دیكەی ئیقلیمیی و نێودەوڵەتییەو لایەنە سیاسییەكانی عیراق گفتوگۆی دەكەن! كوردو سوننەش بەهۆی تێكەڵكردنی هەمواری دەستورو پرسی دیكەوە گلاونەتە مشتومڕی گۆڕان لەحوكمڕانیی و دەسەڵات. بۆیە پێویستە كورد هەم یەكدەنگ بێت و هەمیش جارێ پێویستدەكات جۆرێك لەبێدەنگی هەڵبژێرێت لەبەرامبەر دۆخی ئێستای بەغدا.
لەگەرمەی ئەو ململانێ و خۆپێشاندانانەی بەغدا، كە مەترسی لەسەر دەستكەوت و بەركەوتەی كورد لەدەسەڵات و دەستور هەیە، خەریكە بارودۆخ لەكوردشتان گرژ دەبێت و ئەگەری لەبەریەك هەڵوەشانەوە بەدوور نازانرێت.
بچوككردنەوەی حكومەت لەبازنەیەكی بەدیل لەناو ئەنجومەنی وەزیران بێكەڵكردنی حوكمڕانیی هەرێمی كوردستانە، لەكاتێكدا نە لەهەیكەلی ئەنجومەنی وەزیران و نە لەهیچ قانونێك رێگە بەسەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران نادات پۆست داتاشێت، ئەمە جگە لەوەی خەرجییەكی زۆر لەسەر حكومەت دەكەوێت و تێكەڵیی لەدەسەڵات و تایبەتمەندیی وەزیرو وەزارەتەكان دروستدەكات.
هەروەك ناكرێت یەكێتی (كاندید بۆ دەستەی ناوچە كێشە لەسەرەكان) پێشكەش بكات و بەبیانوی رەخنەگرتن لەپارتی رەتبكرێتەوە! كەوایە پارتی وەك چۆن لەزۆنی خۆی ئازادی بەرتەسككردۆتەوە، ئاواش دەیەوێ ئەو دونیابینیە بسەپێنێت كە نابێت ئەوەی دێتە حكومەت رەخنە لەپارتی بگرێت! كە ئەمە لەبنەڕەتدا ناكۆكە لەگەڵ تێگەیشتن و كلتوریی زۆن و ناوخۆی یەكێتی.
لەدوو رۆژی رابردوو هەوڵێك هەبووە لەلایەن پارتییەوە بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكەو دوبارە دانیشتن لەماوەی چەند رۆژی داهاتوو، ئەگەر ئەو هەوڵانە سەركەوتوو نەبوون، نەتوانرا لانیكەم هێڵی سور لەبەردەم كاندیدانی یەكێتی هەڵگیرێت، وەك زەمینەسازیی بۆ دانوستانی نوێ، ئەوا هەنگاوەكانی داهاتووی یەكێتی بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم دۆخە زۆر خێراو چاوەڕواننەكراو دەبێت. بەپێی زانیاریی سەقفێكی دیاریكراو لەلایەن یەكێتییەو دانراوە كە رەنگە "رۆژان" بخایەنێت نەك زیاتر، بەوپێیەی ناكرێت چیتر دەستی بەدەستی بەیەكێتی بكرێت و رێككەوتنەكە بەپێی خواست (ئینتیقائی) جێبەجێبكرێت.
ئەو دۆخەی ئێستای بەغدا، تێكەڵكردنی ئەجێندای سیاسی بەئەجێندای خۆپێشاندەران بەتایبەت مەترسی ئەگەری هەمواركردنی دەستور كە هەڕەشەیە بۆسەر دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان، دەبوو تەگبیری هاوبەشی لایەنە سیاسییەكان بەتایبەت پارتی و یەكێتی بهێنایەتە گۆڕێ، كەچی هەم لەبەغدا نەتوانراوە هیچ دانوستانێك بكرێت و ئەو گروپەی لیستە كوردستانییەكان هەڵوەشاوەتەوەو پارتی بەتەنها لەدەرەوەی سازانی لایەنە كوردستانییەكان مامەڵەی كردووەو دژی هەندێ بڕیاری هاوبەشی لایەنە كوردستانییەكان بووە! لەكوردستانیش لەلایەن یەكێتییەوە روبەرووی رەخنەو ناڕەزایی بۆتەوەو هیوادارین نەگاتە ئاڵۆزیی زیاتر كە رەنگە هەموو كورد تێدا زەرەر بكات.