هەموارکردنەوەی دەستووری ئیستای عێراق کارێکی ئاسان نیە
2019-11-03 17:07:20
د. بایەزید حەسەن، ئەندامی پێشووتری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
پیش ئەوەی باسی هەموارکردنەوەی دەستووری ئێستای عێراق بکەین ، باشتروایە بگەڕێینەوە دواوە بۆ ساڵی ٢٠٠٥ و باسی چۆنییەتی نووسینەوەی ئەم دەستوورە و پەسەندکردنی بکەین .
ئەنجومەنی نیشتیمانی عێراقی ئەو کاتە، لە ١٠ / ٥ / ٢٠٠٥ لیژنەی ئامادەکردنی رەشنووسی دەستووری لە ٥٥ ئەندامی ئەنجومەنەکە پێکهێنا و پێکهاتەی لیژنەکە بەم جۆرە بوو :
٢٨ ئەندامی ئەنجومەن لە لیستی هاوپەیمانی عێراقی یەکگرتوو
١٥ ئەندامی ئەنجومەن لە لیستی هاوپەیمانی کوردستانی.
٨ ئەندامی ئەنجومەن لە لیستی ئەلعێراقییە .
٤ ئەندامی ئەنجومەن کە سەربەخۆ بوون .
هەروەها دواتر ١٥ ئەندامی تریش لە دەرەوەی ئەنجومەنەی نیشتیمانی بۆ لیژنەکە زیادکران، ئەوانیش ئەو عەرەبە سووننانە بوون کە بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی ٣٠ /١ / ٢٠٠٥ یان کردبوو کە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتیمانی عێراقی بوو .
لە ١٥ /١٠ / ٢٠٠٥ راپرسی لەسەر رەشنووسی دەستوورەکە کراو ، ١٥ ملیۆن دەنگدەر بەشدارییان لە راپرسییەکە کرد و ٧٨ ٪ ی بەشداربووان بە بەڵێ دەنگیان بە رەشنووسی دەستوورەکە دا و ئەم دەستوورەی ئێستای عێراقی لێکەوتەوە .
بە گشتی رەشنووسی دەستوورەکە بە دڵی عەرەبە سووننەکان نەبوو ، ویستیان لە ئاییندەدا دەرەچەیەك بۆ هەموارکردنەوەی دەستوورەکە بدۆزنەوە و پێداگریان لەسەر دانانی ماددەیەک لە دەستوورەکەدا کرد کە ماددەی ١٤٢ بوو ، هەرچەندە لە دەستوورەکەدا ماددەی ١٢٦ یش دەربارەی هەموارکردنەوەی دەستوورەکە هەبوو بەڵام هەر بەدڵی ئەوان نەبوو !
با بزانین ناوەرۆکی ماددەی ١٤٢ چیە . ئەم ماددەیە لە چوار بڕگە پێکهاتووە ، یەکەم بڕگەیان ئەوەیە کە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە سەرەتای دەسبەکاربوونیدا ، لیژنەیەکی تایبەت لە ئەندامانی پێکبهێنێت کە نوێنەری هەموو پێکهاتە سەرەکییەکانی کۆمەڵگەی عێراقی تێدابێت ، لەماوەیەکدا کە لە چوار مانگ تێپەڕنەکات ، راسپاردەکانی سەبارەت بە هەموارکردنەوەی دەستوور پێشکەش بە ئەنجومەنی نوێنەران بکات. دووەم بڕگەی ئەوەیە ، هەموارە پێشنیارکراوەکان بەیەک جار بخرێنە بەردەم ئەنجومەنی نوێنەران و بە دەنگی زۆرینەی رەهای ئەندامانی ئەنجومەن پەسەند بکرێن. سێهەم بڕگەی ئەوەیە دوای پەسەندکردنی لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە ، لەماوەیەکدا کە لە دوو مانگ تێپەڕ نەکات بخرێنە بەردەم گەلی عێراق بۆ راپرسی لەسەری . بڕگەی چوارەم ئەوەیە کە راپرسییەکە لەسەر ماددە هەموارکراوەکان بە سەرکەوتوو دادەنرێت ئەگەر زۆرێنەی بەشداربوونی راپرسییەکە رازامەندیان لەسەر نیشان دا بە مەرجێک دوو لەسەر سێی سێ پارێزگا یان زیاتر رەتی نەکەنەوە .
دوای دەست بەکاربوونی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ١٦ /٣ /٢٠٠٦ ، بە گوێرەی ماددەی ١٤٢ ، لیژنەیەک لە ٢٧ ئەندامی ئەنجومەن پێکهێنرا کە هەموو پێکهاتە سەرەکییەکانی عێراقی تێدا بوو و دەبوو لە ماوەی چوار مانگدا ، لیژنەکە راسپارەدەکانی دەربارەی هەموارکردنەوەی دەستوورەکە پێشکەش بە ئەنجومەنی نوێنەران بکات . لیژنەکە لە ٢٧ / ٧ / ٢٠٠٧ کۆتا رەشنووسی رادەستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرد بۆ ئەوەی بخرێتەبەردەم ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران تاکو سەرنجەکانی خۆیانی لەسەر دەرببڕن و رادەستی لیژنەی هەموارکردنەوەکەی بکەن. کاری لیژنەی هەموارکردنەوەکە بەم جۆرە بوو : دووبارە داڕشتنەوەی بۆ ٢٥ ماددەی دەستوورەکە کردبوو ، گەلێک دەقی نوێ بۆ دەستوورەکە زیادکردبوو کە خۆی لە ٦٥ ماددەدا دەبینییەوە ، هەموارکردنی نوێش لە ١٢ دەقدا کرابوو. بەم جۆرە ، ژمارەی ماددەکانی دەستوورەکە کە ١٤٤ ماددە بوو ، کرابوو بە ١٩٣ ماددە ، واتە ٤٩ ماددەی نوێ بۆ دەستوورەکە زیادکرابوو . لێرەدا هەندێک دەق و ماددەی نوێ کە لیژنەی هەموارکردنەکە بۆ دەستوورەکەیان زیاد کردبوو دەخەینەڕوو :
لەماددەی (١ ) ی دەستوورەکە ، بڕگەیەکیان بە ناوی بڕگەی دووەم زیاد کردبوو ، ئەم بڕگەیە دەڵێت نابێت نە سازش لەسەر سەروەری عێراق بکرێت و نە تەنازول لە هەربەشێکی خاک و ئا و ئاسمانی عێراق بکرێت . دیارە مەبەستی ئەم بڕگەیە ئەوەیە کە کورد هەرگیز داوای جیابوونەوە لە عێراقدا نەکات .
لە دەستوورەکەدا ، لە لقی دووەمی بەشی یەکەمی بەندی سێهەمدا، ماددەی ٦٤ هەیە کە تایبەتە بە ئەنجومەنی فیدراڵ ، لە هەموار کردنەکەدا ئەم ماددەیە ووردکراوەتەوە و کراوە بە ١٩ ماددە کە دەسەلات و ئەرک و پسپۆڕێیەکان و ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی فیدراڵی دیاریکردووە و وایداناوە کە هەر پارێزگایەک لە هەرێمدا رێکخرابێت یاخود نا ، دوو نوێنەری لە ئەنجومەنەکەدا دەبێت بێجگە لە بەغدا کە چوار ئەندامی دەبێت ، هەروەها سەرۆککۆمار و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ، پێنج ئەندام لەو کە سایەتییانەی کە ئەزموونیان هەیە و زامنی نوێنەرایەتی پێکهاتەکانی دەکەن ، بۆ ئەنجومەی فیدراڵییەکە دابنێن. بە گوێرەی ئەم هەموارکردنەوەیەی ئەو کاتە ، ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی فیدراڵ ٤٣ ئەندام دەبوو کە شەش ئەندامی هی هەرێمی کوردستان دەبوون ، ئەگەر ئێستا بووایە بە پارێزگای هەڵەبجەوە دەبوون بە ٨ ئەندام لە کۆی ٤٥ ئەندام . ئەمە ئەوەی دەردەخست کە هیچ تایبەتیمەندییەک بە هەرێم نەدرابوو ، سەرەڕای ئەوەش لە ماددەیەکی هەموارکردنەکەدا هاتووە کە بڕیاردان لە ئەنجومەنی فیدراڵ بە زۆرینەی سادەی ئەندامانی ئامادەبوو دەبێت، دوای ئەوەی رێژەی یاسای بە زۆرینەی رەهای ئەندامان بۆ دانیشتنەکە دێتەدی. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە کورد هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بڕیاردانەکاندا نابێت و ناتوانێت بەرگری لە مافەکانی هەرێم بکات .
لە رەشنوسی هەموارکردنەکەدا هاتووە ، کە ماددەکانی ١١١ ، ١١٢ و ١١٣ و ١١٤ و ١١٥ لە بەندی چوارەمی بوارەکانی دەسەڵاتی فیدراڵی ، لیژنەی هەموارکردنەکە لەسەریان رێکنەکەوتوون و تا ئەو کاتەی داویانە بە سەرۆکی پەرلەمان گفتوگۆ لەسەریان بەردەوام بووە. ئەم چوار ماددانەش زۆر گرنگن بۆ دەسەڵاتی هەرێم لە حکومەتی فیدراڵیدا .
ماددەی ١١١ دەڵێت نەوت و گاز موڵکی سەرجەم خەڵکی عێراقن لە هەموو هەرێم و پارێزگاکان .
ماددەی ١١٢ دەربارەی دەسەڵاتەکانە لە بواری نەوت و غاز لە عێراقدا کە دەسەڵاتی بە هەرێمیش داوە لە بەڕێوەبردن و رەنگڕێژکردنی سیاسەتی ستراتیجی پێویست بۆ بەرەپێشبردنی سامانی نەوت و غاز لە عێراقدا .
ماددەی ١١٣ دەربارەی ئەوەیە کە ئاسەوار و شوێنەوار و ژێرخانی کەلەپوری و دەستنووس و دراوکان لە تایبەتیمەندی دەسەلاتی فیدراڵین و بە هاوکاری لەگەڵ هەرێم و پارێزگاکان بەڕێوەدەبرێن.
ماددەی ١١٤ دەربارەی دەسەلاتە هاوبەشەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمەکانە سەبارەت بە بەڕێوەبردن و رێکخستنی گومرگ و رێکخستن و دابەشکردنی سەرچاوە سەرەکییەکانی ووزەی کارەبا و رەنگرێژکردنی سیاسەتەکانی ژینگە و گەشەپێدان و تەندروستی گشتی و فێرکردن و پەروەردەی گشتی و سامانە ئاوییەکان و رێكخستنیان .
دەقی ماددەی ١١٥ ئەوەیە، هەر شتێک لە سنوری دەسەڵاتە تایبەتەکانی حکومەتی فیدراڵیدا ئاماژەی پێنەکرابێت ، ئەوە دەبێتە دەسەڵاتی هەرێمەکان و ئەو پارێزگایانەی ناوکەونە سنوری هیچ هەرێمێکەوە . ئەگەر ناکۆکی دروستبوو لەسەر دەسەڵاتە هاوبەشەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمەکان ، ئەو پێشینە بۆ یاسای هەرێمەکەیە .
ئەگەر لەو ماددانە وردبینەوە دەبینین کە ماددەکانی ١١٢ و ١١٤ و ١١٥ بۆ کورد زۆر گرنگن چونکە دەسەڵاتێکی زۆریان بۆ کورد تێدایە ، هەر لەبەر ئەوەشە لایەنە عەرەبەکانی لیژنەکە، رازی نەبوون بەوەی هەموار نەکرێنەوە و نەگوڕدرێن .
لە کۆتاییدا دەستوورەکە وەک خۆی مایەوە هەموار نەکرایەوە چونکە لەو کاتەدا کورد هەڵوێستی لە عیراقدا لە ئێستا بەهێزتر بوو ،هەروەها بڕگەی چواری ماددەی ١٤٢ کە دەڵێت ئەگەر دوو لەسەر سێی سێ پارێزگا هەموارکردنەکە رەتبکەنەوە ، ئەوا هەموارکردنەوەکە سەرناگرێت ، کورد دەیتوانی سوود لەو بڕگەیە وەربگرێت بۆ شکستپێهێنانی هەموارکردنەکە ئەگەر راپرسی بۆ هەموارکرنەکە کرابایە .
هەروەها ماددەی ١٢٦ یش لە دەستووری ئێستای عێراقدا هەیە کە دەربارەی هەموارکردنی دەستوورەکەیە . ئەم ماددەیە لە پێنج بڕگە پێکهاتووە ، بڕگەکانی یەکەم و دووەم و سێهەم و پێنجەم باسی ئەوە دەکەن کە سەرۆککۆمارو ئەنجومەنی وەزیران پێکەوە یان پێنج یەکی ئەندامانی نوێنەران مافی پێشنیارکردنی هەموارکردنی دەستوورەکەیان هەیە و هەروەها نابێت بنەما بنەڕەتییەکانی بەندی یەکەم و ماف وئازادییەکانی بەندی دووەم تا تێپەربوونی دوو خولی هەڵبژاردن هەموار بکرێن و هەموارکردنەکەش پێویستی بە رازیبوونی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و رازیبوونی گەڵ لە رێگای راپرسی و پەسەندکردنی سەرۆککۆمار و بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی فەرمی هەیە. ئەوەی زۆر گرنگە بڕگەی چوارەمە و ئەمەش دەقەکەیەتی :
بڕگەی چوارەم : نابێت هیچ هەموارکردنێک لەو ماددانەی دەستووردا ئەنجام بدرێت کە دەبێتەهۆی کەمکردنەوەی ئەو دەسەڵاتانەی هەرێمەکان کە ناکەونە سنووری دەسەڵاتە تایبەتییەکانی حکومەتی فیدڕاڵییەوە تەنیا بە رەزامەندی دەسەڵاتی یاسادانانی هەرێمی پەیوەندیدار و رەزامەندی زۆرینەی دانیشتوانی لە رێگەی راپرسی گشتیەوە .
بێگومان ئەم بڕگەیە باشترین زامنە بۆ ئەوەی ئەو دەسەڵاتانەی هەرێم کە ناکەونە سنووری دەسەڵاتە تایبەتییەکانی حکومەتی فیدڕاڵییەوە کەم بکرێنەوە چونکە دەسەڵاتی یاسادانانی هەرێم و دانیشتوانی هەرگیز بەوە رازی نابن دەسەلاتەکانی هەرێم لە دەستوورەکەدا کەم بکرێنەوە.
بیگومان کورد دوای ریفراندۆمی ساڵی ٢٠١٧ ( هەرچەندە ریفراندۆم مافی کوردە لە کات و دۆخی گونجاودا) و ١٦ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ دا ، لەسەدا ٥١ ی خاکەکەی لەدەستدا و هەڵوێستی لە عێراقدا لاواز بوو و تاکو ئێستاش ئەم لاوازییەی ماوە و هەڵوێستی وەکو پێش رێفراندۆم و ١٦ ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ لێنەهاتۆتەوە .
ئێستاش دوای پانزە ساڵ لە گەندەڵی بەرپرسانی حکومەت و بەهەدەردانی سامانی گشتی عێراق و ڕەچاوکردنی مەنسوبیەت و مەحسوبیەت و پشک پشکێنە لە دامەزراندن و دابەشکردنی پۆستەکان و قۆرغکردنیان و گەشەپێنەدانی ژێرخانی ئابووری و نەبوونی پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و نەبوونی خزمەتگوزاری و داهاتی بژێوی رۆژانەی هاوڵاتیان و زیادبوونی رێژەی هەژاری لە عێراقێکی دەوڵەمەند بە سامانی نەوت و گاز و دەوڵەمەندبوونی بەرپرسان لەسەر حیسابی هاوڵاتیان و جێبەجێنەکردنی دەستوور و یاساشکێنییەکان ئەوانە هەموویان وایان لە خەڵکی عێراق کردن دەست بە خۆیشاندان بکەن و داوای هەموارکردنەوەی دەستوور داوای سیستەمی سەرۆکایەتی بکەن .
هەندێک لە سەرکردەکانی شیعە دەڵێن ئەم دەستوورەی ئێستا بۆ عێراق گونجاو نیە و شکستی هێناوە و دەبێ لە بنچینەدا هەمواربکرێتەوە ، پێموایە لارییان نییە لە سیستەمی سەرۆکایەتی و لەسەردەمی مالیکیدا هەندێک لە فراکسیۆنە شیعەکان باشی زۆرینەی سیاسییان لە پێکهێنانی حکومەتدا دەکرد . هەروەها عەرەبە سوونەکانیش ، وەکو پێشتر باسکرا لەگەڵ هەموارکردنەوەی دەستوورەکەن چونکە بڕوایان بە سیستەمی فیدراڵی بۆ عێراق نیە و بە پارچە پارچە بوونی عیراقی دەزانن ، وێڕای ئەوەی تێبینی زۆریان لەسەر ماددەکانی دەستوورەکە هەیە .
لە دەستووری عێراقدا لاسەنگییەک لە دابەشبوونی دەسەڵاتەکاندا لە نێوان سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکایەتی کۆماردا هەیە و زۆرینەی دەسەڵاتەکان دراون بە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و دەسەڵاتەکانی سەرۆککۆماریش دەسەڵاتی پڕۆتۆکۆڵین . شیعەکان بە لێزانانە ئەوەیان کردووە کە زۆرینەی دەسەڵاتەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بێت چونکە ئەوان زانیویانە کە زۆرینەن لە عێراقدا و زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمان لە ئەوان دەبێت و گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی هەر لە ئەوان دەبێت و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانیش بە گوێرەی دەستوورەکە بۆ ئەوان دەبێت . ئێستاش ئەگەر دەستوورەکە هەمواربکرێتەوە ، ئەگەری ئەوە زۆرە شیعەکان داوای سیستەمی سەرۆکایەتی بکەن چونکە لایان روونە کە لە هەڵبژارنەکاندا ، زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمان بەدەست دەهێنن و سەرۆککۆمار هەر لە ئەوان دەبێت، واتا بۆ شیعەکان دەستوور هەمواربکرێتەوە یاخود نا ، هیچ لە دەسەڵاتی ئەوان لە بەڕێوەبردنی عێراقدا کەم ناکاتەوە .
دەبێت هەرێم خۆی بۆ هەموو ئەگەرەکان لە عێراقدا ئامادە بکات و بۆ هەر ئەگەرێک پلانێکی تۆکمەی دیراسەکراوی هەبێت بە ئەگەری هەموارکردنی دەستووریشەوە . یەکڕیزی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان وپشتیوانی هاوڵاتیان لە حکومەتی هەرێم بە حوکمڕانییەکی باش وئەنجامدانی چاکسازی و هەبوونی شەفافییەت ودادپەروەری وگەشەی ئابووری و دابینکردنی خزمەتگوزاری و بژێوی ژیانی هاوڵاتیان دێتەدی . هەروەها بڕگەی چوارەمی ماددەی ١٢٦ و بڕگەی چوارەمی ماددەی ١٤٢ ، زامنن بۆ کەم نەکردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێم لە دەستووری عێراقدا.
لە کۆتاییدا ، ئەوە ماوە ئاماژەی پێبدەم کە هەموارکردنی دەستووری عێراق کاتێکی زۆری دەوێت چونکە دەبێت بۆ هەموارکردنەکە لیژنەیەک لە هەموو پێکهاتەکانی عێراق پێک بێت ولیژنەکە چەند مانگێکی دەوێت بۆ هەموارکردنەکە ، ئینجا دەبێت بخرێتە بەردەم پەرلەمان بۆ رازیبوون لەسەری پاشان دەبێت کۆمیسیۆنی بالای سەربەخۆی نوێ پێکبهێنرێت بۆ ئەنجامدانی راپرسی .
لەگەڵ ئەوەشدا کە هەموارکردنی دەستووری ئێستای عێراق کارێکی ئاسان نیە، بەڵام کورد دەبێت ئەگەری هەموارکردنەوەکەشی بە گرنگ وەربگرێت و خۆشی بۆ ئەگەری هەموارکردنەوەی ئامادە بکات و لەوانەیە لە ئەگەری هەموارکردنەوەی دەستوورەکە ، عەرەبە سووننە و شیعەکانی عیراق رێکبکەون بۆ سەپاندنی هەموارکردنی ئەو ماددانەی دەستوورەکە کە لەبەرژەوەندی خۆیان بن و لەبەرژەوەندی کورد نەبن و ماف و دەسەڵاتەکانی هەرێمیان تێێدا کەمبکەنەوە و کورد دەستی لە بنی هەمبانەکە بێتەدەرەوە. ئەگەری ئەوەش هەیە، عەرەبە سووننە و شیعەکانی عیراق کاریگەری بخەنەسەر کورد و پێکهاتەکانی تری دانیشتوانی تری کوردستان بۆ ئەوەی نەهێڵن هەرێم بتوانێت دەنگدەرانی دوو لەسەر سێی سێ پارێزگای هەرێم یان زیاتر مسۆگەر بکات بۆ رەتکردنی هەموارکردنەوەی دەستوورەکە ئەگەر هەموارکردنەوەکە لەبەرژەوەندی هەرێم نەبێت . ئەگەر ئەم دەستوورە ، لەم بارودۆخەی ئێستاشدا کە عێراقی پێدا تێدەپەڕێت هەموار نەکرێت ئەوا لە داهاتوودا هەر هەموار دەکرێت.
بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم ئاڵنگارییانەی هەموارکردنەوەی دەستووری ئێستای عێراق ، کورد دەبێت ناوماڵی خۆی رێک بخات و یەکڕیز بێت و بەرژەوەندی تەسکی حیزباتەوە بەلاوەبنێ و بەرژەوەندییە باڵاکانی کوردستان بخاتە سەرووی هەموو بەرژەوەندییە حیزبییەکانەوە.