جه‌نگی توركیا له‌ڕۆژاڤا جه‌نگێكی ته‌واو عه‌یاری ئایدۆلۆژی
2019-11-02 11:45:09
ئازاد جندیانی
نه مه‌به‌ستمه‌و نه‌كاری منیشه سه‌باره‌ت به جۆره‌كانی جه‌نگ و تیۆرییه‌كانی ئه‌و بابه‌ته بژمێرم، بۆیه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه داواكارم خوێنه‌ران ناونیشانی نووسینه‌كه‌م به‌ومه‌به‌سته نه‌خوێننه‌وه.
ئه‌و جه‌نگه، كه ئه‌شێ به جۆره‌ها ناو ناودێربكرێ، چونكه پاشخان و ئامانجه ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كانی و پاساوه‌كانی له‌لای توركیاوه، تێكه‌ڵه‌یه‌كه له‌جه‌نگێكی جیۆپۆله‌تیك، جیۆئیكۆنۆمێك، جیۆستراتیژیك، جیۆدیمۆگرافیك و جیۆكلتوری و هتد. وه‌ك چۆن جه‌نگێكی تاكتیكی و هاوكات ستراتیژیشه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی جه‌نگی توركیا له‌هی وڵاتانی تر له‌سه‌ر خاكی ڕۆژاڤا یان وه‌ك ئه‌ووترێ له‌سه‌رخاكی سوریادا جیا ئه‌كاته‌وه پاشخان و پاڵنه‌ره ڕانهگهیهنراوهكانیهتی. توركیا نه‌یشاردۆته‌وه‌و ناشیشارێته‌وه، كه جه‌نگی ئه‌و جه‌نگێكه له‌دیدی ئه‌واندا دژی هێزه‌كوردییه‌كان و داعشه. ئه‌مه پاشخان و لێڤه‌گه‌ڕ و پاساوی ڕاگه‌یه‌ندراوی ئه‌و جه‌نگه‌یه كه هێشتا دیارنییه ئه‌م خوله‌شی كۆتایی دێ یان نا، چۆن چۆنیش كۆتایی دێ؟ له‌م جه‌نگه‌دا هه‌موو هێزه سیاسیه‌كانی توركیا كه له‌په‌ڕله‌ماندا نوێنه‌رایه‌تیان هه‌یه، هه‌ده‌په‌ی لێده‌رچێ، پشتیوانیان له‌جه‌نگه‌كه كردووه‌و نزای سه‌ركه‌وتنیشیان بۆ سوپاكه‌یان خواستووه. له‌وانه هێزه سكۆلار‌و كه‌مالیست و ئۆپۆزسیۆنه‌كانی وه‌ك جه‌هه‌په، یان هێزه نه‌ته‌وه‌ییه فاشیسته‌كانی وه‌ك مه‌هه‌په، یاخۆ پارتی نه‌ته‌وه‌په‌رستی وه‌ك (پارتی باش). بێگومان له‌به‌رامبه‌ریشدا هێزه نه‌ته‌وه‌ییه ئیسلامییه ئیخوانیه‌كانی وه‌ك ئاكپارتی كه سه‌رۆك كۆمار و زۆرینه‌ی په‌رله‌مانی هه‌یه وهاوكات به‌هاوپه‌یمانی مه‌هه‌په حكومه‌ت وزۆرینه‌ی په‌رله‌مان به‌ڕێوه ئه‌بات، یان حزبه ئیسلامیه‌كانی تری وه‌ك پارتی سه‌عاده‌ت. هه‌ر له‌و پێودانگه‌دا پشتیوانی داودئۆغلۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی توركیاش زۆر جێی سه‌رنج بوو، چونكه ناوبراو تیۆریسینی (عوسمانی نوێ)یه و سه‌رگه‌رمی بونیاتنانی حزبێكی نوێی به لێڤه‌گه‌ڕی ئیخوانییه.
ئێستا ئه‌مه به‌ره‌یه‌كی فراوانی هێزه سیاسیه‌كانی توركیایه، بهلێڤهگهڕی سكۆلاری كه‌مالیزم، پان توركیزم، ئیسلامیزمی سیاسی، له‌پێشه‌وه‌ی هه‌موویانه‌وه ئیسلامیزمی ئیخوانی، كه له‌توركیادا بۆن وبه‌رامه‌ی پڕۆژه‌ی خه‌لافه‌تی ئیسلامی عوسمانی لێدێ. هه‌موو ئه‌و ناسنامانه‌ی له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێدان له عوسمانیه‌تی نوێوه بگره تا ئه‌گاته كه‌مالیزم و پان توركیزم و ئیخوانی و وورده ناسنامه‌ی تریش، ناسنامه‌ی ئایدۆلۆژیین، كه دوو ناسنامه تیایدا سه‌ره‌كین و له‌یه‌كگرتن و هاوپه‌یمانیه‌تیه‌كی توندوتۆڵدان، لانی كه‌م له‌م هه‌ل ومه‌رج و دۆخه‌دا، ئه‌ویش هه‌ردوو ئایدۆلۆژیای نه‌ته‌وه‌یی تورك و ئایدۆلۆژیای خه‌لافه‌تی ئیسلامییه به كۆپیه ئیخوانیه‌كه‌ی.
چه‌ند سه‌رنجێك هه‌ردوو ئاراسته ئایدۆلۆژییه‌كه‌ی ئه‌م جه‌نگه‌ی توركیامان بۆ ڕوونتر ئه‌كاته‌وه‌و ڕه‌نگی سنووربه‌زێنی توركچیه‌تی و ئیخوانچیهتیمان نیشان ئه‌دا. له‌لایێكه‌وه له‌ڕۆژانی ده‌سپێكی هێڕشه‌كه‌ی توركیادا، كۆنگره‌ی ئه‌و وڵاتانه لهباكۆی پایته‌ختی ئازربایجاندا كرا، كه زمانی ڕه‌سمیان توركیه‌و به وڵاتانی (توركفۆن)یش ناوئه‌برێن، سه‌رۆك كۆماری توركیاش، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی له‌باری جه‌نگ دابوو، به‌ڵام له‌كۆنگره‌كه‌دا ئاماده‌بوو و وڵاتانی به‌شدار له كۆتایی كۆنگره‌كه‌دا پشتیوانی خۆیانیان بۆ توركیا له‌جه‌نگه نوێكه‌ی له‌سوریا كه له‌دژی ڕۆژاڤای كوردستان بوو ڕاگه‌یاند. ئه‌و پشتیوانییه ڕه‌هه‌نده ئایدۆلۆژییه نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌ی نیشاندا.
له‌لایێكی تریشه‌وه، ده‌وڵه‌تی وه‌ك قه‌ته‌ر كه هاوپه‌یمانی توركیایه‌و له‌پاشخانه ئیخوانیهكهش هاویه‌كن، هه‌روه‌ها سۆماڵیش پشتیوانیان له توركیاكرد. وه‌ك چۆن قه‌واره ناده‌وڵه‌تیه‌كانی وه‌ك حه‌ماس و گرووپه ئیسلامیه جیهادییه‌كانی سوریا پشتیوان و گرووپه جیهادییه‌كانی سووریا به‌شداری جه‌نگه‌كه‌ن. هاوكات ئیخوان موسلمینهكانی سوریا به ڕه‌سمی پشتیوانیان له توركیا كرد و له‌وه‌ش پتر له به‌یاننامه‌ی پشتیوانیاندا بابه‌تی جیابوونه‌وه‌شیان ئیدانهكردبوو. پشتیوانی به‌رفراوانی له‌م جۆره‌ی ئیخوانیه‌كان بۆ توركیا نیشانه‌ی ڕوون و حاشاهه‌ڵنه‌گری ئه‌و مۆركه ئایدۆلۆژییه ئیخوانیه‌یه كه له‌توركیا و له جه‌نگه‌كه‌ی له ڕۆژاڤادا ئه‌كرێ. له‌و پێودانگه ئیخوانیه‌وه جێی خۆیه‌تی لایه‌ك لهئیخوانیهكانی ناوخۆی كوردستانیش بكه‌ینه‌وه. پارته ئیسلامیه‌كانی باشوور، كه سه‌ره‌ڕای ناكۆكی و ململانێ و جیاوازیه‌كانیان له‌بواری سیاسه‌ت و هه‌روه‌ها وورده جیاوازی عه‌قیده‌تیشیان، به‌ڵام لێڤه‌گه‌ڕی عه‌قیده‌تی (ئایدۆلۆژییان) ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ر قوتابخانه‌ی ئیسلامی سیاسی ئیخوانی جیهانی، بۆیه هه‌ر ئه‌مه‌شه وایكردووه، كه ئه‌و حزبانه (یه‌كگرتوو، كۆمه‌ڵ و بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی) له‌ئاستی حزبی یان له‌ئاستی فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مانیدا له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و جه‌نگه، كه ڕاسته‌وخۆ كوردستانی ڕۆژاڤای كردۆته ئامانج هیچ جۆره كاردانه‌وه‌یه‌ك نیشان نه‌ده‌ن، ته‌نها له ئاستی شه‌خسیدا هێندێك له‌نووسه‌ر و كادره‌كانیان هه‌ندێ سه‌رنج و ڕای خۆیان بڵاوكرده‌وه. له لایه‌كی تره‌وه له باكووریشدا پارته ئیسلامیه‌كه‌ی كوردستانی باكوور (هوداپار)یش به پێچه‌وانه‌ی پارته‌كانی تری باكوور هه‌ڵوێستی ناڕازی بوونی خۆی به‌رامبه‌ر به جه‌نگه‌كه نیشان نه‌داوه.
له‌باره‌ی ناودێركردن و ناساندن و شوناسدان به‌م جه‌نگه، به خوێندنه‌وه‌ی من ئه‌وه‌یه كه جه‌نگێكی ئایدۆلۆژی دووسه‌ره‌یه و ده‌ربڕی هاوپه‌یمانی ستراتیژی نێوان ڕه‌وتی پان وپۆڕی پان توركیزم و كه‌مالیزم و عوسمانی نوێ و پڕۆژه‌ی خه‌لافه‌تی ئیسلامی عوسمانیه به كۆپیه ئیخوانیه‌كه‌ی له‌م قۆناخه‌دا. ئه‌م هاوپه‌یمانه‌تیه له‌هێڵه گشتییه‌كه‌دا كه نه‌ته‌وه- ئیخوانیهكهیه به‌رهه‌می هاوپه‌یمانی و بگره ئاوێته‌بوونی چه‌ند سه‌دساڵه‌ی نه‌ته‌وه- ئیسلامیه‌كه‌یه له‌سه‌رده‌می ده‌وڵه‌تی عوسمانی‌دا. هه‌رچه‌نده دواجار ئیخوانیه غه‌یره توركه‌كان، به‌تایبه‌ت عه‌ره‌به‌كان ئه‌بێ له‌و هاوپه‌یمانیه‌ته لاسه‌نگه‌ی دیفاكتۆی ئه‌م قۆناخه‌ی ئیخوانی جیهانیه‌وه بێنه‌ده‌ره‌وه. چونكه ئیخوانی موسلمین له‌سه‌رده‌ستی عه‌ره‌ب دروستكراوه‌و په‌ره‌ی پێدراوه‌و به‌جیهانی كراوه. به‌ڵام له دواشكستی ئیخوانیه‌كانی میسر، ڕێبه‌رایه‌تی عه‌ره‌بی بۆ ئیخوانی جیهانی سست و كاڵ بۆته‌وه‌و ناوه‌نده‌كه‌ی، گه‌ر بهنارهسمیش بێت گواستراوه‌ته‌وه بۆئیخوانهكانی توركیا‌و بۆ ژێرسایه‌ی ئه‌ردۆگانی سه‌رۆكی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان، كه له‌چاو هاوشێوه‌كانی تری له‌سه‌رتاسه‌ری جیهاندا ستایلێكی جیاوازی پارته ئیخوانییهكانه، به‌ڵام وه‌ك پارته ئیخوانیه‌كانی تر هه‌ڵگری هه‌مان پڕۆژه‌ی (حسن البنا)ی دامه‌زرێنه‌ریه‌تی.
سەرەباسێکی تر له‌و باره‌وه پێشنیاركردنە تا تێزی ئاماژه پێدراوی سەرەوە ببێتە باس و خواسێكی هه‌مه‌لایه‌نه، چونكه بڕوام وایه ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌ته‌ی ئێستا له‌جه‌نگی توركیادا به‌رجه‌سته‌بووه، له‌ساڵانی داهاتووشدا، له‌ڕووداوی تری نه‌رم یان توند به‌رجه‌سته ئه‌بێته‌وه‌و، ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش هه‌یه نه‌خشه‌ی دابه‌شبوونی ئیخوانه‌كان به ئاقاری فراوانبوون یان به‌رته‌سكبوونه‌وه گۆڕانی به‌سه‌ردابێ. هه‌رچه‌نده ئه‌بێ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه بكه‌ین كه ئه‌مجۆره هاوپه‌یمانیه‌تیانه‌ی وه‌ك هی ئێستای ئیخوان و توركیا له‌به‌رده‌م زه‌بری ئه‌گه‌ری پاشه‌كشه‌ی تائیفیهتدا به قازانجی ناسیۆنالیزمێكی عه‌ره‌بی، یان توركی نوێ چه‌شن پاشه‌كشه بكا. ده‌رهاوێشته‌كانی ئه‌و ناسیۆنالیزمه نوێ چه‌شنه‌ی عه‌ره‌ب ئێستا له‌عیراق، لوبنان، به كۆپیێكی جیاواز لهخۆئارایش و خۆنمایشكردن دایه، ئه‌مه باسێكی تره‌و وه‌ختێكی تر قسه‌ی لێ ئه‌كه‌ین، به‌تایبه‌ت په‌یوه‌ست به كوردستان و كوردایه‌تی، كه ڕه‌نگه وورده وورده ئاماژه‌كانی ئه‌وه له‌عیراقدا ده‌ربكه‌وێ، كه كۆپی نوێ چه‌شنی ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بی به تارای عیراقی بوون بپۆشێ.