Draw Media

شەپۆلێکی جیھانیی تازە لە ناڕەزاییدەربڕین: لە ئەمریکای لاتینەوە بۆ عێراق

شەپۆلێکی جیھانیی تازە لە ناڕەزاییدەربڕین: لە ئەمریکای لاتینەوە بۆ عێراق

2019-11-02 10:54:59


مەریوان وریا قانع

لە دوای ناڕەزاییدەربڕینە گەورەکانی ”بەھاری عەرەبیی“ و ”بزوتنەوەی ئۆکیوپای“ ەوە لە ساڵی ٢٠١١ دا، ئەم ساڵ، ساڵی ٢٠١٩ ، ئەو ساڵەیە کە زۆرترین ناڕەزاییدەربڕینی بە خۆیەوە دیوە. ھەندێک کەس باس لە ”شەپۆلی دووھەمی“ بەھاری عەرەبی و بەھاری میلەتان دەکەن. لەم ساڵەدا دەیان ملیۆن مرۆڤ لە چوار کیشوەری جیاوازدا چونەتە سەر شەقامەکان. ملیۆنان مرۆڤ لە ئەمریکای لاتین و لە ئاسیا و ئەفریقا و ئەوروپادا داوای گۆڕانکاریی گەورە و ھەمەلایەن لە ژیانی ئابوریی و سیاسیی و کۆمەڵایەتییدا دەکەن و خەون بە ژیانێکی ئینسانییەوە دەبینن کە ڕێز لە کەرامەتی ئەوان وەک مرۆڤ بگرێت.
لەم چەند ھەفتەیەی دواییدا ملیۆنان مرۆڤ لە بەرشلۆنە و ھۆنگ کۆنگ و لوبنان و عێراق و ئەندەنوسیا و بۆلیڤیا و ھایتی و لە سەرەتای ئەم ساڵیشدا لە زۆرشوێنی تری وەک میسر و سودان و جەزائیر و زیمبابۆی و ڕوسیا و فەرەنسا و بریتانیا و سێربیا و بەرازیل و ڤەنزوێلا و ئەکوادۆر، ڕژانە سەر شەقامەکان و بەگژ ئەو ژینگە سیاسیی و ئابوریی و کۆمەڵایەتیدا چوونەوە کە لە ئێستادا باڵادەستکراوە.
ئەم ناڕەزاییدەربڕین و ئەم پەنابردنە بۆ شەقام لەم دەیەی دواییدا بەڕادەیەک گەورە و ھەمەلایەن بووە، دەکرێت بڵێین ئەم دەیەی گۆڕیوە بۆ دەیەی گواستنەوەی سیاسەت لە دەزگا ڕەسمییەکانی سیاسەتکردنەوە بۆ ناو شەقام و گۆڕەپان و ڕووبەرە گشتییەکان، دەیەی تەحەداکردنی دەزگا سیاسییە رەسمییەکان و گۆڕینی شەقام و گۆڕەپان و شوێنە گشتییەکان بۆ ڕووبەری سیاسیی تازە و ڕادیکاڵ.
ژمارەی ئەوانەی لەسەر شەقامەکانن کەم وێنەیە. لە لوبنان یەک لەسەر چواری دانیشتوانی وڵاتەکە لەسەر شەقامن..لە بەرشلۆنە نزیکەی یەک ملیۆن و لە جەزائیر و سودان و جاکارتاش بەھامن شێوە. ھۆکاری سەرەکیی ئەم ناڕەزایەتییە جیھانییە درستبوونی ئەو فشارە مادیی و مالییە گەورەیەیە کە لەسەر بەشێکی گەورەی دانیشتوانی ئەو دروستبووە. ژمارەیەکی گەورەی خەڵک توانای دابینکردنی ئەو لانیکەمی ژیانەیان نەماوە کە مرۆڤ بەھۆیەوە ھەست بە بوونی ماف و کەرامەتی خۆی بکات.
ھۆکارێکی دیکە بریتییە لە مەسەلەی گەورەبوون و فراوانبوونی نایەکسانییە کۆمەڵایەتیی و مادییەکان لە نێو یەک کۆمەڵگادا، کەسانێک دروستبوون خاوەنی ملیارەھا دۆلارن و کەسانێکی دیکەش ھەن داھاتی ڕۆژانەیان دۆلارێک یان چەند دۆلارێکە. وڵاتانی وەکو عێراق و شیلی و لوبنان لەو وڵاتانەن کە ئەم جیاوازییە لە داھاتدا زۆر بە ئاشکرا و بە بەرفراوانی ھەستیپێدەکرێت. لە لوبناندا پاڵنەرە سەرەتاییەکە بۆ چوونە سەر شەقام سادەبوو، حکومەت باجێکی تازەی داھێنا، باج لەسەر واتسئەپ، WhatsApp، و خەڵک دەبوایە ئەم باجە تازەیە بە دەوڵەت بدەن. لە شیلی بەھۆی بەرزکردنەوی نرخی بلیتی میترۆوە ڕوویدا و ملیۆنێک مرۆڤ چوونە سەر شەقامەکان،
گەندەڵیی و دزیی و بەفێڕۆدانی داھاتی دەوڵەت سەرچاوەیەکی سەرەکیی تری دەربڕینیی ناڕەزاییەتییەکانە. بڕ و ڕادەی گەندەڵیی لە ھەندێک وڵاتدا کەم وێنەیە، لەوانەش بۆ نموونە عێراق، ئەم گەندەڵییە وادەکات کەمینیەک لە وڵاتەکەدا بەشێوەیەکی ئەفسانەیی دەوڵەمەند ببن و زۆرینەش لە دۆزی ھەژاریدا بژین، یان لەھەندێک دۆخدا لە ژێر ھێڵی ھەژاریشەوە بژین. دیسانەوە عێراق نموونەیەکی زیندووی ئەم دۆخەیە.
بەڵام لەناو ئەم دۆخە گشتییەدا ھەندێک جیاوازیی گرنگ ھەیە کە نابێت لەبەرچاو نەگیرێت و ھەموویان لەژێر پەنابردن بۆ چەمکێک یان دەستەواژەیەکدا نیشتەجێبکرێن. ئەوەی میسریەک یان سودانیەک یان لوبنانیی و عێراقیەک دەباتە سەر شەقام ھەمان ئەو ھۆکارە نییە کە پاریسیەک و ھۆنگ کۆنگیەک و جاکارتیەک دەجوڵێنێت. یەکەمیان ھەژاریی و بێکاریی و نەداریی بە مانا ڕەھاکەی دەیجوڵێنێت، نەبوونی لانی ھەرەکەمی دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی و گیرخوردن بەدەست دابینکردنی پێداویستییە ھەرە سەرەتاییەکانی ژیانەوە دەیجوڵێنێت، لەکاتێکدا دووھەمیان ئەو فۆرمە لە ھەژاریی ناناسێت و ئەوەی دەیجوڵێنێت ھەوڵدانە بۆ بەرگریکردن لە ژیانێک لەودیوی دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانەوە بێت. ئەوەی کەسێک لە پاریسدا دەجوڵێنێت ھەستکردنە بە بێتوانایی لەوەدا ئەو ژیانەی دەیەوێت ھەیبێت و چاوڕێیی دەکات نەتوانێت دابینیبکات.. ئەگەر لە یەکەمیاندا بێئیشیی و ھەژاریی و نەدارییەکی گەورە و بنەڕەتیی ھۆکاری سەرەکیی تووڕەبوونە کۆمەڵایەتییەکان بێت، لە دووھەمیاندا فەشەل لەوەدا مرۆڤ خۆی ژیانی خۆی دابڕێژێت و بەو شێوەیە بژیی کە چاوەڕوانە و دەخوازێت بژیی، ھۆکارەکەیەتیی. ئەگەر لە پاریسدا دەرەنجامە وێرانکەرەکانی نیولیبرالیزم خەڵک بباتە سەر شەقامەکان، لە عێراقدا ئەوەی خەڵک دەجوڵێنێت دزیی و جەردەیی و گەندەڵییەکی ھەمەلایەن و کەم وێنە و گۆڕانی ئابووریی دەوڵەت و ئابوریی وڵاتەکەیە بۆ دەغیلەیەکی شەخسیی ئەوانەی حوکمڕانن.
تا ئێستا ئەم پانەبردنە بۆ ناڕەزاییدەربڕین و ئەم ”سیاسەتی شەقام“ە لە ھەندێک شوێندا سەرکەوتنێکی سیاسیی بەرچاوی بەدەستھێناوە. لە جەەزائیردا ھەم سەرۆکی وڵاتەکە، بۆتفلیقە و ھەم سەرۆکەکەی دوای ئەویشی ناچار بە وازھێنان کرد. لە سوداندا کۆتایی بە دەسەڵاتی دیکتاتۆریەتی سەربازیی عومەر بەشیر ھێنا. لە ھەندێک وڵاتی تردا ئەو بڕیارانەی دراوبوون، ھەڵوەشێندرانەوە، بەڵام لەھەندێک شوێنی تردا، تا ئەم ساتە، ئەم شەپۆلە تازەیە لە ناڕەزاییدەربڕین ئەنجامێکی بەرچاوی نەبووە.
ڕاستییە سادەکەی ئەم ساتەوەختە مێژووییە ئەوەیە کە چیتر ناکرێت درێژە بەو بێدادیی و دزیی و جەردەیی و گەندەڵییە بدرێت کە تا ئەمڕۆ بەردەوامە، گۆڕانی ھەمەلایەن و قووڵ پێویستە، پرنسیپە سەرەکییەکانی ئەم گۆڕانەش دابینکردنی دادپەروەریی و ڕێز و ئازادیی و کەرامەتە بۆ مرۆڤ.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand