پارتی لەهەمواری دەستور شینی بۆ هەریسەکەیە یان حسێن!
2019-10-31 19:20:45
د.حلمی رەسول رەزا
داواکاری بۆ هەمواری دەستور لەم قۆناغەدا زادەی ئەو واقیعەیە کە هاتۆتە ئاراوە، واقیعێک کە بەهۆی شکستی جۆری حوکمڕانی و بلاوبونەوەی گەندەڵی و بێ توانایی حکومەت لە خزمەتکردنی خەڵک و دابینکردنی دیموکراسیەکی راستەقینە، کە زاتی ئەوەناکات بەرگری لێ بکات.
بەشێکی زۆری لایەنە سیاسیەکانی عیراق بە عەرەب و کوردەوە، هەموو پێکهاتەکانی عیراق بێ جیاوازی تێبینی و رەخنەی خۆیان لە سەر دەستور هەیە، پێشتریش بە ئاشکرا باسیان لێوە کردوە و ئێستاش بووەتە خواستێکی فراوانی شەقام وجەماوەری. کاتێک چوە بابی رەسمیەوە لیژنەی تایبەتی بۆ پێکهێندراوە و بۆ نوێنەرانی کوردیشی تێدابووە، دوای ئەوەی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لیژنەی تایبەت بۆ هەمواری دەستور پێکهاتووە کە سەرۆکی فراکسیۆنەکانی یەکێتی و پارتی و گۆڕانی تێدا ئەندامن، لەهەندێک لەمیدیاکان موغریزانە دەیانەوێت، ئەم پرسە بەکاڵ و کوڵاوییەوە بیخە ئەستۆی سەرۆککۆمار، لەکاتێکدا بەرپرسیاری هاتنە پێشەوەی هەمورای دەستور هەر ئەوانە بوون کە ریفراندۆمێکی فاشلیان ئەنجامداو بەهانەی گەورەیان خستە بەردەست نەیارەکانی کورد لەناوخۆو دەرەوەی عێراقیش.
لەکاتێکدا باس لە هەمواركردنی دەستور لەلای سەرۆککۆمار لەچوار چێوەی ئەو واقیعە تازەیەدا بووە کە لەعیراق بەهۆی ناڕەزایەتی هاوڵاتیان و داواکاری خۆپیشاندەران هاتۆتە کایەوە، نەک وەک شتێکی تازە پێشنیار کرابێت، خۆ گەر دەوترێت، سەرۆک کۆمار یەکێک لە ئەرکە سەرەکیەکانی پارێزگاری دەستورە، ئەوا بەدڵنیاییەوە ئەم سەروەرییە لەوشوێنەوە پێشیلکراوە، کە لەدەوامەیەکی داخراوی سیاسی بەقازانجی هەندێک دەستەبژێری سیاسی باڵادەست دروسست بووە، کە رێگەنادات دەستور وەک خۆی جێبەجێبکرێت و لەولاشەوە بەناوی کوردایەتیەوە شەری پارێزگاری لەو دەستورە دەکەن کە پارێزگاری لەو دەوامە داخراوە سیاسیە دەکات، کە زۆرینەی خەڵکی عێراق بەکوردستانیشەوە لێی نارازییە، بەپێچەوانەوە سەرۆککۆمار پێی وایە و تەئکیدیش دەکاتەوە کە هەر هەنگاوێک بە ئاراستەی هەموارکردنی دەستور ئەبێ بە میکانیزمی دەستوری و دیموکراسی و لەبەرچاوگرتنی مافەکانی سەرجەم پێکهاتەکان بێت و جەماوەریش لێ رازی بێت نەک نەتەنها دەستەبژێرێکی سیاسی قازانج پەرست.
ئەمە جگە لەوەی کەیەکێک لەو میکانیزمە بنەڕەتیانەی هەمواری دەستور ئەوەیە کە 3 پارێزگا دەتوانن فیتۆ بكەنو رێگری بکەن لەهەر گۆڕانکاری یان هەموارکردنێک لە دەستور، بۆیە ئەو هەڵمەتەی لەلایەن هەندێک لایەنی سیاسییەوە بەرێوە دەچێت ئەوەندەی بۆ موزایەدەی سیاسی و بازارگەرمییە ئەوەندە بەقازانجی ئەوەنییە کە دەستورێکمان هەبێت بەرژەوەندیەکانی کوردو کوردستانی تیاپارێزراوبێت، چونکە لەئاکامدا بەو میکانیزمەی باسکرا بە بێ ڕەزامەندی كورد هیچ گۆرانكاریك ناكرێ.
لەهەموو ئەوانەش سەیرتر ئەوەیە، ئەوانەی کەلە کاتی ریفراندۆم زۆرترین رەخنەیان لەم دەستورە هەبوو، ئێستا هەر ئەوانەن شین و واوەیلا بۆ هەمان دەستور دەکەن، بۆیە ناهەقمان نییە بلێن ئەوان شینیان بۆ هەریسەکەیە نەک حسێن.