عیراق، وەک دەوڵەتێكی بێ شوناس، بەرەو کوێ؟
2019-10-30 14:41:37
د.جەعفەر عەلی
(٢-٢)
دەوڵەتی عیراق بەرەو کوێ؟
ئەرکی گرنگی دەوڵەتی عیراق لە ئێستادا، بریتییە لە هەوڵدان بە ئاراستەی بەهێزکردنی ئەو رەگەز و بنەما سیاسی و کۆمەڵایەتییانەی، کە دەچنە خزمەتی دروستکردنی شوناسی هاوبەشەوە، شوناسی عیراقیبوون. نزیک بە ١٠٠ ساڵە گەورەترین پرسیار لەسەر ئەم شوناسی عیراقیبوونە هەیە، هەموو ئەوانەی لە چوارچێوەی سنوری ئەم دەوڵەتەدا دەژین لە رووی قانوونییەوە عیراقین، بەڵام لە رووی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە، لەسەر ئەرزی واقیعدا، شوناسێک بە ناوی عیراقیبوونەوە، بوونی نییە. ئەرکی دەوڵەتە لە ئێستادا ئەو سەرزەمینە دروستبکات، کە هەمووان بە جیاوازی نەتەوەیی و دینی و مەزهەبییەوە لە نێویدا هەست بە ناسنامەی هاوبەشی عیراقیبوون بکەن، ناسنامەیەک کە لە دامەزراندنی دەوڵەتی عیراقەوە، نە کورد و نە شیعە تیایدا بەشداری راستەقینە نەبوون.
لە فەلسەفەی سیاسیدا، "گەل" دوو مانای جیاواز دەدات، یەکەم لە ئاستی کۆمەڵایەتی، دووەم لە ئاستی سیاسی. مەبەست لە یەکەم کۆمەڵێک خەڵکن، کە لە چوارچێوەی سنوری دەوڵەتێکدا دەژین، لە هەر رەگەز و پلەیەکی کۆمەڵایەتی و نەتەوە و دین و مەزهەبێک بن، بەڵام مانای سیاسی، گوزارشتە لە ماف، مافی بەشداری سیاسی لە چوارچێوەی دەوڵەت و دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، بەو مانایەی "گەل" دەبێ مافی لە دەسەڵات و بەشداری سیاسیدا هەبێت، ئەوەش هەر ئەو شتەیە، کە پێیدەگوترێت، مافی هاوڵاتیبوون.
لە مێژووی سیاسی دەوڵەتی عیراقدا تا ساڵی ٢٠٠٣ (بێگومان بە جیاوازی رۆژگاری دەسەڵاتی عەبدولکەریم قاسم)، کورد و شیعە بەشێک بوون لە "گەل"، بەڵام تەنها بە مانای کۆمەڵایەتی، نەک سیاسی. ئەم دوو پێکهاتە کۆمەڵایەتییە، هەمیشە مافی چالاکی سیاسی و بەشداری سیاسی کارا و راستەقینەیان لە دامەزراوەکانی دەوڵەت و دەسەڵاتی سیاسیدا، رووبەڕووی سانسۆری دەسەڵاتی دەوڵەت بووەتەوە، تەنها ئەو کاتە نەبێ کە چالاکی و هەڵسوڕانی سیاسییان چووبێتە خزمەت ئەجێندای عەرەبی سوننە، یان ئایدیۆلۆژیا و سیاسەتی دیسپۆتیزمی دەوڵەتەوە.
٨٠ ساڵ لە حوکمی عیراق تا کەوتنی سەدام، لە کەوتنی سەدامیشەوە تا ئێستا، بریتییە لە پرۆژەی بونیادنانی گەلانی عیراق لەسەر "هیچ". لێرەوە ئەو ململانێ و بە یەکدادانە نەبڕاوەی نێو مێژووی عیراق درێژەی دەبێت، کاتێک پێکهاتەکانی دی ئامادەنین نە خۆیان بە دەستەوە بدەن و دیسپۆتیزمی دەوڵەت قبوڵ بکەن، نە دەستبەرداری ناسنامەی تایبەت بە خۆشیان دەبن، کە تەواو جیاوازە لەو ئایدیۆلۆژیا و ناسنامە سیاسییەی، کە فەلسەفەی دەوڵەتی لەسەر دامەزراوە.
لەو رۆژگارەوە تا بە ئێستا دەگات، "گەلانی عیراق" بە مانای کۆمەڵایەتی هەرچی زیاتر مەیلیان بە لای رووکردنە ناسنامەی لۆکاڵیبووندا بەهێزترە، ئەگەر ئەو ناسنامەیە ئیتنیکی، یان مەزهەبی بێت. لە دوای کەوتنی سەدامەوە، ئەم دیمەنە دەتوانرێ روونتر ببینرێت، کاتێک سوننەکان بە توندی هەوڵی گەڕانەوە بۆ ناو جوگرافیا و خەیاڵ و فەزای سیاسی سوننە دەدەن، بە هەمانشێوە کورد و شیعەش مەیلی بەهێزیان بە لای ناسنامەی تایبەتی خۆیان و جوگرافیای لۆکاڵی خۆیانەوە هەیە، نەک جوگرافیای نیشتیمانی و عیراقیبوون. دەسەڵات لە هەر پێکهاتەیەک بێت، ئەوانیدی وەک مەترسی بۆ سەر ناسنامەی تایبەت و بەرژەوەندییەکانیان سەیری دەکەن، هەمووان وەکیەک گومانی گەورەیان لە دەسەڵات و هێزی دادپەروەری و پاراستنی بەرژەوەندییە جیاوازەکان لە دەسەڵات هەیە، بۆیە لە بری بەهێزکردنی دەسەڵات، خەریکی بەهێزکردنی ناسنامەی لۆکاڵیبوونن. ناسنامەیەک، کە ئەویش تا رادەیەک لە خۆپێشاندانەکانی ئێستای عیراقدا، روو لە کەرتبوون و دابەشبوونە. ئەم دابەشبوونی ناسنامە لۆکاڵییانە زیاتر لەو کاتانەدا گوزارشت لە بوونی خۆیان دەکەن، کە خودی ناسنامەکەیان لە بنەڕەتدا لەلایەن ناسنامەیەکی لۆکاڵی دیکەی جیاوازدا لەبەردەم هەڕەشە و پەلامارداندا نەبێت.
کۆی پرۆسەی دیموکراسی لە عیراق لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٥وە تا ئێستا، گەواهیدەری ئەو راستییەن، کە سیاسی عیراقی، حیزبی عیراقی، گەلانی جیاواز و دین و مەزهەبە جیاوازە عیراقییەکان، هێزی متمانە بە یەککردنیان تا ئاستی بێمتمانەیی تەواو رۆیشتووە، ئەمەش وایکردووە توانای تێپەڕاندنی شوناسە لۆکاڵییەکانی خۆیان و بوون بە بەشێک لە شوناسی عیراقیبوونیان نەبێت، هێزی ئەوەیان نییە لە رووی سیاسی و کۆمەڵایەتی و مێژووییەوە لە ناو بۆتەی ناسنامەیەکی هاوبەشدا، کە ماف و ئازادی و بەرژەوەندی و کەرامەتی هەمووانی تێدا پارێزراو بێت، کۆببنەوە، کە ناسنامەی هاوڵاتیبوون و عیراقیبوونە.
عیراقی بێ شوناس لە بەرامبەر ناڕەزایەتی شەقامدا
عیراق ماوەیەکە لە بەشێکی گرنگ لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوریدا، رووبەڕووی ناڕەزاییەتییەکی جەماوەری بەرفراوان بووەتەوە. ناڕەزایەتییەکانی شەقامی عیراقی بە پلەی یەکەم خەسڵەتی جەماوەری بەسەردا زاڵە و پێناچێ هیچ حیزب و کەسایەتییەکی سیاسی، یان ئایینی، رۆڵی راستەوخۆ و گرنگی لە دروستکردنیدا بووبێت. بەڵام وردە وردە لەگەڵ درێژەکێشانی ناڕەزایەتییەکان، ئەو هەوڵانەش روونتر دەبینرێن، کە مەبەستیانە خاوەندارێتی سیاسی لە جوڵەی شەقام بکەن، تایبەت لەلایەن رەوتی سەدرەوە.
خۆپێشاندانەکان لە ئاستی ناوەوەدا، داواکارییەکانی روو لە باشکردنی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان و رەچاوکردنی لانیکەمی دادپەروەری کۆمەڵایەتییە لە دابەشکردنی سامان و داهاتی عیراق بەسەر هاوڵاتیانیدا، وێڕای سزادانی گەندەڵکاران و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری ژیانی بە ناوچە جیا جیاکانی عیراق. لە یەکەمین بەیاننامەشیاندا لە ٢٨ی ئەم مانگەدا (ئۆکتۆبەری٢٠١٩)، خۆپێشاندەران داوای هەڵوەشانەوەی سیستەمی پەرلەمانی و دامەزراندنی ئەنجومەنی پیاوماقوڵان (مجلس شرفاو) و کارکردن بە سیستەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دەکەن، کە بە یەکێک لەو خاڵە جەوهەریانە دادەنرێت، کە لە رووی ئاڵوگۆڕ لە سیستەمی سیاسی عیراق رووبەڕووی دەسەڵاتدارانی عیراق دەبێتەوە. لە بەرامبەر داوای خۆپێشاندەراندا، حکومەت و پەرلەمان چەند بڕیارێکیان بە قازانجی باشکردنی ژیانی گشتی هاوڵاتیان دەرکردووە. بەڵام دەبێ ئەو راستییە بزانین، چەندیش خۆپێشاندانەکان دوور لە رۆڵی راستەوخۆی کەسایەتییە سیاسی و ئایینییەکان، تەنانەت حیزبەکانیش، سەریهەڵدابێت، پێناچێت لە درێژەکێشان و بەردەوامبوونی بۆ کاتێکی درێژتر، بەمجۆرە و دوور لە دەستێوەردانی پیاوانی سیاسی و ئایینی و مەرجەعی باڵای شیعەدا بمێنێتەوە، تایبەت کە وردە وردە جیاوازی هەڵوێستی ئەو کەسایەتی و لایەنە سیاسییانە دەرهەق بە کۆی گشتی دۆخەکە و چارەنوسی حکومەت روونتر دەبێتەوە، ئەوە وێڕای ئەوەی، کە گومانی گەورە لە بوون و ئامادەبوونی ئەجێندای دەرەکی و ناوچەیی هەیە لە دەستێوەردان و ئاراستەکردنی شەقامی عیراقیدا. هەمووان دەزانین، ئەمریکا و ئێران لە ململانێیەکی تونددان، هەر یەک لەم دوو وڵاتەش ئامادەیی سیاسی و دیپلۆماسی، تەنانەت سەبازیشیان لە عیراقدا هەیە، هەردووکیشیان بەسەر رەسمکردنی ئاراستەی بڕیاری سیاسی بەغداوە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، کاریگەری گەورە و بەرچاویان هەیە. بە مانایەکی دی ململانێی نێوان ئەم دوو هێزە و هاوپەیمانەکانیان لە بری جوگرافیای وڵاتەکانیان، خەریکی درێژەپێدانی ململانێکانیانن لەسەرزەمینی وڵاتانی دیکەی وەک عیراق، سوریا، یەمەن و لوبنان، وەک دەگوترێ ئێران لە ئێستادا جگە لە تاران، ناڕاستەوخۆ حوکمی چوار پایتەختی دیکەش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکات، کە (بەغدا و دیمەشق و بەیروت و سەنعا)ن، بۆیە هەر ململانێیەک لەگەڵ ئێران، یان هەر هەوڵدانێک بۆ بێهێزکردنی ئێران، پێوستی بە بێهێزکردنی نفوز و ئەجێندای ئێرانی لەم پایتەختانەدا دەبێت، ئەمە لەلایەک، لەلایەکی دیکەوە، هەر جوڵەیەکی سیاسی، سەربازی، جەماوەری، دژ بە دەسەڵاتی یەکێک لەم ناوەندانەی نفوزی ئێرانی، راستەوخۆ دەبێتە جوڵە بە ئاراستەی لێدانی ئەجێندای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی تاران، بۆیە جوڵەی ئێران دژ بە هەر جوڵەیەکی لەمجۆرە، بابەتێکە بۆ سەلماندنی پێویستی بە بەڵگە و گەڕان بە دوای جۆری موشەک و جل و بەرگ و کەرەستەی سەربازییەوە نییە.
لە ئێستای خۆپێشاندانەکانی عیراقدا، ژمارەیەک لە کەسایەتییە سیاسی و ئایینییەکانی لە وێنەی مالکی، عەبادی، سەدر و فراکسیۆنەکانی پەرلەمان... وێڕای دەربڕینی پشتیوانی خۆیان بۆ داواکارییەکانی شەقام، داوای هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و سڕکردنی دەسەڵاتی ئەنجومەنی پارێزگاکان و هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانیش دەکەن، لە کاتێکدا بەشێک لە دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت و ژمارەیەک دەزگای میدیایی و بارەگای بەشێک لە حیزب و میلیشیا چەکدارەکان کەوتووەتە بەردەم شاڵاو و پەلاماری خۆپێشاندەران و زیانیان پێگەیاندوون.
روونە کێشەی شەقامی عیراقی لە ئێستادا بە تەنها پەیوەندی بە نەبوونی شوناسی هاوبەشی عیراقیبوونەوە نییە، ئینتیما بۆ عیراقیبوون، هێزی چارەسەرکردنی گرفتە بونیادییەکانی هاوڵاتی عیراقی نابێت. رەنگە هەر لە بنەڕەتدا نەبوون و دروستنەبوونی ئەو ئینتیما هاوبەشە، پەیوەندی بەوەوە هەبێت، کە ئینتیمای هاوبەش، ئینتیما بۆ جوگرافیایەکی تایبەت و دەوڵەتێک، پەیوەندی بە جۆری مامەڵەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و جۆری ئەو خزمەتگوزارییانەوە هەبێت، کە ئەم دەوڵەتە پێشکەشی هاوڵاتییەکانی خۆی دەکات، پەیوەندی بەو رێزگرتنەوە هەیە کە دەسەڵاتی سیاسی بۆ هاوڵاتییەکانی دابین دەکات و بەها و کەرامەتی مرۆییان دەپارێزێت، ئازادی و مافی بەشداری سیاسییان بۆ دەڕەخسێنێ و دادی کۆمەڵایەتیان بۆ فەراهەم دەکات. ئینتیما کاتێک دروستدەبێت، کە هاوڵاتی هەست بکات، لە چوارچێوەیەکی قانوونی پارێزراودا دەژی، سامانی نیشتیمانی بەشێوەیەکی یەکسان بەسەر هاوڵاتییەکانیدا دابەش دەکرێ و هەمووان لەبەردەم یاسادا یەکسانن و... . کاتێک لە عیراقدا ئەمانە بوونیان نییە، گەڕان بە دوای ئینتیمای هاوبەشی عیراقیبوون وەک راکردن بە دوای سەرابی لێدێت.
لێرەوە گرفتی شوناسی سیاسی هاوبەش، هەرچی زیاتر گەورەبوونەوەی قەبارەی گەندەڵی بە هەموو شێوەکانییەوە، هەستکردنێکی قوڵی هاوڵاتی عیراقی بە نامۆبوون، هەروەها هەستنەکردن بە بەرپرسیارێتی سیاسی ئەو کاستە سیاسییە جیا جیایانەی، کە بە خواستی دڵ و گیرفانی خۆیان و کاستەکانیان عیراق بەرەو چارەنوسێکی نادیار دەبەن، وێڕای بەریەککەوتنی ئەجێندا ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان لە بەغدا، هەموو ئەوانە و زۆر هۆکاری دیکەش، وا دەکەن، ئەگەر بەشێوەیەکی عەقڵانی لەم وڵاتەدا بیر لە چارەسەری سیاسی خێرا، لەسەر ئاستی ناوخۆ و ناوچەیی و نێودەوڵەتی، نەکرێتەوە، دوور نییە روو بە چارەنوسێکی پڕ لە توندوتیژی و خوێن هەنگاو بنێت.