خۆپیشاندانەكانی عیراق و ڕەوایەتی گۆڕانكاری
2019-10-29 21:03:51
لەتیف فاتیح فەرەج
1
خۆپیشاندانەكانی عیراق گەیشتونەتە دوا قۆناغ و ئیدی بڕوا ناكەم گەڕانەوە هەبێت ، مەگەر زەبرو زەنگ شەپۆلەكە رابگرێ ، هەڵبەت لە دۆخی عیراقیشدا زەبرو زەنگ لەم ئاستەی ئێستای تێناپەڕێت ، تا ئێستا 104 كوژراوو 6100 بریندار هەن ، بەڵام توڕەیی خەڵك رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبێت و بەڵێنی چاكسازیەكان لە توڕەیی و هاواری خەڵكی كەم نەكردوەتەوە ، ئیتر گەیشتوەتە ئەو شوێنەی سەندیكاكان و رێكخراوەكان و پیاوانی كۆمەڵایەتی و پارلەمانتارانیش دێنە ریزی خۆپیشاندەرانەوە ، هەرچەند دەبێت ئەو راستیە بزانرێت كە پارلەمانتارانیش بەشێكی سەرەكی ئەو گەندەاَی و نادادیەن .
خۆپیشاندانەكانی عیراق بەتایبەت ناوچە شیعیەكان بە گشتی و بەغدا بە تایبەتی دەگاتە ئامانج ، ئەمە نەك لە بەر ئەوەی مەڕجەعیەتی شیعە لە گەڵیدان ئەگەر بەقسەش بێت ، یان سەنتەری خۆپیشاندانەكە بەغدایە ، كە هەردوكی خاڵی گرنگن ، لە بەر ئەوانە نا ، لەبەر ئەوەی حكومەت توانای چاكسازی ریشەیی نیەو چاكسازی ریشەیی بە كۆتای هاتنی ئەم دام و دەزگایە كۆتای دێت .
2
خۆپیشاندانەكەی بەغدا زۆر گرنگەو هۆیەكی سەرەكی دەبێت بۆ بە دیهاتنی خواستەكان ، هەمیشە پایتەخت سەنتەری گۆڕانكاریە، نا بێت ئەوەشمان بیر بچێت كە شارەكانی تریش بە تایبەت نەجەف و كەربەلا بایەخی خۆیان هەیە ، بێدەنگی ناوچە سونە نشینەكان و هەرێمی كوردستانیش هۆكاری خۆی هەیە ، هەرێمی كوردستان تەواوی خەڵكەكەی و رای گشتی هەرێم چاویان لە سەر رۆژئاوای كوردستانەو خەمی ئەو پارچەیە وای لێكردوە نەپەرژێتە سەر بینینی ئەوەی لە عیراق ڕووئەدات ، سونەش جگە لە بونی داعش لە ناوچەكەیان ، حەشدی شەعبیش وەك مڵۆزم بە سەر سەریانەوەیەو بواری هەناسەدانی ئازادانەیان نەماوە ، بەڵام بەسرەو پارێزگاكانی دیكە تا بەغدا بە لای كەمەوە 16 ساڵە چاوەڕێی چاكسازین ، لەو 16 ساڵەدا گەندەڵی بەرباد ، نادادی ، دزینی نەوت ، دزینی پارەی میلەت ، پڕۆژەی وەهمی ، تێكەڵكردنی بازرگانی و سیاسەت خەڵكی لە بن هێنا ، بەڵام كەڵەكە بوونی هەموو ئەمانە بۆ عەبدولمەهدی مایەوە ئەو پیاوەی كەمترین بەرپرسیارەتی لە بەرانبەر ئەم دۆخە هەیە ، بۆیە تائێستاش دەست لە كار ناكێشێتەوە پێی وایە دەتوانێ گۆڕانكاری بكات ، كە ئەستەمە .
3
ئێستا ئیدی كاتی ئەوەیە سەرۆك كۆمار بە پێی دەستور هەنگاوی خۆی بنات ، لانی كەم بۆ ئەوەی عیراق بەرەو تاریكیەكی مەترسیدار هەنگاو نەنێت ، من بڕوام وایە دەكرێت بۆ ئەمە سەرۆك كۆمار لە تەك دوو سەرۆكایەتیەكەی تردا بە لێكتێگەیشتن عیراق لەو بارو دۆخە رزگار بكات ، گەر نا رەنگە سبەینێ نەتوانرێت ئەوەی ئەمڕۆ دەكرێت ، بكرێت .
ئەوەشمان بیر نەچێت كە دیار نیە ئایندە چۆن دەبێت و ئەوانەی دەچنە سەر كورسیەكە چۆن دەبن .