Draw Media

خۆپیشاندانه‌كانی عێراق به‌ چی ده‌گات ؟

خۆپیشاندانه‌كانی عێراق به‌ چی ده‌گات ؟

2019-10-29 14:42:44


زەبەنگ بەهادین 

له‌دوای گه‌رێكی خۆپیشاندان له‌ چه‌ند مانگی رابردوودا له‌ به‌غداد و هه‌ندێك له‌ پارێزگاكانی باشور ,  له‌ 25 مانگی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ ‌ بۆ جارێكی دی خۆپیشاندان سه‌ری هه‌ڵدایه‌وه‌ و له‌ زۆرینه‌ی پارێزگاكانی باشوری عێراق به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان و به‌ گوژمێكی زیاتره‌وه‌ ده‌ستی پێكرده‌وه‌   , زیاتر خۆپیشاندان ئه‌و پارێزگایانه‌ی گرتۆته‌وه‌ كه‌ شیعه‌ نشینین , له‌ پارێزگا سوننه‌كان هه‌ست به‌ بوونی خۆپیشاندان ناكرێت به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رچاو , به‌ڵكو ئه‌مجاره‌ روو به‌روو بونه‌وه‌ی شیعه‌ له‌گه‌ڵ شیعه‌دایه‌ .
ئه‌و پرسیاره‌ی لای زۆرینه‌ی شیكه‌ره‌وه‌ سیاسی و چاودێره‌كان دروست بووه‌ ئه‌م خۆپیشاندانه‌ ئامانجی چی یه‌ ؟ بۆ ده‌كرێ ؟ كێ له‌ پشت ئه‌م خۆپیشاندانانه‌وه‌یه‌ ؟ كێ سوود مه‌نده‌ له‌م هه‌ڵا‌ گه‌وره‌یه‌ی له‌ عێراقدا دروست بووه‌ ؟ 
ئه‌م پرسیارانه‌و چه‌نده‌ها پرسیاری دی كه‌ شه‌قامی عێراقی خۆشی وه‌ڵامه‌كه‌ی به‌ روونی نازانێ .
به‌ ووردبینی كردنی داخوازی خۆپیشانده‌ران ئه‌وه‌مان بۆ روون ده‌بێـته‌وه‌ كه‌ داواكاری خۆپیشانده‌ران زۆرتر له‌ داواكاری كه‌سێتی نزیكتره‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی ستراتیژ و داواكاری كۆڵه‌كه‌ی بن بۆ بنیات نانی ده‌وڵه‌تی دیموكراسی و سیستماتیك , خۆپیشانده‌ران درك به‌ و گه‌مه‌یه‌ ناكه‌ن كه‌ له‌ پشت ئه‌م یاریی یه‌ ‌ گه‌وره‌یه‌وه‌ ده‌كرێـت  بۆیه‌ ده‌بینی سه‌قفی داواكاری یه‌كانیان ساده‌یه‌ و بنه‌مایه‌كی سیاسی و بنیات نه‌ری نی یه‌ , له‌ هه‌مان كات ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی په‌رله‌مان ناوێـتی بۆ چاره‌سه‌ر كردنی دۆخه‌كه‌ به‌ ته‌نها دوور خستنه‌وه‌ی ئاگره‌كه‌یه‌ له‌ په‌رله‌مان خۆی و درێژ كردنه‌وه‌ی چنینه‌وه‌ی قاشه‌ كێكی زیاتره‌ بۆ خۆیان تا ماوه‌یه‌كی زۆرتر , ئه‌وه‌ی‌ كێشه‌ی سه‌ره‌كی یه‌ له‌ عێراق په‌رله‌مان ده‌ستی بۆ نه‌بردووه‌ كه‌ خۆی له‌ گه‌نده‌ڵێ و ته‌وافوقی سیاسی و به‌ش به‌شێنه‌ی حیزبی دا ده‌بینێته‌وه‌ , هه‌م سه‌رۆك وه‌زیران هه‌م په‌رله‌مان به‌ ته‌نها كار بۆ هێشتنه‌وه‌ی خۆیان ده‌كه‌ن له‌ پێشینه‌ی هه‌وڵه‌كانیان , له‌ راستی دا ئه‌م دۆخه‌ی عێراقی پێدا تێده‌په‌رێت زۆرینه‌ی له‌ خوڵقاندنی ئه‌و حیزبانه‌ن كه‌ ئێستا نوێنه‌ریان له‌ په‌رله‌مانه‌ , ئه‌و حیزبانه‌ ئه‌م دۆخه‌ نا هه‌مواره‌یان دروستكردووه‌ كه‌ ئێستا خۆیان له‌ ده‌سه‌لاتدان و سیاسه‌ت و دارایی ووڵاتیان به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌ , په‌رله‌مان عێراقی نابێته‌ واجیهه‌ی میلله‌تی عێراقی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ بنه‌ماوه‌ ته‌زویر و به‌ش به‌شێنه‌ با وه‌رداری په‌رله‌مانه‌كه‌ی له‌ق كردووه‌ بۆیه‌ په‌رله‌مان به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان خۆی ده‌ستوری شكاندووه‌ و تاكره‌وی ده‌سه‌ڵاتی‌ گێراوه‌ته‌وه‌ بۆ پارێزگار كه‌ ئه‌ویش سه‌ر به‌ هه‌مان ئه‌م حیزبانه‌یه‌ .
ئه‌وه‌ی ئێستا به‌ دی ده‌كرێت سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق لغاوی ئه‌م دۆخه‌ی بۆ راناگیرێ چونكه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ روو ئه‌دات قورستره‌ له‌وه‌ی كه‌ به‌ بریاری دارایی و لاوه‌كی  چاره‌سه‌ر ببێت .
 دۆخی ناوخۆی عێراق زۆر جیاوازه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ , عێراق وه‌ك سووریا نی یه‌ وه‌ك لوبنان و یه‌مه‌نیش نی یه‌ , ئه‌م دۆخه‌ی له‌ عێراق دروست بووه‌ درێژه‌ی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ رووداوانه‌ن كه‌ له‌ پێشوودا روویان داوه‌ , سه‌ره‌تا شه‌ر له‌ نێوان سونه‌و شیعه‌ له‌ پاشان شه‌ر له‌ نیوان شیعه‌ و سوونه‌ , ئه‌مه‌ی ئێستا روو ئه‌دات زور قورستر و ترسناكتره‌ ئه‌مه‌ی ئێستا شه‌ری نێوان شیعه‌ی عێراق و شیعه‌ی ئێرانه‌ , به‌ جۆریك گه‌یشتۆته‌ راده‌یه‌ك به‌مشێوه‌یه‌ بروا ده‌كه‌ونه‌ ته‌سفیه‌ی یه‌كتری , ئه‌وه‌ی لێره‌دا قورسه‌ شیعه‌ی عێراق بێ رابه‌ر و بێ رێنیشانده‌ر و ه‌ بێ پشته‌ له‌ كاتێكدا شیعه‌ی ئێران پشتی به‌ سیاسه‌ت و دارای و پالپشتی ته‌واوی ئێران به‌ستوه‌  .
ئێستا ته‌نها كه‌س كه‌ پشتگیری خۆپیشانده‌ران بكات موقته‌دا سه‌دره‌ , سه‌دریش له‌ كاتێكدا له‌ عاشورا له‌گه‌ڵ خامنه‌یی دا ئه‌نیشێ و له‌ كاتێكیشدا پاڵپشتی شیعه‌ی عێراقی ده‌كات هیچ جیگا متمانه‌ نی یه‌ سه‌در ناتوانێ ئه‌م ده‌سه‌لاته‌ سیاسی یه‌ سه‌ر له‌ به‌ری برروخێنێ چونكه‌ خۆی تا ئێستاش ته‌به‌روكی ته‌واوی ئێرانی نی یه‌ . 
ئه‌و شێوه‌ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌یه‌ی ئێستا ده‌سه‌ڵاتی عێراقی ده‌یكات به‌رامبه‌ر خۆپیشانده‌ران له‌ كوشتن و راو نان و گرتن ئاوینه‌ی په‌رچه‌كرداره‌كانی ده‌سه‌لاتی ئێرانی یه‌ ره‌نگ ده‌داته‌وه‌ له‌ ناو عێراق دا , ئێرانی یه‌كان ئێستا له‌ دوو جه‌مسه‌ره‌وه‌ توشی به‌رهه‌ڵستی بوون له‌ لوبنان وه‌ له‌ عێراق , كه‌ ئه‌مه‌ش زه‌ره‌رێكی زۆر له‌ به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كانی ئێران ده‌دات له‌ ناوچه‌كه‌ , هه‌ڵبه‌ت سعودیه‌ به‌شێكه‌ له‌ ده‌ستوه‌ردانی كێشه‌كانی هه‌ردوو ولات به‌ دژی ئێران , ئه‌وه‌ی به‌ دی ده‌كرێت كێشه‌ی سه‌ره‌كی عێراق رۆچونێتی له‌ گه‌نده‌ڵی و نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری و به‌ش به‌شێنه‌ ئه‌مه‌ش له‌ رێگه‌ی ئه‌و لایانانه‌ی كه‌ ئێرانی یه‌كان پشتگیریان ده‌كه‌ن له‌ ناو عێراق دا به‌رجه‌سته‌ ده‌كرێت له‌ ناو ده‌سه‌لاتی عێراقی , ئێرانی یه‌كان عێراقێكی سه‌قامگیری خاوه‌ن ده‌سه‌لاتی سه‌ربه‌خۆیان ناوێت بۆ عێراق به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك بۆیه‌ هه‌میشه‌ كار بۆ له‌ لاواز كردنی عێراق ده‌كه‌ن له‌ رێگه‌ی ته‌شه‌نه‌ پێكردنی گه‌نده‌ڵی و دروست كردنی كێشه‌و ئافات بۆ ده‌وڵه‌تی عێراقی .
ئه‌وه‌ی ئێستا كێشه‌یه‌ ئه‌م چێشتخانه‌ سیاسی یه‌ی ئێستا له‌ عێراق دا له‌ گه‌ردایه‌ داهاتووی ئاماده‌ كراوه‌ ‌ و ئه‌مانه‌ هه‌مووی وه‌ك سیناریو به‌كار ده‌هێنن بۆ په‌رده‌ پۆشكردنی راستی یه‌كان به‌لام ئه‌و گه‌نجانه‌ی كه‌ رۆژانه‌ خۆێنیان ئه‌رژێت و ئه‌كۆژرێن بێ ئاگان له‌وه‌ی كه‌ گۆرانكاری له‌ عێراق دا له‌ رێگه‌ی خۆپیشاندان و مانگرتنه‌وه‌ نایه‌ته‌ دی عێراق تا ئێستاش له‌ ژێر سێبه‌ری سیاسه‌تی ئێرانی و هه‌ندێكیش ئه‌مریكی دایه‌ , هه‌ر كات خۆیان چییان بوێت له‌ عێراق دا ده‌یكه‌ن به‌ده‌ر له‌وه‌ به‌ ملیۆنه‌ها خه‌ڵك بكوژرێت ئه‌گه‌ر ره‌زامه‌ندی ئێرانی و ئه‌مریكی له‌سه‌ر نه‌بێت ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و سیستمی سیاسی له‌ عێراق ناگۆرێت . 
لێره‌وه‌ ئه‌وه‌مان بۆ روون ده‌بێـه‌وه‌كێشه‌ی سه‌ره‌كی عێراق ته‌شه‌نه‌ سه‌ندنی گه‌نده‌ڵی یه‌كی بێ شوماره‌ به‌ڵام ئه‌مه‌ بۆته‌ هۆی هه‌ڵگیرسانی شه‌ری شیعه‌ی عێراق و شیعه‌ی ئێرانی كه‌ كوژانه‌وی ئه‌م شه‌ره‌ سه‌خته‌ وه‌ سه‌ره‌نجامه‌كه‌ی هه‌ر به‌لای شیعه‌ی ئێران دا ده‌شكێته‌وه‌ به‌ باڵا ده‌ستبوونی زیاتری شیعه‌ی ئێرانی له‌ عێراق , بابه‌ته‌كه‌ له‌ گۆرینی زه‌ید نی یه‌ به‌ عومه‌ر به‌ڵكو به‌ هێشتنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتێكی گه‌نده‌ڵ و سیستێمكی لاواز بۆ هێشتنه‌وه‌ی عێراق له‌ ژێر هه‌یمه‌نه‌ی ئێران دا بۆیه‌ ئه‌وه‌ی ئێستا گه‌نج و هاوڵاتیانی عێراقی  ده‌یكه‌ن هیچ ئامانجێك ناپێكێ و ته‌نها كوشتار و ماڵوێرانی زیاتری لێ ده‌بێـته‌وه و ئێرانیش پێگه‌ی خۆی وه‌ك خۆی ده‌هێلێته‌وه‌ له‌ عێراق دا .

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand