Draw Media

دادگا وه‌ك "چێك پۆینتی سیاسیی"

دادگا وه‌ك "چێك پۆینتی سیاسیی"

2019-10-29 10:43:46


ئاراس فه‌تاح

لەسەر سكاڵای برازایەكی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی، دادگای هەولێر بڕیاری دەستگیركردنی بۆ كۆی ستافی ده‌زگای "دره‌و میدیا" و رۆژنامه‌نووسێك به‌ تۆمه‌تی "یاسای خراپ بەکارهێنانی هۆکارەکانی پەیوەندییکردن"، ده‌ركردووه‌. ستافه‌كه‌ی ده‌زگای "درەو میدیا‌"، پێكهاتووه‌ له‌ هه‌ریه‌ك له‌ هاوڕێیان كاك (محەمەد رەئوف، كاك فازل حەمەڕەفعەت، كاك نامیق رەسوڵ، خاتوو نیاز عەبدوڵا) و رۆژنامه‌نووسه‌كه‌ی تریش، كاك (هێمن مامەند)ه‌.

ئه‌م بڕیاره‌ له‌ دوو ئاستدا بێڕێزییه‌كی بێسنور و پێشێلكارییه‌كی گه‌وره‌یه‌ به‌رامبه‌ر به‌ پیشه‌ی رۆژنامه‌گه‌ریی و مافی رۆژنامه‌نووسان. یه‌كه‌م ئه‌م بڕیاره‌ پێشێلكارییه‌كی گه‌وره‌ی خودی یاسای كاری رێكخستنی رۆژنامه‌وانیی ژماره‌ 35ی ساڵی 2007 ه‌، چونكه‌ ئه‌و یاسایه‌ زیندانییكردنی رۆژنامه‌نووسان قه‌ده‌غه‌ده‌كات و بۆ هه‌موو پێشێلكارییه‌كیش، سزای دیارییكراوی داناوه‌. كه‌چی به‌ یاسایه‌كی تر ئه‌م رۆژنامه‌نووسانه‌ تۆمه‌بار ده‌كرێن و بڕیاری زیندانییكردنیان ده‌رده‌كرێت.

دووهه‌م، ئه‌م بڕیاره‌ ستراتیژێكه‌ بۆ ده‌مكوتكردنی ئه‌و ژماره‌ كه‌مه‌ی رۆژنامه‌نووسانی سه‌ربه‌خۆی هه‌رێم كه‌ سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئاستته‌نگییه‌ك و وێرانه‌یی كایه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ریی ئازاد، بوێرانه‌ به‌رده‌وامن له‌ كاری میدیایی.

من گومانم نییه‌ كه‌ ئێمه‌ هه‌موو ئینسانین و هه‌موو پیشه‌یه‌ك هه‌ڵه‌ی تێداده‌كرێت، به‌ڵام بۆ هه‌موو هه‌ڵه‌یه‌كی پیشه‌یه‌ییش گه‌ر ڕووبدات، ده‌بێت به‌ یاسای تایبه‌ت به‌ خۆی سزابدرێت.

له‌ ڕاستییدا ترسه‌كانی من له‌مه‌ش گه‌وره‌تره‌، من ترسی ئه‌وه‌م هه‌یه‌ ماوه‌یه‌كی تر هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه‌ بایكۆتی كاڵا و سه‌فه‌ری توركیا ده‌كه‌ن، به‌ تۆمه‌تی "تیرۆریستی ئابوریی" بدرێن به‌ داگا، چونكه‌ خه‌ریكه‌ ببن به‌ هۆكارێك بۆ تێكچوونی په‌یوه‌ندییه‌ ئابووری و ستراتیژییه‌كانی هه‌رێم و توركیا. به‌كورتیی، تاوه‌كو پێگه‌ و هه‌یبه‌تی داوه‌ریی و یاسایی ئه‌م دادگایانه‌ی هه‌رێم له‌ژێر ئیملای حیزب و خێزانه‌ سیاسییه‌كاندا بێت، وه‌زیفه‌ی یه‌كه‌میان بریتییه‌ له‌ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌‌ بازرگانیی و سیاسیی و سه‌ربازییه‌كانی ئه‌م نوخبه‌ سوڵتانییه‌ی خۆمان و رێگه‌گرتن له‌ ئه‌گه‌ری تێكچوونی په‌یوه‌ندییه‌ ستراتیژییه‌كانیان له‌گه‌ڵ سوڵتانه‌كه‌ی توركیا.

له‌گه‌ڵ پشتیوانی ته‌واوم بۆ ئه‌و هاوڕێیانه‌ و ئومێده‌وارم له‌وه‌ زیاتر ئازاریان نه‌ده‌ن و سه‌رقاڵیان نه‌كه‌ن به‌ تاوانی داتاشراوی یاسایی تر، چونكه‌ یاسای تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ بۆ داوه‌رییكردنیان و چیتر دادگاكانیشمان نه‌بن به‌ "چێك پۆینتی سیاسیی" بۆ به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی زیاتری ئازادیی رۆژنامه‌گه‌ریی له‌ هه‌رێمی كوردستان.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand