رۆژئاڤای کوردستان لە نێوان کاریگەری جیۆ ستراتیژی و جیۆ ئیکۆنۆمیک
2019-10-29 06:49:16
نیاز حەسەن
پێگەی جیۆپۆلەتیکی رۆژئاڤای کوردستان لە سێ رەهەندەوە بایەخێکی گەورەی لە هاوکێشەی ململانێ نێودەلەتی و ئیقلیمیەکان هەیە. یەکەمیان رەهەندی کوردستانیە ، بەهۆی سنووری پێکەوە لکاوی لەگەڵ باکور و باشوری کوردستانەوە کاریگەری راستەوخۆی بەسەر ئایندەی پرسی کورد و گریمانەکانی بەردەم بزاڤی سیاسیی کورستان لە چۆنیەتی سەرخستنی پرۆسەکە دەبێت. دووەمیان رەهەندی ئیقلیمییە ، بەهۆی ململانێی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان ، رۆژئاڤا پنتی یەکلابوونەوەی هاوکێشەی هێزە لە ناوچەکە. سێیەمیان رەهەندی نێودەوڵەتییە ، بەهۆی بەریەککەوتنی بەژەوەندییە جیاوازەکانەوە ، رۆژئاڤا پانتایی رێکخستنی ئیدارەدانی ناکۆکیەکانە.
بە تیشک خستنە سەر هەڵکەوتەی جوگرافی رۆژئاڤا و چڕبوونەوەی ململانێکان وکاریگەریی کورد لە هاوکێشەی هێز و هاوپەیمانێتییەکان لە ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی، دەرەنجامێکی گریمانەیی دەبینین، ئەویش رۆڵی رۆژئاڤای کوردستانە وەک بکەرێکی سیاسیی بە ئاگا لە کارلێکە سیاسی و ئابوری و سەربازییەکانی نێو هاوکێشەی هێز و چارەنووسی سوریا. رژێمی تورک ئەو بایەخەی رۆژئاڤا زۆر بە زەقی دەبینێت و بە مەترسی دەزانێت بۆ سەر ئایندەی پرسی کورد لە هەر سێ رەهەندەوە، بۆیە هەموو میکانیزم و ئامرازێک دەگرێتەبەر بۆ رێگرتن لە پێکهێنانی هەرێمێکی هاوشێوەی باشور لە نێو دەوڵەتی سوریا.
سەرباری پێگەی جیۆپۆلەتیکی رۆژئاڤا و بایەخە جیۆستراتیژییەکەی ، لە نەخشەی جیهانی جیۆ ئیکۆنۆمیک، رۆژئاڤای کوردستان گرنگی خۆی هەیە و ژماەیەکی نێو ئابوری سیاسیی و پەیوەندییە ئابورییەکانی قۆناغی داهاتوو پێکدەهێنێت. لە ژێر کاریگەریی ئەم راستیانەی سەرەوە دەبینین رەوشی رۆژئاڤای کوردستان لە بەردەم چەند ئەگەرێکی جیاوازدایە. چارەنووسی پرسی کورد لەو پارچەیە لەنێو دۆخە ئاڵۆزەکان و سیاسەتە ناجێگیرەکانی یاریکەرەکان ، خۆی لە بەردەم چەند دەرەنجامێک دەبینێتەوە.
بکەرە سەرەکییەکانی نێو ململانێیەکانی سوریاو رۆژئاڤا تەنها لە یەک بابەت کۆکن ، ئەویش یەکپارچەیی خاکی سوریایە ، دەنا لە سەر جۆری چارەسەری دۆخی سوریا جیاوازیی لە ئەجێنداکانیان هەیە. زەقترین ناکۆکییەکانیان خۆی لە راکێشانی سوریا بۆ نێو بەرەی هاوپەیمانێتی واشنتۆن یان مۆسکۆ بەرجەستە دەکات. جۆری سیستمی سیاسیی و دەستوری نوێی سوریا و چارەنووسی حکومەتی ئێستای سوریا، بەشێکی تری ناکۆکی نێوان ئەمریکا و روسیا و یەکێتی ئەوروپا پێکدەهێنێت.
لە سەردەمی جەنگی ساردی نێوان ئەمریکا و سۆڤیەت، کاریگەریی جیۆستراتیژی و پێگەی جیۆپۆلەتیکی ناوچەکان گۆڕەپانی ململانێیەکان بوون. لەو چوارچێوەیەشدا دابەش بوونێکی فراوانی وڵاتان بەسەر هەردوو بەرەدا هات. ئەمڕۆ بەهۆی دەرهاویشتەکانی بەجیهانیبوون و لێکەوتەکانی ئەم پرۆسە هەمەلایەنە، جیۆئیکۆنۆمیک پێگەیەکی سەرەکی لە هاوکێشەی ململانێیەکان پێکدەهێنێت. رۆژئاوای کوردستان دەکەوێتە نێو چوارچێوەی ئەو زۆنە پڕ بایەخەی ململانێی ئابوری ناوچەکەو جیهان.
ئەگەر رۆژئاڤا بتوانێ وەک لێی چاوەڕێ دەکرێت، لەنێو هاوکێشەی هێز و ململانێیەکان ماف و دەسکەوتەکانی رۆژئاڤا و ئیدارەی خۆسەری بکاتە ستاتۆیەکی چەسپاو لە پرۆسەی سیاسیی سوریا، هاوکاتیش لە پرۆسەی نووسینەوەی دەستوری نوێی سوریا ، قەوارەیەکی دەستوریی وەک دیفاکتۆ جێگیر بکات، ئیدی سەرکەوتنی رۆژئاڤا بە ئەنجام دەگات.
رۆژئاڤای کوردستان چەندین هەنگاوی گرنگی تێپەڕاندووە و ئاستەنگی زۆری بۆ دانرا، بەڵام توانیان دۆخە سەختەکان تێپەڕێنن. ئێستا پێگەی رۆژئاڤا بەهۆی هاوسۆزی زۆربەی وڵاتان لەلایەک و سەرکەوتنەکانی شەڕڤانان لەلایەکی ترەوە، لە ئاستێکی باڵادایە، هاوکاتیش نموونەیەکی نوێی خۆبەڕێوەبەرییان پێکهێناوە سەرنجی جیهانی بەلای خۆیدا راکێشاوە. ئەوەی ماوەتەوە تێپەڕاندنی یەکجارەکیی دۆخی ئێستایە. رۆژئاڤا براوەی جەنگی لەناوبردنی داعشە، نوێنەرایەتی گەلێکی چەوساوە دەکات، خاوەن مۆدێلێکی نوێی حکومڕانێتی دیموکراتییە لە ناوچەکە، پشتگیرییەکی بەرفراوانی وڵاتان و دیموکراتیخوازانی جیهانی هەیە، پێکهاتەیەکی سەرەکی هەسەدەیە ، ژمارەیەکی قورسی گۆڕەپانی سیاسیی سوریایە. دەرەنجام سەرکەوتنی کۆتایی رۆژئاڤا بەهۆی ئەو بنەما و فاکتەرانە بووەتە راستیەکی چاوەڕێکراو.
ئاراستەی کارکردنی سەرجەم بکەرە سیاسییەکانی رەوشی سوریا لە چوارچێوەی ستراتیژی جیۆئیکۆنۆمیک چڕبووەتەوە، بۆیە هێزی زاڵی سەربازی و دەست رۆیشتوو ، دەتوانێ رێساکانی یارییەکە کۆنتڕۆڵ بکات و جڵەوی دۆخی گشتیی رۆژئاڤا و سوریاش بکات، لەم تێڕوانینەوە دەبێ هەموو هەوڵێک بۆ دەرپەڕاندنی تورکیا لە نێو سنوری سوریا بدرێت. دیارە بۆ ئەم دەرەنجامەش هەسەدە و هێزەکانی ئەمریکا دەتوانن رۆلی سەرەکی ببینن. روسیا خۆی لەقەرەی ئەم هەنگاوە نادات چونکە ناکۆکە لەگەڵ ئەمریکاو هاوکاتیش نێوانی خۆی لەگەڵ توڕکیا تێکنادات. هەرچی دیمەشقە لەلایەک دژی بوونی سوپای تورکیایە، لەلایەکی ترەوە لەگەڵ ئاراستەی روسیایە لە ململانێیەکان، بۆیە نابێتە یاریکەرێکی یەکلابووەوە. گۆڕەپانی ململانێیەکە رۆژئاڤای کوردستانە و بکەرەکانی نێو هاوکێشەکە بریتیین لە ئەمریکا و هەسەدە ، روسیا ودیمەشق. هەرچی تورکیایە، نەویستراوی نێو گۆڕەپانەکە و رەگەزی ئاڵۆزکردنی بارودۆخەکەیە. وێنەیەکی خراپی ستەمکاریی و پێشێلکاریی و دڕندەیی تۆمارکرد، دواجار چوونە دەرەوەی لە رۆژئاڤای کوردستان دەبێتە گوتارێکی یەکخراوی هەردوو ئاراستەی ئەمریکا و روسیا، سەرباری دەنگی ناڕەزایەتی و هەڵوێستی زەقی زۆربەی وڵاتان لە هەمبەر داگیرکاریی تورکیا. ئایندەی دەوڵەتی سوریای نوێ لەچوارچێوەی هاوکێشەی هێز و رێسای رێکخستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و روسیا و رۆژئاڤای کوردستان خۆی دەبینێتەوە.