یەک دەنگی..
2019-10-28 15:05:39
ئادەم ئاودەل
لە مێژوی رزگاری خوازی کوردیدا ، دەگمەنن ئەو دیاردە و روداوانەی کە وایان کردووە کورد بە تێکرایی و بە کۆی دەنگ یەک ھەڵوێست و یەک بۆچنیان لەسەری ھەبێت و بە جۆرێک سەرجەم پارچەکانی کوردستان یەک ھاوار و یەک گوتار و ستراتیژ بن .
ھێرشی درندانەی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان یەکێک بوو لەو بابەتانی کە ھەم زیندویەتی بە تاکی کورد بە خشیوە و ھەمیش روحیەتی شۆرشگێری کردەوە بەری . ئەو داگیرکارییە وێڕایی نەھامەتی و سلبیاتیەکانی ، یەکێک لە خاڵە گرینگ پۆزەتیڤەکانی چۆشدانەوەی تاکی کورد و وابەستەوە بونیان بو بە نەتەوە و نیشتمانەکەیان ، بەجۆرێک کە لە ھەر ھاوڵاتیەکی کوردی بپرسی لە ھەر پارچەیەک و سەر بەھەر ئایدیا و بۆچونێک بێت ، راستەوخۆ ھاوسۆزی خۆی بۆ شەرڤانان و کوردانی رۆژئاوا دەردەبرێ . ئەگەرچی لە ساڵانی رابردوودا لێرە و لەوێ چەندین ساردی و لێدوانی جیاجیا لە نێوان ھێزە کوردیەکان و پارچەکانی تری کوردستان دەبیسترا بەڵام بۆ ئەمجارە یەک نەتەوە و یەک زمان کۆی کردنەوە ، ئەگەرچی بەجۆرێک لە جۆرەکان لە رێگە سیاسیەکەیەوە سنوریان لەسەر دابخرێ یا بەدەمەوە چونی پێویست نەبێ لەلایەن حکومەتی ھەرێمەوە ، بەڵام وێرایی ئەوەش ئەوە ھەر کاربەدەستان و بەرپرسانی ئەم ھەرێمە و ھاوڵاتیەکانیەتی کە بە پەرۆشن بۆ دەربارزبونی کوردانی رۆژئاوا لەو دۆخە.
یەکێک لە مۆدێرنتر ین و کاریگەرترین ھەڵوێست ، ھەڵمەتی بایکۆتی کرینی شمەک و کەل و پەلی تورکی بوو ، لەلایەن ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستانەوە ، ئەم ھەڵمەتە بەجۆرێک بوو جگە لە ھاولاتیان بەشێک لە بازرگانە نیشتمان پەروەرەکانیشی گرتەوە و ھەڵمەتەکەش تا دێ فراوانتر و کاریگەر تر ، ھەر لە فەرمانبەر و کاسبکار و مامۆستا و شۆفێرەوە بیگرە تا بەرێوبەری فەرمانگە و بەرپرسانی باڵای حکومەت . بە پێی زانیارییە رۆژنامەوانیەکانیش بێ بە رونی ئەو بایکۆتە کاریگەی خۆی لەسەر ئابوری تورکیا داناوە.
لەم کۆدەنگی و یەکدەنگیەی کورد لەو دەستدرێژییەی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوا ، وێڕایی جۆشدانەوەی ھاولاتیان بابەتێکی نوێ بەرونی دەردەکەوێ ، ئەویش ھاتنە دەرەوەی تاکی کوردە لە قەفەسی حیزبایەتیەوە ، بەجۆرێک وابەستە نەبونی ھاوڵاتیانە بە بۆچونی داخراوی لایەنێکی سیاسیەوە ، چونکە وەک دەبیندرێ ململانێیەکی توند لە نێوان پارتی و پەکەکە و پارتی یەپەگە ھەیە ، بەڵام بە پێچەوانەی ئەو ململانێیەوە کاردرانی پارتی ھیچ ھەلوێستێکی نەرێیان بۆ یەپەگە و رۆژئاوا نەبوو کە شایەنی باس بێ ، رەنگە زۆرێک لە رەفتار و بۆچونی یەپەگە و پەکەکە بە دڵی ئەندامان و لایەنگیرانی یەکێتی و گۆران و ئیسلامیەکان نەبوبێ ، بەڵام سەرجەم لایەنگرانی ئەو حیزبانە ھاوسۆزبون بۆ رۆژئاوا ، تەنانەت یەکێک لە پەرلەمانتارە ئیسلامیەکان کە حیزبەکەی بە ھاوپەیمان و نزیکی حیزبەکەی ئەردۆگان دادەنرێ پاڵپشتی بایکۆتی کاڵای تورکی دەکات و ھاوسۆزە بۆ کوردانی رۆژئاوا.
بەم پێودانگە لەمەڕ ئەو ھەڵوێست و ئاکارانەی دەبیندرێت دەتواندرێ بوترێ ، یەک دەنگی و کۆدەنگی تاکی کوردی لە قۆناغێکی تردایە و ئاسۆی ئەو ھاو ھەڵوێستیە روونە کە سەر ئەنجام دواتر لایەنە سیاسیەکانیش دەگرێتەوە.