Draw Media

ئایا بایکۆت دەبێت بە شۆرش ؟

ئایا بایکۆت دەبێت بە شۆرش ؟

2019-10-28 05:17:46


هونەر تۆفیق
لە کاتێکدا بەریتانیا ئیمپراتۆرێکی بەهێز و توانا بوو ، هیندەکان گەلێکی هەژاری لاواز و داگیرکراوبوون . لەڕووی هێزی سەربازی و ئابووریەوە شایەنی بەراوردکاری نەبوون .
گەلی هیندی لاوازی داگیرکراو ، بە ڕابەرایەتی غاندی ، لەو کاتەدا بڕیاری شۆڕشیان دا . شۆڕشی بایکۆت ، شۆڕشی خۆڕزگارکردن لە ژێردەستەیی و ئازادبوون لە داگیرکاری بەریتانیەکان .شۆڕشی بێ چەک و بێ توندوتیژی . لە کاروانی خوێ وە  ، شۆڕشی خۆییان بەرپاکرد .
ئینگلیزەکان لە هیندستان ئیحتکاری هەموو شتێکیان کردبوو ، لەوانە ئیحتکاری خوێش . غاندی لە کاروانێکی ٤٠٠ کلم دا ، شاربەشار و گوند بەگوند ، بەرەو دەریا ، کاروانەکەی دەستپێکرد ، بەئامانجی گەیشتن بە خوێ ی کەنار دەریا . کاتێک گەیشتە لای لمەسوێرەکەی کەنار دەریا ، دەیان هەزار خەڵکی هیندی لە پشتەوەبوو . مشتێ خوێ ی لە ئاوە وشکەوەبووەکەی لێوار دەریاکە بەرزکردەوە و گوتی : لێرەوە شۆڕشەکەمان دەستپێدەکەین ، شۆڕشی بایکۆتی کاڵا و شتومەکی بەریتانی و خۆمان خۆمان دەژیەنین . لەو مشتە خوێیەوە کاروانی ئازادی گەلانی هیندستان دەستی پێکرد .
مۆدێلەکانی شۆڕش لە مێژوودا جیاوازن . شۆڕشی کەمینە بەسەر زۆرینەدا . شۆرشی هەژاران بەسەر دەوڵەمەندەکاندا . شۆڕشی کۆیلەکان بەسەر کۆیلەدارەکاندا . مۆدێلەکەی غاندیش شۆڕشی بەکاربەرە داگیرکراوەکان بوو ، بەسەر موحتەکیرە بەریتانیەکاندا . کە شۆڕشی بایکۆت بوو .
بایکۆت چەکێکی کاریگەری بەهێزە لەدژی بەهێزێکی داگیرکار . موسڵمانەکان لەسەرەتای بانگەوازی محەمەدیدا بەرانبەر ناموسڵمانەکان بەکاریانهێنا ، کڕین و فرۆشتن ، ژن و ژنخوازیان ، لەگەڵ ناموسڵمانەکاندا ڕاگرت .
لەبەر ئەوەی سەرەتای هەر هێرشێکی سەربازی بە لێدان لە ئابووری لایەنی بەرانبەر دەستپێدەکات ، یەکەم زەربەی سەرەتای جەنگیش راگرتنی پەیوەندی ئابووری و بازرگانی نێوان دوو لایەنی شەڕکەری جەنگەکانە .
کوردستان بەخواستی خۆی بێت یان بە ناچاری ، کەوتۆتە ژێر هەیمەنەی ئابووری ، سیاسی ، تورکیاوە . لەلایەک بە داگیرکردنی ڕاستەوخۆ ( لەباکوور) لەلایەکی ترەوە بە داگیرکردنی ناڕاستەوخۆ ( لەباشوور) تورکیا ئیحتکاری ژیان و کەرامەت و ئازادی و بەهای ئینسان بوونی کوردی کردووە . هەڵمەتی بایکۆت کە خۆشحاڵانە بە هەنگاوێکی جدیەوە لەناو خەڵک و کۆمەڵیک گەنجی بەمەسولیتەوە دەستی پێکردووە ، ئەگەر ئۆرگانیزە بکرێت و گوڕ و تینی هەمەلایەنەی پێبدرێت ، دەگات بە ئاستی شۆڕشێکی جەماوەری و نەتەوەیی باڵا .
ئەو هەڵمەتە پشتیوانی هەموومانی دەوێت ، غاندی ئەگەر خەڵکی هیندی لە پشت نەبووایە بۆ بایکۆتکردنی کاڵای بەریتانی نەیدەتوانی گەلی هیند بگەیەنێت بە سەربەخۆیی . بۆئەوەی هەڵمەتی بایکۆت ببێت بە شۆڕش ، شۆڕشی زیندووکردنەوەی بەرهەمی نێوخۆیی ، شۆڕشی ئازادبوونی ئینسانی کورد لە ئیحتکاری سیاسی و فەرهەنگی و ئابووری ، شۆرشی خۆڕێکخستنەوە و پیاداچوونەوەی کورد بە هەڵوێستە نیشتمانی و مێژوویەکانیدا ، پێوستمان بە هاوکاری هەڵمەتی بایکۆت هەیە . ئەنجامەکەشی زۆر لەوە گەورەتر چاوەڕوان دەکرێت کە تەنیا سزادانی ئابووری تورکیا ، یان هەڵوێست نواندبێت وەک پشتیوانی ڕۆژئاڤا ، بەڵکە سەرەتایەکە بۆ ئازادبوون و گەڕانەوەی کەرامەتی ئینسانی کورد .

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand