له پلانه‌كانی ترامپ و پوتینه‌وه بۆ پلانه‌كه‌ی كرامپ
2019-10-27 13:50:26
ئاراس فەتاح
هه‌ریه‌ك له ده‌وڵه‌ته زلهێزه‌كانی جیهان، به نۆبه‌ت سه‌رقاڵی داڕشتنی پلان و كوڵاندنی شۆربای خۆیانن بۆ ئه‌و دۆخه مه‌ترسییداره‌ی كه جه‌نگی ناوخۆیی سوریا و پاشان هێرشی داگیركاریی توركیا بۆ سه‌ر رۆژئاوای كوردستان به‌رهه‌میانهێناوه.
ئه‌و لێكتێگه‌یشتنه‌ی له نێوان ئه‌ردۆگان و پوتینیشدا ئیمزاكرا، ته‌واوكردنی ئه‌و رێككه‌وتنه بوو كه له‌گه‌ڵ ترامپدا كردی، به‌ڵام به هه‌ندێ په‌راوێزی تازه‌وه. ترامپ ته‌نها گلۆپی سه‌وزی بۆ له‌شكركێشیی ده‌وڵه‌تی تورك و په‌لاماری گروپه ئیسلامییه توندڕه‌وه‌كانی هاوپه‌یمانی ئه‌ردۆگان هه‌ڵنه‌كرد بۆ پیاده‌كردنی تاوانی جه‌نگ و پاكتاوكردنی ره‌گه‌زیی له رۆژئاوای كوردستان، به‌ڵكو به پیرۆزباییكردنیشی له رێككهونهكهی ئه‌ردۆگان و پوتین بۆ دروستكردنی ناوچه‌یه‌كی ئارام له‌ژێر چاودێری هه‌ردوولا، رێگای بۆ باڵاده‌ستی هه‌یمه‌نه‌ی روسیاش له ناوچه‌كه‌دا فه‌راهه‌مكرد. سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م دۆخه شهڕانگیزهش هه‌م له ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی ترامپی ناو ئه‌مریكا و هه‌م له ئه‌وروپاشدا رووبه‌ڕووی ره‌خنه‌ی توند بووه‌ته‌وه.
ئه‌وه‌ی له سیاسه‌تی ئه‌ردۆگاندا ڕوونه ئه‌و ره‌هه‌نده ناسیۆنالیستییه ره‌گه‌زپه‌رستییه‌یه، كه ئه‌م سوڵتانه‌ی توركیا ئاماده‌ی ئیمزاكردنی هه‌موو رێككتنامهیهك و لێكتێكهیشتنێكه بۆئه‌وه‌ی وێنه شكاوه‌كه‌ی له جیهاندا بپارێزێت، ئه‌زموونی رۆژئاوا تێكبشكێنێت، به‌ناوی شه‌ڕی دژ به تیڕۆره‌وه سیاسه‌تی پاكتاوی ڕه‌گه‌زیی له‌ناوچه كوردییه‌كاندا پیاده‌بكات و به‌پاساوی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره سورییه‌كانه‌وه دیمۆگرافیای ناوچه‌كه له بنه‌چه‌وه دهستكارییبكات و له‌كۆتاییشدا شتێك نه‌هێڵێت به ناوی رۆژئاوای كوردستان. بۆ به‌دیهێنانی ئه‌م ئامانجانه‌ش ئه‌دۆگان ئاماده‌یه ته‌نازول له هه‌موو غروره سوڵتانییه‌كه‌ی خۆی له ده‌ره‌ودا بكات، بۆئه‌وه‌ی له‌ناوه‌وه لووتی نه‌شكێت. له ئێستاشدا ئاماده‌یه سه‌روه‌ریی سوریا و سه‌ردارێتی ئه‌سه‌د قبوڵبكاتهوه، له‌پێناوی ئه‌وه‌ی كورد و هه‌سه‌ده وه‌ك گه‌مه‌كه‌رێكی گرنگیی ناده‌وڵه‌تیی له سوریا له‌ناوبه‌رێت و نه‌هێڵێت هیچ ڕۆڵێكیشی له نه‌خشه‌ی ساسیی داهاتووی سوریادا هه‌بێت.
ئه‌وه‌ی تاوه‌كو ئه‌م چركه‌ساته بینیمان دوو رێككه‌وتنه به دوو ئیمزای جیاوازه‌وه، به‌ڵام به دوو میكانیزمی هاوشێوه بۆ چاره‌سه‌ری پرسی ڕۆژئاوا. ترامپ سه‌ربازه‌كانی ئه‌مریكای كشانه‌وه و له‌دوای ئه‌م بڕیاره‌شی ناوچه‌یه‌كی پڕنائارام و پڕ له كوشتاری له ڕۆژئاوای كوردستاندا به‌جێهێشت. پوتین هات و له‌چوارچێوه‌ی ناوچه‌یه‌كی ئارام‌دا، به‌شێوه‌یه‌كی ئارام، هه‌م به‌رژه‌وه‌ندییه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی توركیا ده‌پارێزێت و هه‌م سه‌روه‌ریی بۆ به‌شار ئه‌سه‌د و ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی ده‌گێڕێته‌وه. له‌م ناوچه ئارامه‌ی كه ئه‌ردۆگان و پوتین نه‌خشه‌یان بۆ كێشاوه، توركیا ته‌نها چاو‌دێر نابێت، به‌ڵكو له‌پاڵ پۆلیسی سه‌ربازیی روسییدا، بكه‌رێكی ئاكتیڤ ده‌بێت له جێبه‌جێكردنیدا.
ئه‌وانه‌ی ئه‌زموونی باشووری كوردستان و پرۆسه‌ی دروستكردنی ناوچه‌ی دژه‌فڕینیان له‌بیره، ئه‌و راستییه ده‌زانن كه دروستكردنی كۆده‌نگیی له‌ناو ئه‌نجومه‌نی ئاساییشدا كارێكی زۆر زه‌حمه‌ت بوو. یه‌كێك له‌و هۆكاره سه‌ره‌كییانه‌ی كه ده‌وڵه‌ته زلهێزه‌كانیشی ناچاركرد، گرنگترین بڕیار له مێژووی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان به به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌لانی باشوری كوردستان بده‌ن، ئه‌و فشاره گه‌وره و بێوێنه‌یه بوو كه ڕای گشتیی جیهانیی له‌سه‌ریان دروستیكردبوو. هه‌موو ئه‌وانه‌ی پێیان وایه ئه‌و فشاره مه‌ده‌نییانه‌ی جیهان بۆ پاراستنی رۆژئاوا كاریگه‌ریی نییه، ده‌بێت بگه‌ڕێنه‌وه بۆ گرنگیی فشاری نێوده‌وڵه‌تیی له ده‌ركردنی بڕیاری 688ـی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له5ـی نیسانی 1991 كه تێیدا به‌پشتیوانیی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ناوچه‌ی دژه‌فڕین له هه‌رێمی كوردستان دامه‌زرا. كاتێك كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی سه‌رقاڵی بڕیاری 688 بوو سه‌رۆكه‌كانی كورد خه‌ریكی ماچكردنی سه‌دام بوون و له گرنگیی ئه‌م بڕیاره هه‌ر تێنه‌گه‌یشتبوون. له دوای كه‌وتنی رێمهكهی به‌عس و له‌و سه‌رده‌مه‌ی كه وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراقیش هۆشیار زێباریی بوو، هه‌م حیزبه‌كه‌ی خۆی و هه‌م یه‌كێتیش پێشوازی گه‌رمیان له ده‌ركردنی عێڕاق كرد له‌ژێر به‌ندی ٧ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌روه‌ریی بۆ ئه‌م ده‌وڵه‌ته.
تازه‌ترین پێشنیاریش بۆ ئارامكردنه‌وه‌ی ئه‌و قه‌یرانه گه‌وره‌یه‌ی له ناوچه‌كه‌دا به‌رهه‌مهاتووه، هاتنه سه‌رخه‌تی وه‌زیری به‌رگریی ئه‌ڵمانیایه به پێشنیاری دروستكردنی ناوچه‌یه‌كی ئارام له رۆژئاوا كه هاوشێوه‌ی ناوچه ئارامه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستانه بۆ پاراستنی خه‌ڵكی مه‌ده‌نیی له هێرشی له‌شكری توركیی.
ئه‌وه‌ی ئاشكرایه كه نه به‌ره‌ی ئۆپۆزیسیۆنی ترامپ له ئه‌مریكا و نه ژماره‌یه‌كی به‌رچاوی ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپا به‌م چاره‌سه‌ره‌ی نێوان ئه‌ردۆگان و روسیا ڕازیی نین. هه‌ندێكیان ڕازیی نین كه توركیا وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی ناتۆ هه‌ڵسێت به پیاده‌كردنی تاوانی جه‌نگ دژ به خه‌ڵكی مه‌ده‌نیی، هه‌ندێكی تریان رازیی نین روسیا به‌ته‌نها چاره‌نووسی سیاسیی سوریا بنووسێته‌وه و ناوچه‌كه بخاته ژێر هه‌یمه‌نه‌ی تاكانه‌ی خۆیه‌وه و توركیاش وه‌ك ئه‌ندامێكی ناتۆ بخاته ژێر ڕكێفی خۆیه‌وه. هه‌ندێكی تریشیان رازیی نین ئاساییشی ئه‌وروپا روبه‌ڕوی مه‌ترسیی گه‌وره‌ی تر ببێته‌وه و لێشاوی په‌ناهه‌نده‌یه‌كی بێ‌شومار ڕووی تێبكاتهوه و داعش دووباره سه‌رهه‌ڵبداته‌وه. هه‌ندێ سیاسه‌تمه‌داری تری ئه‌وروپیش پێده‌چێت له‌وه زیاتر نه‌یانه‌وێت ببن به بارمته‌ی ئه‌ردۆگان و هه‌ڕه‌شه‌كانی بۆ ئه‌وروپا، سه‌باره‌ت به كردنه‌وه‌ی سنوور و رێگه‌دان به هاتنی په‌ناهه‌نده بۆ ئه‌و كیشوه‌ره و خۆیان سنووره‌كه بپارێزن.
دیاره ترامپ رای وابوو كه كاری ئه‌مریكا له سوریا ته‌واو بوو، بۆیه به بۆچونی ئه‌و هه‌ركه‌سێك له دوای ئه‌مریكا كورد بپارێزێت كارێكی باشده‌كات، با ئه‌و كه‌سه ناپلیۆنیش بێت. له‌ئێستاشدا ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت ڕۆڵی ناپلیۆن بگێڕێت، خانمه وه‌زیری به‌رگریی ئه‌ڵمانیایه كه میدیای ئه‌ڵمانیی له‌به‌ر درێژی ناوه‌كه‌ی سێ پیتی یه‌كه‌می به‌كارده‌هێنن (AKK) كه كورتكراوه‌ی Annegret Kramp-Karrenbauer، ئهنێگرێت كرامپ - كارنباوهر. ئه‌م خانمه كه له دوای ئهنگێلیكا مێركله‌وه له‌ساڵی ٢٠١٨ به‌سه‌رۆكی پارتی یه‌كێتی دیموكراسیی مه‌سیحیی هه‌ڵبژێردرا و له ساڵی ٢٠١٩ وه وه‌زیری به‌رگریی ئه‌ڵمانیایه، پلانێكی بۆ دروستكردنی ناوچه‌یه‌كی ئارام له‌ژێر كۆنترۆڵی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كاندا ئاماده‌كردووه.
بێگومان ئه‌م پلانه هه‌م ره‌خنه‌گر و هه‌م لایه‌نگری زۆری هه‌یه. ره‌خنه‌گرانی ده‌ڵێن، گه‌ر ئه‌م خانمه بیه‌وێت ئه‌وروپا یه‌كده‌نگ بكات بۆ جێبه‌جێكردنی پلانه‌كه‌ی، ده‌بایه سه‌ره‌تا له‌ناوه‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا ئه‌و یه‌كده‌نگییه‌ی بۆدروستبكات. ئه‌وه‌ی تاوه‌كو ئێستا سه‌باره‌ت به پلانه‌كه روونه، دروستكردنی ناوچه‌یه‌كی ئارامه كه له چه‌ند به‌شێك پێكدێت و هه‌ربه‌شه‌ی ٤٠ كیلۆمه‌تر درێژیی و ٣٠ كیلۆمه‌تر قوڵایی ده‌بێت و چاودێریكردنی به سه‌رپه‌رشتی نه‌ته‌و یه‌كگرتووه‌كان و به‌شداریی 2500 سه‌ربازی ئه‌ڵمانیی ده‌بێت. وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا پیرۆزبایی له‌م پێشنیاره كرد، به‌ڵام ئاماده نییه ئه‌مریكا سه‌ربازی بۆ تهخانبكات. وه‌زیری ناوخۆی ئه‌ڵمانیاش، هۆرست زێهۆفه‌ر، پشتگیریی خۆی بۆ پلانه‌كه‌ی AKK ده‌رده‌بڕێت و ده‌ڵێت، بۆئه‌وه‌ی له سیاسه‌تدا شتێك بشڵه‌قێنیت، ده‌بێت به‌ردێك فرێبدهیتهوه ناو ئاوه‌وه.
ئاشكرایه بۆ سه‌ركه‌وتنی ئه‌م پلانه‌ش زه‌مینه‌سازیی یاسایی و سیاسیی و دیبلۆماسیی و سه‌ربازیی پێویسته كه هێشتا له سه‌ره‌تای سهرهتاكانێتی و گرنگترینیان بریتیین له بڕیاری نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان، گه‌وره‌یی ئه‌م له‌شكری ئاشتییه چه‌نده و چه‌ند ده‌وڵه‌ت به‌شداریی تێدا ده‌كات و له كۆتاییشدا ستراتیژی ده‌رچوونیان چۆن ده‌بێت، واته كاتی هاتنه‌ژووره‌وه و كۆتاییهێنان به پلانه‌كه دیارییبكرێت.
گه‌ر ئه‌م پلانه، كه هێشتا ده‌ڵه‌مه‌یه، بۆ رۆژئاوای كوردستان سه‌ربگرێت، ته‌نها نابێت به كه‌ناری ئارامیی بۆ خه‌ڵكی مه‌ده‌نیی و رزگاركردنیان له ماڵوێرانیی و ده‌ربه‌ده‌ریی و پاكتاوی ره‌گه‌زیی وه‌ك له كوردستانی نه‌وه‌ده‌كاندا بینیمان، به‌ڵكو ده‌شبێت به زۆنێكی ناده‌وڵه‌تیی بۆ درێژه‌پێدان و به‌رده‌وامیی به ئه‌زموونی حوكمڕانێتی ناوچه‌یی خۆیان و زه‌مانه‌تێكیش بۆ مانه‌وه و پاراستنی مافه‌كانیان له‌چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی سوریای داهاتوو.
هه‌ر له‌م سه‌روبه‌نده‌دا هه‌م ترامپ له بڕیاره‌كه‌ی خۆی په‌شیمان بووه‌ته‌وه و ده‌ستیكرده‌وه به ناردنی زرێپۆشی پێشكه‌وتووی لیۆپارد بۆ رۆژئاوا و به‌ناوی پاراستنی كێڵگه نه‌وته‌كانه‌وه گه‌ڕایه‌وه بۆ سوریا، هه‌م سکرتێری گشتی ناتۆ، یێنز ستۆڵتنبێرگ، پێشوازی له پێشنیاره‌كه‌ی وه‌زیری به‌رگریی ئه‌ڵمانیا ده‌كات و هه‌م وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی روسیا، لاڤرۆڤیش هاته قسه‌و و ڕاستوڕه‌وان پلانی هاتنی له‌شكری ئاشتی به‌ناوی ناتۆوه ڕه‌تكرده‌وه. ئه‌و ده‌ڵێت: ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه بۆ دروستكردنی ناوچه‌ی ئارام، باشه و پێویستی به باشیی تر نییه، چونكه رێككه‌وتنێكی هه‌مه‌لایه‌ن كراوه كه هه‌مووان به كوردیشه‌وه تیایدا به‌شدارن.
پلان و ڕێككه‌وتنه‌كان كۆتاییان نه‌هاتووه.
.........
تێبینی: ئه‌ڵمانیا بۆ یهكمینجار له مێژووی نوێی خۆیدا بڕیاری ناردنی چه‌كی دا بۆ ناوچه‌یه‌كی قه‌یراناوی، چونكه به‌پێی یاسای ئه‌ڵمانیی ناردنی چه‌ك بۆ ناوچه‌یه‌ك كه شه‌ڕی تێدایه، قه‌ده‌غه‌یه. ئه‌و ناوچه‌یه‌ش كه ئه‌ڵمانیا بۆ یهكمینجار چه‌كی بۆنارد، هه‌رێمی كوردستان بوو له كاتی جه‌نگی داعشدا. هاوكات ساڵانێكه له‌شكری ئه‌ڵمانیا به‌شداره له ڕاهێنانی هێزه‌كانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه كه له هه‌ردوو هێزی پارتی و یه‌كێتیی پێكهاتووه.