Draw Media

ئەنسرۆپۆلۆجیای كەلتوری و شڵەژانی كۆمەڵایەتی   

ئەنسرۆپۆلۆجیای كەلتوری و شڵەژانی كۆمەڵایەتی   

2019-10-22 15:01:05


جەزا والی 


زانستی ئەنسرۆپۆلۆجیا بەگشتی و ئەنسرۆپۆلۆجیای كەلتوری بەتایبەتی زانستێكی زۆر گرنگە بۆ خوێندنەوەو تێگەیشتن و توێژینەوەو شیكردنەوەی كەلتوری كۆمەڵگە و دیاردە كەلتوریەكان. هەتا ئەمڕۆ ئەم زانستە وەك بەشێك لە كۆلێژی زانستە كۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتییەكان لەزانكۆكانی كوردستاندا ناخوێنرێت، لەبەر ئەم هۆكارە هەتا ئێستا ئەو توێژینەوە زانستی و ئەكادیمیانەی لەبواری ئەنسرۆپۆلۆجیا لەهەرێمی كوردستاندا ئەنجامدراون زۆركەم و دەگمەنن، ئەمەش وایكردووە كە زانكۆو دەمودەزگا ئەكادیمیەكان نەتوانن دراسەی كەلتوری كوردی بەگشتی و كەلتورە جیاوازەكانی كوردستان ئەنجامبدەن.  
ئەنسرۆپۆلۆجیای كەلتوری Cultural Anthropology ئەو زانستەیە كە لێكۆڵینەوە دەكات لە داهێنانەكانی كۆمەڵگە، ئامڕازەكانیان، ئامێرەكانیان، چەكەكانیان، جۆر و شێوازی دیزاینی خانووەكانیان و نیشتەجێبوونیان، شێواز و جۆری جلوبەرگپۆشینیان، شێوازی ڕازاندنەوە و ئەو خشڵ و جوانكارییانەی بەكاریدەهێنن، یاری و هونەر و ئەدەبیاتیان، داب و نەریت و چیرۆك و ئەفسانەكانیان، واتە ئەو زانستەیە كە لێكۆینەوە لەهەموو بەرهەمە ڕۆحی و مادیەكانی كۆمەڵگە دەكات، هەروەها لێكۆڵینەوە لە وەرگرتن و خواستنی كەلتوور و گەشەی كەلتوریی و گۆڕانی كەلتوری كۆمەڵگە دەكات. هەروەها لە سەرەتا و ڕیشەی دروستبوونی كەلتور و شارستانیەت و فرەیی و جۆراوجۆریی كەلتور و چۆنیەتی بڵاوبوونەوەی  شارستانیەت و كەلتور دەكۆڵێتەوە. 
 هەروەها ئەنسرۆپۆجیای كەلتوری لقێكە لە ئەنسرۆپۆلۆجیا، كە لە شێوازی ژیان و بیروباوەڕ و دابونەریت و سرووتەكانی كۆمەڵگە دەكۆڵێتەوە و دابەشكراوە بۆچوار بەش: 1- زانستی شوێنەوار، كە گرنگی دەدات بە شوێنەوار و لایەنە مادییەكانی كەلتوور و پرۆسەی گەشەی مێژوویی كەلتوور.
 2- ئەسنۆلۆجیا بریتییە لە لێكۆڵینەوەی جیاوازی و بەراوردكاری كەلتوورییەكان.
 3- ئەسنۆگرافیا – وەسفی كەلتووری كۆمەڵگە.
 4- زانستی زمانەوانی: گرنگی دەدات بە زمان وەك ڕەگەزێكی سەرەكی كەلتور و وەك ئامڕازێكی سەرەكی پەیوەندی مرۆڤی و ئامڕازی گواستنەوەی بیروبۆچوون و گوزارشت بە وشە و ئاماژە و هێما.
ئەنترۆپۆلۆژیای كەلتوری لقێكە لە ئەنترۆپۆلۆژیایی گشتی و بایەخ بە توێژینەوەی كەلتوری مرۆڤایەتی، بیروباوەڕیان، بەهاكانیان، تەكنەلۆژیایان، بواری ئابووری، چالاكییە كۆمەڵایەتییەكانیان دەدات. 
كەلتور سەنتەری توێژینەوەی ئەنسرۆپۆلۆژیای كەلتورییە، بوارە سەرەكییەكانی ئەنسرۆپۆلۆژیای كەلتوری" هێماكان، بەهاكان، پەیوەندی كۆمەڵایەتی و ئابوری، دابونەریت، ئاین و بیروباوەڕەكان، هونەر، كارو بەرهەمهێنان و چالاكی ئابوری، ماف و ئامێرەكانی بەجیهانیبوون و تەكنۆلۆجیا دەگرێتەوە. 
ئەم زانستە گرنگی بە گۆڕانی كەلتووری و گونجانی كەلتووری دەدات. تایبەتمەندییەكانی لێكچووی نێوان كەلتوورەكان و لێكدانەوە و شیكردنەوەی قۆناغەكانی پێشكەوتنی كەلتووری لە كۆمەڵگەدا دیاری دەكات. هەروەها گرنگی بە زمان و شوێنەوار و بەراوری نێوان كەلتوورە جیاوازەكان دەدات. 
ئەنسرۆپۆلۆجستی ئەمریكی (Marvin Harris) دەڵێت: " ئەنسرۆپۆلۆجیای كەلتوری لیكۆڵینەوە دەكات لەو: شیوازی - ژیانە گشتگیرە كۆمەڵایەتییە بەدەست هاتووەی گروپیك لەخەڵك، كە چۆنیەتی ڕێگاكانی بیركردنەوەیان و كردارو هەستیان دەگرێتەوە". 
لەڕوانگەی گرنگی ئەم زانستەوە بە پێویستی دەزانین ناوەند و رێكخراوو سەنتەری توێژینەوەی كەلتوری لە هەرێمی كوردستاندا دابمەزرێت، بەمەبەستی: ئەنجامدانی توێژینەوەی كەلتوری دەربارەی ئاین و كەلتورە جیاوازەكانی وڵاتەكەمان و ئاشنابوونی خەڵك بە كەلتورە جیاوازەكان و شیكردنەوەی دیاردە كەلتورییە كۆن و نوێكان، دەستنیشانكردن و شیكردنەوەی خاڵە نەرێنی و ئەرێنییەكانی كەلتور و ئایینەكان. ئەمەش دەبێتە زەمینە سازییەكی پەروەردەیی بۆ بڵاوكردنەوە و چاندنی توخمە كەلتورییە دروست  و پێشكەوتووەكان و فرەكەلتوریی و قبوڵكردنی كەلتورە جیاوازەكان و پێكەوەژیانی ئاشتیانە. 
لە ڕێگەی گرنگیدان بەم زانستەوە دەتوانین پێكەوە ژیانی ئاشتیانەی ئاین و كەلتوورە جیاوازەكانی كوردستان و كەلتووری (لێبووردەیی  ئاینی و كەلتوریی) بكەینە كەلتوری باوی خەڵك. لە ڕێگەی ئەم زانستەوە دەتوانین پێكهاتە كەلتوریی و ئاینیەكان لەكوردستاندا بناسین و  تایبەتمەندییە نەتەوەیی و ئاینیی و كەلتوورییەكانیان بزانین و  ئاشنای بیروباوەڕ و بەها و یاسا و داب و نەریت و سرووتەكانیان ببین و لێیان تێبگەین. 
هەنوكە كۆمەڵگەی كوردستانی لەهەموو كات زیاتر پێویستی بەم زانستە هەیە، بۆ خوێندنەوەی هۆكارو دەرئەنجامەكانی ئەو شڵەژانە كۆمەڵایەتییەی لە كۆمەڵگەی كوردستانیدا ڕویداوە. بۆنموونە( بێمتمانەی، شەڕوئاژاوەی كۆمەڵایەتی، تاوان، جیابوونەوەی ژن و مێرد، خۆكوشتن، نەگونجانی كۆمەڵایەتی، بێكاری، لادان لە داب و نەریت و پڕەنسیپە كەلتورییەكان، توندوتیژی جەستەیی و دەروونی،هتد.) هەموو ئەم حاڵەت و دیاردە كۆمەڵایەتیانە، ڕەگ و ریشەی كەلتورییان هەیە و پێویستیان بە توێژینەوەی كەلتوری هەیە.  
سەرچاوەكان: 

محمد الخطيب، الأنثروبولوجيا الثقافية

شاكر مصطفى سليم، قاموس الانثروبولوجيا

 

ماستەر لە ئەنسرۆپۆلۆجیای كەلتوری 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand