Draw Media

بەکورتیی لەبارەی رێکەوتنی ئەمریکا و تورکیاوە:

بەکورتیی لەبارەی رێکەوتنی ئەمریکا و تورکیاوە:

2019-10-18 20:08:47


هیمداد شاهین 

یەک. ئاگربەست و رێکەوتنەکەی پێنس و ئەردۆغان، یاخود ئاگربەست و رێکەوتنەکەی ترەمپ و ئەردۆغان، بەبێ ئامادەبوونی رووسیا و سوریا، بەبێ ئامادەبوونی هەسەدە، تەنانەت بەبێ رەزامەندییەکی فیعلیی کۆنگرێسمانە خاوەن نفوژ و رادیکاڵەکانی ئەمریکا، ئاگربەست و رێکەوتنێکی تەواو شەخصییە و هیچ ریشەیەک بە رێکەوتنی دەزگایی و موئەسەسیی نایبەستێتەوە، پێشموایە زۆر و کەم ئیعتیباریی نابێت، راگرتنی شەڕە بۆماوەیەک، لەراستییدا وەرگرتنی پشوویەکە بۆ هەردوولا.
دوو. ئەمڕۆ رۆژێکی تەواو بەسەر ئاگربەست و رێکەوتنەکەدا تێدەپەڕێ، بەڵام دەیان سایت و میدیای ئەمریکیی و ئەورووپیی، بە مانشێت و خەتی گەورە نووسیویانە "تورکیا بە ئاگربەستەوەکەوە پابەند نییە"، "تورکیا هێرشەکانی رانەگرتووە"، "تورکیا بەڵێنەکەی بۆ ئاگربەست نەبردەسەر"، "تورکیا هێشتا بۆردوومان دەکات" و چەندین مانشێتی تر، ئەمە دەلالەتە لەوەی ئەردۆغان ئیعتیباری بۆ قسەکانی ترەمپ نییە، کاتێ ترەمپ بە زمانێکی شەعبیی پێیدەڵێ گەمژەمەبە، کاتێ ئەردۆغانیش نامەکەی دەخاتە تەنەکەی خۆڵەوە، دەلالەتناسیی ئەم پەرچەکردارە پێماندەڵێ ئەردۆغان ئەوەی بڕیاری لێداوە ئاسان لێی پاشگەز نابێتەوە.
سێ. سەردانییکردنی بەپەلەی ئەلێکساندەر لاڤرنتییڤ'ی نوێنەری تایبەتی ڤلادیمێر پوتین بە یاوەریی سێرگی ڤێرشینیین، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا بۆ لای ئەسەد، هەروەها لێدوانەکەی ئەسەد کە دەڵێ پێویستە بەزووتریین کات تورکیا و ئەمریکای دوژمن لە سوریا بچنە دەرەوە. پەیامێکی روونە بۆ ئەمریکا و تورکیا کە ئەوان بەبێ رووسیا و خودی ڤلادیمێر پوتین مافیان نییە و قودرەتیشیان نییە نەخشەی نوێی سوریا دابڕێژنەوە.
چوار. هەسەدە لەئێستادا بەشێوەیەکی زیرەکانە و تاکتیکیی مامەڵە لەگەڵ ئەمریکادا دەکات، گرەوەکانی هەسەدە لەسەر ئەمریکا، گرەون لەسەر قومارێکی مەحاڵ و بێمانا، چونکە ئەزموونێکی تاڵیان لە جێهێشتن و پشتێکردنی ئەمریکییەکان لەچەند رۆژی رابردوودا نووسیەوە و ئەمە بۆ ژیانی سیاسیی و سەربازییان وەک وانەیەکی گرنگ تەماشا دەکەن. لەبەرامبەردا ستراتیژییانە مامەڵە و هاوپەیمانێتیی لەگەڵ قەیصەرە نوێیەکەی رووسیادا دەکەن، چونکە لە ترسناکتریین و خوێناوییترین دۆخدا فریای هەسەدە کەوت و هێرشەکانی تورکیای تائەندازەیەکی زۆر سنووردار کرد.
پێنج. ئەم ئاگربەستە سەربگرێ و سەرنەگرێ، بە نزیکیی یەک ئەنجام بەدەستەوە دەدەن، لە حاڵەتێکدا ئەگەر سەربگرێ، ئەوە سەرگرتنێکی کاتییە و کێشەی کورد لە سوریا و پاشان تورکیا چارەسەر ناکات، ماوەیەکی تر هەمان کێشە سەرهەڵدەداتەوە، ئەگەرچی پێموایە ئەم ئاگربەستە لەئێستاشدا سەرناگرێ، چونکە ئەردۆغان دەیەوێ میلیشیا سونەکانی سوریا هەڵبڕێژێتە نێو رۆژهەڵاتی فوڕاتەوە، لەکاتێکدا ترەمپ یارییەکی ترسناک بە چارەنووسیی گەلانی ناوچەکە و سوریا و کوردەوە دەکات، بێباکە و گوێ لەکەس ناگرێ، بەڵام لەراستییدا ئەو نایەوێ کێشە و قەچییەی سیاسیی کورد چارەسەر بکات، ئەو دەیەوێ بەردەوام کێشە هەبێ، بۆئەوەی بەردەوام چارەسەری کاتی هەبێ، خۆی گوتەنی "کورد و تورک وەک منداڵ وان و پێویستە جارجارە شەڕ بکەن!".
شەش. بەپێی لێدوانی ئەمنست و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی جیهانیی، بەڵگەی تەواو لەبەردەستدا هەن کە سوپای تورکیا تاوانی جەنگی لە سوریا ئەنجامداوە، کۆمەڵکوژیی کردووە، چەکی کیمایی و قەدەغەکراوی بەکارهێناوە، منداڵ و ژن و پیری کوشتووە، خەڵکی مەدەنیی بە ئامانج گرتووە، نەخۆشخانە و مزگەوت و کەنیسەکانی تەقاندۆتەوە، ئەم مەلەفانە قورس لەسەر تورکیا و خودی ئەردۆغان دەکەون. لەئەگەرێکی نزیکدا، لە رووی نێودەوڵەتییەوە سزای قورسی جەنگی بەسەردا بدرێ.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand