Draw Media

رێککەوتنی ئەمریکا و تورکیا لەسەر رۆژئاڤا

رێککەوتنی ئەمریکا و تورکیا لەسەر رۆژئاڤا

2019-10-18 14:28:04


کەمال چۆمانی
لە رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و تورکیا, لە خاڵی هەشت ئاماژە بەوە کراوە کە تورکیا و ئەمریکا پەیوەستن بە یەکپارچەیی خاکی سوریا و پەیوەستبون بە بڕیارنامەی ژمارە 2254 نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ چارەسەریی کێشەی سوریا، واتا بەو پێیە بێت تورکیا نەک هەر لە ناوچە کوردییەکان دەبێ بکشێتەوە، دەبێت لە جەرابلوس و ئەلبابیش بکشێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو خاڵە جێبەجێنابێت، هەروەک چۆن رێککەوتنەکەش ئاسان نییە جێبەجێببێت، کە زۆر لە خاڵەکانی لە خزمەتی تورکیا دان. لە ئێستادا، تورکیا براوەیە، واتا شەڕەکەی بردۆتەوە بەڵام جەنگەکەی دۆڕاندوە. لە نزیک-مەودادا تورکیا براوەیە، بەڵام لە دور-مەودادا تورکیا دۆڕاوە. 
بەڵام:
لە خەباتی ئازادیخوازییدا، جا ئەگەر خەباتەکەش دژی دەوڵەتێکی وەک تورک بو کە ئەندامی ناتۆیە، لەولاشەوە دژی دەیان گروپی تیرۆریستیی ئیسلامیی و شۆڤێنیستی عەڕەبیی بو، لە ناوچەیەکیشدا کە ئەکتەرە ناودەوڵەتیی و ئیقلیمییەکان ململانێی تێدا دەکەن، بەتایبەتییش کە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا-یەکێتیی ئەوڕوپا و ئێران-روسیا بەیەکدا دەدەن، لە جیۆگرافیایەکدا کە بۆ شەڕ کەڵکی نییە و ناوچەی شاخاویی گەورەی لێ نییە و شارەکان بچوکن، کاتێکیش هاوپەیمانەکانی تۆ تەنها پێنج ساڵە هاوسۆزتن و لەگەڵ دوژمنەکەتدا پەیوەندیی ئابوریی سەدان ملیار دۆلاریان هەیە و دەیان ساڵە هاوپەیمانن، تۆ یان دەبێت ئەو واقیعە قبوڵ بکەیت و هەندێک تەنازول بکەیت، یان دەبێت خۆت بدەیتە دەست قەدەرێکی نادیار کە ئەو قەدەرە ئەگەری هەیە -خۆ لەوانەشە ئەو ئەگەر پێچەوانەکەی راست بێ- هەر بە کوشتنی خەبات و شۆڕشەکەت لەوانەیە کۆتایی نەیەت، بەڵکو خاکەکەشت لەدەستبدەیت، باشترین چارەسەر ئەوەیە تۆ بچیتە رێککەوتنەوە بۆ پاراستنی خەبات و خەڵکەکەت، ئەوەشی چاوەڕێت دەکرد لە پێنج ساڵی داهاتودا بەدەستیبێنیت، لەوانەیە ببێتە ١٠ ساڵ. 
ویستی تۆ جیاوازە لە واقیعی سیاسیی و عەسکەریی. کاتێک روبەڕوی واقیعێکی تاڵ دەبیتەوە، سیاسیی عاقڵ ناڵێت یان هەمو یان هیچ، وەک سەرکردایەتی کورد لە هەرێمی کوردستان لە کاتی ریفراندۆم. قبوڵکردنی واقیع تاڵە، توشی رەخنە دەبیتەوە، زۆر کەس ئازار دەچێژێ کە دەبینێت دوای ئەو قوربانیدان و ئازایەتییە ناچار بە پیاڵەیەک ژەهر دەکرێیت، بەڵام هیچ چارەسەرییەکی باشترت نییە. 
بۆیە بە رای من، ئەو رێککەوتنەی ئەمریکا و تورکیا، ئەگەر جێبەجێببێت و جارێکی تر شەڕ دروستنەبێتەوە، دەبێتە رێککەوتنێک کە دەبێتە وەرچەرخانێک لە مێژوی بزاڤی ئازادییخوازیی کوردستان و ناوچەکە. بیرتان نەچێت، پرسی رۆژئاڤا و باکور بەیەکەوە گرێدراوە، تورکیا یان دەبێت رۆژئاڤا لەسەر نەخشەی سوریا و دونیا بە ئایدیۆلۆژیاکەشیەوە بسڕێتەوە، یان دەبێت رۆژئاڤا قبوڵبکات و پرسی کورد لە تورکیا چارەسەر بکات. ئەوە پڕۆسێسێکی درێژە، بەڵام ئەو رێککەوتنە -هیوادارم- دەبێتە سەرەتای ئەوەی وێنەی سیاسەت لە سوریا و تورکیا جارێکی تر بکێشرێتەوە، بێگومان لەو وێنەیە نوێیەی سوریا و تورکیادا کورد جێدەگرێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand