ئامانجە ئابوریەکانی تورکیا لەداگیرکاری ڕۆژئاوا
2019-10-18 10:50:13
سەرکۆ یونس
ڕۆژئاوای کوردستان یان باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا ، جوگرافیایەکی تایبەتمەند و دیموگرافیایەکی فرە ڕەنگ و فرە ئاینە لەنێوان کورد و عەرەب و مەسیحی .خاوەنی سەروەت و سامانێکی زۆری ژێر زەوییە.
لەدوای شۆڕشی مەدەنیانەی خەڵکی سوریا دژی حکومی بەشار ئەسەد و سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆیی و دەست تێوەردانی وڵاتانی ناوچەکە و جیهان لەو وڵاتە، ڕۆژهەڵاتی باکوری سوریا کەوتە دەست دەسەڵاتی پەیەدە و یەپەژە هەر زوو توانیان ئیدارەیەکی خۆسەری بۆ بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانە پێک بهێنن سەرەڕای هەموو ڕەخنەکان تاڕادەیەکی باش توانیان نمونەیەکی جوانی خۆ بەڕێوەبردن پێشکەش بکەن و ناوچەکەیان بکەن بەئارامترین شوێنی سوریا
بەڵام هەڕەشەکانی تورکیا و ئەردۆغان لە ئێستادا ناوچەکەی کردوە بە نائارامترین شوێنی ئەو وڵاتەو و ناوچەکە، تورکیا مەبەستیەتی (ناوچەی ئارام) بە قوڵایی (30) کلم لەناو خاکی ڕۆژئاوا دروست بکات و هەژمون و پێگەی کوردی سوریا لەناوچەکە لاواز بکات بۆ ئەم مەبەستەش چەند هۆکارو مەبەستی ئاشکراو نهێنی کردوە بە بیانوی داگیرکارییەکەی
لەدوا نیوەرۆی (9/10/2019) لەژێر ناوی (کانیاوی ئاشتی) ئۆپراسیۆنەکەی دەست پێ کرد بە هاوکاری گروپە ئۆپۆزیسیونەکانی حکومەتی سوریا و هەندێ گروپی توندڕەوی ئیسلامی عەرەب کەدەستیان لەتاوانی مرۆیدا هەیە.
ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە لایەنی و ئابوری و هۆکارە شاراوەکانی تری ئەم ئۆپراسیونەی تورکیایە بۆ سەر ڕۆژئاوا دەتوانین بڵێین خۆی لەم هۆکارانەی خوارەوە ئەبینێتەوە:-
1- دەوڵەمەندی ئەو ناوچانەی دەکەونە ژێر دەسەڵاتی خۆسەری کوردانی ڕۆژائاوا(هەدەسە) کەبەدەوڵەمەنترین بەشی سوریا حساب دەکرێت و سەرجەمی یەدەگی نەوتی دڵنیایی سوریا نزیکەی دوو ملیار بەرمیلە و کەمتر لە (0.18%) ی یەدەگی نەوتی جیهانە ،ئەم ناوچانە خاوەنی لە (%90)ی سامانی نەوتی سوریایە و لە (%45) بەرهەمهێنانی غاز لە ڕۆژئاوایە و بەرهەمێنانی نەوت لە سوریا
.
لەساڵی (2010) گەشتە نزیکەی (400) چوار سەد هەزار بەرمیل ڕۆژانە لەم ژمارەیە (250) هەزاری لە ناوخۆ بەکاردەهێنرێت و ئەوەی تری هەناردەی دەرەوەی دەکەن لە ئێستادا ئەم بەرهەمێنانە دابەش بووە بەسەر هەردوو دەسەڵاتی حکومەتی دیمەشق و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوا (هەسەدە) وە زۆربەی بیرە نەوتییەکانی دەکەونە باکوری خۆرهەڵاتی سوریاوە واتە رۆژئاوی کوردستان.هەروەها رۆِژئاوا خاوەنی چەندین کارگە و پرۆژەی ستراتیژی و پیشەسازی و کشتوکاڵی و وەک لۆکە و گەنم و زەیتون و جۆرەکانی ترە.
2- خۆ ڕزگارکردنی ئابوری و دارایی تورکیایە لەو بارگرانییەی کە بەهۆی ئاوارەکانی سوریاوە دروست بوە لە تورکیا کە نزیکەی (2 تا 3) ملیۆن ئاوارە لە تورکیا هەیە ،ئەردۆغان دەیەوێ بەم ئۆپراسیۆنە بەشێکی زۆری ئەو ئاوارانە بگەڕێنێتەوە بۆ خاکی سوریا هەروەک چۆن لە کانتۆنی عەفرین ئەو سیاسەتەیان جێ بەجێ کرد دوای ئەوەی لە ئۆپراسیۆنێکا عەفرینی داگیرکرد و بەدەیان خێزانی ئاوارەی عەرەبی ناردەوە بۆ عەفرین، ئەردۆغان دەیەوێ بەدروست کردنی ناوچەیەکی ئارام ئەو سیاسەتە جێ بەجێ بکات
3- ئامانجێکی تری ئەردۆغان سڕینەوەی ناوچەکوردیەکانە بەهێنانی عەرەبی هاوردەی تورکیا بۆ ناوچەکە و لاوازکردنی پێگە و دەسەڵاتی کورد و سەرئەنجام هەڵگیرساندنی شەڕی کورد و عەرەب و بێ گومان ئەم سیاسەتە دەرئەنجامەکانی دوور مەودایە و مەتری بۆ سەر نەتەوەیی کورد دروست دەکات.
4- بیانویەکی تری ئەردۆغان و تورکیا لەکوردانی ڕۆژئاوا دروست کردنی دەوڵەتێکی کوردیە لە ڕۆژهەڵاتی فورات لەسەر بیروڕای و ئایدۆلۆژیای عەبدوڵا ئۆجالان و پاڵپشت کردنی پەکەکە لەو دەوڵەتە و مەترسی ئەوەیە لە داهاتودا رۆژهەڵاتی فورات ببێتە شوێنێکی ستراتیژی بۆ هێرشکردنە سەر تورکیا و بیانوی ئەوە ئەهێنێتەوە ئەم دەسەڵاتەی کوردان لە ڕۆژئاوا ببَیتە پێگەیەکی بەهێزی پەکەکە و لەئایندەیشدا ببێتە پێگەیەک بۆ شۆڕشگێڕانی تری کوردی باکور .
*ئابوریناس