داخۆ ڕێکەوتنی تورکیا-ئەمریکا سەر دەگرێت؟
2019-10-18 10:46:34
شێرکۆ کرمانج
لەسەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین کە ڕێکەوتنی دوێنێی نێوان تورکیاو ئەمریکا تاڕادەیەکی زۆر تەمومژاوییە. جەوهەری کێشەی نێوان ڕۆژاڤاو تورکیا قەبارەو شوێنی ئەو ناوچە ئارامەیە کە تورکیا داوای دەکات. ڕێکەوتنەکەش بە هیچ شێوەیەک نە ئاماژەی بە قوڵایی نە بە پانتایی ناوچە ئارامەکە نەکردوە، لە خوارەوە هەم لەسەر ناوچە ئارامەکە هەم لەسەر هەڵوێستی هەسەدە لەپەیوەند بە ڕێکەوتنەکە قسەو باسێک دەکەین.
ناوچە ئارامەکە، لە کوێوە بۆ کوێیە؟
دەکرێت بگوترێت کە ئاماژەنەکردن بە قوڵایی و شوێنی ناوچە ئارامەکە خاڵێکی پۆزەتیڤی ڕێککەوتنەکەی تورکیا -ئەمریکایە. بەگشتیی دوو تەفسیر بۆ ڕێکەوتنەکە دەرکەوتن، یەکەم، تەفسیرێکی تورکی کە گوایە ناوچە ئارامەکە بە قوڵایی ٣٠ کیلۆمەترەو پانی نزیکەی ٤٥٠ کیلۆمەتر دەبێت کە لە کۆبانێ دەستپێدەکات تا سەر سنوری باشوری کوردستان.
لەبەرابەردا، تەفسیری کوردی بۆ ڕێکەوتنەکە ئەوەیە کە ناوچە ئارامەکە تەنیا ئەو ناوچانە دەگرێتەوە کە ئێستا شەڕی تێدا هەڵگیرساوە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە پانی ئەو ناوچەی کە شەڕی تێدا ڕادەوەستێت لە سەرێ کانی تا گرێ سپیە نەک لە کۆبانێ تا سەر سنوری باشور.
لەسەر ئەو بنەمایە من وای بۆ دەچم کە ڕێکەوتنەکە لەسەر مەسافەی نێوان سەرێ کانی و سەرێ سپی کرابێت کە ١٠٠ کیلۆمەترە، واتە ئەو ناوچانەی کە شەڕ لێیاندا هەڵگیرساوەو ئێستا بەشێکی بە قوڵایی نزیک لە ٣٠ کیلۆمەتر لەلایەن ھێزەکانی تورکیا داگیرکراوە. ئەگەر وابێت، کاریگەریی ناوچە ئارامەکە زۆر کەم دەبێت لەبەر ئەم هۆکارانە:
یەکەم، ناوچەی ئارام ٥٥٠ کیلۆمەتر نابێت وەک ئەوەی کە تورکیا خەونی پێوەدەدیت بەڵکو تەنیا ئەو ١٠٠ کیلۆمەترە دەبێت کە دەکەوێتە نێوان سەرێ کانیو گرێ سپی وەک لە نەخشەکە دیارە.
دووەم، لەبەرئەوەی بەگشتیی ئەم ناوچانە ناوچەی عەرەبنشین بۆیە ئەگەر تورکیا ئاوارەکانیشی تێدا نیشتەجێ بکات دیموگرافی ناوچەکە بەزەرەری کورد ناگۆڕێت بەڵکو دەبێتە کەمبوونەوەی ڕێژەی عەرەب لە ڕۆژاڤا چونکە ئەگەری زۆر کەمە کە تورکیا ئەم ناوچانە چۆڵبکات.
بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە داخۆ هەسەدە بەم ڕێکەوتنە ڕازی دەبێت؟
من پێموایە سەرەڕای ئەوەی کە هەسەدە پێشوازی لە ڕاگرتنی شەڕ کردوە بەڵام پێموانیە کە بەو ڕێکەوتنەی نێوان تورکیا و ئەمریکا ڕازی بێت بەتایبەتی بەو شێوەیەی کە تورکیا تەفسیری دەکات کە گوایە ناوچە ئارامەکە لە کۆبانێ درێژدەبێتەوە بۆ سەر سنوری باشوری کوردستان.
ناوچە ئارامەکە وەک لەسەرەوە ئاماژەی پێکرا لە ڕێکەوتنەکە دیارینەکراوە بۆیە هەر لایەنە بەپێی تێگەیشتنو قازانجی خۆی تەفسیری دەکات. پرسیار ئەوەیە بۆ هەسەدە بە ڕاگرتنی شەڕ ڕازییە بەڵام بە ڕێکەوتنەکە ناڕازی، ئەی مەبەستی چیە لە ڕاگرتنی شەڕ؟ دەکرێت مەبەستەکانی هەسەدە لە ڕاگرتنی شەڕ لەم خاڵانە کۆبکرێنەوە:
یەکەم، هەسەدە دەتوانێت بە قازانجی خۆی کەڵک لەو پێنج ڕۆژەی ڕاگرتنی شەڕ وەربگرێت بۆ دووبارە خۆڕێکخستنەوەو پلاندانان. ئەگەر ئەوە بەبیر خۆمان بێنینەوە کە ئەمریکییەکان زۆر کتوپڕ پشتیان لە ڕۆژاڤا کردو تورکیاش زۆر خێرا هێرشی کرد، ئەمەش وایکرد کە هەسەدە ئامادەکاریی تەواوی بۆ شەڕەکە وەک پێویست نەکردبێ، بۆیە دەکرێت بڵێین بۆ هەسەدە ئەم پێنج ڕۆژە زۆر پێویستە.
دووەم، هەسەدە لەوانەیە بیەوێت کات بکڕێت تاوەکو هێزەکانی سوریاو ڕوسیا دەگەنە ناوچەکە لەسەر سنوری تورکیا-سوریا، ئەوکات بەرگریکردنو شەڕکردن لەگەڵ تورکیا بۆ هەسەدە ئاسانتر دەبێت ئەویش بە مسۆگەرکردنی پشتیوانی ڕوسیاو سوریا.
سێیەم، هەسەدە دەیەوێت پێكهاتنەکانی لەگەڵ سوریا و ڕوسیا لە بەیاننامەیەک بگەیەنێتە هاوپەیمانیەکی تۆکمەترو هەماهەنگی لەنێوان هێزەکانیان دروستبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشەکانی تورکیا، لەبەر هێرشەکانی تورکیاو کتوپڕی پێکهاتنەکان هەسەدەو لایەنەکانی دیکە تا ئێستا نەپڕژاونەتە سەر وردەکارییەکان، ئەم پێنج ڕۆژە لەوانەیە ئەو دەرفەتە بڕەخسێنێت.
سێیەم، لەو پێنج ڕۆژە لەوانەیە هەسەدە تێگەیشتنو بەرچاو ڕونیەکی باشتری بۆ پێکهاتنەکانی لەگەڵ ڕوسیا و سوریا لەلا دروستبێت، بۆیە ڕەتکردنەوەو قەبوڵکردنی ڕێکەوتنەکە لەلایەن هەسەدە دەوەستێتە سەر ئەوەی کە داخۆ سوریاو ڕوسیا چەندە جدین لە پشتیوانیکردنی هەسەدە، ئەگەرنا لەوانەیە ڕازیبیێت بە ڕێکەوتنەکە.
چوارەم، هەسەدە لە ماوەی ئەو پێنج ڕۆژە ئەوەشی بۆ ڕوندەبێتەوە کە داخۆ پۆتین لە دانیشتنە چاوەڕوانکراوەکەی ٢٢ی ئەم مانگە لەگەڵ ئەردۆگان لەسەر چی پێکدێت. ڕوسیا هەڵوێستی توند بێت ئەوە هەسەدەش هەڵوێستی توند دەبێت، پێچەوانەکەشی لەوانەیە ڕاستبێت.
هەرچۆنێک بێت، من وای بۆ دەچم دەکرێت تەواو هەڵەبم، بەڵام ڕازی بوون بەم ڕێکەوتنە بەم شێوەیەی کە تورکیا تەفسیری دەکات بێجگە لە پاراستنی ژیانی شەڕڤانانو ڕاگرتنی ئاوارەبوونی کوردانی ڕۆژاڤا هیچ قازانجێکی دیکەی بۆ کورد نیە.
خۆ ئەگەر ناوچەی ئارامیش وەک هەسەدە تەفسیری دەکات تەنیا ئەو ١٠٠ کیلۆمەترەی نێوان سەرێ کانیو گرێ سپی بگرێتەوە ئەوە بە ڕای من ڕێکەوتنەکە لە قازانجی کوردیش نەبێت لە زەرەری نیە.