نامەیەكی كراوە بۆ بەرپرسانی رۆژاڤا
2019-10-17 09:02:39
د. ئیسماعیل نامیق
بەڕێز مەزڵوم كۆبانی
بەڕێز صالح موسلیم
بەڕێزان سەرجەم بەرپرسانی سەربازی ومەدەنی بەڕێوەبەرێتی خۆسەر
سڵاو،
ئەزانم لەئێستادا بەكاتێكی سەخت ودژواردا تێدەپەڕن، بەهۆی ئەو دەستدرێژیە ناڕەوایەی دەوڵەتی تورك وچەتەكانی كە بۆ پاكتاوكردن وسڕینەوەتان دەستیان پێكردوە، وە لەئەزموونی سیاسی وسەربازی وحیكمەتی بڕیاردانتان دڵنیام، كە بڕیارێك نادەن، یان هەنگاوێك نانێن، دژ بەگەلی خۆ، بۆیە پێویستتان بەهیچ رێنمایی وئاراستەكردنێك نیە، ئەركی ئێمەش تەنها پشتگیریكردن وهاوكاریكردنتانە.
بەڵام ئامان بیرتان نەچێت، لەئێستاوە بەڵێن بەخۆتان وگەلی خۆ بدەن، دوای تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە دژوارە و دروستكردنی قەوارە وئیدارەی خۆتان، قەت بیر لەوە مەكەنەوە، بەبیانوی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی لەدەسەڵاتدا بۆ هەمیشەیی بمێننەوە. ئەم خەباتە پیرۆزەتان هەرگیز بەخەڵكی مەفرۆشنەوە، چونكە ئێوە ئەو كاتە بەجوانی وگەورەیی دەمێننەوە كە بەهای مادی ودارایی لەبەرامبەر خەباتەكەتاندا وەرناگرن، ئەو دەمە جێگەی شانازین، كە منەت بەسەر خەڵكیدا ناكەن ونابن بەبەڵا بەسەریانەوە. ئێوە دوای قۆناغی شەڕ ودەستپێكردنی ئیدارەی مەدەنی، بەبیانوی خزمەتكردن لەدەسەڵاتدا مەمێننەوە، چونكە ئێوە گەورەترین خزمەتتان كردوە، ئیتر پێویستە باشترین خزمەت بكرێن، هەرمانەوەیەكتان لەدەسەڵاتدا لەقۆناغی ئیدارەی مەدەنیدا بێگومان زیان بەم خەباتە پیرۆزەتان دەگەیەنێت.
بەڕێزان، تكاتان لێدەكەم لەدوای قۆناغی شەڕ قەت بیر لەوە مەكەنەوە كۆمپانیا وڤێلا وباخ وریزە ئۆتۆمبیل وپاسەوان و هێزی سەربازی تایبەت بەخۆتان هەبێت، چونكە ئەوانە نەك زیان بەخۆتان، بەڵكو زیان بەروحی شۆڕگێڕی ونیشتمانپەروەری خەڵك دەگەیەنن ولەگۆڕی دەنێن. مەڵێن دۆخی مەترسیدارمان تێپەڕاند ودۆستەكانمان دەمانپارێزن وپێویستمان بەخەڵك نەماوە، دڵنیابن ئەگەر ئیرادە وخۆڕاگری خەڵك نەبێت كەس ناتوانێت بتانپارێزێت، ئەگەر خەڵكیش بەدڵ وبەگیان لەگەڵتاندا بێت، پارێزراو دەبن. دڵنیاشبن تا كورد بڕیاریدابێت بەكوردبوون بمێنێتەوە، خەباتی چەكداری پێداویستیەكی ژیانیە بۆمانەوەی.
خوشك وبرایان، هیچ كات بیر لەوە مەكەنەوە، كوڕ وكچەكانتان بنێرنە خۆشترین وڵاتانی جیهان، یان بیانێرن بۆ باشترین زانكۆكانی جیهان لەپارەی میللەت بڕوانامە بەدەستبهێنن، هەروەها رێگە خۆش مەكەن بۆ كوڕ وكچەكانتان تا بەهۆی خەباتی ئێوەوە ببن بەسەرمایەدار، یان پشتاو پشت دەسەڵاتیان بۆ بگوێزرێتەوە، چونكە ئەگەر ئەمەتان كرد، ئیتر ناتوانن خەبات وماندوبونتان بەخەڵكی بفرۆشنەوە، ئەو كات میللەت مافی خۆی دەبێت پێتان بڵێت، ئێوە خەباتتان بۆ خۆتان وخێزانتان كرد وپاداشتەكەیتان بەزیادەوە وەرگرتووە، چیتر باسی مەكەن بۆمان.
نابێت ئەوە لەبیر بكەن، كە هەزاران كچی جوان دەستبەرداری مێینەتی خۆیان بوون ووازیان لەهەموو ناز وناسكیەك هێناوە، بەشەرەف وكەرامەتی خۆیان ئامادەن لەبەرامبەر سوپای بێ بەزەیی وتورك وكۆمەڵێك چەتەی دڕندە پارێزگاری لەمیللەتەكەیان بكەن. ئەو هەزاران كوڕە جوانە فەرامۆش مەكەن، كەژیانی گەنجێتی وخوێندن وخۆشی ژیان دەكەن بەقوربانی گەلەكەیان. لەقۆناغی ئیدارەی مەدەنیدا ئەم شەڕڤانە پاڵەوانانە هەمویان كارتی دەستەبەری ژیانیان بۆ بكرێت وهەموو پێداویستیەكانی ژیانیان بۆ فەراهەمبكرێت ولەفەرمانگەكاندا سڵاوی سەربازیان بۆ بكرێت وبەڕێزەوە ئیش وكارەكانیان بۆ جێبەجێ بكرێت.
شەهیدەكانتان بكەنە تاجی سەرتان، غەمباری وجەرگ سوتاوی كەس وكاریان بەكەم مەزانن، دەبێت كاری لەپێشینەتان، دڵدانەوەو تەعویزكردنەوەی كوڕ وكچی ئەو شەڕڤانانە بێت، كەباوك ودایكیان شەهید بوونە، رێزی تەواویش لەو باوك ودایكانە بگرن كە كوڕ وكچە شەڕڤانەكانیان داری ئازادی رۆژاڤا بەخوێنی خۆیان ئاو دەدەن. دەستم بەدامێنتان ناو وخوێنی شەهیدەكان مەكەن بەبابەتی داڕشتن وشیعرو شانامەی درۆ، كۆڕ وكۆبونەوە حیزبیەكانی خۆتانی پێ جۆش بدەن.
ئەزانن لەدەستدانی ئەندامێكی جەستە، چەند بەئازار وپڕ سوێیە بۆ مرَوڤـــ، ئەوانەی ئەندامەكانی جەستەیان لەدەستئەدەن، ئەبێ زۆر وریا بن، پیویستیان بەمامەڵە وبایەخ پێدانێكی زۆر تایبەتە، نەكەن تكایە نەكەن، پشت گوێیان بخەن وبیاندەنە دەستی غەدری زەمەن، ئەمانە دەبێت ئێوە بڕۆنە بەردەم ماڵەكانیان وسڵاوی سەربازیان بۆ بكەن وبەردەوام بەدەمیانەوە بن، چیان پێویست بوو بۆیان بكەن.
ئاگاداربن، ئەو خەڵكەی ئاوارە دەبن وماڵ وسەروەتیان دەسوتێ یان تاڵاندەكرێت، لەبەر ئەوەیە بەژیانی ژێر دەستی داگیركەر رازی نین، ئەگەر باشیش بێت، بۆیە دەبێت زۆر گرنگی بەم بابەتە بدەن وژیانێكی شایستەتریان بۆ دابین بكەن، تا پەشیمان نەبن لەئێستاو خۆزگە بۆ رابردوو نەخوازن.
ئەبێ هەستتان بەوە كردبێت، بیركردنەوەو پێدوایستی خەڵك لەقۆناغی ئیدارەی مەدەنیدا جیاواز دەبێت لەبیركردنەوەو پێداویستی قۆناغی ئێستا، ئەو كات داوای دادپەروەری وئازادی ودیموكراسی وفرە رەنگیتان لێدەكەن، ئەبێ خۆتان بۆ ئەو قۆناغە ئامادە بكەن.
دەستتان خۆش بێت نەتانهێشتوە، دوبەرەكی بكەوێتە نێو هێزە چەكدارەكانتانەوە، وە كارێكی باشتان كردووە نەتانهێشتووە هێزی سەر بەم لاو لا لەڕۆژاڤادا دروست بێت، بەڵام ئازیزان دەبێت ئەوە بەهەند وەربگرن، كەهێزە سەربازیەكەتان هێزێكی دامەزراوەیی بێت، پارێزگاری لەهەموو تاكێكی رۆژاڤا بكات وهێزی ئەم پارت وئەو پارت نەبێت، خۆی بەدور بگرێت لەململانێی سیاسی، وبەیەك ئاست لەهەموو هاووڵاتی وپارتێكی سیاسی نزیك بێت.
ئازیزان، ئەگەر بەمێژووی خەباتی چەكداری كوردستانی باشوردا ( هەرێمی كوردستان ) بچنەوە، دەتوانن سەدان وهەزاران داستانی كۆبانێ وسەرێكانی ئاسای تێدا بدۆزنەوە، بەڵام دڵنیابن ئێستا لەتوانای كوردی باشوردا نیە، داستانێكی هاوشێوەی ئەوانە بنوسێتەوە، هۆكاری ئەمەش ئازایەتی نەوەی رابردو وترسنۆكی نەوەی ئێستا نیە، بەڵكو تاكە هۆكار خراپی وفەشەلی ئیدارەی مەدەنی پارتە دەسەڵاتدارەكانە، چونكە لەئاستی مەزنی ئەو خەبات وخوێنەدا نەبوو كەلەپێناویدا بەختكرا، خراپی ئەم ئیدارەیەش روحی شۆڕشگێڕی ونیشتمانپەروەری تەواو لاواز كردوە. روداوەكانی 16 ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 وپەرچەكرداری خەڵك لەو كاتەدا باشترین گەواهیدەری ئەم راستیەن. ئەوەش بزانن خەڵكی هەرێمی كوردستان ئەوەندەی ئێستا بۆ رۆژاڤا بەپەرۆشن، لەساڵی 2017 بۆ كەركوك وناوچە جێناكۆكەكان بەپەرۆش نەبوون، چونكە ئەزمونی ئێوە لەبەڕیوەبردندا تاقینەكراوەتەوە، بەڵام لەهەرێمی كوردستاندا ئەزمونی 27 ساڵەی حوكمڕانی سەركەوتوو نەبووە. بەكورتی دەمەوێت پێتان بڵیم، ژیریە ئەگەر سود لەكەموكوڕیەكانی باشور وەربگرن، بۆ ئەوەی رۆژاڤا زوو خۆری شۆڕگێڕی ونیشتمانپەروەری لێ ئاوا نەبێت.
خوشك وبرایانی رێزدار، لەكۆتاییدا ماوەتەوە بڵێم، ئەم قۆناغە سەخت ودژوارە تێدەپەڕێنن، بەرهەمی خەباتتان دەچننەوە، رەنگە ئەوەی بەدەستی دەهێنن دڵخوازی ئێوە وهیچ كوردێك نەبێت، بەڵام دڵنیام رەورەوەی خەباتی ئێوە بەرەو پێشەوە دەڕوات، هەرگیزا وهەرگیز ناگەڕینەوە دۆخی پێش ساڵی 2011، گومان دەبەم دۆخێكی هاوشێوەی هەرێمی كوردستانی- عێراقتان بۆ دروست ببێت، ئەمەش رادەوەستێت لەسەر ئەو حیكمەت وژیری وسەلیقە سیاسیەی كە لێتان چاوەڕوان دەكرێت لەهەڵنانی هەنگاو بڕیارەكانتاندا. بۆیە داواكارم، بەرهەمی خەباتتان هەرچیەك وهەرچۆنێك بێت، ئەم ووشانە لەیادتان بێت ولێمەگەڕێن لەزاكیرەتاندا بسڕێنەوە. بژی كورد، سەركەوێ رۆژاڤا.
هەر شاد وسەرفرازبن.
د. اسماعیل نامق
17/ 10/ 2019