لەیادی خیانەتی ۱٦ ی ئۆکتۆبەر ئەی بۆ ۱۳ی ئۆکتۆبەری ڕۆژئاوا چ دبێژن؟؟؟!!!
2019-10-16 18:35:26
د.بەختیارشاوەیس
ئەوەی لەڕۆژئاوا ڕوودەدا بەرامبەر بەکوردانی ئەوپارچەیەی کوردستان بەهۆی لەشکرکێشی سوپای داگیرکەری تورکیا لەکوشتن و برین و لەجینۆسایدی خەڵکی کوردستان. نەک بەتەنهائێمە، نەک هەر کوردانی هەموو سەرزەمین ، بەڵکو ویژدانی ئازادیخوازان و مرۆڤدۆستانی دنیای دەرەوەی ڕاچەنیوەو چەند ڕۆژیکە خەوی لەهەموان تاساندوەو دەست بەدۆعا و بەوپەڕی ماتەم و حوزنەوە تابەیانی بەدیار هەواڵێکی خۆش بۆ منداڵ و ژن و پیرو پەککەوتەکانی کوردانی مەزڵومی ڕۆژئاوا ڕۆژ دەکەینەوە.
دوای پێنج ڕۆژ لەدەستپێکردنی لەشکرکێشیەکەو لەناو ئەو شەڕە نابەرابەرەی کەلەنێوان سوپای تورکیا و شەڕڤانان هاتە ئاراوە، کە بەداخی زۆرەوە شەهیدبونی نزیکەی ۲۰۰ هاونیشتمانی و سەدان بریندار و ئاوارەبونی ۲۷۰ هەزار هاوڵاتی ڕۆژئاوای کوردستانی لێکەوتەوە. هەربۆیەلە۱۳ی ئۆکتۆبەر فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە مەزڵوم کۆبانی ڕێککەوتنی لەگەڵ سوپای سوریا ڕاگەیاندو وتی: لەنێوان ڕێککەوتن لەگەڵ سوریا و قڕکردنی گەلەکەمان بێگومان ژیانی گەلەکەمان هەڵدەبژێرین.
ئەم دۆخە تراژیدیایەی کەئێستا لەڕۆژئاوا دەگوزەرێ، دەکرێ سوتفەیەکی سەیر بێت لەگەڵ ئەو ڕوداوانەی کە ۱٦ی ئۆکتۆبەری دوو ساڵ لەمەوبەر لەکەرکوک ڕویاندا،وەک مێژووی ڕۆژەکە بەتەنها سێ ڕۆژ جیاوازیان هەیە، بەڵام لەقوڵایدا و لەمامەڵەی ژیرانەی سەرکردە سەربازیەکانی ئەوکاتی کەرکوک و ئێستای ڕۆژئاوا زۆر لەیەک دەچن.
پەندێک هەیە دەڵێ: هەندێک حەقیقەت هەیە تەنها بەتێپەربونی کات ڕون دەبێتەوە. ئەوەی کەلە۱٦ ی ئۆکتۆبەری کەرکوک ڕوویدا، هەمان سیاسەتێک بوو کە لە۱۳ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ لەڕۆژئاوا ئەنجامدرا، بەڵام جیاوازیەکە ئەوەیەکەلەلای کەسانێک ئەوەی کەرکوک خیانەت و ئەمەی ڕۆژئاوا لەلای زۆرینە بڕیاری ژیرانەوشەرەفمەندانەو دڵنیام هەروایە.
لەپەیوەندیدا بەم مناقەشە بەردەوامە بێئەنجامەوە، پێموایە بەهەمومان لەدووساڵی ڕابردوو نەمانتوانی وەک بڕیارەکەی مەزڵوم کۆبانێ حەقیەتی ۱٦ی ئۆکتۆبەری ۲۰۱۷ بۆ جەماوەر ڕوون بکەینەوە.
مەزڵوم بەبڕیارە ژیرانەکەی هەربەتەنها مەزڵومیەتی کوردی لەڕۆژئاوا نەپاراست و کوردقڕانی دوورنەخستەوە، بەڵکو پەیامێکیشی دابەگوێی فس فس پاڵەوانەکانی ناوبەشێک لەکەناڵەکانی تەلەفزیۆنی خۆمان و پێی وتن ئیتر بوختان وچەواشەکاری و تەشهیرەکانتان بەوەی ۱٦ی ئۆکتۆبەر خیانەت بوە درۆیەکی گەورەیە.چونکە لەناوجەرگەی شەڕی نابەرابەر و لەم سەردەمەی تەکنەلۆجیاو پیلانگێڕی سەربازی دەوڵەتانی بەرژەوەندیخواز ، پاراستنی ژیانی گەل و ڕێگەگرتن لە ڕژانی پەنجەی منداڵێک گەورەترین دەسکەوت و شانازی یە.
کەواتە جەنگاوەرانی ۱٦و۱۳ ئۆکتۆبەر لەباشوور و ڕۆژئاوای کوردستان، حەقیقەتی سیاسەتی ژیرانەتان ئەمڕۆ لای خەڵک بەدەرکەوت، هەروەک دەزانم ڕۆژیکیش دێت کەخەڵاتی شانازی و مەدالیای سەربەرزیتان دەکرێتەگەردن. وەک ئەوەی پەشێوی شاعیر بۆمەزڵوم کۆبانێ نوسیوە؛ ئەمەی تۆ کردت هەرگیز فرۆشتن نیە، هەرگیز. بەڵکو ڕێگری بو لەسڕینەوەی نەژادی نەتەوەیەک. سوپاس، جەنگاوەر.سوپاس