یەكگرتووەكان نابێ لە خۆیان بە گومان بن
2019-10-15 21:04:35
د. هادی عەلی
یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان و كادیر و ئەندامانی یەكگرتوو لەهەردوو ڕەهەندی ئیسلامی و نەتەوەییەوە نابێ لەخۆیان بەگومان بن ، لەوێستگە و ڕووداوە هەستیار و نەخوازراوەكاندا نابێ دوچاری شڵەژان و دڵەڕاوكێ ببنەوە، لە دەِربڕین و مامەڵە كردنیان لەگەڵ ڕووداوەكان دا نابێ توشی ناهاوسەنگی ببن.
ـ لەڕەهەندی ئیسلامیەوە:-
ـ ئاشكرایە كە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان هەر لەسەرەتاوە داهێنەری پڕۆژەیەكی ئیسلامی كوردستانی میانڕەوانە و هاوچەرخ بوە ، لەسەر ئاستی تاك و كۆمەڵگە ئەزمونێكی نوێ و سەركەوتوی پێشكەش بەكۆمەڵگەی خۆی كردووە.
ـ لەبواری ڕەتكردنەوەی هەموو شێوازەكانی توندڕەوی و توند و تیژی و تیرۆر و تۆقاندن بەناوی ئیسلامەوە پێشەنگ بوە و هۆكارێكی سەرەكی بوە لەدورخستنەوەی مەترسیەكانی تیرۆر لەكۆمەڵگەی كوردەواری و بەهێزكردنی سەقامگیری كۆمەڵایەتی لەم هەرێمەدا .
ـ لەبواری پێكەوە ژیانی ئاشتیانەو یەكتر قبوڵ كردن و ڕێزگرتن لەفرەیی سیاسی لەفیكر و مومارەسە دا سەرمەشق بووە.
ـ لەبواری ڕێزگرتن لەمافەكانی ئافرەت و بەشداریكردنی كارای ئافرەت لەژیانی گشتی و سیاسی دا داهێنەر بووە و تائێستاشی لەگەڵدابێت لەپێش هەموو ئاڕاستە فیكری و سیاسیەكانی تری ساحەكەوەیە.
ـ لەڕەهەندی نەتەوەییەوە:-
ـ هەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە یەكگرتوو ئەو ڕاستیەی چەسپاندووە كە گەلی كورد مافی خۆیەتی وەك گەلانی تری جیهان و ناوچەكە خاوەنی قەوارەی سیاسی خۆی بێت و ئەندامێكی كارای ڕێكخراوە نێو نەتەوەییەكان بێت.
ـ هەر لەو سۆنگەیەوە مامەڵەی دروستی لەگەڵ ئەزمونی سیاسی هەرێمی كوردستان كردووە ، لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێم و عێڕاق و دەرەوەش هەمیشە ڕۆڵی هاوكار و پشتیوانیكردنی بێدرێغی هەبوە .
ـ لە سەر ئاستی پارچەكانی تری كوردستان پشتگیری دۆزی رەوای گەلەكەمانی كردووە و پەیوەندی دوستانەو هاوسەنگی ڕاگرتووە لەگەڵ تێكرای لایەنە سیاسیەكانیاندا و ئەوەندەی پێی كرابێت هەوڵی داوە بۆ ئەوەی بە رَێگای سیاسی و دیموكراسی چارەسەری كێشەكانیان بكرێت.
- لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا پێش رۆخانی رژێمی بەعس و دوای رۆخانیشی، لە هەر ویستگەیەكدا كە هاتبێتە پێش ، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ئەركی نیشتیمانی و نەتەوەیی خۆی ئەنجامداوە و هەوڵی داوە رۆڵی ئەرێنی خۆی هەبێت ئەگەر چی لەو پێناوە دا باجی گەورەشی دابێت.
- ئیستاش كە ئەم كارەساتە نەخوازراوە رووی كردۆتە گەلەكەمان لە رۆژئاوا ، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان وەك هەمیشە هەر لەسەرەتاوە وەك لایەنێكی كوردستانی ڕەسەن سەیری روداوەكە و دەرهاویشتنەكانی كردووە ، هیرشی سوپای توركیاو بە كارهێنانی هێز بە كارێكی ناڕەوا لە قەڵەم داوە و ئیدانەی كردووە و نیگەرانی خۆی دەڕبریوە بۆ ئەو نەهامەتی و وێرانكاری و ئاوارەبوونەی دووچاری خەلكی ئەو ناوچانە دەبێتەوە.
هەر لەو میانەدا یەكگرتوو ڕایگەیاندووە كە گەلی كورد لەو بەشەی كوردستاندا مافی ڕەوای خۆیانە كە بە هەرشێوەیەك بیانەوێت گۆزارشت لە ئیرادە و ئیدارەی خۆیان بكەن . داوای لە حكومەتی توركیا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كردووە كە هەرچی زووترە كۆتایی بەم هێرش و پەلاماردانە سەربازیە بهێنن و لەسەر مێزی گفتۆگۆ بە رێكاری سیاسی كێشە و ئالۆزیەكان چارەسەر بكەن. لە ئایندەشدا مامەڵەی دروست لەگەڵ پەرەسەندنەكاندا دەكات و هەڵویستی پێویست وەردەگرێت.
لەو ڕوانگەیەوە جارێكی تر تەئكید دەكەینەوە كە یەكگرتووەكان نابێ لە وێستگەو روداوە هەستیارەكاندا چیتر توشی شڵەژان و دڵە راوكێ ببنەوە و نابێ لە خۆیان بە گۆمان بن.
بەلكو پێویستە و شایستەی ئەوانە كە بە ئەو پەڕی متمانە بە خۆبوون و بەشێوەیەكی هاوسەنگ و لۆژیكیانە مامەڵە لەگەڵ روداوەكاندا بكەن و هەمیشە ڕاو سەرنجی پێویست و خوێندنەوەی تایبەت بەخۆیانیان لەبارەی ڕوداوەكانەوە هەبێ ، ئەم ڕەشە با و زریانەش كۆتایی دێت ، ستەمكاران لەناودەچن و میلەتان تەواونابن...
(( ۆتِلْكَ الْأَیَّامُ نُدَاوِلُهَا بَیْنَ النَّاسِ ))