Draw Media

کورد و تورک؛ پایەماڵی سیاسی و ناهامسایی نەژادی

کورد و تورک؛ پایەماڵی سیاسی و ناهامسایی نەژادی

2019-10-14 17:47:21


د. موئمین زەڵمی

بە درێژای سەدان ساڵ هەردوو نەتەوەی کورد لە ناکۆکی و  ململانێ و دانەجیڕە و تەنانەت شەڕ و کاولکاریدا بوون، بۆیەش دەڵێم کورد و تورک، بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی هەرچوار وڵاتەکە (عێراق و ئێران و سوریا و تورکیا) پەیوەندییەکانی کورد و تورک بخەینەڕوو، ئایا کێشەکە هەژموونی سیاسی و پایەماڵی مافی نەتەوەییە، یان پێکەوەهەڵنەکردنی کۆمەڵایەتی و ناتەبایی هامساییە کە کاریگەری لەسەر ڕەوشەکە توندتر کردۆتەوە.

بە گوێرە ئەوەی کە ژمارەی هاوڵاتیانی کورد لە باکوری کوردستان لە کوردەکانی پارچەکانیتری کوردستان زیاترە، زۆرترین چاو دەخەینە سەر ئەم  پارچەیە و راستییەکی حاشاهەڵنەگریشە کە ناکۆکی و ململانێکانی کورد و تورک لە تورکیادا کاریگەری گەورەی لەسەر تێکرای دوورکەوتنەوەکانی نێوان ئەم دوو نەتەوەیە هەبووە و دەبێت، چونکە هەم بەریەککەوتنەکان زۆرترن و هەمیش زۆرینەی لێکۆڵەرە سیاسیەکانی چارەسەری کێشەی کورد و تورک بە ئەنکەرەوە دەبەستنەوە، یانی ئەو چەند ساڵەی کە پرۆسەی ئاشتی لەتورکیا هەبووە بە زەمەنی کەمبوونەوەی ململانێ و سەرەتاتکێکانی نێوان دوو نەتەوەکە زانراوە لەسەر ئاستی هەموو پارچەکانیتر.

ئەوەی لە تورکیا بینراوە و زانراوە پایەماڵی مافی نەتەوەیی و بەرزکردنەوەی کێرڤی رەگەزپەرستی بووە، ئەوەتا تورکیا گەورەترین کێشەی بووەتە قەزیەی کوردی و کوردیش گەورەترین کێشەکانی هەر لەناو تورکیادایە. کاتێ دەڵێین کێشە دەبێ ئەوە تۆخ بکەینەوە کە لە قوتابخانەی سەرەتایی و خوێندن بە زمانی دایکەوە کوردەکانی تورکیا کێشەیان هەیە تا دەگاتە دینداری و بازرگانی و گەشتیاری و بازاڕگەری و ڕۆشنبیری و دیوێکی تەواو داگیرساوی کۆمەڵایەتی، درک بەم راستیانەی کە ناکۆکی نێوان کورد و تورک لەگەڵ ئەوەی مێژینەیە بەڵام زۆر قووڵیشە و بەیەکداچوونی ئەو دوو نەتەوەیە هەر بە ناتەندروستی ماوەتەوە و گەورە سیاسەتوان و لێکۆڵەرانی هەردوولاش ئەوەیان باش روونکردۆتەوە کە تا زەمینەی کۆمەڵایەتی وئاشتەوایی کۆمەڵایەتی لە نێوان کورد و تورکدا نەڕەخسێنرێت، ناتوانرێت ئاشتەوایی سیاسی بەرقەرار بکرێت. لە یەکێک لە دوایین لێدوانەکانیشیدا دۆناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەگەڵ باسکردنی ناکۆی دووسەد ساڵەی ئەم دوو نەتەوەیە، هەوڵی نێوەندگیری نێوان کورد و تورک بە یەکێک لە بژاردەکان دەزانێت.

لە لایەکیتریشەوە لە دوایین پەیامی خۆیدا عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری پارتی کرێکاری کوردستان کە لە ئیمراڵییەوە پەیامەکەی بڵاوکردۆتەوە بە روونی ئەم پرسە شیدەکاتەوە. ڕۆژی چوارشەممە 12ی حوزەیرانی 2019 ، پارێزەرانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەیامەکەیان بڵاوکردەوە، کە باس لە ئاشتی و پێکەوە ژیان دەکات، ” وەک نیشانەیەکی مێژوویی، تورک بێ کورد و کورد بێ تورک نابێت، کاتێک لە میزۆپۆتامیا کورد نەمێنێت، لە ئەنادۆلیش شتێک بەناوی تورکیا نامینێت و هەبوون و پێشکەوتنی کورد بە بەهێزبوونی تورکەکانەوە خاوەن هەموو واتایەکە.” ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان جەختیکردووەتەوە، گۆڕانکاریی دیموکراتی بە بەشداری هەموو کۆمەڵگا دەکرێت، پێویستە ڕێبازی خانەوادەپەرەستی، خێڵ پەرەستی و عەشیرەت پەرەستی سەرەڕاست بکرێتەوە و بنەماش چارەسەریی سیاسەتی دیموکراتییە.

نزیکەی دە ساڵە بارودۆخی سیاسی سوریا شێواوە و بە تەنیشتییەوە جۆرێک لە دەسەڵاتی خۆسەری بۆ کورد لە رۆژئاوای کوردستان هاتۆتە ئاراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەی کە  بەریەککەوتنی کورد و تورک راستەوخۆ نەبووە، بە پێچەوانەوە بەریەککەوتنی کورد و عەرەبەدۆستەکانی تورکیا گەرمترکراوەتەوە کە تورکیا بۆ پارێزگاری لە ئاسایشی ناوخۆی خۆی و مەترسی لە دروستبوونی هەرێمێکیتریتری کوردی لە رۆژئاوای کوردستان بە روونی ڕاگەیاندووە و ئەمەشی نەشاردۆتەوە، تورکیا زۆر نالەبارانە پێی وایە کە ئەگەر کورد لە رۆژئاوا بەهێز بێت ئەوا دەبێتە مەترسی بۆ سەر ناوخۆی تورکیا، ئەمەش دەکرێت وەک فاکتێکی سیاسی بخوێنرێتەوە، بۆیەش لە چەند ساڵی رابردوودا هەموو هەوڵەکانی تورکیا بۆ ئەوە بوون کە کورد لە سوریادا لاواز بکات، چەندین رێگای جیاوازیشی گرتۆتەبەر، هەر لە هەوڵدان بۆ هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆیی نێوان کورد و کوردەوە تا پشتیوانی نەیارانی کورد لە رۆژئاوا و بەهێزکردنی هێزە ئیسلامییە چەکدارەکانی سوریا، و لە تۆخکردنەوەی جیهادەوە تا بنەما دینییەکانیتر، دواترینیشییان ستراتیجی سیاسی و سەربازی و بەدەستهێنانی رەزامەندی نێودەوڵەتی بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی.

تورکیا  لە سەرەتای روداوەکانی سوریاوە کێشەی گەورەی ئەوەیە کە بەرژەوەندییەکانی لە گەڵ ئەوانیتردا ناگونجێت و خۆشی ناتوانێت رێگەی خۆی بگرێتە بەر بۆیەش وەک پێشتر ئاماژەم پێکرد تورکیا هەوڵی زۆریدا پێش ئۆپەراسیۆنەکە و تا ئەوەش کە گڵۆپی سەوزی بۆ کرا شتی زۆری بەخشی، بەڵام تورکیا بەهێزترین ستراتیجێک کە توانی پشتیوانی ئەمریکای وەک زلهێزی گەورە پێ بەدەستبهێنێت. ئەوە بووە کە بە روونی رایگەیاندووە کە پارتی کرێکارانی کوردستانی -پەکەکە تەنها کاتێک دێتە سەر مێزی ئاشتی کە یەکینەکانی پاراستی گەل- یەپەگە لاوازبیت لە سوریا.

لە عێراقیشدا کە تاکە هەرێمی فیدراڵی کوردی هەیە ئەزموونی کێشە و ناکۆکی و ناتەبایی نێوان کورد و تورک مێژینەیە، بەڵام ئەوەی وایکردووە کەمتر ئەم ناکۆکییانە رەنگبدەنەوە یەکەم ئامادەگی کورد بووە بە بەرقەرارکردنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسی و پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستاندا و لە لایەکیتریشەوە ئەو پەیوەندییە سیاسی و بازرگانی و ئەکادیمیەی کە لە نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیادا هەیە، چونکە لە لایەک دڵنیاییدان بووە بە تورکیا کە هەرێمی کوردستان نابێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا، لە لایەکیتریشەوە بەرزکردنەوەی سەقفی هەماهەنگی کلتوری و فەرهەنگی نێوان هەردوو نەتەوەکە و هەردوو دەسەڵاتەکە بووە تا ئەو ئاستەی پۆستی باڵای حکومیش دراوەتە تورکمانەکان، نریککردنەوەی ئامانجە هاوبەشەکانیش لە کەرکوک و ئەو ناچانەیتردا کە تورکمانەکانی تێدا نیشتەجێن باشترین بژاردەی پێکەوەژیانی نەتەوەیی بووە.

هەرچی پەیوەندی بە رۆژهەڵاتی کوردستانیشەوە هەیە، ئەگەرچی زەمینەیەکی کۆمەڵایەتی لەبار بۆ پەیوەندی نێوان هەردوو نەتەوەی کورد و تورک لە پارێزگاکانی ئێراندا نیە بەڵام هەوڵە شەڕانگێزییەکانی زۆر تۆخ نەکراونەتەوە، گومان لەوەدا نیە کە لە رووی کۆمەڵایەتییەوە کورد و تورک تێکەڵییان بۆ دروست نەبووە و تائێستاش لە زۆرینەی نوکتە و قسەخۆشەکانیدا کورد، تورکەکان بە نمونەی ناتەندروستی مامەڵە دەهێننەوە و تورکەکانیش کورد بە شەڕانگێزی دەشوبهێنن، ئەوەتا  لە سێ دەیەی ڕابردوودا زۆرجار لە ناوچەکانی ورمێ و نەغەدە و شنۆدا ناکۆکییە کلتوری و نەژادییەکان زەقکراونەتەوەو لەسەر ناو و تابلۆی شارەکان و قوتابخانە و شەقامەکان شەڕو خوێنڕێژی کەوتۆتەوە.

لە پاش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان لە چەند رۆژی رابردوووودا تا دێت زیاتر جیاوازییە نەژادی و نەتەوەییەکان زەقتر دەبنەوە، لە لایەکەوە باسی بایکوتی هەرجۆرە مامەڵەیەکی بازرگانی و سیاسی و کلتوری و ئەکادیمی و کۆمەڵایەتی و گەشتیاری نێوان کورد و تورک دەکرێت و لە لایەکیتریشەوە نەتەوە خەتابار دەکرێت.

 بۆیەش لەگەڵ باوڕی تەواوم بەوەی کە کوردیش وەک هەرنەتەوەیەکیتری سەرزەوەی پێویستە خاوەنی کیان و مافی سەربەخۆیی خۆی بێت دەبێت ئەو راستییە زیاتر لەبەرچاوبگیرێت تا لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوون و مرۆڤسەنتەری دیدێکی کۆمەڵایەتی هاوبەش بۆ پێکەوەهەڵکردنی کورد و تورک نەخرێتەوە ئەوا نەک هەر جیاوازییە نەتەوەیەکان زەقتر دەکرێنەوە بەڵکو شەڕانگێزی و توندڕەوی و رەگەزپەرستی زیاتر پەرەدەسەنێت و ماڵوێرانی زیاتری بەدوادادێت بە تایبەت بۆ زۆرینەی هاونیشتیمانیانی کورد لە باکور و رۆژئاوای کوردستان.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand