تورکیا بۆ دەرەوە !
2019-10-14 16:47:28
ئارێز عەبدوڵا
ماوەیەکی زۆرە تورکیا بەشێک لە هەرێمی کوردستانی داگیرکردوە. ئەوەش پێشێلێکی زەقی سەروەری هەرێم و عێراق و یاسا نێودەوڵەتیەکانە، بۆیە پێویستە کۆتای بەو داگیرکارییە بهێندرێ و هێزەکانیان بەخۆشی یان ناخۆشی لە هەرێمی کوردستان بکێشنەوە.
دوای پەلامارەکانی تورکیا بۆسەر رۆژئاوا پیلانە جەهەنەمیەکەی دژی کورد ئاشکرایە و دەزانین دەیەوێ بەزەبری هێز ئایدۆلۆجیەتیەکەی خۆی بەسەر گەلی کوردستاندا بسەپێنێ.
ئەگەر سەیرکەین دەبینین لە کاتی سەر هەڵدانی داعشەوە تا هەڕەشەکانی بۆ سەر هەولێر تورکیا نەک هەر تەماشاکەر، بەڵکو هاوکار و پشتیوانێکی گەورەی بوو. دوای ئەوەیش لەسەر دەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات پایتەختی خەلافەتی داعش روخێندرا و تەخت و تاراجی تێک و پێک درا. تورکیا ئەمڕۆ بێ شەرمانە تۆڵە لەو رزگارکەر و ئازادیخوازانە دەکاتەوە کە مەترسی داعشیان تا هەتا لەناو برد. ئەو داعشەی بەهەزاران خەڵکی سفیل و سەدان پێشمەرگەی ئێمەی شەهید و کەمئەندام کرد بەدەست و فیتی تورکیا بەرەو کوردستان هات، کەچی ئەمڕۆ بەپاساوی روبەڕوبونەوەی پەکەکە خاکی ئێمە داگیر دەکات.
خەڵک و هێزی پێشمەرگەی کوردستان هەرکیز لەبیری ناکەین ئەوانەی دوێنێ داعشیان بۆسەر ئێمە نارد ئەمڕۆ تۆڵەی لەناوبردنی داعش لە رۆژئاوا دەکەنەوە. پیلانەکەی تورکیا تەنیا رۆژئاوا نییە، بەڵکو هەرێمی کوردستانیشە، بۆیە دەبێ ئەو هێزە داگیرکارە بەزووترین کات وەدەر بندرێ.