ئەو رێككەوتنەی دیمەشق بەنێوانگری یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بوو
2019-10-14 14:48:19
سەرتیپ جەوهەر
لەو رێککەوتنە سەرەتاییەی نێوان پەیەدەو رژێمی سوریادا، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان رۆڵێکی میحوەریی و کاریگەریی بینی. نێوانگیریی نێوان پەیەدەو رژێم لەلایەن یەکێتییەوە بووەو دواتر روسەکان لەو نێوانگیرییە ئاگادارکراونەتەوە بۆئەوەی وەک لایەنی گرەنتی نێوان ھەردوولا بەشداریی گفتوگۆکان بکەن.
ئەو ھەوڵەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان چەند مانگێکە بەردەوامە چونکە زانیاریی و ورد ھەبووە کە ئەمریکا لەگەڵ تورک رێکدەکەون و ناوچەکە چۆڵ دەکەن.
ئەو ھەوڵەی یەکێتی لەمۆسکۆو دیمەشق بووەو چەندین دیداری پێشوەختە سازکراوە، بەڵام پەیەدە بەو پێشنیارەی یەکێتی رازی نەدەبوو، بەوھیوایەی بەڵکو ئەمریکا پشتیان تێنەکات.
٧ی ئۆکتۆبەر عەلی مەملوک لێپرسراوی باڵای سوریا پەیوەندی لێپرسراوێکی باڵای یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەکات و تکا دەکات نێوانگیریی نێوان پەیەدەو رژێمی سوریا بکات، ھەر ئەوکاتە نێوانگیرییەکە دەچێتە قۆناغێکی نوێ و گفتوگۆکان راستەوخۆ لەنێوان پەیەدەو سوریا دەستپێدەکات.
سەرەنجام سێ رۆژ پێش ئێستا گفتوگۆکان دەستی پێکردو لەسەر داوای یەکێتی حەمید دەروێش کە بەکۆنترین سیاسەتوانی رۆژئاوا ناسراوە، ئێوارەی دوێنێ لە قامیشلۆ بەرەو دیمەشق بەڕێککەوت و ئەمڕۆ لەگەڵ نوێنەری پەیەدە بەشدارییان لەکۆبونەوە لەگەڵ رژێم بەئامادەبونی روسەکان کردو رێککەوتنێکی سەرەتاییان کرد.
بەپێی رێککەوتنەکە سوپای سوریا بەھەماھەنگی لەگەڵ ھێزەکانی سوریای دیموکرات و ھێزێکی سنورداری روسیا ھەموو ئەو ناوچانە کۆنتڕۆڵ دەکەنەوە کە تیرۆرستان بەھاوکاریی تورکیا لەنێوان گرێ سپی و سەرێکانی داگیریان کردبوو، ھەروەک ئەو ھێزە ئەرکی پاراستنی تەواوی سنورەکەی پێ دەسپێردرێت.
حەمید دەروێش تاکە سیاسی و سەرۆکی پارتی دیموکراتی پێشکەوتنخوازی کورد لەسوریا،تاکە کەس بوو پێش داگیرکردنی عەفرین لەلایەن رژێمی تورکیا داوایکرد خێرا رێککەوتنێک لەگەڵ رژێمی سوریا بەنێوانگیریی و گرەنتی روسیا بکرێت بۆئەوەی بەر لەھاتنی تورکان بگیرێت، بەڵام ئەوکاتە میدیای پەیەدەو بەشێک لەمیدیاکانی باشور بەلایەنگری بۆ رژێمی ئەسەدە تۆمەتباریان دەکرد، بەڵام دوای لەدەستدانی عەفرین، لەو تێگەیشتنە پەشیمان بونەوە.
لە ١٦ی ئۆکتۆبەری دوای شکستی ریفراندۆم، بەھەمانشێوە قسەو باسێکی زۆر لەبارەی مقاوەمەتی پێشمەرگە لەکەرکوک ھاتەگۆڕێ، میدیای پارتی بەبەردەوام یەکێتیان بەخیانەت تۆمەتبار دەکرد گوایە لەکەرکوک پاشەکشەیان کردووە، بەڵام ئێستا دەردەکەوێت ئەگەر لەکەرکوک بەرگریی بکرابا بەو ھێزە نابەرابەرە، ئەوا شارەکە بەتەواوی وێران دەبوو سەرەنجام ھەم کەرکوک لەکورد خالی دەبوو، ھەرچی کورد ھەبوو لەترسی پەلاماری دڕندانەی حەشدی شەعبی و میشلیشیاکانی شیعە رایدەکرد، شارەکەش تەخت و وێران دەبوو وەک لەموسڵ رویدا.
بڕیاریشە دوای کۆنترۆڵکردنی تەواوی سنورەکان و جێگیربونی سوپای سوریا لەو سنورانە، گفتوگۆی نێوان پەیەدەو سوریا دەستپێدەکات لەبارەی ئایندەی رۆژھەڵاتی فورات و بەشداریکردن کورد لەحوکمڕان سوریا. ھەروەک گفتوگۆی نێوان کوردو رژێمی بەعس دەستپێدەکات لەبارەی نوسینەوەی دەستوری نوێی سوریا.