Draw Media

ئەوەی لە شەڕ نەبێت شمشێری تیژە

ئەوەی لە شەڕ نەبێت شمشێری تیژە

2019-10-14 13:26:24


 هیوا سەید سەلیم  
دوای رێكەوتنامەی نێوان هەسەدە و سوپای سوریا، كە بە چاودێری رووسیا لە بنكەی سەربازی حمێمیم، سەبارەت بە هاتنەوەی سوپای سوریا بۆ منبج و كۆبانێ و عەین عیسا، لێرەو لەوەی شیكاری جۆراو جۆر بۆ ئەو هەنگاوەی هەسەدە دەكرێت.
 بەشێك دوور لەوەی هاوكێشە سیاسی و سەربازیەكانیان خوێندبێتەوە، هەسەدە تۆمەتبار دەكەن بە خۆبەدەستەوەدانە هەروەها كارەكەشیان پێ گەڕانەوەیە بۆ باوەشی رژێمی سوریا. 
ئەكەرچی بۆ هەموو لایەك هێشتا زوو شیكاری بۆ لایەنە ئەرێنی و نەرێنیەكانی ئەو ڕێكەوتنامەیە بكرێت، بەڵام وەك بەرپرسانی هەسەدە ڕایانگەیاندبوو( ئەوان لە نێوان دوو بژاردە رێكەوتنیان لەگەڵ سوریا هەلبژاردووە).
 بۆیە قسە لەسەر ئەو دوو بژاردەیە دەمانگەیەنێتە ئەو خاڵەی كە ئایا بۆچی هەسەدە لەگەڵ رژێمی سوریا رێكدەكەوێت؟
ئاشكرایە كە دوای ئەوەی سەرۆكی ئەمەریكا چرای سەوزی بۆ ئەردۆغان هەڵكرد، هێزەكانی ئەمەریكا لە سەر سنووری نێوان باكوور و رۆژئاوای كوردستان كشاندەوە، ئیدی دەرفەتێك بۆ توركیا رەخسا تا خەونی داگیركردنی رۆژئاوای كوردستان بكات بە واقع، دوای ئەوەش ئەمەریكا هەر بەوەندە نەوەستا بگرە بڕیاری دا كە لە شوێنە هەستیارەكانی وەك (كۆبانی و منبج) یش هێزەكانی پاشەكشە پێ بكات.
ئەو هەنگاوەی ئەمەریكا لە رۆژئاوای كوردستان و تویتە بەردەوامەكانی تڕامپ، وا لێكدەدرێتەوە كە هەریەك لە توركیا و ئەمەریكا رێككەوتوون بەوەی توركیا بە قوڵایی 34 كیلۆمەتر بێتە ناوخاكی سوریا لە رۆژئاوای كوردستان، ئەمە لە كاتێكدا كە سەرەتا ئەمەریكا بەڵێنی بە رۆژئاوای كوردستان دابوو كە ئاسمانی رۆژئاوای كوردستان لەبەردەم فرۆكەكانی توركیا پارێزراو دەبێت، وە ئەگەر توركیا فرۆكە دژی رۆژئاوا هەڵسێنێت ئەوا ئەمەریكا ئابووریەكەی وێران دەكات!!
دوای پەلامارەكانی سوپای توركیاش بۆ هەریەك لە سەرێ كانیێ و گرێ سپی و ناوچەكانی دیكەی رۆژئاوای كوردستان، ئەمەریكا نەك ئاسمانی رۆژئاوای لەبەردەم فرۆكەكانی توركیا نەپاراست، بەڵكوو بەبەرچاوی دەورەیە سەربازیەكانی ئەمەریكا فرۆكەكانی توركیا كۆمەڵكوژیان لەو ناوچانە ئەنجامدا،  بە بەكارهێنانی چەكی قەدەغەكراو وە بە ئامانجگرتنی خەلكی سڤیل سوپای توركیا لە رۆژئاوای كوردستان پێشێلی یاسایی نێودەوڵەتیان كرد.
ڕاستە  كە هێرش و پەلاماری ئەو دواییەی سوپای توركیا لەچەند رۆژی رابردوو بە بەرخۆدانی شەڕڤانانی هەسەدە رووبەڕووبۆتەوە، بە قارەمانیەتی هەسەدە تا ئێستا توانراوە رێگری لە داگیركاری ئەو ناوچەیە بگیڕێت.
 بەڵام بەهۆی نابەرابەری هێز لە نێوان دەوڵەتی توركیا كە لە لایەن هێزە تیرۆرستیەكانی بەرەی نوسڕە و پاشماوەكانی داعش پشتیوانی لێدەكرێت لە لایەك، وە هێزەكانی هەسەدە،  درێژەدان بەو شەرە تاسەر لە قازانجی رۆژئاوای كوردستان مسۆگەر نابێت.
هەڵوێستی نابەرپرسانەی ئیدارەی ئەمەریكا لە پشت كردنە هاوپەیمانەكانی لە رۆژئاوای كوردستان و نابەرابەری هێزە لە مەیدانەكانی شەر، هەسەدەی ناچاركرد كە لە نێوان قەبووڵكردنی دەرەنجامەكانی كۆمەڵكووژی سوپای توركیا بەسەر گەلی رۆژئاوا و رێكەوتن لەگەڵ سوپای توركیا دووەمیان هەلبژێرێت.
ئەوانەی خوێندنەوەی درووست دەكەن بۆ دۆخی ئێستایی رۆژئاوای كوردستان پشتیوانی دەكەن لەو هەنگاوەی هەسەدە.
هەسەدە بەو رێكەوتنەی توانی بنەمەكانی یاریكردن بگۆڕێت، كە لە پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكان پێ دەوترێت(قەواعدی لعبە).
بۆ نموونە كاتێك یاریچیەكی وەك ئەمەریكا لە پاراستنی رۆژئاوای كوردستان پەشیمان دەبێتێەوە، ئیدی هەسەدە دەبێت پەنا بۆ ركابەرەكەی كە روسیایە ببات تا ئاسمانەكەی لە پەلاماری فرۆكەكانی توركیا بپارێزێت.
ئەزموونی داگیركاری عەفرین ئەو لێكەوتەی كە لەو داگیركاریە كەوتەوە،دەبوو هەسەدە ئەو رێكەوتنە بكات، ئەگەرنا شوێنێكی وەك كۆبانی كە لە ساڵانی ڕابردوو جگە لە قوربانی زۆر تووشی وێرانی بووەوە،  كە لەو چەند ساڵەی دوای بە هاوكاری دەرەكی و ناوخۆیی ئاوەدان كرابووەوە،  یەكەمین شوێن دەبوو كە لەلایەن توركە داگیركەرەكان وێران دەكرایەوە.
دواجار دەڵێین خیانەتی تڕامپ لە رۆژئاوا وەرچەرخانێكی كتوپڕ بوو لە سیاسەتی ئەو وڵاتە، بۆیە با پەلە نەكەیەن لە بڕیاردان، ئەگەڕ روسیا جدی بێت لە سەپاندنی رێگری لە فرۆكەكانی توركیا بۆسەر خاكی رۆژئاوا ئەوا زۆرێك لە هاوكێشەكان گۆڕانیان بەسەر دێت، بە تایبەت كە وڵاتانی ئەورپاش خەریكی درووستكردنی بەرەیەكن لە دژی لەشكركێشی توركیا بۆسەر رۆژئاوا.
با پەلە نەكەین واقعی شتی دیكەمان ، ئەوانەشی كە یەكسەر دەستاینكرد بە تەخوینكردنی هەسەدە، ئەو هەنگاوە بە خۆبەدەستەوەدانی رۆژئاوا لەقەڵەم دەدەن، ئەوانە هەڵگری شمشێری تیژن دوور لە مەیدانی جەنگ.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand