Draw Media

 خوینی کوردو ، کانیاوی ئاشتی 

 خوینی کوردو ، کانیاوی ئاشتی 

2019-10-14 11:46:18


عه‌تا شێخ حه‌سه‌ن

ڕه‌وشی قه‌یراناویی و ناکۆکی و ململانێ ناوچه‌‌ی و جیهانیه‌کان ، جه‌وهه‌ری  ئاڵوگۆڕه‌کانی به‌جۆریک مانه‌فیست کردوه‌ که‌ له‌گه‌ڵیدا هاوته‌ریب و به‌رده‌وام بێت  . جه‌هانگیری و کاڵکردنه‌وه‌ی سنوره‌کان که‌ئامانج تیایدا دروستکردنی بازاڕێکی یه‌کگرتوی جیهانی بوو به‌سه‌رۆکایه‌تی ئه‌مریکا ، زه‌مینه‌ی تاک جه‌مسه‌ری  به‌جۆرێک خولقاندبوو که‌ کۆی جیهان وابه‌سته‌و خافڵگیری ئه‌مریکا بێت  ، دواتریش په‌ڕینه‌وه‌ی ئه‌مریکا بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین و ، هه‌وڵه‌کانی سرینه‌وه‌ی  پێکدادانی که‌لتوری که‌ ( هنگتن ) به‌مه‌ترسی بوسه‌ر ئه‌مریکای ده‌زانی  ، به‌شه‌ریه‌تی به‌جورێک جوڵاند ، که‌هێزه‌ جیهانی و میحوه‌رییه‌کان  ڕێگه‌ له‌و ته‌وژمه‌ ئه‌مریکیه‌ بگر‌ن که‌ساڵانێکه‌ به‌ناوی جه‌نگی دژه‌تیرورو دیموکراتیزه‌کردنی سیسته‌مه‌کانه‌وه‌ په‌یامی جوراوجۆر ده‌رخواردی به‌شه‌ریه‌ت و ڕوژهه‌لاتی ناوین ده‌دات. 
گه‌شه‌ی خێرای ئابوری چین و ، ئاماده‌یی مه‌یدانی ڕوسیا له‌ناوچه‌که‌و ، ده‌رپه‌ڕینی ئێرانیه‌کان بۆ ده‌ره‌وه‌ی سنوره‌کانی و ، داگیرکردنی ناوچه‌ی حه‌یه‌وی ، پرسی تاکجه‌مسه‌ری ئه‌مریکای کرد به‌خه‌ونێکی نه‌بینراو و ،  تورکیای دۆستیشی گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ کوانوی میراتی قه‌ڵه‌مڕه‌وه‌ مێژووییه‌کانی . دیاره‌ له‌ڕه‌وتی ئه‌م گوڕانکاریانه‌شدا ، کاتێک تورکیا له‌جه‌نگی تیروردا ده‌بێت به‌هێلانه‌ی هه‌لهینانی داعش و ،  کوردیش له‌هه‌دوپارچه‌ی ڕۆژئاواو باشوور ده‌بنه‌ براوه‌ی جه‌نگ و ، سنورو خاکی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان که‌ناوچه‌ی پڕخێرو گرنگ و حه‌یه‌ویه‌ ده‌که‌وێته‌ ده‌ستیان  ، ئه‌وا سوڵتان هه‌ست به‌خاڵه‌  لاوازه‌کانی  به‌جه‌مسه‌ربونی وڵاته‌که‌ی ده‌کات ، بۆیه‌ هه‌رچی جڕوجانه‌وه‌رو مرۆڤکوژه‌ به‌ناوی ( له‌شکری محه‌مه‌ده‌ ) وه‌ کۆیانده‌کاته‌وه‌و ،‌ هه‌وڵی  سڕینه‌وه‌ی گه‌لێک ده‌دات و ، ده‌یه‌وێت ناوچه‌یه‌کی فراوانی حه‌یه‌وی بخاته‌ بن ده‌ستی ئه‌و خه‌لافه‌ته‌ی که‌دوای شکستی به‌غدادی ،  ئه‌ردوگان نماینده‌ی ده‌کات .
به‌یان نامه‌که‌ی ( هه‌سه‌ده‌ ) که‌به‌بی هیچ ناوه‌رۆکێک ، گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌شکری عه‌له‌وی بۆ سنوری خۆسه‌ری دیموکراتی ڕاگه‌یاند  ، ئاماژه‌ی به‌ ( ١١٠٠٠ ) شه‌هیدو برینداربوونی زیاتر له‌ ( ٢٤٠٠٠ ) شه‌رڤان کرد ، که‌له‌شه‌ڕی تاریک په‌رستاندا ڕۆحیان به‌ڕوناکی به‌خشیوه‌ ، ئاخر کاره‌ساتی ڕۆژئاوا ئه‌وه‌بوو که تاکڕه‌وی په‌که‌که‌  بواری نه‌دا له‌ته‌مه‌نی خۆسه‌ری دیموکراتیدا ، سه‌رجه‌م  ڕۆله‌کانی رۆژئاوا له‌سایه‌ی ئه‌و خوینه‌ی بۆ ئازادی به‌خشیان ،  موماره‌سه‌ی دیموکراسیانه‌ی سیاسی بکه‌ن ، که‌دواجار بوو به‌گه‌وره‌ترین خاڵی لاوازی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری کوردی له‌و پارچه‌یه‌ی کوردستاندا .  له‌وه‌ش زیاتر غیابی په‌که‌که‌ له‌ مه‌شهه‌دی ئوپراسیۆنه‌ سه‌ربازیه‌که‌ی ( کانی ئاشتی ، که‌به‌خوینی شه‌ر‌ڤانان ته‌قیبوو ) سه‌لماندی که‌ به‌ئاگا بووه‌ له‌پیلانی  ‌کۆبونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو هێزه‌ ناکۆکه‌ ( ئه‌مریکاو روسیا و ئیران و تورکیاو سوریا ) بۆسه‌ربڕینی رۆژئاوای کوردستان .
 هه‌رچه‌نده‌ کۆی ئاڵوگوڕه‌کانی ناوچه‌که‌و به‌تایبه‌تی دوا ته‌سعیدی عه‌سکه‌ری دژی ڕوژئاوا له‌ژێر هه‌ژموونی بڕیاره‌ موخابه‌راتیه‌کاندا به‌ڕێوه‌ده‌چن ، به‌ڵام  ده‌توانین  له‌پێدراوه‌کانه‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ی بۆ بکه‌ین ، به‌داخه‌وه‌ کورد له‌کۆی پێدراوه‌کانی دوای ئۆپراسیۆندا خه‌ساره‌تمه‌ندی یه‌که‌مه‌و ، ئه‌وه‌ی له‌و به‌شه‌ی کوردستاندا هه‌بوو که‌به‌ره‌غمی که‌می و کورتی و ڕه‌خنه‌کانمان ، مه‌سنه‌دێکیش بوو بۆ باشوور له‌ده‌ست چوو، لێ تورکه‌کانیش جگه‌له‌وه‌ی به‌ده‌ستکه‌وتی که‌متر له‌ڕێکه‌وتنی ( ئه‌ده‌نه‌ ) که‌ ئه‌سکه‌نده‌رونه‌ی له‌نه‌خشه‌ی سوریا دابڕی ‌رازی نابن ، ئه‌وا له‌و که‌لێنه‌ سنوریه‌ش قوتار بوون که‌مه‌زاجی  سوڵتانی نائارام ده‌کرد . هه‌رچی ڕوسه‌کانیشه‌ ئه‌و ئامانجه‌یان پێکا که‌سوریایه‌کی یه‌کگرتوو ته‌سلیمی به‌شار ئه‌سه‌د بکه‌نه‌وه‌ و ، له‌م نێوه‌نده‌شدا ئه‌وه‌ی نادیاره‌ ، به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ئه‌مریکایه‌ له‌پرۆسه‌که‌دا ، بۆیه‌ یان ده‌بێت به‌و شکسته‌ ڕازی بێت و ، ترامپ وه‌ک ورچ گازله‌ برینی فه‌شه‌لی ‌خوی بگرێت ، یان له‌ ناوچه‌که‌دا له‌ژیر چه‌تری بیده‌نگی ڕوسیادا ، موعجیزه‌ی تر  ده‌خولقێت  . 
له‌کاتێکدا ( مه‌زڵوم کۆبانی)  له‌دوای ڕێکه‌وتنه‌که‌ ،  به‌ڕای گشتی ووت ،  له‌نێوان نه‌مان و سازشدا ئێمه‌ سازشمان هه‌ڵبژارد ، ئه‌وا لێدوانه‌که‌‌ی مه‌زڵوم جگه‌له‌وه‌ی ده‌لیلی مه‌زڵومیه‌تی گه‌لێک بوو ، زۆریش ڕاستگویانه‌ بوو ، به‌لام ئه‌وه‌ی جیگه‌ی شه‌رم و هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ ،  ئه‌و ژاوه‌ژاوه‌ بوو که‌له‌ کۆشکی کۆماری عێراقه‌وه‌  بۆگه‌وره‌کردنی ڕۆڵی نێوه‌ندگیری  سه‌رۆک  کۆمار بیستمان ، بێئاگا له‌وه‌ی  کۆی ڕێکه‌وتنه‌که‌  ( زوڵم نامه‌ ) یه‌کی مێژوویی و نه‌ته‌وه‌ییه‌ ،  که‌خاوه‌نه‌که‌ی پێیده‌ڵێت سازش ، نه‌وه‌کو به‌رهه‌مێک بۆ شانازی   . 


  . 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand