Draw Media

حیکایەتی ریفراندۆم: لەلایەن کێ و چۆن دەستی پێکرد؟

حیکایەتی ریفراندۆم: لەلایەن کێ و چۆن دەستی پێکرد؟

2018-04-22 11:51:38


عەبدوڵا حەوێز 
- فیکرەی ئەو ریفراندۆمەی لە کە ٢٠١٧ ئەنجامدرا لەلایەن مەسرور بارزانیەوە گەڵاڵە دەبێت کە پێویستە پرسی سەرکەوتن بەسەر داعش و بڕینی موچە بقۆزنەوە، ئەوەبوو لەمانگی پێنجی ٢٠١٦ کە شەر لە دژی داعش بەرەو کۆتایی دەچوو و ماوەیەکی کەم پێش دەستپێکردنی شەر لە دژی داعش، مەسرور بارزانی لە بابەتێکدا کە لە رۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاوکرایەوە باسی ئەوەی کرد کە ئەوان بڕیاریان داوە ریفراندۆم ئەنجام بدەن و پەیوەندیەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق مەجالی چاکبونەوەی نەماوە و باسی ئەوەشیکرد کە ئەوان بەشێکی گرنگبوون لە شەر لە دژی داعش و ئەوان کریستیانەکان دەپارێزن و ئەوان هەموو بنەماکانی بەدەوڵەتبوونیان تێدایە و شایەنی ئەوەن پشتیوانیان لێبکرێت (١) - هەر لە بابەتە مەسرو باسی بڕینی موچەی کوردستان دەکات لەلایەن بەغداوە لەکاتێکدا راگرتنی ناردنی موچە بەهۆی پابەند نەبوونی کوردستان بووە بە رێککەوتن لەگەڵ بەغدا وەک لە پۆستێکی پێشتر بڵاوم کردبەوە (٢).
- دوای ئەوە لەگەڵ سەرکەوتنی دۆناڵد ترامپ لە هەڵبژاردنەکان، مەسرور بارزانی لە مانگی دوازدەی ٢٠١٦ دەچێتە ئەمریکا و لەوێ لەگەڵ چەند کەسێکی نزیک لە ترامپ کۆدەبێتە بۆ وەرگرتنی رایان لەسەر پرسەکانی ناوچەکە و بۆ ئەوەی بزانێ تا چەند پشتیوانی لە فیکرەی ئەنجامدانی ریفراندۆم دەکەن، ئەوکاتە بەهۆی پشتیوانی سەرسەختی ترامپ لە ئیسرائیل و دژبوونی بە ئێران لەلایەن مەسرور وا لێکدەدرێتەوە کە ترامپ پشتیوانی لە ریفراندۆم دەکات، بەڵام بەشێوەی فەرمی و کۆنکرێتی باسی ئەنجامدانی ریفراندۆم ناکات و تەنها زەمینەی بۆ خۆش دەکات (٣).
- دوای ئەوە لە ناوەراستی مانگی دوازدەی ٢٠١٦، دوای هاتنەوەی لە ئەمریکا، زانکۆی ئەمریکی کوردستان لە دهۆک کە هی مەسرور بارزانیە کۆنفرانسێکی لەسەر سەربەخۆیی کوردستان بەست و کۆمەڵێک لەو کەسە بیانیانەی بانگکردبوو کە لە بارزانی نزیکن و پشتیوانی لە سەربەخۆیی کوردستان دەکەن لەوانەش پشتەر گالبرێس کە پشتر زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن دۆلاری لە گرێبەستەکانی نەوتی کوردستان پێدرابوو و یەکێک بوو لەوانەی پشتیوانی ئابوری سەربەخۆیی کوردستانی دەکرد لەرێی ناردنە دەرەوەی نەوت بەشێوەی سەربەخۆ و چەندین کەسی تر (٤) (٥). 
- دواتر بەشێوەی فیعلی لەگەڵ تەواوبوونی نزیکبوونەوەی تەواوبوونی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ لەلایەن هێزە عێراقیەکانەوە، پێش پرسینی رای هیچ لایەنێکی سیاسی فیکرەی ئەنجامدانی ریفراندۆم لەلایەن مەسرور بارزانیەوە دەچێتە قۆناغی کردەیی و بە پشتیوانی باوکی دەست دەکەن بە هەنگاوی فیعلی بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی بۆ ریفراندۆم.
- یەکەم وڵات کە پرسی پێدەکرێت ئەمریکایە، ئەوە بوو لە بیستی مانگی دووی ٢٠١٧، مەسرور بارزانی دەچێتە ئەمریکا و بۆ ماوەی ١٠ رۆژ لەوێ دەمێنێتەوە و لەگەڵ چەندین بەرپرسی ئەمریکی کۆدەبێتەوە (٦) (٧).
- لەم ماوەیە بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز مەسرور بارزانی خەریکی دروستکردنی لۆبیەک دەبێت بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی ئەمریکا بۆ سەربەخۆیی و وەک بەشێک لە هەوڵەکانی رێککەوتنێک دەکات لەگەڵ پاوڵ مانافۆرت کە پێشتر لە کەمپینی هەڵبژاردنی دۆناڵد ترامپ کاری کردووە بۆ لۆبیکردن بۆ سەربەخۆیی کوردستان لە ئەمریکا (٨).
- هەر بەپێی راپۆرتەکەی نیۆیۆرک تایمز کە پێش ئەنجامدانی ریفراندۆمی کوردستان راپۆرتەکە نوسراوە، مانافۆرت لەژێر لێکۆڵینەوە بووە بەهۆی کەیسی دەستوەردانی روسیا لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا و بە پیاوی روسیا ناسراوە، راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە کە نازانرێت بەپێی رێککەوتنەکە مانافۆرت چەند پارەی وەرگرتووە بەڵام ئاماژە بەوە دەکات کە پێشتر مانافۆرت کاری لۆبیکردنی بۆ کۆمپانیا و وڵاتی تر ئەنجامداوە و لە هەر رێککەوتنێک بە ملیۆنان دۆلار وەردەگرێت.
- هەر لەو کاتەی کە مەسرور بارزانی لە ئەمریکا دەبێت، مەسعود بارزانی دەچێتە تورکیا و لە ٢٦ و ٢٧ی دووی ٢٠١٧ لەگەڵ ئەردۆگان کۆدەبێتەوە و لەوێ پرسی ریفراندۆم لەگەڵ ئەردۆگان تاوتوێ دەکات (٩) (١٠).
- وەک دواتر دەردەکەوێت هەردوو لا لە دژی بڕیارەکە دەوەستنەوە و لە دژی ریفراندۆم دەوەستنەوە، بێگومان هەریەکیان بە هۆکاری جیاواز، بەپێی سەرچاوەکانی خۆشم لە تورکیا، ئەردۆگان بەراستی دژی فیکرەی ریفراندۆم بووە و پێی وابووە ئێستا بارزانی دەتوانێت نەوت هاوردە بکات و لە هیچی کەم نیە.
- دواتر لە مانگی چوار ئەم پرسە لە کۆبونەوەیەکی فراوانی نێوان یەکێتی و پارتی بە ئامادەبوونی سەرکردەکانی هەردوولا تاوتوێ دەکرێت و هەردوو لا رێککەوتن دەکەن لەسەر ئەوەی کە لیژنەیەکی باڵا پێکبهێنن و لە کۆبونەوەیەک لەگەڵ لایەنەکانی تر بکەن بۆ رێککەوتن لەسەر رۆژی ئەنجامدانی ریفراندۆم و ئەو کاتە یەکێتی رازی دەبێت بە مەسەلەی ئەنجامدانی ریفراندۆم (١١) (١٢).
- دواتر لە ناوەڕاستی مانگی پێنجی ٢٠١٧، مەسرور بارزانی بە هاوەڵی فوئاد حوسێن جارێکی تر دەچێتەوە ئەمریکا بۆ لۆبیکردنی زیاتر بۆ پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆم و ئەوکاتە و بەبێ دیاریکردنی رۆژەکەی لە وتارێکدا لە یەکێک لە سەنتەرەکانی لێکۆڵینەوە لە واشتنت دەڵێت کە ئەمساڵ ریفراندۆم ئەنجامدەرێت (١٣) و لەگەڵ هەریەک لە بەرپرسی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا ماکماستەر و لەگەڵ نێردەی ترامپ بۆ خۆرهەڵاتی ناوەراست جارید کۆشنەر کە لە هەمان کاتدا زاوای ترامپە کۆدەبێتەوە (١٤).
- دواتر لە حەفتی مانگی شەشی ٢٠١٧ لە کۆبونەوەیەکدا بە سەرۆکایەتی بارزانی و بە ئامادەبوونی کۆسرەت رەسوڵ و نوێنەری بەشێک لە حیزبەکان بە فەرمی رایدەگەینن کە لە ٢٥ی مانگی نۆ ریفراندۆم ئەنجام دەدەن (١٥)، لەکاتێکدا کە ئەو کاتە ئەمریکا و تورکیا بە فەرمی دژایەتی خۆیان بە مەسعود و مەسرور بارزانی راگەیاندبوو و هیچ ئامادەکاریەکی جددی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم نەکرابوو.
- لە کۆتایی مانگی حەفتی ٢٠١٧، مەسرور بارزانی بۆ جاری چوارەم لەماوەی هەشت مانگدا دەچێتەوە واشنتن و لەوێ سەرباری چەند دیدارێک، کەناڵی کوردستان٢٤ کە هی مەسرور خۆیەتی پانێڵێک ساز دەکات بۆ کۆمەڵێک لەو رۆژنامەنوس و کۆنە دیمپلۆماتکارانەی کە خەریکی لۆبیکردنن بۆ ریفراندۆم و ئەم پانێڵە لەلایەن کوردستان٢٤ و مەسرور وەک پشتیوانی ئەمریکا بۆ ریفراندۆم وێنا کرا لەکاتێکدا لە راستیدا هیچ یەک لەوانەی لە پانێڵەکان بەشداریان کرد پۆستیان نەبوو لە ئیدارەی ترامپ و ئیدارەی ترامپ بە فەرمی دژی ریفراندم بوو (١٦).
- بەڵام لەم کاتە حەدەسێکی گرگن روودەدات کە تا راددەیەک وا بە بارزانی دەکات سەرباری فشارەکان بەردەوام بێت لە فیکرەی ئەنجامدانی ریفراندۆم ئەویش ئیمزاکردنی رێککەوتنی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای رۆزنەفت کە کۆمپانیایەکی نزیکە لە ڤلادیمێر پۆتین تەنها حەفت رۆژ پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم و روسیاش تەنها وڵاتی گەورەبوو کە دژایەتی ریفراندۆمی نەکرد و وتی کە لە ئارەزووی کور دەگات بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی دەگات (١٧) و پێشتریش لە مانگی شەش نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ڤلادیمێر پۆتین کۆبویەوە و پرسی ریفراندۆمی لەگەڵ باس کردبوو (١٨).
- تەنها سێ رۆژ پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم، رۆژنامەنوس مایک گیگلیۆ لە سایتی بەزفید پرۆفایلێکی دورودێژی لەگەڵ مەسرور بارزانی بڵاوکردەوە کە وەک لە راپۆرتەکە ئاماژەی بۆ کردووە ماوەی سێ مانگ کاریان لەسەر پرۆفایلەکە کردووە و دوای ئەنجامدانی سێ دیمانەی چەند کاتژمێری دێت لەگەڵ مەسرور. لە دیمانەکە مەسرور وەک مەکینەی پشت ئەنجامدانی ریفراندۆم پیشان دەدرێت، پرۆفایلەکە بەم شێوەیە وەسفی مەسرور دەکات: "ئەو پیاوەی لە پشت سەربەخۆیی کوردستانەوەیە مەسرور بارزانیە، کە تەمەنی ٤٨ ساڵە و، یەکێکە لە میراتگرانی ئەو بنەماڵەیەی کە کۆنترۆڵی هەرێمی کوردستانیان کردووە و مەسرور یەکێکە لە بەهێزترین بەرپرسی موخابەراتەکان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست" (١٩). هەر لەم دیمانەیە مەسرور دەڵێت کە ئەوان رۆڵی گرنگیان هەبووە لە شەری داعش و ئێستا مافی خۆیانە ببنە وڵاتێکی سەربەخۆ.
- بۆچی دوای ریفراندۆم، سەرباری هەڕەشەکان تورکیا ناردنی نەوتی لە بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان رانەگرت؟ (وەڵامەکە روسیایە کە لە دوای ریفراندۆم لە رێککەوتنێکی خێرادا بۆری نەوتی کوردستان-تورکیا دەکرێتەوە، لە پۆستێکی تر بە روونی و بە درێژی باسی دەکەم) (٢٠).
.
تێبینی: 
- ئەوەی وتومە تەنها ئەوەیە کە روویداوە و هیچی تەحلیل نیە - تەنها تایملاینی رووداوەکانە، وابزانم هەرکەسێک تۆزێک عەقڵی بەکاربخات دەتوانێت نوقتەکان بەیەکەوە ببەستێتەوە: لەوانە بۆچی ئەوەی گەورەترین رۆڵی هەبوو لە مەسەلەی ریفراندۆم مەسرور بارزانی بوو؟ بۆچی نێچیرڤان تەقریبەن هیچ رۆڵی نەبوو؟ بۆچی یەکێتی لەکاتێکدا هیچ رۆڵێکی نەبوو بەڵام بە ئەنجامدانی ریفراندۆم رازی بوو؟
.
سەرچاوەکان:
١- https://www.washingtonpost.com/…/b1d5218c-1221-11e6-81b4-58…
٢- https://www.facebook.com/abdullahawez9/videos/1736438636395282/
٣- http://www.kurdistan24.net/…/masrour-barzani-to-discuss-fut…
٤- http://www.kurdistan24.net/…/ccff9c98-64d8-4ff0-b4ac-524c26…
٥- http://www.kurdistan24.net/…/1848ba2c-3f17-4781-a242-06911f…
٦- http://www.kurdistan24.net/…/2e7a479f-d339-445d-b3ff-a5899c…
٧- http://www.kurdistan24.net/…/f0da3325-d3c7-4fe5-84a7-d9c9b7…
٨- https://www.nytimes.com/…/…/manafort-kurdish-referendum.html
٩- http://www.rudaw.net/english/kurdistan/260220171
١٠- http://www.kurdistan24.net/…/we-ll-discuss-kurdistan-indepe…
١١- https://www.iraqnewsgazette.com/kurdish-senior-official-pu…/ 
١٢- http://ekurd.net/kdp-puk-kurdistan-independence-2017-04-11 - http://www.rudaw.net/english/kurdistan/020420171
١٣- https://www.washingtontimes.com/…/high-level-kurdish-offic…/
١٤- http://www.rudaw.net/english/kurdistan/160520174
١٥- http://www.rudaw.net/english/kurdistan/070620171
١٦- http://www.kurdistan24.net/…/fb07104f-e47d-4e0b-bf7d-41c073…
١٧- https://www.reuters.com/…/russia-becomes-iraq-kurds-top-fun…
١٨- http://cabinet.gov.krd/a/d.aspx?s=010000&l=12&a=55656
١٩- https://www.buzzfeed.com/…/the-kurdish-independence-referen…
٢٠- https://uk.reuters.com/…/russias-rosneft-to-take-control-of…

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand