لەناو تاریکییەکی گەورەدا ھەندێک دەلاقەی ڕۆشن: کورد لە جیھاندا
2019-10-13 11:01:34
مەریوان وریا قانع
ئەوەی ئەمڕۆ سەیری ئەو وێنە و دیمەنانە بکات کە بۆ مەسەلەی کورد لە ئاستی جیھانیدا دروستبووە، بە بەراورد بە ساڵە درێژەکانی سەدەی بیستەم، ھەندێک گۆڕانی گرنگ و بنەڕەتیی دەبینێت، کە دەشێت وەک ”وەرچەرخان“ لە دۆزی کوردا وێنابکرێت. ئەوەی دەبینرێت دروستبوونی وێنەیەکە زۆر جیاواز لەو غیاب و ”بۆشاییە گەورەیە“ی بە درێژایی سەدەی بیستەم لە ئارادابووە. بەشێوەیەکی گشتیی لە سەدەی بیستەمدا ”مەسەلەی کورد“، مەسەلەیەکی وون و نەناسراو و نەبینراو بوو، کێشەی کەمینەیەکی گومناوی ناو سنوورەکانی چوار دەوڵەتی نەتەوەیی بوو. لە ئاستی جیھانیدا شتێک نەبوو بەناوی ”گێڕانەوەی کوردییەوە“، Kurdish narrative، بێدەنگیەکی گەورە ھەبوو لەناو ئەو ڕووبەرە گەورەیەی قسەکردن و گێڕانەوەیەدا کە لە جیھاندا ئامادەبوو. فۆرمە جیاوازەکانی بێدەنگکردن و نەبوونی زمان و نەبوونی وێنە، دەرنەکوتن و نەبینین فۆرمی ئامادەگیی ئەم میلەتەبوو لە جیھاندا. کورد کەمینیەکی وون و نەناسراوی ناو دەوڵەتانی ناوچەکە بوو. ژیان و بەسەرھات و ڕووداوەکانی بزر و بێگوتار بوو، بە دەگمەن نەبێت ھیچ شتێکی، تەنانەت کارەساتە گەورەکانیشی، سنووری ئەو دەوڵەتە نەتەوەییانەی تێنەدەپەڕاند کە لەناویاندا نیشتەجێبوو.
بەڵام ئەم دۆخە لە ئێستادا گۆڕاوە، ئەمڕۆ وێنەیەکی کورد لە جیھاندا ئامادەیە کە لای زۆرینەی خەڵک بینراو و ناسراوە. ئەم وێنەیە ھەم نوێیە و ھەم تەنھا وێنەی کەمینەیەکی ئەتنی غەدرلێکراو و چەوساوە نییە، بەڵکو وێنەی میلەتێکیشە بڕیاریداوە نەتوێتەوە، وێنەی شوناسێکە دەیەوێت ھەبێت و بژیی، وێنەی مافێکە بەدوای شوێنی خۆی لە جیھاندا دەگەڕێت. ھەموو ئەمانە لە فۆرمی تەحەدایەکی گەورەدا دەبینرێن بۆ ئەو دەوڵەتانەی کورد لەناویاندا دەژی. ئامادەگیان وەک میلەتێکی بێماف، وێناکردنیان وەک ھەڕەشەیەکی ئەمنیی، یان مامەڵەکردنیان وەک کەمینەیەک کە پێویستە کۆنترۆڵبکرێن، بڕ و ڕادەی ئەو تەحەدایانەی بۆ ڕەوایەتی ئەو سیستمە سیاسییانە گەورەتر کردوە کە لە ناوچەکەدا ھەن و دروستکراون.
لە دەساڵی ڕابردووشدا دەرگیربوون لەگەڵ داعشدا، وەک ڕایدکاڵترین ھێزی ئیسلامی سیاسیی و ئۆرگانێک کە تێرۆر جەوھەرەکەی دەستنیشاندەکات، یان وەک ھەڕەشەیەکی گەورە ھەم لەسەر ناوچەکە و ھەم لەسەر جیھان، وێنەیەکی تری بۆ کورد دروستکردوە کە ئەویش دیسانەوە وێنەیەکی پۆزەتیڤ و مانادارە. وێنەی کورد وەک میەلتێک کە ڕادیکالیزمیی دینیی قبووڵ نییە و ژنەکانیان وەک پیاوەکانیان توانای بەرەنگاربوونەوەی فۆرمە جیاوازەکانی پەڕگیریی دینیی و نادینیان ھەیە و پارێزگاریی لە پلورالیزمی دینیی و فەرھەنگیی و سیاسیی دەکەن.
ئەم وێنە تازەیە وێنە باڵادەستەکەی ناو ڕای گشتیی و ناو بەشێکی گەورەی میدیا و ناو کۆمەڵگای مەدەنیی بەشێکی گەورەی وڵاتانی جیھانە. بەڵام ئەوانەی شارەزایی زیاتریان لە مەسەلەی کورد و ھێزەکانیدا ھەیە، ئەوانەی لە نزیکەوە ھێزە سیاسییەکانی کوردستان دەناسن، ئاگاداری دیوە تاریک و ناشیرینەکانی مەسەلەی کوردن. ئاگاداری ئابوریی مافیایی و ئەخلاقیاتی جەردەیی و کوشتن و بڕین و تاڵانیی و گەندەڵیی ھێزە باڵادەستەکانن، بەتایبەتی ھێزە سەرەکییەکانی ھەرێمی کوردستان. ڕووکارە سوڵتانیی و خێزانیی و بنەماڵەییەکانی ئەم سیاسەتە دەناسن، بەو دابەشبوونە ناوەکییە گەورانەش ئاشنان کە ھێزە جیاوازەکانی ئەم مەسەلەیەی، ھەم کردوە بە دوژمنی یەکتر و ھەم ھەریەکێکیانی فڕێداوەتە باوەشی یەکێک لە ھێزە ئیقلیمییەکانەوە.
لە نێوان ئەو دوو وێنەیەدا ناکۆکیی گەورە و قووڵ و ھەمەلایەن ھەیە کە ڕەگەکانیان لەناو سیاسەتی کوردیی خۆی و ئاکاری ھێزە باڵادەستەکانیدایە، نەک لە ناو شێوازی وێناکردنی دونیای دەرەوەدا بۆ مەسەلەی کورد. یەکێک لە تەحەدا سەرەکییەکانی مەسەلەی کورد لە سەدەی بیست و یەکدا کۆتاییھێنانە بەم ناکۆکییە ناوەکییە، کۆتایھێنانە بە ناکۆکیی مەسەلەی کورد وەک مەسەلەی میلەتێک کە تەسلیم نابێت و بەرگریی لەخۆی و شوناسەکانی دەکات، لەگەڵ ھێزە سیاسییە سەرەکییەکانیدا، وەک ھێزی سوڵتانیی مافیایی نادیموکراس و کورتبین. بەردەوامبوونی ئەم ناکۆکییە ھەموو مانایەک لە مەسەلەی کورد لەم سەدەیەشدا، دەسێنێتەوە. سەرلەنوێ داڕشتانەوەی مەسەلەی کورد لە دەرەوەی لۆژیکە سوڵتانیی و بنەماڵەیی و خێزانییەکانی سیاسەت و لە دەرەوەی فۆرە جیاوازەکانی پەڕگیری دینیی و ئەتنیی و ئایدیۆلۆژییدا، ئەو تاقە ڕێگایەیە کە دەبێت لەم سەدەیەدا بیگرینە بەر. لەدەرەوەی ئەم ڕێگایەکدا ھیچ شتێکی تر بوونی جگە لە تاریکیی، تاریکییەکی گەورەش.