ئایا لە ھەرێمدا شتێک بەناوی ئابورییەوە بوونی ھەیە؟
2018-04-22 11:43:21
مەریوان وریا قانع
بەبۆچوونی من شتێک لە ھەرێمدا بەناوی ”ئابوریی“ ھەرێمەوە بوونی نییە، ئەوەی دەیبینین ”ئابووریی“ نییە بە مانا سادەکەی ئابوریی، ئەوەی ھەیە و باڵادەستە ”ئابوریی سیاسیی“ە. جیاوازییەکی گەورەش لەنێوان ”ئابوریی“ و ”ئابوریی سیاسیی“دا لەئارادایە.
لە لێکدانەوە ھەرە سادەکەیدا ”ئابوری سیاسیی“ مانای بەکارھێنانی ئابوریی وەک ئامرازێکی سیاسیی، خستنەگەڕی ئابوریی لە قازانجی سەپاندنی دید و سیستمێکی سیاسیدا. بێگومان ھەموو سیستمێکی ئابوریی ڕەھەندێکی سیاسیی گرنگیی ھەیە، بەڵام ئەم ڕەھەندە سیاسییە بەو ڕادەیە نییە کە ”لۆژیک“ی ئابوریی وەک ئابوریی پەکبخات و لۆژیکێکی سیاسیی دیاریکراوی بەسەردا بەسەپێنێت. لە ھەرێمدا ئابوریی لەوەکەوتوە ئابوریی بێت و بە تەواوی کراوە بە درێژکراوەیەکی تری دەسەڵاتی سیاسیی. بەحکومی ئەوەش ئەوەی لەھەرێمدا ئامادەیە دەسەڵاتێکی سوڵتانییە، بۆیە لۆژیکی کارکردنی سیستمە ئابورییەکە بووە بە لۆژیکێکی سوڵتانیی و ھەڵگری ھیچ ڕەھەندێکی نیشتیمانیی و نەتەوەیی نییە، نەک ھەر ئەمە بەڵکو بەپێی یاسا و بەھا سادەکانی ئیشکردنی کایەی ئابوریی خۆشی کارناکات و عەقڵیەت و تەماحی چەند سیاسییەکی کەمی ناو خێزانە سوڵتانییە باڵادەستەکان ئاراستەی دەکات. ئابوریی ھەرێم وەک ئابوریی پەکیخراوە و بەشێوەیەک داڕێژراوە و ڕێکخراوە لەگەڵ خواست و داواکاریی و خولیا و تەماحەکانی سوڵتانیزمە سیاسییەکەدا بگونجێت.
وەک دەشزانین سیستمە سوڵتانییەکە سیستمێکی دەسەڵاتگەریی توندوتیژ و ستەمگەرە تیایدا دەسەڵاتی سیاسیی ڕاستەقینە لە دەستی دوو خێزاندا کۆکراوەتەوە و ئەم خێزانانەش خاوەنی ھێزی چەکداری تایبەت و میدیای تایبەت و ئۆرگانی ئەمنیی تایبەت بە خۆیانن.
بڕبڕەپشتی ئەم ئابورییە سیاسییەش پارەی نەوتە. لە دەیەی یەکەمی ساڵانی ٢٠٠٠ دا و بەھۆی بەرزی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھاندا پارەیەکی زۆر کەوتە دەستی ئەم خێزانە سوڵتانیانە و ئەو بازنە حیزبیی و ناحیزبییە داخراوەی دەسەڵاتەوە کە بەدەوری ئەم خێزانانەدا دروستبوون. لەو دەیەدا پارەی زۆری نەوت توانی ھەم دەسەڵاتی رەسمیی و ناڕەسمیی ئەم خێزانانە، بە تایبەتی دەسەڵاتی منداڵەکانیان بەھێز و پتەو بکات و یەک لەشکر لە ئەمیر و ئەمیرەی گەنج فڕێبداتە ناو کایەی سیاسیی و ئابوریی و میدیایی ھەرێمەوە، ھەم بڕێکی گەورەی کۆمەڵگای ئێمەش بگۆڕێت بە موچەخۆری ھەمەجۆری ڕێنتی نەوت. ئەم ئابورییە سیاسییە ستراتیژیەتی سەرەکیی حوکمڕانیی لەم قۆناغەدا داڕشتەوە و وایکرد ”بەرخۆریی“ لە کردەیەکی ئاسایی و ڕۆژانەوە بگۆڕێت بۆ بەرخۆریزم وەک ئایدیۆلۆژیا، بەرخۆریی لە جۆرێک پێداویستیی مادییەوە بگۆڕێت بۆ ئایدیۆلۆژیایەکی سیاسیی سەرەکیی. گۆڕانی ”سیستمی ئابوریی“ بۆ ”ئابورییەکی سیاسیی“ ئاراستەکراو، ھاوشانە بە گۆڕانی” بەرخۆریی“ لە کردەیەکی ڕۆژانەوە بۆ ئایدیۆلۆژیای سەرەکیی ناو ھەرێم.
ئەم گۆڕانکارییە ھەم ئابوریی کوردستانی بەشێوەیەکی ستراتیژیی لاوز و پاشکۆخست و ھەم کۆمەڵگای ئێمەشی بە شێوەیەکی ترسناک لاوازکرد. دۆخێکی دروستکرد ھەموو گۆڕانێک لە نرخی نەوت و لە چۆنیەتی ئیدارەدانی ئابوریی نەوتدا دەرنجامی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئابوریی وێرانکەری بۆ سەر دونیای ئێمە ھەبێت. ئابوریی سیاسیی نەوت بەو شێویەی لە ھەرێمدا ئامادەیە، ھەموو توانایەکی بەرگریکردنی ناوەکیی ھەرێمی لەناوخۆیدا وێرانکردوە و بە کردەوە ھەرێم بووە بە بازاڕێکی ئیقلیمیی بۆ ساغکردنەوەی کاڵا دەرکییەکان تا ئەو شوێنەی ھەرێم توانای ئەوە ھەبێت پارەی ئەو کاڵایانە بدات. کە ئەم توانایە نەما ئیدی ھەرێم بە کردەوە توانای مانەوە و بەردەومبوونە ناوەکییەکانی بەتەواوی دەکوژێتەوە.
ئەم ئابورییە سیاسییەی لەئارادایە ئابوریی سیاسیی لەعنەتە، لەعنەتێکی چەندسەرە. لەسەرێکەوە لەعنەتی نەوتە وەک کەرەستەیەکی خاو لەژێر زەمیندا، بەڵام لەسەرێکی دیکەوە لەعنەتێکی سیاسییە لەناو کۆمەڵێک دەزگا و پارتی سیاسیی و دەزگای میدیایی سەرزەمینیدا. ھەردوو شێوازی لەعنەتەکەش شتێک نییە لە ڕابردووەوە ھاتبێت، یان حەتمەیەتێکی کولتوریی و عەقڵیی لەپشتەوەبێت، یان بەشێک بێت لە وجودێکی تەقلیدیی، بەڵکو دەیان و سەدان و ھەزاران بڕیاری سیاسیی و ئابوریی ڕۆژانەی لە پشتەوەیە کە لەساڵانی ٢٠٠٠ دا تا ئەمڕۆکە دراون. ئەوەی ھەم نەوت و ھەم سیاسەتی لە ھەرێمدا گۆڕیوە بۆ لەعنەت بڕیارە، بڕیاری سیاسییە کە تیایدا مۆنۆپۆڵکردنی دەسەڵات لەدەستی چەند خێزانێکی سیاسیی و منداڵەکانیاندا ژێرخانە سەرەکییەکەیەتی. ھەم نەوت و ھەم پارتە سیاسییەکان و ھەم خودی سیاسەت کردن خۆشی وەک موڵکی تایبەت و وەک بەشێک لە دەسەڵاتی شەخسیی ئەو خێزانە سیاسییانە و وەک ئامرازێک بۆ فراوانترکردن و قووڵکردنەوەی دەسەڵاتیان بینراوە و بەکارھێنراوە. لەعنەتە گەورەکانی دونیای ئێمە بڕیاری سیاسیی تایبەت دروستیکردون، ھەربۆیە بڕیاری سیاسیی تایبەتیش سەرەتای چارەسەرکردنەکانیان مەیسەردەکات.