رۆژئاوا له چاوه‌ڕوانییدا
2019-10-11 06:37:50
ئاراس فه‌تاح
چاوه‌ڕوانی ئه‌وه ناكرێت هه‌ڵوێستێكی یه‌كگرتوو له ئه‌نجومه‌نی ئاساییشه‌وه دژ به داگیركارییه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیا له رۆژئاوا گه‌ڵاڵه بێت. هۆكاره‌كه‌شی ته‌نها روسیا نییه، به‌ڵكو خودی ئه‌مریكایه كه به‌ناچاری له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا به‌شدارده‌بێت كه وڵاته ئه‌وروپییه‌كان داوای دانیشتنی خێرایان كردوه.
له دوێنێوه جگه له چه‌ند وڵاتێك كه به په‌نجه‌ی یه‌ك ده‌ست ده‌مێردرێن و پشتیوانیی په‌لاماردانه‌كانی توركیایان كردووه، زۆرینه‌ی ده‌وڵه‌تانی دونیا به شێوه‌ی جیاواز ئیدانه‌ی ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌كه‌ی ئه‌ردۆگانیان كردووه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی پێی بگوترێت كرده‌یه‌كی كونكرێتی ده‌سته‌جه‌معیی بوونی نییه. ئه‌وه‌ی ده‌بینرێت بڕیاری ده‌وڵه‌ته جیاوازه‌كانه به ته‌نها دژ به توركیا، وه‌كو له هه‌ڵوێستی فینله‌ندا و نه‌رویجدا ده‌بینرێت.
هه‌رچی یه‌كێتی ئه‌وروپاشه هه‌موو شتێكی هه‌بێت هه‌ڵوێستێكی یه‌كگرتووی له سیاسه‌تی ده‌ره‌كییدا نییه. له دوێنێوه ئه‌ندامانی یه‌كێتی ئه‌وروپا له كۆبوونه‌وه‌دان، كه‌چی نه‌یانتوانی هه‌ڵوێستێكی یه‌كگرتوو دژ به ده‌وڵه‌تی تورك گرۆبكه‌ن. هۆكاره‌كه‌یشی هه‌نگاریا بوو، چونكه مافی ڤیتۆی به‌كارهێناو یه‌كهه‌ڵوێستی یه‌كێتی ئه‌وروپای دژ به توركیا سڕكرد و به‌و شێوه‌یه‌ش نه‌توانرا به‌یاننامه‌یه‌كی هاوبه‌ش ده‌ربكرێت.
سكرتێری ناتۆ شتۆلتنبێرگ به‌یانی سه‌ردانی توركیا ده‌كات و له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆگاندا كۆده‌بێته‌وه و داوای لێده‌كات كه به ته‌حه‌فوزه‌وه هه‌ڵسوكه‌وت بكات. ئه‌م داوایه‌ش هه‌رچییه‌ك بێت ئیدانه‌كردن و سنووردانان نییه بۆ هێرشه‌كه‌ی توركیا.
ئه‌وه‌ی جێگای دڵخۆشی و سه‌رنجه، بوونی شاڵاوێكی گه‌وره‌ی نێوده‌وڵه‌تییه دژ به له‌شكركێشییه‌كه‌ی ئه‌ردۆگان و سه‌رهه‌ڵدانی هاوسۆزییه‌كی بێوێنه‌یه به‌رامبه‌ر به گه‌لی كوردستانی رۆژائاوا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای مه‌ترسیی و ئه‌سه‌فه نه‌بوونی كۆده‌نگییه له‌سه‌ر ئیدانه‌كردن و چه‌شنی سزادانی ده‌وڵه‌تی توركیا.
رۆژئاوا له‌م چركه‌ساته‌دا ته‌نها پێویستی به ئیدانه‌كردنی سیاسیی له‌شكركێشییه‌كه‌ی ئه‌ردۆگان نییه، به‌ڵكو پێویستی به هه‌ندێ ئیجرائاتی كۆنكرێت و خێرایه دژ به ده‌وڵه‌تی توركیا بۆ رێگه‌گرتن له پیاده‌كردنی سیاسه‌ته ره‌گه‌زپه‌رستییه‌كه‌ی.
له‌م دوتوێیه‌دا شه‌قامی ئه‌مریكیی و ئه‌وروپی ده‌توانن رۆڵی كاریگه‌ر بگێڕن، به‌ڵام به‌داخه‌وه تاوه‌كو ئه‌مڕۆ جگه له خۆپیشاندانی كه‌مینه‌یه‌كی بێهێزی دیاسپۆڕای كوردیی و هه‌ندێ شاری هه‌رێم كه زۆرینه‌یان خه‌ڵكی رۆژئاوا بوون و ژماره‌یه‌كی دیارییكراویش بۆ سێڵفیگرتن هاتبوون، فشار و قورساییه‌كی ئه‌وتۆ نابیرێت. بۆیه دانانی ڕۆژێك بۆ ڕۆژئاوا له هه‌موو جیهان و دروستكردنی هاوده‌نگیی و كۆده‌نگییه‌كی نێونه‌ته‌وه‌یی یه‌كێكه له هه‌نگاوه گرنگه‌كان كه كاریگه‌ریی پۆزه‌تیڤ له‌سه‌ر دروستكردنی هاوسۆزیی و پشتیوانییه‌كی نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ رۆژئاوا به‌جێده‌هێڵێت. ئه‌وه‌ی له‌پاڵ ئه‌م فیكره‌یه‌شدا گرنگه گرۆكردنی هه‌ندێ داواكاریی كۆنكرێته كه روبه‌ڕووی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و ئه‌نجومه‌نی ئاساییش و ناتۆ و حكومه‌تی وڵاتان بكرێته‌وه، له نموونه‌ی دروستكردنی زۆنی دژه‌فڕین و دانانی میكانیزمێك بۆ پاراستنی ژیانی خه‌ڵكی سیڤیل و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد له رۆژئاوا و ڕاگرتنی فرۆشی چه‌ك و ته‌كنه‌لۆژیا به توركیا و گه‌مارۆی ئابووریی و سیاسیی له‌سه‌ر سیاسه‌تمه‌داران و به‌رهه‌می توركیی. گه‌ر ئه‌م داواكارییانه ببن به داواكاریی ناو ڕووبه‌ری گشتیی له شه‌قامی ئه‌وروپیی و جیهانیی، ئه‌وا بێگومان جێبه‌جێكردنی هه‌ر یه‌كێك له‌م داواكارییانه كاریگه‌ریی پۆزه‌تیڤی خۆی له‌سه‌ر ڕه‌وشی رۆژااوادا ده‌بێت.
هه‌رچی په‌یوه‌ندیی به هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه هه‌یه، گومانم نییه كه داواكارییه‌كان له په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێم زۆر زیاترن له‌وه‌ی به‌رامبه‌ر حكومه‌تی توركیا. هه‌ر له هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی رێككه‌وتنی نادیاری په‌نجاساڵه‌ی نێوان خێزانی پارتیی و ئه‌ردۆگانه‌وه بیگره له بواری ووزه‌وه تاوه‌كو ده‌گات به ده‌ركردنی هه‌موو بنكه سه‌ربازیی و ئه‌منییه‌كانی له‌شكری توركیی و بایكۆتكردنی به‌رهه‌مه ئابوورییه‌كانی و بانگكردنی قونسوڵه‌كه‌ی و كۆكردنه‌وه‌ی كۆمه‌كی ئینسانیی و لۆجیستیی و ناردنی هێزی پشتیوانی و هتد. بێگومان زۆرینه‌ی ڕه‌های ئه‌م داواكارییانه بۆ دۆخی هه‌رێم له ئاستی شۆڕشدان.