رێکەوتی دەباشان جێبەجێ بکەن!
2019-10-09 19:56:20
کاروان عەلی شامار
(١)
ناوەڕۆکی رێکەوتنەکە
رێکه‌وتنی دەباشان لە 17 نیسانی ساڵی ٢٠١٦ لەنێوان بزوتنه‌وه‌ی گۆران و یه‌کێتیی نیشتیمانی کوردستان به‌ئاماده‌بونی ھەردوو رەوانشاد تاڵەبانی و نه‌وشیروان مسته‌فا واژوو کرا، تیایدا هه‌ردولا رێککه‌وتن له‌سه‌ر جێبه‌جێکردنی 26 خاڵ کە ته‌واوی به‌نده‌کانی بۆ سودی هاونیشتیمانیان بوو، ڕێکه‌وتنەکه لەکاتێکدابوو کە په‌یوه‌ندیه‌کانی نێوان ئەو دوو ھێزە ساڵانێک گرژی تێکەوتبوو، لێ لەدوای ھەوڵی تاقەت پروکێنی چەن فیگەرێکی نێو ھەردوو حیزب ڕێکه‌وتنی ده‌باشانی بەئاکام گەشت، بەلام تا ھەنوکە وەک (نوسینی سەر کاغەز) ماوەتەوەو تەنھا خاڵێکی نێو رێکەوتنامەکە جێبەجێ نەکراوە!
(٢)
گرنگی ڕێکه‌وتنه‌که
رێکه‌وتنی سیاسی نێوان یه‌کێتی و گۆران کۆتایی به‌زۆر کێشه‌و گیروگرفتی ئابوری سیاسی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌رێمی کوردستان دێنێ و بەتایبەت لەدەڤەری سەوز تارادەیەکی باش جێگیریەکی سیاسی و ئابوری و کۆمەلایەتی دێنێتە ئاراوە، وێرای گه‌رانه‌وه‌ی ئومێد بۆ کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکو هاوسه‌نگی هێزو شه‌فافیه‌ت له‌داهاتی کوردستان وجێبه‌جیکردنی لامه‌رکه‌زیه‌تی ئیداریی. هه‌روه‌ها ئه‌م رێکه‌وتنه رێگر ده‌بێت له هه‌موو ئه هه‌وڵانه‌ی که پارتی دژ به بوژانەوەو گەشەکردن پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە ده‌یدات.
(٣)
نه‌یارانی رێکه‌وتنه‌که
سەرباری ئه‌وه‌ی پارتی دیموکرات ھیچ کات دژایەتی خۆی بۆ جێبه‌جێکردنی ئه‌م رێکه‌وتنه نەشاردۆتەوە، لەنێوخۆی هه‌ردوو حیزبیشدا نه‌یار هه‌یه، بەشێکیان ئەوانەن که به‌هۆی به‌رژه‌وه‌ندیه تایبه‌تیه‌کانیان و نزیکیان له پارتی پێیان باشە نێوان ئەو دو ھێزە ھیچ بەرەو پێشچونێک بەخۆیەوە نەبینێ و بەمجۆرەی ئێستا بەردەوامبێ، بەشێکی تریشیان ئه‌وانه‌ن که بەرپرسیارێتی گەورەو سه‌رمایه‌یه‌کی بێ شوماریان کۆکردۆته‌وه بەھۆی گرژی نێوان ئەو دوو ھێزەوە، بەمە‌ش رێکه‌و‌تنه‌که‌یان پێ هه‌زم نابێت و ھەمیشە عامیلی تێکدانی نێوانیانن، چون دڵنیان له‌وه‌ی له‌ئەگەری ھەر نزیک بونه‌وه‌یەک لەنێوان ئەو دوو ھێزەدا چانس و خۆری سیاسیان ئاوا ده‌بێت.
(٤)
عەرابی رێکەوتنەکە
کاتێک باس دێتە سەر باسی جێبەجێکردنی رێکەوتنەکە ناکرێ ھەوڵ و کۆششی لاھور شێخ جەنگی نادیدەبگیرێ، چون ھەرکاتێک رێکەوتنەکە بەبنەبەست گەشتبێ ئەو دەستپێشخەربۆوە لەبۆ دوبارە زیندوکردنەوەی، ھەوڵی شێلگێرانەی ئەویش بووە کە پەیوەندی و خەبات و مێژوی ھاوبەشی نێوانیان بە برایەتی ماوەتەوەو نەگەشتووە بە مریشکە رەشە! بە ئنصافەوە باسی رۆڵی مام جەلال و کاک نەوشیروانی کردۆوە، وەک دوانەی سەرمەشقی خەباتی رزگاری و ئازادی کوردستان ناوزەندی کردوون.
لەکاتێکدا بەشێک لەسەرکردەکانی ھەردوو حیزب مژوڵی گەرمکردنی شەری نێوانیان بون، لاھور بەمیتۆدی جیاواز لەوان سیاسەتی کردوەو لەھەمبەر گرژی و لێدوانی نابەرپرسانەی بەشێکیان بابەتی مامەڵەی کردووە، لەخراپترین پەیوەندی نێوان ھەردوو لاشیاندا بە لێدوانێک یاخود جوڵەیەکی سیاسی کۆتایی بە گرژی نێوانیان ھێناوەو بووە بە ھەوێنی ئاشتی و عەرابی زیندوھێشتنەوەی رێکەوتنەکە.
(٥)
باشترین بژارده
به‌هۆی ئاڵنگارییەکانی ناوچەکەو چه‌قبه‌ستوی دۆخی سیاسی هه‌رێم و که‌ڵه‌که‌بونی قه‌یرانی ئابوری و کۆمەڵایەتی و زیان و لێکەوتەکانی بۆ سەر ھاونیشتیما‌نیان، پێوستە سەرکردەکانی ھەردوو حیزب لەروانگەی پەرۆشیان بۆ سودی گشتی، وە پێش ئەوەی کار لەکار بترازێ و ھەژمونی پارتی بەتەواوی لەناوچەکەدا زاڵ‌بێت و پێویستە سلێمانی لەو فەوزا سیاسیە رزگارکرێ، ئەمەش له‌م کاتەیا تەنھا بە زیندوکردنەوەو جێبه‌جێکردنی ڕێکه‌وتنامه‌کە دەبێ. نه‌نگیه‌کی گه‌وره‌یه بۆ به‌رپرسانی هه‌ردوو حیزب که زیاتر له سێ ساڵ به‌سه‌ر وادەی واژوکردنی رێکه‌وتنامه‌کەدا تێپه‌ریوە لێ ھیچ ئاکامێکی ئیجابی نەبووە، له‌وه‌ش نه‌نگی تر له خیتامی ھەموو کۆبونه‌وه‌کانی نێوانیاندا جه‌ختدەکەنەوە له جێبه‌جێکردنی کۆی خاڵەکانی وەلێ بێئه‌وه‌ی یه‌ک هه‌نگاوی کرده‌ی بەو ئاقارەدا بنرێ!
(٦)
خولاصە
ھیچ ئەرگومێنتێک نەماوە لەبۆ جێبەجێکردنی رێکەوتنامەی دەباشان، ھەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە یەکگرتنی ئەو دوو ھێزە دەبێتە ھۆی ئاشتەوای کۆمەلایەتی و سەقامگیری ئابوری و باشبونی گوزەرانی ھاولاتیان و گەرانەوەی پارسەنگی ھێز‌و رێگری لە گەورەبونی پارتی و ماڵباتدا! له ئه‌گه‌ری پێچەوانەدا پارتی بۆ هه‌میشه براوه‌ی گه‌مه‌کان ده‌بێت و ئیداره‌ی سلێمانیش باجی یه‌کنه‌گرتن و په‌رته‌وازه‌ی و بێسەروبەری ئەو ھێزانە ده‌دات! تا مام و کاک نەوشیروان مابوون سلێمانی لە لوتکەدابوو، حەق وایە رۆحیان شادبکرێ، عیبرەت لەجێبەجێکردنە نەک رێکەوتن!