Draw Media

بێدەنگیی ھەدەپە، مەرگی ئەردۆغانە

بێدەنگیی ھەدەپە، مەرگی ئەردۆغانە

2019-10-09 18:01:08


رێبوار كەریم وەلی

ئەوەی ئێستا ئەردۆغان دەیکات پەلەقاژەیەکە و ئامانجەکەی مەژغوڵ کردنی رای گشتیی تورکیایە بە بابەتێکەوە کە کێشەی ئەوان نییە. سەد ساڵە فاشیست، موحافەزەکار و نەتەوەییەکانی تورکیا لەسەر ھیچ شتێک کۆک نەبن لەسەر ئەوە یەکدەنگن کە وڵاتەکەیان لەھەر چوار لاوە بە دژمن دەورە دراوە و، بەوەش کێ دەسەڵاتی بەدەستەوە بووبێ، ناو ماڵی تورکیای وا عەیار داوە.
وەھم و ترسیان کردووە بە بەشێک لە سایکۆلۆژیای مرۆڤی تورکیا. لە کاتێکدا وا نییە و، ھەمیشە دیکتاتۆرەکان و رژێمە ئۆلیگارشییەکان شەڕ و ناکۆکی و، درووستکردنی دژمنی وەھمی وەک فریادڕەس دەبینن. سەیر کەن کام دیکتاتۆر ھەیە کە شەڕی لە دژی ناوخۆ و دەرەوەی خۆی ھەڵنەگریساندبێ!؟
ئەردۆغان تەوقاتێکی لە مانگی ئازار و حوزەیران لە بەرەی دیموکراسیی تورکیاوە پێکەوت. پەیامەکە روون بوو، کۆتاییی ئەردۆغان!
داوەکەی ئەردۆغان بۆ ھەدەپە و ھەڵوەشاندنەوەی بەرەی دیموکراسییە لە تورکیا. ھەدەپە دەبێ زۆر ژیرانە مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخەدا بکات و بیانوو نەداتە دەست حکومەتی ئاکەپە.
ئەردۆغان دەیەوێ لە سۆنگەی تابووتی سەربازانی تورکەوە سیاسەت بکات، ھەدەپە دەبێ ئەوە بزانێت کە لەودیوی سنوور تەنھا کورد ناژییەن و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش بە ھەموو ھێزییەوە بۆ بەرزەفتکردنی ئەردۆغان لەسەر خەتن و دوور نییە باجێکی قورس بدات.
ھەدەپە ئامانجی ئەو ئۆپەراسیۆنەیە، چونکە ئەو ھێزە بوو کە وەک چۆن کورد ھەیبەتی داعشی شکاند، ئاوھاش ئەوان وایانکرد کە دوای ٢٤ ساڵ ئەردۆغان تامی شکست بکات.
ھەدەف ئەوەیە کە کورد لە بەرەی دیموکراسیی تورکیا داببڕێندرێت بۆیە، باشترین شت ئەوەیە ھەدەپە بێدەنگ بێت، ئەو بێدەنگییە ئەردۆغان دەکوژێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand