مانەوە خۆی بەرگرییە
2019-10-07 15:44:14
پەیكار عوسمان
- سیاسەت ئەگەر مانایەکی هەبێ، هونەری پاراستنی ژیانە، نابێ حەماسەت و هاشوهوشی شۆڕشگێڕی، خاڵیمانکاتەوەو لە هونەرو ژیان بفەوتێنین!
- سەدساڵە کورد خۆی، نیوەی کێشەکانی خۆیەتی، ئەو نیوەیەش لە چاوی شۆڕش و لە لوولەی چەكی ئەبینم!
چەك هەمیشە دۆخێکی ناکاو ئەخولقێنێ و لە دۆخی ناکاویشدا عەقڵ میوان نیەو بیرناکرێتەوە.
ئێمەش کە لەسایەی چەکەوە، هەمیشە لە دۆخی ناکاوداین، یەعنی هەمیشە لە دەرەوەی عەقڵانییەتداین، دەردی ئێمەش هەر ئەوەیە.
- هەمیشە "بەرگری"، بە خەیاڵی سەرکەوتن، ئەمانباتە شەڕەوەو لەوسەرەوە ئەمانداتە دەست شکست!
هەمیشە بە خەیاڵی "مانەوە" چەك ئەکەینە شانمان و ئەو چەکە ڕووبەڕووی خراپترین جۆری لەناوچوون و نەمانەوەمان ئەکاتەوە!
هەمیشە "شۆڕش" بە خەیاڵی ڕزگاری مەستمان ئەکاو کاتێ هۆشمان دێتەوە، شۆڕش خۆی لەپاڵ چوار سەردارەکەی تردا، ئەبێتە سەرداری پێنجەم و ئێمەش هەر بندەست!
- کێشەی شەڕ پاساوەکانی شەڕە. هیچ شەڕێك نیە کە پاساوی نەبێت، بەرگری و ڕەوایەتی بەرگریش، هیچ نیە جگە لە پاساوێکی شەڕ!
جا تا پاساوەکانی شەڕ "بە ڕەواو ناڕەواوە" لەپێ نەکەین، هەر پێڵاوێکی دڕاوین لەپێ ی شەڕداو ئاشتی نابینین.
- لێرەدا من بانگەشەی تەسلیمبوون ناکەم و خۆم بە ئەوپەڕی بەرگریکار لە ماف ئەزانم، بەڵام دیدێکی ترم هەیە بۆ بەرگری و بۆ ماف و بۆ تەسلیمبوون!
پێموایە یەك بەرگری هەیە کە بمانباتەوە سەر مانەوە، تەنیا بەرگری ناتوندوتیژ.
هەرچی بەرگری توندوتیژیشە، هیچ نیە جگە لە ڕێگایەکی تری لەناوچوونی ئێمەو ئەگەر دوژمن سەرچاوە دەرەکییەکەی نەمانەوەمان بێت، شۆڕش ڕێك سەرچاوە خۆماڵییەکەی هەمان شتە.
- تەسلیمبوونیش هیچ نیە جگە لە تەسلیمبوون بە سیحری چەك، ئاخر کێشەی چەك هەر ئەوەیە کە سیحری هەیە!
سیحرەکەشی هەر ئەوەیە کە ئینسان بە سروشت، کائینێکی غەریزییەو بە کۆشش ئەبێ بە کائێنێکی بیرکەرەوە.
وە ئینسان حەزی لەو کۆششە نیەو مەیلی بۆ لایەنە غەریزییەکەی هەیە کە هیچ ماندوبوونێکی ناوێ.
هێزو چەك و کاردانەوەی توندیش، کۆدێکە بەر دیوە غەریزییەکەی ئینسان ئەکەوێ و بێ کۆشش یەکسەر سیگناڵ ئەبێ و شتەکە بیرکردنەوەیەکی ناوێ، بۆیە دایمە جمهوری زۆرەو بازاڕی گەرمە!
- مافیش هەر ئەوەیە کە ئینسان بژی. بەهەر بیانوویەك بیدەی بە کوشت و ژیانی لێوەرگریتەوە، مافی پێشێل ئەکەیت.
(لێرەوە پیاهەڵدان و تەقدیسکردنی بەرگری و شەهید، ئەوپەڕی پێشێلکارییە بە حەقی مرۆڤ، چونکە پێشەکیو موقەدیمەی بەکوشدانیانە).
مانەوە خۆی بەرگرییە، بەرگری مانەوە نیە. ژیان خۆی بەرخودانە، بەرخودان ژیان نیە.
- کورد دوو کێشەی سیاسی هەیە. لەناوخۆ کێشەی عەقڵانییەتی سیاسی. لەدەرەوە کێشەی ئەخلاقی سیاسی.
سیاسەتی کوردی لەنێوان دوو خیتابی تەواو ناعەقڵانیدا گیری خواردووە.
یەکێکیان ناعەقڵانیانە دەوڵەتی ئەوێ. یەکێکیان ناعەقڵانیانە دەوڵەتی ناوێ.
ئەمیان نوێنەرایەتی حەزیكی خۆڕسك و مافێکی ڕەوا ئەکات، بەڵام خراپترین نوێنەرایەتی، چونکە تەنیا بوونی "حەزو ڕەوایەتی" بەس نیە بۆ فڕێدانی کورتانی دەوڵەت.
ئەویتریان بە دیوەکەی ترا کورتانی فڕێداوەو جوگرافیایەك و خەڵکێك و سوپایەك و حوکمداریەکی سەربەخۆی ئەوێ، بەڵام دەوڵەتی ناوێ، لەکاتێکا دەوڵەت لەپێناسەیەکیدا هەر ئەوەیە!
تۆ کە دەوڵەتت ئەوێ، فەرموو بناغەو کۆڵەکەکانی دامەزرێنە، کە سەرەکیترینیان پشتبەخۆبەستنەو تۆ داغانت کردوە!
تۆ کە دەوڵەتت ناوێ، بۆ هەموو بناغەکانت چەسپاندوە بە پشتبەخۆبەستنیشەوە؟ دەی لەبری ئەمانە خۆت لەگەڵ دیمەشق تێهەڵکیشکردایە.
- سیاسەتی عەقڵانی هەر ئەوەیە کە بژین و مەرگ بەسەر خۆماندا نەهێنین. بەڵام ئێمە لەبری ژیان و مانەوە، خەیاڵی سەرکردەکانمان کردوە بە چەقی سیاسەت!
چۆن لەباشور خەیاڵی مەسعود ڕازیکەین و چۆن لە ڕۆژئاوا تیۆرەکانی ئاپۆ جێبەجێکەین، ئەگەرچی لەسەر حسابی مانەوەشمان بێت!
مناڵێکی کورد زۆر لە خەوەکانی مەسعودو خەیاڵەکانی ئاپۆ گرنگترە، ئاخر تۆ دەوڵەتەکەی ئێرەو خۆسەرییەکەی ئەوێ، بۆ ئەو مناڵە دروست ئەکەیت، کە مناڵەکەت یا بەکوشت، ئیتر دەوڵەت و خۆسەری بۆ کێ؟
- دواتر ئەمەی ئێستا هەیە، جیهان بە حەربێکی عالەمیی دروستیکردوە، بە چوار کڵاشینکۆفی ئێمە هەڵناوەشێتەوە.
کاری دروستیش هەر ئەوەیە کە بژین و بمێنینەوە تا جیهان خۆی گۆڕانێکی تر بەخۆی ئەدا.
نەکئەوەی بمرین و نەمێنین لەپێناو موجازەفەیەکی مەسعود یان تێکستێکی ئاپۆ، یان بەتەمابین به چەکی پێشمەرگەو گەریلا سیستەمی جیهان بگۆڕين!
- گرنگە ئاپۆ وەکو نوسەرو ئاپۆ وەکو سەرکردە جیابکەینەوە! چونکە ئەگەر وانەکەین، ئیتر توشی ئەو وەهمە ئەبین، كه ئەو چی لەکتێبەکانیا نوسی، ئێمە دێین لەسەر ئەرز جێبەجێ ی بکەین! خۆ ڕەنگە جوانبێت، بەڵام ڕەنگە لەدنیای واقعدا جێی نەبێتەوەو هەر زوو سەرمان بەر بەردی سیستەمی جیهانی بکەوێت و لە خەوە خۆشەکە خەبەرمان بکەنەوە.
لێرەدا ئاپۆ چەن بیرمەندبێ و مەسعود چەن نابیرمەندبێ، لەوەدا هیچ فەرقیان نیە کە خەیاڵی هەردوکیان پەنی گەورەمان پێئەداو لە سیستەمی ئێستای جیهاندا جێ ی نابێتەوە.
- کێشە دەرەکی و ئەخلاقییە جیهانییەکەش، هەرئەوەنیە کە دنیا کۆمپیوتەری دەوڵەتەو داتای نادەوڵەتی ناخوێنێتەوە. بەڵکو کێشەکە ئەوەیە کە سیاسەتی جیهانی بەرەو بێشەرمی و خاڵیبونەوەیەکی تەواو لە ئەخلاق ئەچێت کە پێشتر وانەبووە!
مەسەلەن سەرۆکەکانی پێشتریش سعودییەیان هەر دۆشیوە، بەڵام وەکو ترەمپ بە ئاشکراو بێ شەرمانە داوای سەرانەیان نەکردوە!
مەسەلەن گۆڕینی دیمۆگرافیاو سڕینەوەی دانیشتوانی ئەسڵی نیشتمانێك، بە هەموو میساق و پێودانگە جیهانییەکان پێشێلی ئەخلاقی سیاسیی و ئینسانییە.. دەی ئەردۆگان بە نهێنی نا، ئاشکرا هاوارئەکاو ئەڵێ سێ ملیۆن ئاوارە ئەبەمە ئەوێ!!
ئەم کردە نائەخلاقیانە پێشتریش هەر کراون، بەڵام لەژێر پەردەو لەپشتی بانگەشەی ترەوە. هەر خودی سیاسەت "بە مانا نائەخلاقییەکەی" بریتییە لە دروستکردنی پەردەی ئەخلاقی بۆ ئەو شتە نائەخلاقیانەی لە پشتی پەردەوە ئەگوزەرێن. (بەڵام سیاسەتی ئێستای جیهان، بەتەواوی پەردەو دەرپێ ی بێ شەرمیی فڕێداوە.)
- لەم دۆخەدا قسە هەزارەو چوار نا تەنیا یەکێکی بەکارە!
هەرچی تەنازول خوا دروستی کردوە، بیکەن و ئەو شەڕە لادەن و ناوچەکە لە کاولکاری و سڕینەوەی دیموگرافی بپارێزن.
چونکە ئەگەر وانەکەن، دواتر هەمان تەنازولەکان، زائید زەرەری شەڕەکەش دێتە گەردنمان.
وەهمی قارەمانێتی بخەنە لاوەو بۆ جارێکیش بێت، با پێش ئەوەی ببین بە قوربانیی، قوربانیبوونی خۆمان ڕاوەستێنین!
ئازایەتی ئەوەنیە مەرگەسات بەسەر خۆماندا بهێنین و دواتر بەسەر خۆماندا بگرین، ئازایەتی ئەوەیە لەمسەرەوە شتێك بکەین و نەگەینە لوشکەلوشكەکەی ئەوسەر!
لەمپێناوەشدا نەك هەر لەگەڵ سوریاو ڕوسیا.. بەڵکو تەنانەت لەگەڵ خودی تورکیاش بکەونە گفتوگۆو هەنێ تەنازول و دۆڕانی بەشێکی شتەکان، باشترە لە دنیایەك شکست و دۆڕانی هەمووی.
- خوایە گیان تۆش ئاوێ بکە بەو ئاگرەیا، دەی خۆ خوایەتی هەر بۆ دوو شتی وا باشە، خۆشت باشتر ئەزانیت.