رۆژئاوا و كارتی داعشە دیلەكان
2019-10-07 14:18:36
هیوا سەید سەلیم
لەماوەی تەنیا ساڵێكدا دوناڵد ترامپ ئەوە جاری دووەمە بە كتوپڕی و بەبێ ڕاوێژ لەگەڵ هیچ كەس لە ئیدارەی كۆشكی سپی بڕیار لەسەر كشانەوەی هێزەكانی لە سوریا دەدات، جاری یەكەم لە رێگەی تویتێك و ئەمجارەشیان لە رێگەی ڕاگەیەندراوی كۆشكی سپی ئەو بڕیارەی دا .
كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا بەو كتوپڕیە ئاماژەیە بە فەشەلی سیاسەتی ترامپ، بە تایبەت لەبەرامبەر ڕكابەرەكانی لە بەرەی رووسیا و ئێران و سوریا، وەك ئەوەی ماكگورگ نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ شەڕی داعش لە خوولی سەرۆكایەتی ڕابردوو ووتی:
(ئەو هەڵوێستەی ترامپ دیاریە بۆ رووسیا و ئێران و توركیا و داعش)
سەرۆكی ئەمەریكا لەو بڕیارەی ئەمجارەیدا باس لە ئایندەی دیلە داعشەكان دەكات، لەوبارەیەوە گازاندە لە فەڕەنسا و ئەلمانیا دەكات كە ئامادە نەبوون خۆیان لە هاوڵاتیەكانیان بە خاوەن بكەن، لە هەمان كاتدا ئۆباڵی چارەنووسی ئەو تیرۆرستانە دەخاتە ئەستۆی ئەورپا و توركیا و وڵاتانی ناوچەكە.
لە ئێستادا كە كۆشكی سپی چرای سەوزی بۆ داگیركردنی رۆژئاوا بۆ توركیا هەڵكردووە، دەكرێت هێزەكانی رۆژئاوایی كوردستان بەهەمان شێوە یاری بە كارتی دیلە داعشەكانی ژێردەستیان بكەن، وە بیانكەنە كارتی فشار لەسەر ڕای گشتی.
چونكە لە راستیشدا ئاسان نابێت بۆ هێزەكانی هەسەدە لە دووبەرە بكەونە جەنگ، بەرەیەك شەڕی پاشماوەی داعش و بەركەی دیكەش شەڕی داگیركاری توركیا.
تا ئێستا روون نیە كە ئایا وەك جاری پێشوو ترامپ لەو هەڵوێستەی پەشیمان دەكرێتەوە یان نا، یان وەك خۆی ووتەنی ( بۆیەكجارەكی لەو شەڕە درێژخایەنە دێتە دەرەوە)
شەڕی توركیا و رۆژئاوایی كوردستان ئەگەر هەڵبگیرسێت، لەهەموو بوارێكدا زۆر نابەرابەر دەبێت، بۆیە كاتی ئەوە هاتووە كە رۆژئاوای كوردستان لە شێوەی هەلوێستەكەی ترامپ كەلك لە كارتی دیلە داعشەكان وەرگرێت، بیكاتە كارتی فشارە لەسەر هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ناوچەكە.
شایانی باسە دوای شكستی داعش لەسەر دەستی هێزەكانی سوریای دیموكراتی لە باهۆز بە هەزاران چەكداری داعش بە خۆیان و كەسوكاریان كەوتنە دەست هێزەكانی هەسەدە، كە ئێستا بەشی زۆریان لە كەمپی هۆڵ دەستبەسەرن، كە خاوەنی وڵاتانامەی جۆراوجۆرن لەسەر ئاستی جیهان، لە ئەورپاوە بگرە تا ئەفریقا و وڵاتانی عەڕەبی .
لەماوەی ڕابردوو ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوا هەوڵی زۆری دا لە رێگەی دامەزراندنی دادگایی نێودەوڵەتی چارەنووسی ئەو چەكدارە داعشانە یەكلایی بكاتەوە، بەڵام ڕای گشتی وەك پێویست لەو داواییەی رۆژئاوا نەهاتە پێش.
بۆیە ئێستا كاتی هاتووە كە كارتی داعشە دیلەكان بكرێتە فشار تا جیهان بە گشتی و ئەورپا بە تایبەتی بۆ ئەو مەترسیە بێتە سەرخەت، هەروەها كاردانەوەی یەكێتی ئەورپاش لەسەر ئەو پێشهاتانەی ئێستای سوریا دەكرێت بكرێتە دەستپێك بۆ رێگری لە داگیركاری توركیا بۆ رۆژئاوای كوردستان و پەشیمانكردنەوەی ئەمەریكا لەو هەڵوێستە نا بەرپرسانەی لە بەرامبەر رۆژئاوایی كوردستان.