توركیا له‌نێوان سه‌ره‌رۆێی و رێكه‌وتندا له په‌لاماردانی رۆژئاوای كوردستان
2019-10-07 06:24:16
د،كامه‌ران مه‌نتك
توركیا ماوه‌یه‌كه هه‌ڕه‌شه‌ی په‌لاماردانی رۆژئاوای كوردستان ده‌كات، له‌م چه‌ند رۆژه‌ی دوایی سه‌رۆكی توركیا رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ یا سبه‌ی هێرشه‌كه ئه‌نجام ده‌ده‌ین، سه‌رباری ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات به‌گوێره‌ی ریككه‌وتنی ئه‌مریكاو توركیا ده‌رباره‌ی ناوچه‌ی ئارام هیزه‌كانی خۆیان له هه‌ندێك ناوچه كشانده‌وه. ئه‌مشه‌و سه‌رۆكی توركیا په‌یوه‌ندیه‌كی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئه‌مركیا ئه‌نجامداوه، ئێستا هه‌واڵی ئه‌وه بڵاوبۆته‌وه ئه‌مریكا له چه‌ند خاڵێكدا هێزه‌كانی خۆی له سه‌رسنووره‌كانی توركیا له رۆژئاوای كوردستان كشاندۆته‌وه، ئه‌مه‌ش رێگا كردنه‌وه‌یه بۆ سوپای توركیا بۆ ئه‌وه‌ی په‌لاماری رۆژئاوا بدات، واته دووباره بوونه‌وه‌ی سیناریۆی عه‌فرین، كاتیك به‌ر له رۆژێك له هێرشی سوپای توركیا رووسه‌كان هیزه‌كانی خۆیان كشانده‌وه! ئه‌م دۆخه له دوو ئه‌گه‌ر زیاتر هه‌ڵناگرێت، یاخود رێككه‌وتنیك له‌نێوان توركیا‌و ئه‌مریكا كراوه و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆیان له‌سه‌ر حیسایی كورد یه‌كخستووه، یاخود ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت توركیا بكه‌وێته ناو گێژه‌نی رۆژئاوای كوردستانه‌وه، به داخه‌وه به‌گوێره‌ی ئه‌زموونی ئه‌مریكا له ناوچه‌كه، وه‌ك له جۆرجیا‌و چه‌چان و ئۆكرانیا بینیمان، ئه‌گه‌ری یه‌كه‌م زیاتر به هه‌ند وه‌رده‌گیرێت. له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌م رۆژانه له‌سه‌ر خاكی سوریا گۆڕانكاری جدی له هاوسه‌نگی هیز به‌دیده‌كریت. دوای ئه‌وه‌ی رووسیا یارمه‌تی رژێمی به‌شار ئه‌سه‌دی دا بۆ ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی پێی ده‌گوترا ئۆپۆزسیۆنی سه‌ربازی بگه‌ڕێنیته‌وه ژێر ده‌سه‌لاتی خۆی، له ناوچه‌ی ئه‌دله‌ب له‌سه‌ر داوای روسیا و بۆ له‌یه‌كگه‌یشتن له‌گه‌ڵ توركیا ماوه‌یه‌ك هێرشه‌كانیان راگرت، له دونێوه هێزه ئاسمانیه‌كانی روسیا ناوچه‌ی ئه‌لب بۆردومان ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش جۆره سازشكردنیك نیشان ده‌دات له نێوان توركیا‌و روسیا، ئه‌دلب به‌رامبه‌ر رۆژهه‌ڵاتی فورات، كه ده‌كاته رۆژئاوای كوردستان. كه‌واته له‌و هاوكێشه‌یه‌دا ئاڵوگۆڕیك به‌دیده‌كرێت ( ئۆپۆزسیۆنی سوریا به‌رامبه‌ر كورد)، ئه‌مه‌ش زه‌نگێكی مه‌ترسیداره بۆ كورد و واتای گه‌ڕانه‌وه‌ی هاوسه‌نگی هێزه بۆ دۆخی به‌ر له هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی بلۆكی رۆژهه‌ڵات، واته گۆڕانی هاوسه‌نگی هێزی جیهانی ده‌ستپێكردنه‌وه‌و جێگیربوونه‌وه‌ی قۆناغێكی تر له شه‌ڕی سارد!. كه ئه‌مه‌ش واتای گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سه‌روه‌ری و یه‌كێتی خاكی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی كوردستانیان به‌سه‌ر دابه‌شكراوه، كه به‌داخه‌وه وا پێده‌چێت دیسان په‌رده‌یه‌كی ره‌ش به‌سه‌ر قۆناغێكی تر له‌مێژووی كورددا دابدرێته‌وه!.