خۆنیشاندانەكانی بەغداو دەرئەنجامەكانی لەسەر هەرێمی كوردستان
2019-10-05 19:10:49
کامەران مەنتک
ئەو خۆنیشاندانانەی چەند رۆژێكە بەغدای پایتەخت و ژمارەیەك لە شاری تری لە ناوەڕاست و باشووری ئێراق گرتۆتەوە، بەر لەهەموو شتێك دەرئەنجامی ئەو گەندەڵی و پاشاگەردانی و نا دادپەروەرییە، كە لەو ناوچانە دەگوزەرێت، سەرباری ئەو هەڵبژاردنە ساختەو بێهیوایانەی ئەنجام دەدرێت، دەسەڵاتی سیاسی لە بەغدا هیچ رەوایەتیەكی نەماوە، بۆیە هەموو مرۆڤێكی ئازادیخواز پێویستە پاڵپشتی و لایەنگری ئەو خۆنیشاندانانە بكات. بەڵام ئەمە تەنیا دیوێكی مەسەلەكەیە، دیوەكەی تری پەیوەندی بە رەهەندە هەرێمی و جیهانییەكەوە هەیە، كە چۆن ئەو مافە رەوایانانەی خەڵك دەخەنە دوو توێی بەرژەوەندە سیاسی و هاوسەنگیە هەرێمایەتیە ئاڵۆزەكان!.
بێگومان ئەمەش شتێكی ئاساییە، لەبەرئەوەی ئێستا ئێراق وەكو دەسەڵاتی سیاسی و جوگرافی كەوتۆتە ژێر كاریگەری راستەوخۆ و نا راستەوخۆی هێزە هەرێمی و جیهانیەكان، كە هەر لایەنەی دەیەوێت بەرژەوەندیه ستراتیژیەكانی خۆی بپارێزێت. دەرئەنجامی ئەو خۆنیشاندانانە هەرچیەك بێت هیچ لە بایەخی ئەوە ناگۆڕێت، كە سەرەتای قۆناغێكی نوێیە لە ئێراق بە ڕێوەیە، ئەو سەرەتایە بەرەو دوو ئاڕاستەی پێچەوانەی یەكتر كاردەكات، لە لایەك بۆ نەهێشتنی گەندەڵی دامەزراندنی دەسەڵاتێكی دادپەروەرانەتر، لە لایەكی تر بۆ قووڵكردنەوەی نا سەقامگیریەكان و بە سوریا كردنی ئێراق هەنگاو دەنێت. بەهۆی بوونی میلیشیاو هێزی چەكداری زۆرو جیاواز، بۆ ماوەیەكی رەنگ بێت زۆر دوور نا، ئەگەری دووەم بەهێزترە، كە بە داخەوە ئەمە دۆخەكە زۆر ئاڵۆزتر دەكات و دواتر دەگاتە ئەو ئامانجانەی خەڵك كاری بۆ دەكات، ئەمەش ماوەیەكی دەوێت و دەوەستێتە ئەو مامەڵە سیاسی و جیۆپۆلەتیكانەی لە پشت پەردەكانەوە لە نێوان هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتیەكان ئەنجام دەدرێت. بڵێسەی سەركەوتنی ئەو خۆنیشاندانانە گومانی تیا نیە بۆ زۆر شوێن دەپەڕێتەوە چوارچێوە جوگرافیەكەی خۆی دەبەزێنێت و رەنگه بێت لە كۆتایدا سیستەمی سیاسی هەموو ناوچەكە بخاتە مەترسیەوەو گۆڕانكاریەكی بنەڕەتی لە فەزای سیاسەتی هەرێمی دروست بكات.
بەڵام ئەوەی گومانی تیانیە ئەو بڵێسەیە بەر لە هەموو شوێنێك دەپەڕێتەوە هەرێمی كوردستان!. ئەگەر لەبەغدا دەستكەوتی باش بە دەست بێت!. راستە دۆخی هەرێمی كوردستان بە بەراورد لەگەڵ پارچەكانی تری ئێراق جۆرە جیاوازیەكی هەیە، بەڵام لە رووی سیاسەوە دەسەڵاتدارانی ئەو هەرێمەش دووچاری هەمان ئەو نەخۆشیانە هاتوون، كە دەسەڵاتدارانی ئێراق تووشی بوون، تووڕەیی و بێزاری خەڵكی كوردستان هەرگیز لە تووڕەیی و بێزاری ناوچەكانی تری ئێراق كەمتر نیە، وەكو ئەوان متمانە بە دەسەڵاتداران و پڕۆژەی هەڵبژاردن نەماوە، دوا هەڵبژاردن رێژەی بەشدارینەكردنی خەڵك، كە زۆرینەیەكی رەها بوو ئاماژەیەكی روونە بۆ ئەوەی خەڵك لە كوردستانیش باوەڕی بە خەباتی سیاسی و پەرلەمانی نەماوە، ئەمە ئەگەری توندو تیژی و رووبەرووبوونەوەی چەكداری زیاتر دەكات لە هەر گۆڕانكاریەك لە هەرێم بێتە ئارا.
بە داخەوە زۆر لە خوێندەواران و چاودێرانی كورد پێیان وایە بەهۆی بێهیوابوونی خەڵكی كوردستان، ئەگەری پەڕینەوەی خۆنیشاندانەكان بۆ هەرێم زۆر نیە، بەڵام بە پێچەوانەوە، بێهیوابوونی خەڵك بەهۆی ملكەچ بوونەوە نیە بۆ ئەو دۆخە سیاسی و ئابوورییەی سەپێنراوەتە سەری، بەڵكو تەنیا بێ متمانەییە بەو هێزانەی لەسەر گۆڕەپانی سیاسیدا وەك گەڕۆكێك (مهرج) ێك نواندن دەكەن، نەك بێ متمانە بوون بە زەرورەتی گۆڕانكاری و دامەزراندنی دەسەڵاتێكی تر، كە رەنگدانەوەی ویست و خەونەكانی خەڵك بێت. ئەو هێزانەی لە گۆڕەپانەكەدان، هیچ كامێكیان ناتوانێت سەركردایەتی و پیشەنگی گۆڕانكاریەكی لەو شێوەیە بكات، بەڵام گۆڕانكاریە پۆزەتیڤەكانی ئێراق، ئەگەر لەبەرژەوەندی خەڵك بشكێتەوە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی خەڵك و دروست بوونی سەركردایەتی مەیدانی نوێ، ئەو كاتە ئەو هێزانەی لە ئارادان، بە هەموو رەنگەكانیانەوە دەخرێنە بەردەم دادگای خەڵك و بەرپرسیاریەتی ئەو هەموو تاوان و گەندەڵی و نادادپەروەریەیان دەخرێتە ئەستۆ. دەسەڵاتدارانی كوردی بە تەواوی دركیان بەمە كردووە بۆیە هەر لە ئێستاوە سیناریۆ بۆ كەمكردنەوەو بڕینی هێڵەكانی ئەنتەرنێت و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان دادەنێن.بەڵام لە كۆتایدا، كە زەنگی حەشرەكە لێیدا هیچ شتێك فریایان ناكەوێت!.