پلانە گەورەكە!
2019-10-02 20:12:17
دڵشاد ئەنوەر
هیچ گومانی تێدا نیە، خۆپیشاندانی ناوچە جیاجیاكانی عێراق، دەرئەنجامی توڕەیی خەڵكە، دەرئەنجامی ناعەدالەتی و گەندەڵی و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتە، بەڵام ئەوەی لە پشتەوە دەگوزەرێت شتێكی ترە.
ئەو گەنجەی كراسەكەی لەناو قەدی ئاڵاندووە و بەرد دەوەشێنێت مەزڵومە، ئەو پیاوەی سنگی بەرامبەر دەزگا ئەمنیەكان دەرپەڕاندووە و باكی بە فیشەك نیە، ژیان ماندووی كردووە و ناعەدالەتی هێناویەتیە سەر شەقام، ئەو ژنەی خۆپیشاندەران هاندەدات، نەبوونی و دەست نەرۆیی پاڵنەریەتی و دەیەوێ لە نائومێدی، ئومێد دروست بكات.
ئەوەی لێرەدا مەبەستمە، بیڵێم: دیوی پشت ڕووداوەكانە، ئەو دیوەی كە گەنجە دڵ گەرمە بەرد وەشێنەكانی بەغدا و ناسریە لێی بێ ئاگان، ئەوەی كە سەركردەكانی شیعەی تۆقاندووە.
پێشتر سەدریەكان تەنها هێز بوون كە جڵەوی شەقامیان لابوو، بەڵام ئێستا شەقام خرۆشاوە و جڵەو لای ئەوان نەماوە، هێزە عێراقیەكانی تر لە دۆخی ترس و مت بووندان و سەركردەكانیان لەناوچەی سەوزەوە، چاوەروانی دەرئەنجامی ئەم مناوەرە سیاسیە گەورەیەن كە ڕوو دەدات .
دواجار شەقام لە مناوەرەی سیاسی تێ ناگات، ئاو و كارەبای دەوێ، خزمەتگوزاری و بژێوی دەوێ، بۆیە شیعەكان دەترسن هەینی دۆخەكە قەرەباڵغتر بێت و لە دەست دەربچێت، یاخود هەندێك مەلا و زانا، بەپیری داوای چالاكوانانەوە بچن، كە داوایانكردووە رۆژی چلە، جەماوەر ڕوو لە بەغدا بكات بۆ ڕووخانی حكومەت نەك لە كەربەلا.
واتە شەقام بێ ئاگا لە موناوەرە سیاسی و مشت و مڕی پشتەوە خرۆشاوە، بەرەی سعودیە و توركیا و هەندێ لایەنی تر دەیانەوێ دۆخەكە بقڵیشێتەوە، ئێرانیش بەهەموو هێزێكی لە خەتە بۆ تێكشاندنی پلانە گەورەكە.
دۆخی ئێستا لەهەندێك ڕووەوە لە سەردەمی داعش دەچێت، چۆن هەوڵدرا، لە رێگەی داعشەوە عێراق لەت بكرێت و لە بن دەستی شیعە دەربهێنرێ، ئێرانیش لەخەت بوو بۆ شكاندنی پلانەكە و دواجاریش شكاندنی، ڕەنگە ئەنجامی ئەم ڕووداوانەش هەر وابێ.
هەفتەیەك لەمەوبەر سونەكان بە ئاگاداری كورد كۆبوونەتەوە و ئامادەكاریان بۆ ئەم دۆخە كردووە، سونەكان دەیانەوێ ریزەكانیان یەكبخەن و خۆیان لە ژێر دەستەیی شیعە قوتار بكەن. كورد و بەدیاریكراوی پارتی، دڵخۆشن بۆ ئەوەی پارچە پارچە بوونی عێراق ببێتە ئەمری واقیع و چیتر زومی ناوەند لەسەر هەرێم نەبێت.
توركیاش دەیەوێ ئەو توڕەییەی كە بەهۆی پشتیوانیكردنی ئەمەریكاوە لە یەپەگە لەسوریا هەیەتی، لە عێراق بیرژێنێت ، بەوەی ئەم ڕووداوانە ببنە هۆی پارچە بونی عێراق و ویلایەتی موسڵ زیندوو و بكاتەوە، بەهاوكاری نجێفیەكان.
سەركردەكانی شیعە ئاگاداری وردەكاری هەموو شتێكن، بۆیە بە وریاییەوە لە دۆخەكە دەروانن و بەچڕی لەخەتن، بۆ شكستپێهێنانی، بەڵام دەر ئەنجامی ڕوداوەكان، ئایندەی عێراق دیاری دەكەن.