كێ لەپشت خۆپیشاندانەكانی عێراقەوەیە...؟
2019-10-02 19:37:59
د. سەنگەر سەید قادر
خۆپیشاندانەكانی عێراق ماوەی دوو ڕۆژە دەستی پێكردوە و لە كۆی ١٤ پارێزگاێ عێراق لە ٩ پارێزگا خۆپیشاندەران هاتوونەتە سەر شەقام و توندوو تویژی زۆری لێكەوتووەتەوە بە جۆرێك لە دوو ڕۆژدا ٨ كوژراو زیاتر لە ٤٠٠ برینداری لێكەوتووەتەوە.
-خۆپیشاندانەكان چۆن دەستی پێكرد:
ڕەنگە هۆكاری ڕووكەشی خۆپیشاندانەكان گەندەڵی و دانەمەزراندن و بێكاری و خراپی دۆخی ئابوری و خزمەتگوزاریەكان بێت بەڵام ئەم هۆكارانە تەنها ڕووكەشن و چەندین ساڵە بوونی هەیە و تازە نیە، بۆیە هۆكاری ڕاستەقینەی خۆپیشاندانەكان ململانێی ئەمەریكا و ئیسرائیل و ئێرانەوە هەیە
چونكە وابڕیاربوو هەفتەی داهاتوو پەرلەمان لەسەر پرسی هێرشەكانی ئیسرائیل و دەركردنی هیزە بیانیەكان لە ڕێگای پرۆژەیاسایەكەوە كۆببێتەوە كەئەوەش شەرعیەتی هێزەكانی ئەمەریكا لەعێراق دەخاتە ژێر پرسیارەوە
هۆكارێكی تر پەیوەستە بە ململانێ ئەمەریكا و ئێران لەسەر گۆرینی حكومەتی عێراق، سەرەتای تەقینەوەی ململانێكان لەدوای ئەوەهات عادل عبدلمەهدی ڕۆژی ٢٣ مانگی ڕابردوو لەسەر داوای تاڵب شغاتی سەرۆكی دەزگای دژەتیرۆری عێراق بڕیاری لە كار دوورخستنەوەی عبدالوهاب ساعدی فەرماندەی هێزی دژەتیرۆری دەركرد و ڕۆژی شەمەی ڕابردوو بڕیارەكە ئاشكرا و ناڕەزایەتی زۆری لێكەوتەوە لەبەر چەند هۆكارێك:
١- عبدالوهاب ساعدی خاوەن هێزێكی جەماوەری زۆرە بەتایبەت پارێزگا سونەكان و وەك پاڵەوانی شەڕی داعش ناسراوە
٢- عبدالوهاب ساعدی كەسێكی نزیكی حیزبی دەعوەیە و ئەوەش مالیكی و حیزبی دەعوەی نیگەران كرد
٣- هێزی دژە تیرۆری عێراق و هێزە ئاڵتوونیەكانی عێراق ئەوو دوو هێزەن كە تاڕادەیەك لە ژێر كۆنترۆڵی ئەمەریكادان و ئێران دەیویەوێت لە لاوازی حكومەت و سوپای عێراقدا دەست بەسەر ئەو هێزەدا بگرێت و تاكە ڕێگریش لەبەردەم ئێراندا عبدالوهاب ساعدی بوو
لەلایەكی ترەوە ئەمەریكا نیگەرانە لە دۆخی لاوازی حكومەت و سوپا و دەزگای هەواڵگری عێراق كەلەلایەن ئێرانەوە دەستی بەسەردا گیراوە و بۆیە دەیویست لە ڕێگای هێزی دژەتیرۆرەوە سنورێك بۆ حەشدی شەعبی دابنێت و لە جێگای تاڵب شغاتی عبدالوهاب ساعدی بكات بە فەرماندەیدوزگای دژەتیرۆر و ئێران و عبدالمەهدیش ئەوەیان بەكودەتا ناوبرد و ڕێگریان لێكرد
٣- دۆخی حكومەتی ئێستای عێراق بۆ ئەمەریكیەكان جێگای مەترسیە و پلانی گێڕانەوەی حیزبی دەعوەیان هەیە بۆ دەسەڵات چونكە حكومەتێكی بەهێزی عێراق ڕێگری لە دەسەڵات و نفوزی ئێران دەكات
- كێ لەپشت خۆپیشاندانەكانەوەیە:
ئەوەی ڕوونە كە جوڵێنەری ڕاستەوخۆی خۆپیشاندانەكان ئەمەریكایە بەڵام لە ڕێگەی هێزە عێراقیە كاریگەرەكانەوە كە بەرژەوەندیان هاوتەریبی ئەمەریكایە لە ڕووخاندنی حكومەتەكەی عبدالمەهدیدا ئەو هێزانەش بریتین لە:
١- حیزبی دەعوە و خودی مالیكی كە كۆنترۆڵی هێزی دەوڵەتی قوڵی عێراقی كردوە و خەونی گەڕانەوەی هەیە بۆ دەسەڵات وی ئەمەریكاش پشتیوانی ئەم هەنگاوە دەكات هەربۆی مالیكی و دەعوە وەك یەكەم هێزی سیاسی پشتیوانی خۆی بۆخۆپیشاندانەكان دەربڕی
٢- موقتەدا سەدر: موقتەدا سەدر لەبەردەم ئیحراجیەكی گەورەی لایەنگرانی دایە بەتایبەت كە ئێستا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان نزیك بووەتەوە چونكە سەدر مانگی ١٠(تشرینی یەكەم)ی ساڵی ڕابردوو كاتێك متمانەی بە عبدالمەهدی دا ڕایگەیاند تەنها ساڵێك مۆڵەت دەدات بە عبدالمەهدی ئەگەر دۆی عێراق نەگۆڕێت متمانەی لێدەسەنرێتەوە
بۆیە ئێستا ساڵەكە تەواو بوو و هەوڵیكی جدیش هەبوو بۆ لەكاردانی عبدالمەهدی حكومەتەكەی بەڵام لە كۆتا ساتدا و هەفتەی ڕابردوو علی خامەنەئی لە ڕێگەی نامەیەكەوە بە سیاسیە عێراقیەكانی ڕاگەیاند كە عبدلمەهدی دەبێت لەجێگای خۆی بمێنێتەوە ئەوەش سەدری توشی بێ ئومێدی كرد بۆ یە بەناڕاستەوخۆ پشتیوانی خۆپیشاندەران دەكات چونكە نایەوێت پەیوەندی لەگەڵ ئێراندا تێكبچێت.
٣- هێزە سونەكان: بەشێكی زۆری هێزە سونەكان لەبەردەم مەترسی گەورەدان بە هۆی ئەو دەسەڵاتە فراوانەی ئێران بەسەر عێراقدا كە بووە تە هۆی گۆڕینی دیموگرافیای شارەكان و هێزە سونەكان كەنارگیرخراوان
٤- لە نێوان بەرەی سونە و شیعەدا ئەیاد عەلاوی یەكێكی ترە لەوانەی پشتیوانی خۆپیشاندەران. دەكات بە ئاشكرا و جگە لە عەلاوی هەموو ئەو هێزە بچوكانەی میلیشای چەكداریان نیە پشتیوانی خۆپیشاندەران دەكەن چونكە هێزیان نەماوە وبەرژەوەندیە ئابوریەكانیان كەوتووەتە مەترسیەوە
- ئایندەی خۆپیشاندانەكان بە كوێ دەگات :
هەرچەندە پێشبینی كردنی گۆڕانكاریەكان بۆ عێراق قورسە چونكە شیكاری سیاسی پشت بە بنەما زانستی و عەقڵیەكانی سیاسەت كردن دەبەستێت و ئەو عەقڵیەتە لە عێراق بوونی نیە بۆیە زۆر جار شیكاریەكان پێچەوانە دەبێتەوە
بەڵام بەكورتی ئەوەی چاوەڕێ دەكرێت خۆپیشاندانەكان بۆ چەند ڕۆژێك بەردەوامی دەبێت و دواتر بە هەندێك بڕیار و گۆڕانكاری سەرپێی خۆپیشاندەران سارد دەكرێنەوە و ئێرانیش لە ڕێگای بەلاڕێدابردنی خۆپیشاندانەكان بۆ توندوتیژی و ئاژەوەگێری خۆپیشاندانەكان لە ئامانجەكەی دوردەخاتەوە و بەلاڕێیدا دەبات چونكە فەسەڵات نفوزی ئێران لە عێراق زۆر لە ئەمەریكا بەهێزترە و ڕێگەنادات پیلانەكەی ئەمەریكا سەربكەوێت
- كورد ڕۆڵی چی دەبێت لە جۆپیشاندانەكاندا:
بۆ كورد ڕەنگە باشترین بژاردە بەردەوامبوونی خۆپیشاندانەكان بێت تا كۆتای ئەمساڵ بەشێوەیەكی ئاشتیانە كە ئەمە قورس و مەحاڵە ڕووبدات، بۆیە بژاردەی دووەم هەمان خواستی ئێرانی لە بەرژەوەندی كوردە بە كۆتایهاتن بە خۆپیشاندان و مانەی عادل عبدلمەهدی لە جێگای خۆیدا
چونكە بوونی حكومەتێكی لاواز و پركێشە و ململانێ لە بەغداد لە بەرژەوەندی كوردە و دەتوانێت كارتە سیاسیەكانی باشتر بەكار بهێنت بەتایبەت لە پرسی بودجە و هەڵبژاردنی ناوچە جێناكۆكەكاندا، بەڵام بەهۆی لاواز و دابەش بوون و نەبوونی پلانەوە كورد ناتوانێت ڕۆڵی گرنگی هەبێت لە چنینەوەی دەستكەوتەكاندا و تەنها چاوەڕی لێكەوت و بەركەوتەكان دەكات و هیچی تر.