Draw Media

چاوه‌ڕێی چی ده‌كه‌ن؟

چاوه‌ڕێی چی ده‌كه‌ن؟

2019-10-01 08:30:32


سەرتیپ وەیسی كەریم 

مامه‌ڵه‌كردنه‌ی پارتی و سه‌رۆكی حكومه‌ت، له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌ تایبه‌ت یه‌كێتیی و گۆڕان، به‌ خۆدزینه‌وه‌ له‌ رێككه‌وتنی سیاسی نێوانیان له‌باره‌ی حكومه‌ت و شۆڕكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان بۆ خواره‌، دروستكردنی مه‌ركه‌زیه‌تی ته‌واو له‌ لایه‌ن سه‌رۆكی حكومه‌ت، ئاماژه‌یه‌كی ڕوونه‌ كه‌ به‌رده‌وام بوون له‌سه‌ر ئه‌م جۆره‌ سیاسه‌ته‌ داهاتووی كابینه‌ی نوێ باش نابێت و له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا به‌ریكه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نانه‌ ڕووده‌دات، چونكه‌ هێشتا سێ مانگ تێنه‌په‌ڕیووه‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ به‌شداری كابینه‌ی نوێیان كردوه‌، به‌ بارودۆخه‌كه‌ ڕازی نین و پێیانوایه‌ به‌ رێژه‌یه‌كی زۆر كه‌م رێككه‌وتنه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ پارتی جێبه‌جێكراوه‌.
یه‌كێتیی جگه‌ له‌وه‌ی كێشه‌ی پارێزگاری كه‌ركوكی له‌گه‌ڵ پارتی هه‌یه‌، له‌ هه‌مانكاتدا جێگره‌كه‌ی له‌ حكومه‌ت ده‌سه‌ڵاتی پێنه‌دراوه‌و ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر كاخه‌زی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی له‌گه‌ڵ پارتی نوسراوه‌ هیچی جێبه‌جێنه‌كراوه‌.
هه‌روه‌ك چۆن گۆڕان پاڵپشتێكی باش بوو تاوه‌كو پارتی بتوانێت كابینه‌ی نوێ به‌ ئاسانی كۆنتڕۆڵ بكات، له‌ هه‌مانكاتیشدا زۆربه‌ی یه‌كێتییه‌كان له‌ نێوشیان قوباد تاڵه‌بانی و پارتییه‌كانی نێو یه‌كێتیی په‌له‌ په‌لیان بوو له‌سه‌ر رێككه‌وتن، به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانن چی ده‌كه‌ن، هه‌مووجار قوباد تاڵه‌بانی ده‌یوت : مه‌كته‌بی سیاسی ده‌یه‌وێ سواری سه‌ر ملی خۆیان بن نه‌چنه‌ حكومه‌ت و ببنه‌ ئۆپۆزسیۆن.
مام جه‌لال هیچ كات باوه‌ڕی به‌وه‌ نه‌بوو كوڕه‌كانی سیاسه‌ت بكه‌ن و بێنه‌ پێشه‌وه‌ وهیچ گرینگی به په‌روه‌رده‌كردنی سیاسی دوو كوڕه‌كه‌ی نه‌ده‌دا، هه‌ربۆیه‌ش ئێستا ئه‌وان له‌به‌رده‌م ماڵی بارزانی زۆر زه‌لیل و بچووك ده‌رده‌كه‌ون ( گرته‌ ڤیدیۆیه‌كی دوێنێ شه‌ویش باشترین ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌مه‌).
بزوتنه‌وه‌ی گوڕان ئه‌و كاته‌ی هاته‌ پاڵ پارتی و باڵانسی هێزی گۆڕی و شه‌وانه‌ خه‌ونی خۆشیان به‌چوونه‌ حكومه‌ت ده‌بینی، له‌ماوه‌ی ئه‌و سێ مانگه‌دا بۆیان ڕوونبۆته‌وه‌، كه‌ ده‌سه‌ڵاتی وه‌زیره‌كانیان له‌ فه‌رمانبه‌رێك زیاتر نییه‌، هێشتا هیچ نه‌بوو سه‌رۆكی حكومه‌ت به‌ دانانی یاریده‌ده‌ر كابینه‌ له‌ ناو كابینه‌ دروست ده‌كات و ئیستفزازیان ده‌كات به‌ دانانی رێباز حه‌ملان و محه‌مه‌د حاجی.
تاوه‌كو مامه‌ڵه‌ی هێزه‌ سیاسییه‌كانی سلێمانی به‌و شێوه‌یه‌ بێت له‌گه‌ڵ پارتی، هه‌ر به‌ پاشكۆیی ده‌مێننه‌وه‌، چونكه‌ له‌ ساڵی شه‌سته‌كانه‌وه‌ ئه‌و باشووره‌ به‌سه‌ر دوو زۆن و باڵ دابه‌شبووه‌، به‌ره‌ی پارتی و به‌ره‌كه‌ی دیكه‌ كه‌ یه‌كێتی و لایه‌نه‌ نه‌یاره‌كانی پارتی نوێنه‌رایه‌تی ده‌كه‌ن، تاوه‌كو به‌ره‌ی ئه‌ولا له‌گه‌ڵ یه‌كدا نه‌بن پارتی كه‌متر دێته‌ ژێر بار.
هه‌میشه‌ش ئه‌و حزبه‌ گره‌و له‌سه‌ر په‌رته‌وازه‌یی به‌رامبه‌ره‌كه‌ی ده‌كات و تاوه‌كو ئێستاش سه‌ركه‌وتوو بووه‌، باشترین به‌ڵگه‌ش بۆئه‌مه‌ له‌وكاته‌ی نه‌وشێروان موسته‌فاو هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د له‌ ساڵی 2016 رێككه‌وتنێكی سیاسیان كرد، پارتی ئامانی لێ هه‌ڵساو هه‌موو شتی كرد تاوه‌كو ئه‌و دوو هێزه‌ لێك بكات.
یه‌كێتیی و گۆڕان هه‌موو كات له‌یه‌ك به‌ فێل بوون، هه‌ركات پارتی ناكۆكی له‌گه‌ڵ گۆڕان هه‌بێت یه‌كێتیی خۆی له‌ پارتی نزیك ده‌كاته‌وه‌، به‌ پێچه‌وانه‌كه‌شی هه‌ر ڕاسته‌، به‌ڵام هه‌رگیز له‌و مل شكاندنه‌ی یه‌كتر قازانجیان نه‌كردووه‌!!!

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand