دەوڵەتی کوردستان: شیوەن یان شایی؟
2018-04-21 10:23:13
د. نیاز نەجمەدین
لە 1960ەکانەوە، جیهان سێ شەپۆلی گەورەی سەربەخۆیی بەخۆیەوە بینیوە. لە 1957 بۆ 1964 نزیکەی 25 دەوڵەت لە هەناوی ئەفریقاوە هاتنە دەرەوە. زۆری نەبرد، ئەفریقا لەناوەوە هێندەی تر داوەشا، کەوتیشە نێو ململانێی سۆڤێت و ئەمریکا و پاشان چاینا، تا کار گەیشتە ئەوەی خەڵک نەیاندەزانی چۆن لە دیکتاتۆرە هاوزمانەکانیان رزگاریان ببێت.
لە شەپۆلی دووەمدا، لە نێوان 1981 و 1997دا، نزیکەی 30 دەوڵەت لە یەکێتیی سۆڤێتی جاران دروست بون. بەکوێ گەیشتن؟ بەشێک لە دەوڵەتەکان، لەوانە ترازنیستریا، دانیان پێدا نەنرا. تا ئەمڕۆش ئەم دەوڵەتانە شوێنی قاچاخچێتین و پاسپۆرتیشیان نییە سەفەر بکەن و کەوتونەتە بەر رەحمەتی روسیا.
شەپۆلی سێیەم لە 2000ەوە دەستی پێکردوە، بەڵام تەنیا 5 دەوڵەت سەربەخۆییان وەرگرتوە و خاو دەڕوات. دەزانی بۆ؟
هەندێک لە نەتەوەکان لەو راستییە تێگەیشتون کاتێک دەوڵەتت هەبێت و کەس پیرۆزباییت لێ نەکات، دەبێت بە شیوەن، با ماوەیەکیش شایی بکەیت، بؤيە چیتر بە شێوازی ئاژاوەنانەوە ئەو سەرکەشییە ناکەن.
لە گۆشەنیگای دەوڵەتانی جیهانەوە، پرسیاری سەرەکیی ئەوەیە چی رودەدات ئەگەر ئەستێرە(دەوڵەتێکیتر) بەرەو کۆمەڵەیەک بکشێت کە نزیکەی 200 ئەستێرە (دەوڵەت)ی هەیە؟ خۆ تۆ ناتوانیت بەس بیر لە بەرژەوەندیی خۆت بکەیتەوە، نەیزەکەکەی تۆ دەکێشێت بەواندا و یەک دونیا کێشە دروستدەکات.
لەم بارەیەوە:
پرۆفیسۆر نای (Nye) دەڵێت، سەربەخۆیی نەتەوەیەک وەک یاری دۆمینە(دۆمینۆ)یە، ئەم نەتەوە پاڵ بەوەی ترەوە دەنێت، هەموی بەدوای یەکتردا دەکەون. یانی ئەمریکا و ئەوروپا دەبێت بە دەوڵەتانی سۆڤێتی جاران، کەتەلۆنیا لە ئیسپانیا، ئاچێ لە ئەندەنوسیا، فلاندەرەکانی بەلجیکا، بیافرای نایجیریا و کویبیکی کەندا، هتد، بڵێن: "پیرۆزە، ئێوەش بون بە خاوەنی دەوڵەت".
پرۆفیسۆر نایاڵ فیرگەسن دەڵێت: بۆی هەیە خەرجیی بەرگریی زیادبکات، شەڕی لێدەکەوێتەوە. پرۆفیسۆر Volker Perthes دەڵێت: مەترسیی لەسەر دراوسێ دروستدەکات: دروستبونی دەوڵەتی سوننە، ورورژاندنی کوردەکانی ناوچەکانی تر، هتد.
پرۆفیسۆر ریچارد هاس دەڵێت: زیادبونی ژمارەی دەوڵەت پرۆسەی بڕیاردان زۆر سەخت دەکات، بۆ نمونە لە شوێنێکی وەک یەکێتیی ئەوروپادا، چەندین دەوڵەتی فاشیلیش لەسەر ئەم زەوییەن، ئایا بەس نییە؟ پرۆفیسۆر Alberto Alesina دەڵێت تەنیا کاتێک نەتەوەیەک دەتوانێت جیابێتەوە کە دەستی بە بازاڕی تری بگات. بەبێ تێکەڵبون لەگەڵ ئابوریی جیهانیی، تۆ دەوڵەتت بۆچییە؟ بۆ شیوەنکردن؟
خۆ من دەزانم پرۆفیسۆر بێرنارد-هینریش دەڵێت: دەوڵەتی کوردستان روناکییەکە بەسەر گردێکەوە. بەرای من، دەوڵەتی کوردستان سنور بۆ دیکتاتۆرەکانی ناوچەکەش دادەنێت، بەڵام ئەمە کاتێک راستە کە لای کەم لە ئاستی نێودەوڵەتییدا دانیپێدابنرێت و عێراقیش رازیی بکرێت. بۆ ئێمە قسەکەی مێژوناسی ئابوریی دۆگڵاس نۆرس گرنگترە: "دەوڵەت پێشمەرجی گەشەسەندنە. بەڵام دەشێت تاڵانکاریش بێت". ئایا ئینسانی عێراقیی قوربانیی چیترە جگە لە دەوڵەتی تاڵانکار؟ لەم دؤخەدا، دەوڵەتی کوردستانیش بەهەمان رێچکەدا دەڕواتەوە، بەناوی ئەوەی تورک و عەرەب و فارس دوژمنمانن یەک دەوڵەتی پۆلیسیی زیاتری لێدەرناچێت، سەرباری ئەوەی سەرکردایەتی و هێزەکانی کوردی باشور لاوازن ،و شەڕیان پێناکرێت و لە ئاستی پرۆژەیەکی وەهادا نیین.
پرسی دەوڵەتی کوردستان بە کەفوکوڵ و ژاوەژاو ناچێتەپێش، خۆگیڤکردنەوە و فشەفش و ئاژاوەنانەوە بەسە، بیر لەوە بکەنەوە پەیوەندییەکی باشتر و متمانەپێکراو لەگەڵ عێراق بینا بکەین و لای خۆمانەوە هێندە کێشە نەنێینەوە.