Draw Media

سلێمانی تەسلیم ناکەین

سلێمانی تەسلیم ناکەین

2019-09-30 08:17:09



زانا عەبدولڕەحمان

ئەم ساڵ هەندێك رووداوی گرنگ روویاندا كە پەیوەندی راستەوخۆیان بە ئایندەی میدیایی كوردی و سلێمانیەوە هەبوو.
ماوەی زیاتر لە نیو سەدە لە ململانێ سیاسی وسەربازی لەنێوان هێزەكوردیەكاندا و بەتایبەت پارتی ویەكێتی دەیان جار بەرز و نزمی سیاسی و سەربازی روویانداوە، بۆ ماوەیەك هەڵچوون و داچوونی هەژموونی سیاسی لایەك بەسەر لایەكیتر زاڵ بووە پاش ماوەیەكی تر لاكەی تر هەژموونی خۆی سەپاندۆتەوە، بەڵام ، بەدرێژایی ئەو مێژووە پڕ كێشمەكێشە هیچ هێزێك نەیتوانیوە لە رووی میدیاییەوە بەسەر یەكێتی نیشتمانی زاڵ بێت ، هەمێشە میدیایی یەكێتی باڵادەستی تەواووی هەبووە و خەڵكی ئاراستەكردوە و بە ئاسانی پەیامەكانی رای گشتیان دروستكردووە، بەدرێژای ئەو ماوەیەش هێزو قورسایی میدیای یەكێتی سەنتەرەكەی سلێمانی بووە.
‎بەڵام ، ئەوەی جێگەی هەڵوەستەكردنە لە چەند ساڵی رابردوو بە ئێستاشەوە ئەم دۆخە پێچەوانە بۆتەوە و پارتی بەتەواوەتی هەیمەنەی خۆی سەپاندووە لەرێگەیی دەزگا میدیایەكانیەوە ، سەنتەری میدیایی باشوری كوردستانی لە دەستی یەكێتی و سلێمانی دەرهێناوە بردوێتیە هەولێر بەوشێوەیەش پارتی هەرچۆنێكی بوێت لە رێگەی میدیاكانییەوە شەقام و رای گشتی ئاراستەئەكات .
ئایكۆنەكانی میدیایی باشوور بەشێكی زۆریان بە زەبری پارە وبەرژەوندی بار و بارگەیان گواستۆتەوە بۆ هەولێر بەشێكی تریان عاجز كراون و ناچار چوونەتە ناو ئەو ئەجندایەیی پارتی هێڵی بۆكێشاوە و سەپۆرتی راستەوخۆی ئەكات ، تەنها میدیا كە ماوبوو لە سلێمانی (ئێن ئارتی) بوو بەڵام (شاسوار عبدلواحید) بۆ بەرژەوەندی نەوەی نۆی ئەویشی خست و كۆتایی پێهێنا.
میدیایی یەكێتی وادەردەكەوێت بەمەبەست پوكاندبێتیانەوە ئێستا تەپڵی سەری لە عەرزدراوە بەجۆرێك شەكەت و هیلاكە كە توانایی نیە بەرگری لە خۆی بكات چ جایی لە یەكیتی و سلێمانی تەنانەت زۆركات چاوی لە میدیاكانیترە تا پەیامە پڕناسۆرەكەیان بگەیەنێت و ئازارەكانیان بەخەڵك بناسێنێت، بەسەدان كادری بەتوانایی دەزگاكانی راگەیاندنی یەكێتی بەدەست بەریوەبردنی خراپ و بێ ستراتیژ و تاك رەو، دەناڵێن بەپێ راپۆرتی (ئپسۆس) كە دامەزراوەیەكی نیودەوڵەتیە لەبواری هەڵسەنگاندنی میدیایی وماركێتینگ ، كەناڵەكانی یەكێتی لە رێزبەندی كۆتایین كەناڵە كوردیەكاندایە ، لەكاتێدا لە سالی ٢٠١٣ كە میدیای كوردساتم بەجێهێشت كەناڵەكەمان لە پلەی یەكەم بوو، تەنانەت بیرمە راپۆرتێكمان بە شێوەی مەیدانی ئامادەكرد لە زۆرینەی ئەو ماڵانەی كوردسات سەردانی دەكرد كوردسات لە لیستی كەناڵەكان ژمارە یەك بوو ، هەر بەپێش گوزەرت بكردایە بەناو بازاڕ زۆرینەی دووكان و شوێنەكانی شارە تەلەفزیۆنەكەیان لەسەر ئەو كوردساتە بوو كە ئێستا دووچارەی نەخۆش كەوت هاتووە .
پارتی لە رابردوو یەك خەونی هەبوو كە كارتی میدیا لەدەستی یەكێتی دەربكات و میدیاكەی لاواز بكات، بەڵام لە شۆڕشەوە تا ئەم كۆتاییانە ئەو خەونەی نەهاتە دی بەڵام بێ ئەجێندایی وایكرد یەكێتی خۆی ئەو كارە بكاو میدیاكەی تەسلیم بكات وبەم رۆژە بگەیەنێت كە كەسمان ئاواتمان نەبووكۆتایەكە بەم جۆرەبێت

میدیای پارتی دێتە سلێمانی

پارتی هەربەوە نەوەستا بەڵكو شەپۆلی پێچەوانەی دەستپێكردوە ئەیوێت هێزیی میدیایی خۆی بێنێتە سلێمانی و بەهەمان ئایكۆنەكانی سلێمانی خەڵكەكەی ئاراستە بكات ، هەنگاوی یەكەمی بەكردنەوەی ستۆدیۆ زەبەلاحەكانی رووداو دەست پێكردوە ، تەنانەت داخستنی مەتفەع خانەكەی (كەین ئێن ئێن) هەر پەیوەندی بەو بابەتەوە هەبوو كە پێ ئەچێت كەناڵێكی نۆێ بۆ گۆڕان دروست بكرێت بۆیان بخرێتە سەرپێ بەڵام بە ئەجندایەكی جیاواز و لەخزمەتی سیاسەتی پارتی بێت.
سەرۆكی حكومەتیش كەناڵەكەی لە سلێمانی باشتر ئەكات و بودجەكەی زیاترئەكات .
ئەوەی پەیوەندی بەمیدیایی ئەهلی و ئازادەوە هەیەلە سلێمانی كۆتایی یان هاتووە جێگەی باوەڕی خەڵك نەماون .
هیوایەك هەبوو یەكێتی میدیاكانی خۆی باش بكات و گورجی بكاتەوە بەڵام ئەوەیش هەر قسەبوو نەتوانرا جێبەجێ بكرێت .
هەواڵی كردنەوەی تیڤی نزیك لە (لاهور شێخ جەنگی ) گورتینی بە كادرە ماندووكانی یەكێیتی بەخشی بەڵام ئەویش هەر زوو دەنگی نەماو كپ بووە.
ئێستا گۆرپانەكەلە رووی میدیاییەوە هی پارتیە لە ئایندە دەبینن چی لە سلێمانی دەكەن و ئاراستەی رووداوەكانی ئێرەدەكەن.
چۆن هەرچی بازرگان و خەڵكی خاوەنكار و میدیاكارە ناچار ئەكەن كە كاریان لەگەل بكەن، هەر وەك لەكاتی كردنەوە نویسنگەی رووداو لە سلێمانی بینیمان ئەوە
مەسجێكە كە یەكێیتی دەبێت لێی تێ بگات.
لێرەدا حەقە ئەو پرسیارە بكەین كە كۆمپانیاكانی نزیك لە پارتی زاتی ئەوە ئەكەن لە كەناڵەكانی یەكیتی رێكلامی بازرگانی بكەن و قازانج بەداهاتیان بكەن؟
ئەی هەموو پارەی بازرگانەكانی سلێمانی بۆ ئەڕوات بۆ كەناڵەكانی پارتی بە ریكلام و بەرنامە و سپۆنسەریكردنی ئیڤێنەتەكانیانەوە.
دوو هۆكاری هەیە یەكەم/ میدیاكانی یەكێتی ئەوەندە لاوازبوون كەمن خۆم بازرگانبم ، رێكلامی تێداناكەم.
دووەم /خەمسارد و لێ نەپرسینەوەی یەكێتی لە خاوەن كارەكانی زۆنی خۆیی كە زۆرینەی لە سێبەری یەكێتی بوونە ناو و دەوڵەمەند بوون كەچی ئێستا باكیان بەوە
هەر نییە.
لەم قۆناغە چاوەكان لەسەر پافێڵ تاڵەبانیە ئاخۆ ئەتوانێت ئەو میدیایەی كە هێرۆخان بناغەكەی لە سلێمانی دانا بكاتەوە بە كەناڵی ژمارە یەك ؟
یان لێ ئەگەرێت ئەو كارتە بەدەست پارتیەوە بێت

بۆیە ئێستا ئەو كاتەیە كە دەستپێكی هەڵسانەوە بێت بۆ میدیایی یەكێتی ، كاتییەتی سود لە توانانی ئەو لە شكرە دڵسۆزەی كادرە میدیاییەكانی وەرگرێت و دەرفەت بە دەرخستنی توانایی تازە بدات. ئێستا كاتی گۆرانكاری رێشەی و كاتی ئاشتكردنەوەی عاجز و پەراوێز خراوەكان نەك تۆڵەكردنەوە و تەسفیە كردنیان كە لە رابردوو بینیمان بە ئەجێندای شەخسی گۆمی روون لێڵكرا و لەشكرێك لە كارمەندان بەبەرنامە دوورخرانەوە و قوتیان بڕدرا.
دەمەوێت ئەوە بڵێم : كاتێك رەخنە ئەگرین سەنگەرمان لێ مەگرن ، گوێمان بۆ بگرن و لێمان تێبگەن كەمەبەست چاكردن و باشكردن و خزمەتكردنە بە یەكێتی . كاتێك داوای ریفۆرمی میدیایی یەكێتی ئەكەین لێژنەمان لەسەر دروست مەكەن و بەدژ لەقەڵەممان مەدەن، وەرن با پێكەوە میدیای حزبی شەهیدان چاك بكەین و بیخەینەوە سەر شاڕێگەی خۆی ، تێبگەن كێشەكە هەر تەنیا پارە نیە بەڵكو كێشەكە عەقڵی بەڕیوەبردنە و دانانی خەڵكی نەشیاوە لەشوێنی شیاو ، ئەگەرنا میدیا بەهێز ئەتوانیت خۆی بژێنیت و سەرچاوەی داهاتی خۆی پەیدا بكات كە من پێم وایە ئێستاش ئەو سەرچاوەیە بەردەستە، تێبگەن ئێمە میدیایەكی بەهێزمان دەوێت نەك میدیایەك لە ناو چەقی ململانێكان گلاوە .

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand