كەركووك و یەكهەڵوێستی
2019-09-30 08:12:50
سەلام عەبدوڵڵا
دیارە حكوومەتی عێراقی بڕیاری خۆی داوە كە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، لە هەموو پارێزگاكانی عێراق، دەكات كە كەركووك یەكێك دەبێت لەو پارێزگایانە.
ئێمە زۆرمان لەسەر ناڕەوایی ئەو هەڵبژاردنە سەبارەت بە كەركووك نووسی كە نەدەبوو حكوومەتی عێراقی ئەو بڕیارە بدا، بەتایبەتی كە دۆخی كەركووك نائاساییەو پێویستە هەڵبژاردنی تێدا نەكرێ، تاكو بارودۆخ ئاسایی دەبێتەوە، بەڵام وادیارە حكوومەت سوورە لەسەر بڕیارەكەی و پەرلەمانی بەغداش پشتیوانی دەكات.
هەروەك زۆریشمان سەبارەت بە هەوڵی حكوومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراقەوە گوت كە ئەو حكوومەتانە، هەر هەموویان، بەجیاوازی، بیروبۆچوونیان، هەر هەموویان لەسەر عەرەباندن و شێواندنی دیمۆگرافیای كەركووك بەردەوام بوون و هەریەك بەشێوازی خۆی، بەڵام هەر هەمووی لەپێناو یەك مەبەستدابووە كە سیمای كوردستانی بوونی كەركووك بسڕنەوە و واقیعێك بسەپێنن كە لەبەرژەوەندی خۆیان بێت و بەوپێیەش نەهێڵن ئەو شارە كوردستانییە بگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان، ئەویش بەرنامەیەكی ستراتیژی بووە كە هەموو حكوومەتەكانی پێشوو پەیڕەویان كردووە، بەڵام هیچیان بە ئەندازەی ئەم هەوڵەی ئێستا كە لەلایەن پارێزگاری داسەپاوی بەوەكالەتی كەركووك دەدرێ نەبووە و نەكراوە، بۆیە ئێستا واقیعێك بەسەر دانیشتووانی كوردی شارەكەدا سەپێنراوە كە هیچ لە بەرژەوەندی كورد و دانیشتووانی ڕەسەنی ئەو شارە دانییە، بۆیە پارتە كوردستانییەكان دەبێ زۆر بەهۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم واقیعە نوێیەدا بكەن و بە یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی و یەك بەرنامەیی بەشداری لەو هەڵبژاردنەدا بكەن كە دەستەبەری سەركەوتن بكات و نەهێڵن پیلانی ناحەزانی سەركەوتووبێت.
خۆشبەختانە حزبە كوردستانییەكان، زۆرینەی هەرە زۆریان، لەسەر ئەو ڕایە كۆكن كە دەبێ هەموو پێكەوە بۆ ئەو مەبەستە شێلگیرانە كاربكەن و لادانی هەندێ حزبۆكەی كوردیش كە نایانەوێ بەشێك بن لەو یەكڕیزییەو ئەو هەڵوێستە نیشتمانییە، نابێت كاریگەری لەسەریان هەبێت و نیگەرانییان بكات، هەروەك چۆن بەرەی نەخێر لەكاتی ڕیفراندۆمدا شەرمەزارییەكی مێژوویی بۆ خۆی تۆماركرد، با ئەمجارەش پیرۆزیان بێت و (ئەو سەروەرییەشیان) لەكیس نەچێت.