چی دەگوزەرێت ؟!
2019-09-29 18:17:10
عەبدولستار مەجید
وەک دەزانن ئەمڕۆ پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان بەو شێوەی هاوتەریب بێت لەگەڵ ئەجێندای هێزێکی سیاسیی دیاریکراو، هەموارکرایەوە و تێپەڕێندرا .
دوو عورفی زۆر خراپ لەم هەموارەدا سەپێندرا کە بۆ لەمەودوا دەبێتە مەترسیی لەسەر فراکسیۆنەکان و کاری پەرلەمانتاریش !
یەکەم: ڕێگەدان بە جیابوونەوەی پەرلەمانتار لە فراکسیۆنەکەی خۆی و چوونە پاڵ فراکسیۆنێکی دیکە، مەترسییەکی جدییە و (پیلان)ـێکیشە بۆ فراکسیۆنەکانی دیکە بۆ کڕینی وەلائو سەفەقاتی ژێربەژێر .
ئەمە بەتەنها بۆ فراکسیۆنەکان نیە، بەڵکو بێڕێزییەکی تەواوە بە دەنگدەر و ئەوانەی لەبەر بەرنامەی هەڵبژاردنی هێزە سیاسییەکە دەنگیان بەو کاندیدە داوە، چی مەعقولە هەر کە دەنگی هێنا و بووە پەرلەمانتار، ئیتر بۆ بەرژەوەندی شەخسی و ئیمتیازاتی ناشەرعی بەناوی (ئازادی پەرلەمانتار) ەوە لە فراکسیۆنەکەی جیابێتەوە ؟!
ئەمە پێشینەیەکی زۆر خراپ و مەترسیدارە و لە ئایندەیەکی نزیکیشدا دەرەنجامە خراپەکانی دەبینین !
دووەم: بۆئەوەی پرۆژە یاسایەک بچێنە لیژنەکان و خوێندنەوەی بۆ بکرێت، بەتایبەت ئەوانەی ڕەهەندی داراییان هەیە و پێویستیان بە پارە هەیە، پێشنیاز و پێداگری ئێمە لەسەر ئەوە بوو کە وەزیری دارایی میوانداری لیژنەی تایبەتمەند بکرێت بۆ وەرگرتنی ڕای حکومەت .
بەڵام دیسان بە زۆرینە پەرلەمان بێ ناوەڕۆک و لاوازکرا لەبەردەم حکومەت و ئەوەیان جێبەجێکرد کە بۆ هەر پرۆژەیاسایەک پێشوەختە پرس بە حکومەت بکرێت !
ئەمە ئەگەر هەر خوێندنەوەیەکی بۆ بکرێت، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ کۆنترۆڵکردنی پەرلەمان لەلایەن حکومەت و لەسەرو ئەویشەوە حزب !