Draw Media

یەكێتی  لە ( هەڵگیرسانەوە ) وە بۆ (خامۆش )  بوون، هەڵەبجە بە نمونە :

یەكێتی  لە ( هەڵگیرسانەوە ) وە بۆ (خامۆش )  بوون، هەڵەبجە بە نمونە :

2019-09-29 09:35:31


ئیبراهیم هەورامانی 
لەمێژووی نوێی ئەم شارەدا كەباس لەبزووتنەوەی سیاسی گەلەكەمان دەكەین ، ناكرێت باس لەسەرهەڵدانەوەی شۆڕشی نوێی گەلەكەمان لەم ناوچەیەدا بەتایبەت شاری هەڵەبجە نەكەین ، هەڵەبجە بەتەنیا مەبەست لە جوگرافیایی شارێك نییە بەڵكو واتە ناوچەیەكی بەرفراوانی هەورامان و شارەزوور پێكەوە .كاتێك دەمانەوێت لەم مێژوە بدوێن ،ڕاستەوخۆ باس لە پێكهێنانی یەكەمین مەفرەزەی چەكداری و سەرهەڵدانەوەی شۆڕش و چەخماخەی داگیرسانی ئاگری ئەو شۆڕشە لەم ناوچەیە دا دەكەین ،لای هەمووان مەعلومە كە پێكهێنانی یەكەمین مەفرەزەی چەكداری شۆڕشی نوێ بەسەركردایەتی (ی . ن . ك) دەور و كاریگەرییەكی بەرچاو وزیندوی هەبوو بۆ هاندان و دروستكردنی گیانی شۆڕشگێڕانە لە ڕۆح و بیروباوەڕی سەدان گەنجی شۆڕشگێڕی ناوچەكە كە بۆ ماوەیەك بەهۆی ژینگەی نسكۆی شۆڕشی ئەیلول لەناوچەكەدا بونی هەبوو.
ڕۆژ لەدوای نفوزی سیاسی و سەربازی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەم ناوچەیەدا بەرەو هەڵكشان دەچوو بەجۆرێك یەكێتی نیشتمانی كوردستان نوانیبوو مەیدانی سیاسی و سەربازی بە حیزب و لایەنەكانی دیكە (كە ئەوكات  لەمەیدانی سیاسی و سەربازی لە ناوچەكەدا بونیان هەبوو ) بەچەشنێ 
یەكێتی بوبویە یەكەمین هێزی سیاسی لەبواری چ سەربازی چ ڕێكخستن دا . ئەم سەركەوتنانە ه]ندە تەمەنیان درێژ بوو تا شانە نوستوەكانی (بەرژەوەند گەرایی ) لەنێو ڕیزەكانی ئەم پارتەدا نەشو نمایان نەكردبوو .دیارە یەكێك لەهۆكارە دیار و سەرەكیەكانی پاشەكشە پێكردنی نفوز و جێنفوزی ئەم یەكێتی نیشتمانی كوردستانە بەتایبەت لەم ناوچەیەدا بوونی ئەم چەندان گەرا خەتەرناكەیە كە لەنێو هەناوی ئەم حیزبەوە تەشەنەیان سەندوە و بە هەیكەلی حیزب دا بڵاوبونەتەوە بەچەشنێك شادەمارەكانی داخوراندوە 
ئەم گەرا كوشاندانە بونەتە مایەی ئەوەی لەئیستادا هیچ هیوایەك نەمێنێت بۆئەوەی بەرنامە و سیاسەتی ئەم حیزبە ببێتە مایەی ئومێدبەخش و جێ متمانەی ئەوانەی ساڵانێكی زۆر لەپێناو بەرقەرابوونیدا ماندوو بون و قوربانیان داوە ، وە هەروەها هەرچی نەوەی نوێشە لەبەرامبەر دروشم و بەرنامەی كاری ئەم حیزبەدایە تەواو ڕەشبینن .
سەرەكیترین هۆكاری پاشەكشەی نفوزی ئەم حیزبە لەهەڵەبجەدا بۆ بون و زاڵبونی ئەو دەستەو تاقمە دەگەڕێتەوە كە بەپاڵپشتی  بەرژەوەندخوازەكانی ناو یەكێتی تا دێت ریزەكانیان بەرفراوان دەبن و پاشەكشە بەو دەستە و تاقمە دەكەن كە لەپێناوی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستاندا كار بۆسەرخستنی كارو بەرنامەی ڕاستەقینەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەكەن ، لەم ململانێیەشدا ئەوە دەستەی بەرژەوەند خوازان و مشەخۆرانی ناو ئەم حیزبەیە كە بەسەركەوتویی پیلانەكانی خۆیان دادەڕێژن و مەرامە شەخسیەكانیان جیبەجێ‌ دەكەن .
هەربۆیە لەئیستادا و ڕۆژ لەدوا ی ڕۆژ ئەم حیزبە واتە یەكێتی نیشتمانی كوردستان بالانسی جەماوەری خۆی لەداكشاندایە و دەكرێت بڵێین تادێت  وەك دەڵێن ( هەنگاوێك بۆپێشەوە و دوو ...سێ هەنگاو بۆ دواوە دێت ) ئەگەر یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەتایبەت لەم ناوچەیەدا (هەلەبجە ) هەربەدەست دەستەو تاقمی (بەرژەوەند تەڵەبەكانەوە ) بێت ،بەهەڵەدا نەچوین ئەگەر بڵێن ئەم ناوچەیە كە جێ نفوز و پڕئیعتبارترین مەیدانی سیاسی یەكێتی بوو ، دەبێتە ناوچەیەكی خەتەرناك بۆ كاری سیاسی و سەربازی یەكێتی .
دواجار ئەوانەی لەم یاریی و ململانییەدا زەرمەندی یەكەین تەنیا یەكێتیەكانن و ئەوانەشی بە براوە دەدرێنە قەڵەم و سنگ دەردەپەڕێنن سو خۆرەكانی  دەست (بەرژەوەند تەڵەبەكانن ) .


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand